نیو ملیۆن ئێراقی کۆچیان بەرەو هەندەران کردووە
بەپێی ئامارێکی فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقی، لە ماوەی چوار ساڵدا، ٥٥٥ هەزار و ٧٣٥ هاوڵاتی عێراقی کۆچی نایاسایان کردووە و ٢٧٤ کەسیش لە ڕێگای کۆچبەرییدا گیانیان لەدەستداوە.

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی، ئاماری کۆچی نایاسایی هاوڵاتیانی عێراقی لە سەرەتای هاتنی داعش هەتا مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ (حوزەیرانی ٢٠١٤-حوزەیرانی٢٠١٨) بڵاوکردەوە.

بەپێی ئامارەکە لەو ماوەیەدا ٥٥٥ هەزار و ٧٣٥ هاوڵاتی کۆچی نایاسایان کردووە و لە ٤٧ وڵاتی جیهان داوای مافی پەنابەرییان کردووە، ئامارەکە ئەو کەسانە ناگرێتەوە، کە تەمەنیان لەخوار ١٨ ساڵییەوەیە و ئەو کەسانەشی تێدانییە، کە داوای مافی پەنابەریی سیاسییان کردووە.

هەر بەپێی ئامارەکە، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، ۲۷٤ هاوڵاتی عێراقی لە ڕێگەی جۆراوجۆردا گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیە ١٤٤یان بێسەروشوێنن لەڕێگای ئاویی وشکانییدا.

هەروەها زیاتر لە حەوت هەزار پەنابەر لە ۱۱ وڵاتی ئەوروپا بە زۆرەملێ لەڕێگەی فڕۆکەخانەکانی عێراقەوە ڕەوانە کراونەتەوە، کە باری دەروونیی سەدانیان تێکچووە زیاتر لە ۱۰-یان کوژراون یان خۆیان کوشتووە.

دەیان منداڵیش لە خێزانەکانیان دابڕوان و لە دۆخێکی دەروونیی زۆر خراپدا ژیان دەگوزەرێنن.

 لە ئامارەکەی فیدراسیۆنی پەنابەراندا، ئاماژە به‌وەکراوە، کە ئێستا زیاتر لە ۳٥ هەزار خێزان لە کەمپەکانی یۆنان و وڵاتانی بەڵکان لە ڕەوشێکی خراپدا دەژین و سەدان پەنابەریش لە بەندیخانەکانی تورکیا و یۆنانن، هەروەها زیاتر لە ٦۰ هەزار لە پەنابەر لە وڵاتانی ئەوروپا لە ژێر هەڕەشەی ناردنەوەدان.

ڕۆژنیوز
به‌روار:  12/12/2018
564   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   501
کۆی سه‌ردان:   29259646