مردووی کوردی و ئەوروپی 🤣🤣🤣
خوێندنی یاسین یان کێشانی گیان!.
مردن لە دوو جێگای جیاوازدا.
ئەمڕۆ کارێکم بە بەڕێز "تۆماس هەلڤیرسۆنی" دراوسێم هەبوو .
دوو جار لە دەرگام دا، بەڵام کەس نەیکردەوە!
لەو کاتەدا ژنێکی دراوسێم کە بەوێدا تێپەڕی، بە سەرسوڕمانەوە وتی: (کەسیک لەم ماڵەدا هەیە ئێستا؟)
منیش وتم: مەگەر "تۆماس" لێرە نیە؟
ئەویش بە ساردیەکەوە وتی:
( نا، تۆماس دوو مانگێکە مردوە! مەگەر تۆ ئەوە نازانی؟)
لە ڕاستیدا ئەگەرچی نێوان من و" تۆماسی ڕەحمەتی" تەنها چوار ماڵە، بەڵام نەمزانیبوو کە مردوە.
من وتم: ئەی چۆن نەمانزانیوە؟!.
بەڕاستی زۆرم پێ ناخۆشە و حەزم دەکرد بڕۆشتایەم بۆ سەرەخۆشی و مەراسیمی ناشتنەکەی.
ژنەکە وتی:
( بۆ؟ تۆ کارتی داوەتت بۆ هات، کە بڕۆی بۆ مەراسیمی ناشتنەکە؟!)
کارتی داوات؟!......... نا کارتی داوات چیە؟!
دواتر تێ گەشتم، کە بۆ ئامادەبوونی مەراسیمی ناشتن، ئەبێت کارتی داواتت بۆ بێت، ئەگینا لە خۆتەوە نابێ بڕۆیت.
من پرسیم: ئەوە چۆن ڕوی دا؟ خۆ ئەو زۆر نەخۆش نەبوو؟
خانمی دراوسێ وتی: ( ئەو لە پڕێکا نەخۆش کەوت، دواتر کە بەئەمبوڵانس گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە، دکتۆرەکان زانیان کە زۆری نەماوە بژی، بۆیە خستیانە ژوری تەرمیناڵ).
من وتم: تەرمیناڵ چیە؟.
ئەو وتی:
( تەرمیناڵ: ئەو جێگایەیە کە بە مۆم و گوڵ ڕازاواتەوە و نەخۆش لە سەرە مەرگا ئەو جۆرە مۆسیقایانەی بۆ لێ ئەدرێ، کە ئارەزووی ئەکات و رۆژانەش بەمادەی مۆرفین، کە مادەیەکە ئازار ناهێڵێت و نەخۆش ئەخاتە حاڵەتیکی مەست بونی خۆشەوە، کە لە هیچ ناترسێت و هەتا گیانی دەرئەچێت خەیاڵی خۆش ئەکا.)
من وتم دواتر؟.
ئەو وتی:
(دواتر کە کەسەکە مرد، کەسوکاری ئاگادار ئەکرێنەوە، ئەوانیش رۆژێک بۆ مەراسیمی ناشتنی دائەنەن، کە هەندێک کات مانگێکی پێ ئەچیت)
من وتم: خۆ بامیە نیە وشکی کەنەوە، بۆ دوای مانگێک ئەینێژن؟
خانم وتی:
( بۆ ئەوەی بتوانن لەو ماوەیەدا کارتی داوات بۆ کەسوکار و مناڵەکانی بنێرن، کە زۆرجار جێگایان دوورە و ئەبێ پلان دابنەن بۆ هاتن، هەروەها ژنانیش ئەبێ کاتیان هەبێت لەو ماوەدا بڕۆنە ساڵۆن و قژیان چاک بکەن و پیاوەکانیش هەروەها.)
من سەرێکم بادا و پیکەنینێک گرتمی.
خاتونی دراوسێ وتی: بۆ لای ئێوەش وانیە؟
.
منیش وتم: گوێ بگرە خانم، تا باسی لای خۆمانت بۆ بکەم.
