کۆچی دوایی د. جەمال نەبەز ی زاناو بیرمەند
چراکانی نیشمان 
بەداخەوە بۆ کۆچی دوایی د. جەمال نەبەز ی زاناو بیرمەند

د.جەمال نەبەز:چرایەكی پرشنگدار

د.جەمال نەبەز كەسایەتییەكی دیاری نیشتمانی‌و نەتەوەیی‌و ئەكادیمی كوردستانە.
لەچەند بوارو رشتەی جیاوازدا خزمەتی بەگەل‌و نیشتمانەكەی كردووە‌و درەختێكی باڵابەرزی بەردار بووە‌و شوێن پەنجەی خزمەت‌و بەخششەكانی دیارو درەوشاوەیە.
ئەو 85 ساڵ لەمەوبەر، واتە لە 1ی كانوونی یەكەمی 1933 لەشاری سلێمانی دایك بوو، لەئامێزی خێزانێكی ناسراودا پەروەردە بوو.
قۆناغەكانی خوێندنی لەشاری سلێمانی تەواو كردو ناوەڕاستی ساڵی 1950 كۆلیجی زانستی زانكۆی بەغدای تەواو كرد‌و لەوانەكانی فیزیا‌و بیركاری پسپۆڕی وەرگرت.
شەش ساڵ وەك مامۆستا وانەكانی فیزیا‌و بیركاری لەقوتابخانە ئامادەییەكانی شارەكانی هەولێر‌و كەركوك‌و بەغدا‌و بەسرە وتەوە.
ساڵانی (1956-1957)سەردانی وڵاتانی سوریا‌و لوبنان‌و ئیرانی كرد‌و چەندین كەسایەتی فیكری‌و رۆشنبیریی كوردی لەو وڵاتانە بینی‌و گفتوگۆی چڕی رووناكبیری لەگەڵ كردن‌و چەند بەرهەمێكی ئەدەبیان بەزمانی كوردی چاپكرد.
ساڵی 1962 بەیەكجاری كوردستانی بەجێهێشت‌و لە وڵاتی ئەڵمانیا گیرسایەوە.
لە زانكۆكانی ئەڵمانیا درێژەی بەخوێندن دا‌و لەرشتەكانی زانستی ئسوڵی خوێندنی ئیسلامی‌و ئێرانی‌و زانستی سیاسەت‌و رۆژنامەگەری‌و قانون خوێندی‌و شارەزایی زیاتری پەیدا كرد‌و دواتر وەك مامۆستای زانكۆ لە زانكۆكانی ئەو وڵاتە‌و ناوەندەكانی توێژینەوەی زانستی‌و پەیمانگاكانی زمان‌و وەرگێڕان خزمەتی كرد.
د.جەمال نەبەز لەسەرەتای ژیانی لاوی‌و كە خوێندكاری زانكۆی بەغدا بووە،بایەخی بەنووسین داوە‌و وتارە سیاسی‌و كۆمەڵایەتییەكانی لەرۆژنامەكانی بەغدا بەزمانی عەرەبی بڵاو كردۆتەوە.
كەلەشاری كەركوك مامۆستای بیركاری‌و فیزیا بووە بەزمانی كوردی ئەو دوو وانەیەی وتۆتەوە‌و یەكەم كەسیش بووە كە كتێبێكی بۆ وانەی فیزیا بەزمانی كوردی دانا‌و ساڵی 1960 بڵاوی كردەوە.
د.جەمال نەبەز خاوەنی خەرمانێك بەرهەمی مێژوویی‌و ئەدەبی‌و زانستی‌و رۆژنامەگەری‌و زمانە‌و لەو بوارانەدا خزمەتێكی گەورەی بەدەوڵەمەند كردنی كتێبخانەی كوردی كردووە.
بەداخەوە رۆژی 8-12-2018 مامۆستا‌و زانای گەورەی كوردستان(دكتۆر جەمال نەبەز) لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد. درود بۆ گیانی پاک و پیرۆزی.
خەلیل عەبدوڵا
به‌روار:  09/12/2018
463   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   92
کۆی سه‌ردان:   29231327