ئەو کەسە دەستگیر کرا کە پزیشکەکەی سلێمانی بریندار کرد
(سبەی):

بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی ئەو کەسەی راگەیاند کە دو رۆژ لەمەوبەر هێرشی کردە سەر پزیشکێکی شاری سلێمانی و بە سێ گولـلە برینداری کرد.

عەمید ئاسۆ تەها بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەماوەی کەمتر لە (72) سەعاتدا تۆمەتباری سەرەکیی بریندار کردنی د.کەمال ئەحمەد دەستگیرکراوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

وتیشی :"تۆمەتبارەکە ناوی (هـ.ع.ک) و لە دایکبوی ساڵی (1982) و دانیشتوی دەرەوەی شاری سلێمانییە و بە دەمانچەیەکی جۆری میکارۆف تاوانەکەی ئەنجامداوە و رۆژی دواتر دەمانچەکەی فرۆشتوە، کە پێشتر بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە دەمانچەکەی کڕیوە".

پێشتریش د.رێکەوت حەمە رەشید، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستگیرکردنی ئەو کەسەی راگەیاند کە هێرشی کردە سەر پزیشکێک لە نۆرینگەکەی خۆی لە شەقامی ئۆرزدی شاری سلێمانی.

هەر ئەمڕۆ دكتۆر هاژە، هاوسەری دکتۆر کەمال ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە ئێستادا تەندروستی دكتۆر كەمال تاڕادەیەك جێگیرە و لە ژێر چاودێری وردی تەندروستیدایە.

متمانەی خۆی بە هێزەکانی پۆلیس راگەیاند کە بتوانن تۆمەتباری سەرەکی روداوەکە دەستگیر بکەن و جەختی کردەوە کە هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و کەسییان لەگەڵ کەسدا نییە.

ئێوارەی رۆژی دوشەممە پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە؛ لە شەقامی ئۆرزدی لەشاری سلێمانی و لە نۆرینگەكەی خۆی لەلایەن کەسێکەوە تەقە لە د.كەمال ئەحمەد سەعید كرا و سێ گولـلەی پێوەنرا وە و دوای گەیشتنی تیمەکانی پۆلیسی بەڵگەی تاوان و پۆلیسی فریاکەوتن پزیشکەکە بە برینداری بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە و لە ئێستادا لە ژێر چاودێری پزیشكیدا.
به‌روار:  05/12/2018
490   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   353
کۆی سه‌ردان:   29232424