کچێک هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەكانی لە کوڕێک دەکا

(ماجید.م) تەمەن 24 ساڵ، تا ئێستا زیاتر لە 4000 دۆلاری داوە بە سارا بۆ ئەوەی وێنە و ڤیدیۆكانی بڵاونەكاتەوە و ئابڕووی نەبات. ماجید كە كاسبكارە و شەوانە لەگەڵ هاوڕێكانی چووەتە كافتریاكان، سارای تەمەن 20 ساڵانی لە كافتریایەك ناسیوە، دواتر وێنە و ڤیدیۆی خۆی بۆ ناردووە.

بەرپرسێكی پۆلیس دەڵێت ئێستا كچان زیاتر لە كوڕان هەڕەشەی ئابڕووبردن لە بەرامبەرەكانیان دەكەن و ناچاریان دەكەن داواكارییەكانیان جێبەجێ بكەن، ئەگەرنا وێنە و ڤیدیۆكانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەكەنەوە.

سارا بە هەڵسوكەوتەكانی سەرنجی ماجیدی بۆ خۆی راكێشابوو. ماجید لە وەسفی سارادا دەڵێت "كچێكی باڵابەرز و جوان بوو، زۆر رووخۆش بوو، زوو زوو دەهات و پێیدەگوتم چیت پێویستە بۆت بكەم. شەوانە بیرم لێدەكردەوە. رۆژێك پێمگوت ژمارەكەتم بدەرێ‌. بە زەردەخەنەیەكەوە پرسی بۆ چ ئیشێك؟ پێمگوت لێرە نابێت، شەو پێتدەڵێم، ئەویش ژمارەكەی دامێ". ئیدی لەو شەوەوە ماجید بە تەواوی كەوتبووە داوی خۆشەویستی ساراوە.

سارا بە قسە و رووخۆشییەكەی ماجیدی ناچار كردووە هەموو ئێوارەیەك بچێتە كافتریاكە و شەوانەش تا بەرەبەیان قسەی لەگەڵ بكات. ئەو دەڵێت: "نان و ئاوم ببووە سارا. ژیانمی بەتەواوی داگیركردبوو. لەسەر كارەكەشم هەر بیرم لەلای بوو، بێئاگا بووم لەوەی سارا تەڵەی بۆ داناوم، شەوێك گوتی وێنەی خۆتم بۆ بنێرە، وێنەیەكی ئاساییم بۆ نارد، بەڵام ئەو گوتی وێنەی تایبەتم دەوێت. پرسیم مەبەستت چییە؟ گوتی دەمەوێت جەستەت ببینم. منیش بۆم نارد. ئەو شەوە زیاتر لە 10 وێنەی نیمچەڕووتمان بۆ یەكدی نارد".

شەوی دواتر سارا داوای ڤیدیۆی لە ماجید كردبوو، گوتبووی منیش بۆت دەنێرم، ماجید دەڵێت "چەند جارێك ڤیدیۆی خۆم بە رووتی بۆ نارد، بەڵام ئەو هیچی بۆ نەناردم".

ماجید كە دایك و باوكی ماون و سێ خوشك و برایەكی هەیە، گوتی :"ئێوارەی رۆژی دواتر چوومەوە كافتریاكە، بەڵام سارا نەهاتە لام. نامەیەكم بۆ نارد، گوتی شەو قسە دەكەین. شەو هەموو وێنە و ڤیدیۆكانی خۆمی بۆ ناردمەوە و پێیگوتم ئەگەر پارەم نەدەیتێ‌ هەموویان بڵاودەكەمەوە، تەنانەت بۆ باوكت و خوشكەكانیشتی دەنێرم".

ماجید بەو قسەیە ترساوە و بە سارای گوتووە، من تۆم خۆشویستووە و متمانەم پێت كردووە، بۆیە وێنە و ڤیدیۆم بۆ ناردی. سارا لە وەڵامدا پێیگوتووە: "ئەگەر منت خۆشبوێ‌، پارەم بۆ دەنێری". هەر ئەو شەوە سارا داوای 600 دۆلاری لە ماجید كردبوو، ماجید دەڵێت بۆ ئەوەی ئابڕووی نەچێ‌، بەداواكەی سارا قایل بووە و 600 دۆلاری بۆ ناردووە. 

سارا تاوەكو ئێستا زیاتر لە 4 هەزار دۆلاری لە ماجید وەرگرتووە لەبەرامبەر بڵاونەكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆكانی، بەڵام ماجید هێشتا ترسی لە بڵاوكردنەوەی وێنەكانی هەیە و دەڵێت :"ئەو كچە ژیانی لێ تێكداوم، تەنیا بە نامە داوای پارە دەكات و منیش ناچارم بۆی بنێرم، چەند جارێك ویستوومە سكاڵای لەسەر تۆمار بكەم، بەڵام دەترسم بە بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆكانم ئابڕووم ببات".

موقەدەم فەخرەدین نووری، بەڕێوەبەری پۆلیسی عەنكاوە بە (رووداو)ی گوت: "كەیسەكەی ئەو كوڕە یەكەم حاڵەت نییە و چەندین كوڕی دیكە رووبەڕووی هەڕەشەی لەوجۆرە بوونەتەوە، ئێستا كچان زیاتر هەڕەشەی ئابڕووبردن لە كوڕان دەكەن".

لەبارەی جۆر و هۆكاری هەڕەشەكانیش، بەڕێوەبەری پۆلیسی عەنكاوە دەڵێت: "هەردوولا هەڕەشە لە یەكدی دەكەن، كوڕان زیاتر بۆ پارە و سێكس دەیكەن، بەڵام كچان بۆ پارە هەڕەشە لە كوڕان دەكەن. هەندێكجار كوڕەكە پەیوەندی لەگەڵ كچەكە دروستدەكات و بەڵێنی هاوسەرگیری پێدەدات، بەڵام دوای ئەوەی سێكسی لەگەڵ دەكات لێی دووردەكەوێتەوە، بۆیە كچەكە بەو وێنە و ڤیدیۆیانەی كوڕەكە كە لەلایەتی هەڕەشەی لێدەكات و پێیدەڵیت ئەگەر هاوسەرگیری لەگەڵ نەكات، ئابڕووی دەبات".

مقەدەم فەخرەدین نووری باشترین رێگا بۆ چارەسەری ئەو كێشانە لە تۆماركردنی سكاڵادا دەبینێتەوە و دەڵێت: "چەندین كەیسی وامان هەبووە، داوا لەو كچ و كوڕانە دەكەین كە تووشی هەڕەشە و كێشە دەبن، بەزووترین كات و پێش ئەوەی كارلەكار بترازێت لەلای ئێمە سكاڵا تۆمار بكەن".
ڕووداو
به‌روار:  10/12/2018
412   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   537
کۆی سه‌ردان:   29261471