گەنجێکی کورد یەکەمی جیهانە لەکیک بۆکسێنگ
ڕێبین فازیل كە گەنجێكی سلێمانییە توانی لەپاڵەوانێتی جیهان بۆ یاری كیك بۆكسینگ كە لەوڵاتی یۆنان بەڕێوەچو، مەدالیای زێڕ لەكێشی (٦٥ كگم)دا بەدەستبهێنێت‌و پاش بردنەوەی پێنج یاری ئاڵای کوردستانی خستە ڕیزی ئاڵای وڵاتەکانی جیهانەوە.


ئا: هەڵۆ ئەحمەد
ئاوێنە
 

پاڵەوانێتی جیهان بۆ یاری كیك بۆكسینگ كە ساڵانە لەلایەن ڕێخراوی wku سازدەكرێ‌، وڵاتانی ئەندام لەم ڕێخراوە كە زیاتر لە 40 وڵاتن بەشدارییان تیا كرد‌و ١٠٧٠ یاریزان لەستایلە جیاوازەكانی كیك بۆكسینگ ركەبەرییان بۆ بەدەستهێنانی پلەی یەكەمی كرد.

 

لەهەڵبژاردەی عێراقدا كە ١٤ یاریزانیان کورد بون بەئاڵای كوردستانەوە بەشداربون، ‎ڕێبین فازیل توانی مەدالیای زێڕ لەكێشی (٦٥ كگم)دا بەدەستبهێنێت‌و پاش بردنەوەی پێنج یاری ئاڵای کوردستانی بەیاریگەكەدا بەرز كردەوە.

 

کابتن ڕێبین لەبارەی سەرکەوتنی‌و وەرگرتنی مەدالیای ئەسپارتە بەئاوێنهی راگەیاند بەچەند قۆناغی سەختدا تێپەڕیوە تا بتوانێت ئەو پلەیە بەدەستبهێنێ، ئەو وتی “رکەبەرەکانی یاریزانی وڵاتە گەورەکانی وەك بەریتانیاو ئەڵمانیاو سویسراو چەندین وڵاتی تر بون”.

 

وتیشی “تەواوی تێچون‌و هاتوچۆی پاڵەوانیەتیەكە لەسەرشانی خۆم بوە، تەنها کاک هەڤاڵ ئەبوبەکر وەک پارێزگار پارەی تکتی فڕۆکەی بۆ دابین کردوم”.

 

رێبین باسی لەوە كرد كە سەرکەوتنەكەی لەناو وەرزشکاران‌و راگەیاندنەکاندا دەنگدانەی باشی لێکەوتوەتەوە، بەڵام لەکاتی گەڕانەوەی هیچ کەسێکی پەیوەندیدار لێینەپرسیوەو تەنانەت لەهەولێرەوە بەسەیارەی نەفەرات هاتۆتەوە بۆسلێمانی‌و تەنها هاوڕێکانی پێشوازیان لێکردوە، ئەو وتی “گرنگ ئەوەیە رۆحی باوکی ئازیزم ئاسودە کرد كە هەمیشە متمانەبەخۆكردنی پێدەبەخشیم‌و بەداخەوە پێش چەند مانگێک بەنەخۆشی شێرپەنجە کۆچیدوایی کرد”.

 

کابتن رێبین داوادەکات گرنگی زیاتر بەوەرزش بدرێت بەتایبەت یاریە تاکەکان، ئەو وتی “لەكوردستان كیك بۆكسینگ بایەخی زۆری پێنادرێت، هەرچەندە فیدراسیۆنی تایبەتیش بەو یارییە هەیەو لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان سەرپەرشتی دەكات”.
به‌روار:  18/11/2018
604   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   572
کۆی سه‌ردان:   29229741