وەزیری پێشووتری دەرەوەی فەڕەنسا سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد

بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی "پاکتاوی رەگەزیی و گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین"، بێرنارد کۆشنەر وەزیری پێشووتری دەرەوەی فەڕەنسا سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد.

دوێنێ شەممە (١ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨) شاندێکی فەڕەنسا بە سەرپەرشتی بێرنارد کۆشنەر گەیشتنە شاری قامیشلۆ و لەگەڵ ژمارەیەک رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەشدارییان لە کۆڕبەندی "پاکتاوی رەگەزیی و گۆڕینی دیموگرافیای عەفرین"دا کرد.

لەمیانی وتارێکدا بێرنارد کۆشنەر وەزیری پێشووتری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، کاتێک گەڕایەوە وڵاتەکەی، تیشک دەخاتەسەر مەترسییەکانی تورکیا بۆسەر گەلانی ناوچەکە چونکە بە وتەی خۆی ئەنقەرە سیاسەتی ئاوارەکردن و کوشتن و گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە بەکاردەهێنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە لێکۆڵینەوە لەوەبکرێت کە بۆچی جیهان لەبەرامبەر کردەوەکانی تورکیا بەرامبەر گەلی کورد بێدەنگە و بەڵێنیشیدا بەوپەڕی تواناوە هاوکار و یارمەتیدەری گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بێت.

 ئەمڕۆ یەکشەممە (٢ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨) کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی "پاکتاوی رەگەزیی و گۆڕینی دیموگرافیای عەفرین" لە شاری عامودێ دەستیپێکرد کە ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت. بڕیارە لە کۆڕبەندەکەدا پێشێلکارییەکانی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە بەرامبەر بە هاووڵاتییانی عەفرین تاوتوێ بکرێت.

پێشتر رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوە کردووە، تورکیا و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی لە سوریا بە ئاشکرا پێشێلکاری سیستماتێک دژ بە هاووڵاتیانی عەفرین ئەنجام دەدەن و دەستبەسەر موڵک و ماڵیاندا دەگرن.

هەروەک رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، لەو کاتەوەی کە سوپای تورکیا دەستیبەسەر کانتۆنی عەفریندا گرتووە، ١٧٠ هەزار هاووڵاتی ئەو ناوچەیە ئاوارەبوون. ئەوەش لە کاتێکدایە بەپێی ئامارێکی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ زیاتر لە ٢٥٠ هەزار کەس بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی لە عەفرین ئاوارە بوون و ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووە.

ش.ق
ئێن ئاڕ تی
 
به‌روار:  03/12/2018
424   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   948
کۆی سه‌ردان:   29264008