حەوت ملیار دیناری عێراقی بە ھۆی لافاوەوە خراپ بووە
دیارنەمانی حەوت ملیار دیناری عێراقی بە ھۆی لافاوەوە لەساڵی ٢٠١٣، کاردانەوەی لێپرسراوانی بەدوای خۆیدا ھێناوە و موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدریش رایگەیاند: ئەوەی روویداوە خاڵێکی بچوکە لەناو دەریای گەندەڵی و گەندەڵکاراندا.

لێدوانی لێپرسراوێکی عێراق، رووبەڕووی چەندین تانەو رەخنەی کردووەتەوە و داوای دەستگیرکردن و دادگایی کردنی دەکرێت، پرسی لەناوبردنی حەوت ملیار دینار بەھۆی لافاوەوە زۆترین کاردانەوەی بەدوای خۆیدا ھێناوە. لەھەر خولێکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەراندا پەرلەمانتاران بەدوای بچوکترین بەڵگەدا دەگەڕێن بۆ دەرخستنی گەندەڵییەکانی حکومڕانانی پێشووی خۆیان، لە دانیشتنی چەند رۆژی رابردووشدا عەلی عەلاق پارێزگای بانکی ناوەندیی بۆ ئەندامانی ئەنجومەنەکەی ئاشکرا کرد، لە ساڵی ٢٠١٣دا بەھۆی لافاوەوە ئاو چووەتە ناو گەنجینەکانی بانکی رافیدەین و بڕێکی زۆر پارە ژێر ئاو کەوتوون، بەو ھۆیەشەوە حەوت ملیار دینار دیارنەماون.

لەبەرامبەریشدا موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر رایگەیاند: رووداوی لەناوبردنی بڕی حەوت ملیار دینارەکەی عەلاق باسیکردووە خاڵێکی بچوکە لەناو دەریای گەندەڵی و گەندەڵکاراندا، داواشی لەدادگا کردووە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربکات و لێکۆڵینەوەی وردی لەگەڵدا بکەن دواتر لەگەڵ ئەوانەشدا کە ھاوشێوەی ئەون و قوتی گەل بۆ خۆیان دەبەن.

ئەم رووداوەی ئێستا وروژێنراوە لەسەردەمی دەسەڵاتی نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی پێشووتردا بووە، ھەندێک پەرلەمانتاریش گومان دەکەن ئەو بڕە پارەیە زۆر لەوە زیاتر بێت و نەک حەوت، بەڵکو ١٢ ملیار دینار بێت. 

عەلی بودێری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەکوتلەی رەوتی حیکمە وتی: پێویستە لێپرسینەوە لەگەڵ مالکی و وەزیری دارایی خولی دووەمی کابینەکەی بکرێت، چونکە ئەم باسە سەری سوڕماندون لەوەی بۆچی ئێستاو لەمکاتەدا باسکراوە؟

بودرێری لەناوبردنی ئەو حەوت ملیار دینارەشی بەتاوانێک ناوبردووە کە ناکرێت لێی بێدەنگ بن و وتووشیەتی: نازانن بۆ ئێستا ئاشکرا دەکرێت و ئەو کاتە لایەنەکانی چاودێری لەکوێ بوون؟

پرسی لەناوبردنی پارەکانی عێراق باڵی کێشاوە بەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا، ھاشتاگێک بەناوی (پارەکانت تەڕ بکە) دروستکراوە و عێراقییەکان چەندین گرتەی ڤیدۆیی و وێنەیان بڵاوکردووەتەوە کە پارەکانیان بۆ ماوەیەک دەخەنە ئاوەوە و دواتر لە قوڕی ھەڵدەکێشن بێئەوەی ھیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا بێت و بەتوانجەوە دەڵێن: حیکایەتی لەناوبردنی پارەکان دوورن لە راستییەوە، چونکە رێی تێناچێت گەنجینەکانی دەوڵەت بە کامێرای چاودێری کۆنترۆڵ نەکرابێت و دەشپرسن چارەنوسی حەوت ملیار دینارەکە لەکوێییە؟

عالیە نوسەیف ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش رایگەیاندووە: بانگەشەکەی عەلاق رێگەیەکی داھێنەرانەی نوێی ئابڕوبەرانەیە بۆ دزینی سەروەتی ھاووڵاتیان، لێکۆڵینەوە دەستپێدەکەن و نابێت بە ئاسانی بەسەریاندا تێپەڕێت. 

محەمەد کەربولی پەرلەمانتاریش دەڵێت: چۆن دەکرێت لێپرسراوێک دان بەوەدا بنێت دامەزراوە داراییەکەی بەو رادەیە لاوازە کە نەتوانێت پارێزگاری لە پارەو داھاتی عێراقییەکان بکات.

کاریگەیی کاردانەوەکان وایکرد بانکی ناوەندی روونکردنەوەیەک بڵاوبکاتەوە و ئاشکرایکرد، ئەو بڕە پارەیەی عەلی عەلاق باسیکردووە بۆ سەردەمی عەبدولباست تورکی دەگەڕێتەوە کە ئەوکات پارێزگای بانکی ناوەندیی عێراق بووە

کوردسات
به‌روار:  15/11/2018
481   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   944
کۆی سه‌ردان:   29258367