شێخ عەبدولسەلام بارزانی و دووبارەبوونەوەی مێژوو
بەر لە ١٠٤ ساڵ، لەبەرامبەر وەرگرتنی بڕێک پارەدا، کوردێک، شێخ عەبدولسەلام بارزانی ڕادەستی عوسمانییەکان دەکات و کوردێک، کە والی ویلایەتی موسڵ دەبێت لە سێدارەی دەدات، سیاسەتمەداران و شارەزایانی مێژوو، پێیان وایە خیانەت هەتاوەکو ئێستاش لەناو کوردا هەیە و پێویستە کورد بە یەکێتی نەتەوەیی ئەوە تێپەڕێنێت.

لە ڕۆژی ١٤ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩١٤دا، کە دەکاتە ١٠٤ ساڵ لەمەوبەر، شێخ عەبدولسەلام بارزانی و سێ هاوەڵی، لە شاری موسڵ، لەلایەین عوسمانییەکانەوە لە سێدارە دران، ئەوەی جێگای سەرنجە لە کۆتایهێنان بە شۆڕشی شێخ عەبدولسەلام بارزانی، کە دەکاتە ١٠٤ ساڵ بەرلە ئێستادا، ئەو دۆخەی کوردی تێدابووە، لە ئێستاشدا بە شێوەیەک لە شێوەکان بەردەوامە.

شێخ عەبدولسەلام

شێخ عەبدولسەلام بارزانی، کوڕی شێخ محەمەدی کوڕی شێخ عەبدولسەلام بارزانییە، برا گەورەی مەلا مستەفای بارزانییە، لە دەوروبەری ساڵی ١٨٨٧ دا لەگوندی بارزان لە دایکبووە، لە تەمەنی شەش ساڵییەوە چووتە بەر خوێندنی ئاینی، لەدوای کۆچی دوایی شێخ محەمەدی باوکی لە ساڵی ١٩٠٣ دا بووەتە شێخی ڕابەری نەقشبەندی لە تەکیەی بارزان.

ئامادەکارییەکانی شێخ عەبدولسەلام بۆ ئەنجامدانی شۆڕش

شێخ عەبدولسەلام بارزانی، پەیوەندی لەگەڵ سەرۆک خێڵ و کەسایەتییەکانی ناوچەکە پتەودەکات، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی شۆڕشێک لەدژی دەسەڵاتی عوسمانییەکان دروستبکات، بۆ ئەوەش سەردانی شێخانی قادری کردووە، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوە کوردییەکان بەهێزکردووە وەک ( کۆمەڵەی تەعالی و تەرەقی کورد، کۆمەڵەی هێڤی، کۆمەڵەی سەربەخۆیی کورد، هەروەها پەیوەندی بە شێخ مەحمودی حەفید و شێخ عوبێدوڵای نەهری و سمکۆ خانی شکاکەوە کردووە.
لە بەهاری ١٩٠٧ شێخ عەبدولسەلام سەردانی شێخ نوری محەمەد بریڤکانی کردووە، کە ئەوکاتە بەرپرسی یەکەمی تەریقەتی قادریی بووە لە بادینان و لەوێ لەگەڵ سەرۆک هۆزەکانی کورد و پیاوە ئایینییەکان کۆبووتەوە، چەند داخوازییەکیان بە تەلەگراف ناردووە بۆ سوڵتان عەبدولحەمید لە ئەستەمبوڵ، کە بریتی بووە لە:

١-زمانی کوردیی لە ناوچە کوردییەکان بکرێتە زمانی فەرمیی.

٢-خوێندن لە قوتابخانەکاندا بە زمانی کوردیی بێت.

٣-قائیمقام و بەڕێوبەری ناحیە و کارمەندان و کاربەدەستان لەوانەبن کە کوردیی دەزان.

٤-باجەکان وەکو خۆیان بمێننەوە بەمەرجێک لە لە چاککردنەوەی ڕێگاوبان و کردنەوەی قوتابخانە لە ناوچە کوردییەکاندا خەرجبکرێت.

وێنەی ئەو تەلگرافە بۆ شێخ عوبەیدوڵای نەهری و ئەمین عالی بەدرخان و فەریق شەریف پاشا نێردراوە، لەو کۆبوونەوە گشتییەدا هەموو ئامادەبووان سوێندییان خواردووە، کە ئەو داخوازیانە بپارێزن و وازی لێنەهێنن و لە پێناویدا بجەنگن.

