ھەولێر فیستیڤاڵی کۆچبەران ساز دەکات
شڤان شێرزاد
مالمۆکورد



-        شاخەوان مستەفا: بەرھەمە کوردییەکان ئاوێتەی فیلمە جیھانیەکان دەکەین

بڕیارە سبەی، کاتژمێر 6:30 خوولەکی ئێوارە، لە ھۆڵی ڕلیـش ڕێکخراوی نێودەوڵەتی IOMـی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کۆچبەران بۆ فیلم لە پایتەختی کوردستان و زیاتر لە 100 وڵاتی دیکەی جیھانی ساز دەکات.

ئەو فیستیڤاڵە لە ھەرێمی کوردستان بە بە ھەماھەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی سینەمای ھەولێر بەڕێوەدەچێت، بڕیاریشە لە چوارچێوەی چالاکییەکاندا چەند فیلمێکی کوردی کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی سینەمای ھەولێرەوە بەرھەم ھاتوون نیشان بدرێن و پاشان ڕێز لە چەند ھونەرمەندێکی دیار بگیرێت کە خۆبەخشانە کاریان بۆ سەرخستنی سینەمای ھەولێر کردووە.

(شاخەوان مستەفا) بەڕێوەبەری ھونەری سینەمای ھەولێر ڕایدەگەیەنێت: دیارە ئەو فیستیڤاڵە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەھۆی خراپی ڕەوشی ناسەقامگیریی لە شارەکانی عێراق نەتوانراوە ساز بکرێت، دەستەی سەرپەرشتیار و ڕێکخەرانی ئەو فیستیڤاڵە ھەولێرییان وەک پایتەختێکی ئارام لە عێراق دیاری کردبوو، بۆیە دوو ساڵی ڕابردوو میوانی کوردستان بوونە و چالاکیە ھونەرییەکانیان لە پایتەختی ھەرێمی کوردستان ئەنجام داوە، ئەمساڵیش دوای ڕێکەوتن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی سینەمای ھەولێر دەست دەکەن بە سازدانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کۆچبەران بۆ سینەما لە ھەولێر و خۆشبەختانە دیارە بەھۆی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ناوەند و گۆڕانکاریی ڕەوشی سەقامگیری عێراق بڕیارە لە شارەکانی عێراقیش ھەمان فیستیڤاڵ بێتە سازکردن
گوتیشی: فیستیڤاڵەکە چەندین فیلمی سینەمایی بیانی و کوردی کە تایبەتن بە ڕەوشی کۆچبەران لەجیهاندا نمایش دەکات و لە کۆتا ڕۆژی فیستیڤاڵیش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی سینەمای هەولێر بە هاوبەشی ڕێکخراوی ناوبراو ڕێزلێنان دەبەخشرێتە ئەو هونەرمەندە ماندوونەناسانەی کە کاری خۆبەخشیان لەبواری سینەما ئەنجام داوە.

به‌روار:  10/12/2018
482   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   543
کۆی سه‌ردان:   29230038