(100) ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەمدا
(سبەی):
ئەمڕۆ (11)ی نۆڤەمبەر، (100) ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەمدا کە بەهۆیەوە ملیۆنان کەس کوژران.

لە پاریسی پایتەختی فەڕنسا بە بۆنەی تێپەڕبونی (100) ساڵ بەسەر کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، بەبەشداریی (70) سەرکردە و سەرۆکی وڵاتانی جیهان لە کۆشکی ئیلیزێ مەراسێمێکک رێکخرا و تاجە گوڵینە لەسەر مەزار سەربازی ون دانرا.

دوای گەیشتنی کاروانی سەرکردە و سەرۆک وڵاتان بۆ کۆشکی سەرکەوتن و دانانی تاجە گوڵینە لەسەر مەزاری سەربازی ون، فڕۆکە جەنگییەکانی فەڕەنسا نمایشێکیان ئەنجامدا و دواتر وێنەی یادگاریی سەرۆکەکان تۆمارکرا و پێکەوە بەبێدەنگیی بۆ رێزلێنان لە گیانی قورباینان وەستان و دواتر چەندین چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجامدران.

جەنگی جیهانیی یەکەم بەژمارە:

جەنگی جیهانیی یەکەم، لە (28)ی تەمموزی ساڵی (1914) دەستی پێکرد و بەپێی رێککەوتنێک لە (11)ی تشرینی دوەمی ساڵی (1918) کە لە پاریس ئیمزا کرا، کۆتایی پێهات.

لەو جەنگەدا (70) ملیۆن سەرباز کە (60) ملیۆنیان لە وڵاتانی ئەوروپا بون بەشداریی شەڕەکەیان کرد.

لە شەڕەکەدا (9) بۆ (11) ملیۆن سەرباز و (7) بۆ (9) ملیۆن هاوڵاتیی مەدەنی کوژران و زیاتر لە (21) ملیۆن کەسیش بریندار بون.

لە جەنگەکەدا چەندین تاوانی دژە مرۆڤایەتی و جینۆساید ئەنجامدران و بەهۆیەوە ملیۆنان کەس کوژران و بێسەرو شوێن کران.

بەهۆی بڵاوبونەوەی ئەنفلۆنزای ئیسپانییەوە لەکاتی شەڕدا، کە برسێتی و سەرما و سۆڵە هۆکاری تەشەنە سەندنی بو، نزیکەی (100) ملیۆن حاڵەتی مردن تۆمارکراوە.

ئەو جەنگە بە توندوتیژترین و پڕ قوربانی ترین جەنگ دادەنرێت لە مێژودا و چەندین گۆڕانکاریی و شۆڕشی بەدوای خۆیدا هێنا و بوە هۆکاری چەندین گۆڕانکاریی سیاسی و دیمۆگرافی.

ساڵی (1916) ئەڵمانیا بۆمبهاوێژی جێگری جۆری (لۆنگ ماکس)ی بەکارهێنا کە توانای هاویشتنی موشەکی هەبو بەبارستایی (300) کیلۆ گرام.

ئەڵمانەکان بەو موشەکە پاریسیان بۆردومان کرد لە (23)ی ئازاری (1918) و بەشێک لە موشەکەکان بەر کەنیسەکان کەوت و بەهۆیەوە سەدان کەس گیانیان لەدەستدا.
لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا (850) ملیۆن موشەک لەلایەن، لایەنە شەڕکەرەکانەوە ئاراستەی یەکتر کرا.
به‌روار:  11/11/2018
465   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   964
کۆی سه‌ردان:   29263094