شێخ عەبدولسەلام بە تەنها مایەوە

کاتێک کە سوڵتان عەبدوحەمید، ئەو داواکارییانەی پێگەشتووە، توڕە بووە و ئەوەی بە دەرچوون لە فەرمان و داواکاریی جیابوونەوە لە قەڵەمداوە، بۆیە فەرمانی جەنگی داوە و لە ساڵی ١٩٠٧ سوپای ناردووتە سەر بارزان، هیچ کەس لەو کەسانەی لەگەڵ شێخ عەبدولسەلام-دا سوێندیان خوارد بەرگرییان نەکرد، تەنها سوپاکەی شێخ عەبدولسەلام شەڕیکرد، بەڵام ئەویش لە کۆتایدا توانای بەرگریی نەماو ماوەی ساڵێک لە بارزان کشایەوە، چووە ناوچەی 'تیارییەکان' و لای مارشەمعوون مایەوە، سوپای عوسمانیش زۆربەی شوێنەکانی دەڤەری بارزانی سوتاند و ژن و منداڵیان بەدیل گرت، هەتا مەلا مستەفای بارزانی کە تەمەنی ٣-٤ ساڵ بووە لەگەڵ دایکیدا دەستگیرکران و لە زیندانی موسڵ زیندانی کران.
شێخ عەبدولسەلام،لە ساڵی ١٩٠٨ گەڕاوەتەوە بارزان و هێزی کۆکردووەتەوە و لە چیای شیرین لە بارزان خۆی ڕێکخستووە، هەر لەو ساڵەدا هێرشی کردووەتە سەر سوپای عوسمانی و توانیویەتی ئەو سوپایەی لە بارزان بووە دەربکات، پاشان دەوڵەتی عوسمانی داوای گفتوگۆی لە شێخ عەبدولسەلام کرد کە ئاشتی لە نێوانیاندا پێکبێت، سەرئەنجام ڕێککەوتوون و لە ئەنجامی ئەو ڕێککەوتنەیان دیلەکانی بارزان ئازادکراون، قەرەبووی هەندێک لە زیانەکانیش کراوەتەوە.

کوردێک سەرۆکایەتی سوپای عوسمانی دەکات

ئەو ئاشتییە هەتاوەکو ساڵی ١٩١٣ بەدەوام بوو، دواتر سلێمان نەزیف-ی دیاربەکر، کە کوردێکی خەڵکی ئامەدبوو، کرایە والی ویلایەتی موسڵ، هێزێکی زۆری ناردە سەر بارزان، شێخ عەبدولسلام لەبەر ئەوەی پێی وابوو سوپاکەی عوسمانی زۆر لە سوپاکەی ئەو بەهێزترە، شەڕی نەکرد و کشایەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پەنای برد بۆلای سەید تەهای نەهری، لە گوندی ڕاژان-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نزیک شاری ورمێ.

خەڵات بۆ گرتنی شێخ عەبدولسەلام دیاری کراوە

سوڵتانی عوسمانی خەڵاتێکی گەورەی دیاری کرد بۆ ئەوکەسەی شێخ عەبدولسەلام بە زیندوویی یان بە مردوویی دەگرێت، بۆیە شوێنی خۆی گۆڕی و چووە لای سمکۆ خانی شکاک، بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری ڕوسیا بۆ شۆڕشەکەیان، لەگەڵ سمکۆخانی شکاک سەردانی وڵاتی جۆرجیا-یان کرد و لەوێ نوێنەری قەیسەر دەبینن و بەڵێنی پشتگیری لێوەردەگرن.

کوردێک شێخ عەبدولسەلام ڕادەستی سوپای عوسمانی دەکات

لە گەڕانەوەیاندا لە جۆرجیا، شێخ عەبدولسەلام و سێ پێشمەرگەی یاوەریی بە گوندی گەنگەچین-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تێپەڕدەبن، ئاغای گوندەکە، کە ناوی 'سۆفی عەبدوڵا' بووە تکای لێکردوون کە شەو میوانی ئەوبن، ئەوانیش قبوڵیان کردووە، بەڵام شەو شێخ عەبدولسەلام و هەرسێ پێشمەرگە یاوەرەکەی دەستبەسەر دەکات و ڕادەستی سوپای عوسمانی دەکات.

کوردێک فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ دەردەکات

شێخ عەبدولسەلام، دەنێردرێت بۆ زیندانی موسڵ و لە دوای دادگاییکردنی، بە فەرمانی سلێمان نەزیف، هەمان ئەو کوردەی خەڵکی دیاربەکر، کە هێرشی کردە سەر بارزان، خۆیی و هەرسێ یاوەرەکەی لە ڕۆژی ١٤/١٢/١٩١٤دا لە سێدارە دران.

لە ئێستادا ئەمریکا، خەڵاتی دیاری کردووە، بۆ پاکتاوکردنی سێ سەرکردەی کورد، کە هەریەک لە جەمیل بایک و موراد قەرەیڵان و دوران کاڵکان-ن، لە هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان، تەباییەکی وەها نییە، کە کوردان بتوانن پێکەوە دژی داگیرکەران تێبکۆشن، هەندێک لە لایەنەکان گرێدراوی دەوڵەتانی داگیرکەرن و دژی لایەنێکی دیکەی کوردیی پیلان دەگێڕن، بەگشتی دەتوانین بڵێین لە دوای تێپەڕینی ١٠٤ ساڵ دۆخێکی هاوشێوەی سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی هەیە لە کوردستان.
به‌روار:  15/12/2018
460   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1616
کۆی سه‌ردان:   29265494