"هاوار لە دەست ئەخلاق بەدگۆیان و مزەوەران"... 15 کانوونی دووەمی 1923 .
ئەمجا ماڵی كه‌سایه‌تیه‌كی به‌ناوبانگ و خەمخۆری گەل و نیشتمانپه‌روه‌ر و ڕووناکبیر و مێژونووس و ڕۆژنامەنووس کە ماوەیەکی زۆر سەرنووسەری ڕۆژنامەی«ئومێدی ئیستیقلال و هەروەها ژیان » بوو هەتا کۆچی دوایی کرد، كە ئێستە وەك زۆر لەوانی دیکە بە داخەوە گومناوە و چۆتە خانەی لە بیرچوونەوە! 
بەڵێ ئەوە بەڕێز گومناوە'' حسه‌ین نازم ''ە کە لە ساڵی 1870 دا لە گەڕەکی گۆیژە چاوی بە دنیا هەڵهێناوە و لە ساڵی 1932 دا کۆچی دوایی کردووە. بە یەکێک لە ڕۆژنامەنووسە خاوەن هەڵوێست و دڵسۆزەکان دێتە ئەژمار. بە ڕاوێژکارێکی بە ئەمەک و دڵسۆزی مەلیکی کوردستان شێخ مەحموود دادەنرا و هەروەها چەندین نووسینی گرنگی هەیە لەسەر بارودۆخی کورد و ناوچەکە لەوانە '' مێژووی بابان و ماوەت ''و هاوشانی مێژوونووسێکی وەک موحەمەد ئەمین زەکی بووە هەر بەو خامە پڕپێز و سەنگینەی توانی ڕۆڵێکی بەرچاو ببینێ لە نووسینەوەی ئەو داواکارییانەی کە کورد داوایان دەکرد لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و لە 1919 دا پاکنووس و ئامادەیانکرد و تا بنێرێت بۆ کۆنگرەی ئاشتی لە شاری پاریس .

لەو گرفتانەی کە بەردەوام سینەی کوردانی خاوەن بیر و بۆچوون و دڵسۆز دەگرتەوە مەسەلەی پەرتەوازەیی و چەند بەرەکی و یەکترنەویستی و ...هتد بووە ، بۆیە دەمەوێت کورتەیەکی یەکێک لە نووسینە سەنگینەکانیتان بخەمە بەر دیدەتان و ئەوجا بەڕێزتان حوکمی ڕادەی نیشتمانپەروەری ئەو گومناوە بدەن .

نووسینەکەی مامۆستا حسەین نازم ( کە بە سوپاسەوە لە پەیجی بەڕێز مەجید ساڵح وەرمگرتووە ) کە تێیدا ڕەخنەی توند لە کۆمەڵگای کوردی و سیاسەتمەدارەکانی ئەو سەردەمەی زەمانی شێخ دەگرێت . وشەی عارەبی زۆر تێدا دەبینرێت چونکە لەو کاتەدا وشەسازی لە زوانەکەماندا وەک ئێستا نەبووە.... بەندە هەر بەشێکی کەمم لێ دەرهێناوە. 

"هاوار لە دەست ئەخلاق بەدگۆیان و مزەوەران"... 15 کانوونی دووەمی 1923 . 

[[ ئێمەش بە ئیعتباری قەومیەت و خصوصیەتێکی اجتماعیەمان هەیە فەقەت ئەم خصوصیەتەمان سوئی ئیستعمال کردوە.... دەرحەق بە یەک رەحم و شەفاعەتمان نیە، بۆ فەلاکەت و مەضرەتی خۆبۆخۆ دائیمەن داوێن هەڵکراوین، بە بێ ملاحظەی ئیستحقاق یاخود مەنفەعەتی شەخصی بۆ فەلاکەت و موصیبەتی یەکتری چاوەڕێی فرسەتین..... ئەمڕۆ بە واسیطەی ئەم تەزویر و ئیفترای ئەم موفسدانە مەملەکەت لە چ حاڵێکدایە! عەجەبا دڵ و ویجدانی ئەم مزورانە بە گریەی و ناڵەی ژنانی بێچارە و طفل نەوزاد و مەعصومی شیرەخواردە جگەر بوریان نابن؟
وەرن بۆ خاتری خودا با لەم ئەخلاقی جانەوەریە وازبێنین رەحم بە ئەحوالی یەکتری بکەین بە ناحەق هەر بە خاتری ئارەزوو، مەملەکەتەکەمان مەحو نەکەینەوە، ''ئیتر بەسە.]]"

فەوزی ڕەمزی
به‌روار:  07/11/2018
471   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   750
کۆی سه‌ردان:   29234191