خۆکوشتنی ٣٣ منداڵی کورد لە ماوەی کەمتر لە ٨ مانگدا
هەنگاو: شەوی ڕابردوو مێرمنداڵێکی خەڵکی سەردەشت کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و بە ئەژمارکردنی ئەم حاڵەتەش لەماوەی کەمتر لە هەشت مانگدا لانیکەم ٣٣ مێرمنداڵ و منداڵ لە کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی شەممە (٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧١٨ / ١١ی نۆڤەمبری ٢٠١٨)، مێرمنداڵێکی خەكئ سەردەشت بە ناوی ”سینا حوسێنی“ کوڕی سەلاح کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سینا کە ١٥ ساڵ تەمەنی هەبووە بە هۆی هەژارییەوە و لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی هەنگاو، لەسەرەتای بەهاری ئەمساڵەوە (کەمتر لە ٨ مانگ) لانیکەم ٣٣ مێرمنداڵی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ لە شارەکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە ٢٤ کەسیان کچ و ٩ کەسیان کوڕ بوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لەو ماوەیەدا ١٤ منداڵ و مێر منداڵی ژێر تەمەن ١٨ لە پارێزگای ئورمیە، ٧ کەس لەپارێزگای ئیلام، ٧ کەس لەپارێزگای کرماشان، ٥ کەس لە پارێزگای  سنە و کەسێکی ژێر تەمەن ١٨ ساڵیش لە پارێزگای خوراسانی باکوور کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

هەروەها ٥٠٪ی ئەو کەسانە واتە ١٧ حاڵەت بە هۆی کێشەی خێزانی، ١١ کەسیان بە هۆی کێشەی ئابووری و هەژاری خۆیان کوشتووە و هۆکاری خۆکوشتنی پێنج کەسیشان نادیارە.
به‌روار:  13/11/2018
465   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   495
کۆی سه‌ردان:   29233583