لای ئێمە تاکە هەواڵێک کە بە زووترین کات تەواوی شار بیزانن، هەواڵی مردنە.
لای ئێمە، زۆرجار خەڵکی گەڕەک لە گەڵ حەزرەتی ئیزرائیلا ئەزانن کەی مردوەکە گیانی دەرئەچێت.
لای ئێمە، بەر لە گیان دەرچونی مردوەکە، دەیان وێنەی ئەخەینە فەیسبوک و ئەنوسین: "نەنکم لە عانی سەرەمەرگا" توخوا سەرو دۆعای خەیریشی بۆ بکەن!
یان ئەنوسین باپیرم لە کاتی سەرەمەرگا!
لای ئێمە، هەر کە نەخۆشەکە کەوتە سەرجێگا و پیر بوو، ئەمانەوێت بە زووترین کات بیمرێنین.
رۆژانە دەیان کەس سەردانی ئەکەن و دەست ئەکەن بە قسەوباسی رۆژ و موناقەشەی حیزبایەتی و هاتنی نەوت و معاش و ئەم شتانە.
لای ئیمە، نەخۆش لە دوارۆژەکانی ژیانیا لەبری قسەی خۆش و بەرزکردنەوەی مەعنەویات، بەسەریا ئەگرین و لاوانەوەی بۆ ئەکەین و رۆژی دە جار ئەیکوژین و زیندووی ئەکەینەوە.
لای ئیمە، ئەگەر نەخۆشەکە تۆزێک خەوەنوتکە بردیەوە،
هەر لە خۆیەوە یەکێ دێت و کوڕی نەخۆشەکە ئەباتە دەرەوە و بە چپەوە ئەڵێت: باوکت لە گیان دەرچونایە، بڕۆ مەلایەک بێنە با یاسینی بخوێنێت.
مەلایەک دێنین.
نەخۆشەکەمان کە چاوی بە مەلا ئەکەوێت، لە ترسا ڕەنگی زەرد ئەبێتەوە و جەماعەتیش سەر ئەکەن بە یەکا، دەست ئەکەنە قسە.
یەکێک هەر لە خۆیەوە بە دەنگی بەرز ئەڵێ: تەلەفۆن بکەن بۆ حەفارەکە با قەورێکی باش هەڵکەنێ.
نەخۆشەکە هێشتا نەمردوە، بەڵام بە بیستنی ئەو قسانە ئیتر وردەوردە بەرەو گیان دەرچون ئەچێت.
مەلاکە ئەچێتە سەر نەخۆشەکە و دەست ئەکا بە خویندنی یاسین.
خۆی ئیتر خویندنی یاسین، مانای ئەوەیە کە کائینات نەخۆشەکە لە دەستی مردن ڕزگار ناکا و نەخۆش بە بیستنی دەنگی یاسین مەعنەویاتی دێتە ژێر سفر و خۆی ئەدا بە دەستەوە.
مەلاکە بە دەنگی بەرز ئەکەوێتە قسە و ئەڵیت:
(خوای گەورە ڕۆحی ئەو کەسانەی کە بەهەشتین، وەک جەنابت، زۆر بەئاسانی دەر ئەکێشێ.
ئەی عەبدی خوا، مەترسە، ئیستا مەلایەکەتی گیان کێشان دێتە ژوور سەرت و وەک دەرهێنانی دڵۆپە ئاویک لە کونە ئاوا، بە ئاسانی گیانت لە لەلاشەت دەرئەهێنێ !).
نەخۆش کە بەر لە تەنها چەند سەعاتێک دوو مۆز و دوو قاپ شۆربای ئەخوارد، لە گەڵ بیستنی ئەو قسانەدا، چاوی هەڵئەگەڕیتەوە و دواهەناسەی ئەدا.
لای ئێمە، پێچەوانەی شایی و کچ بە شودان، کە نامانەوێت کەس پێمان بزانێت، لە کاتی مردنی مردویەکمانا، پێمان خۆشە هەموو دونیای لێ ئاگادار کەین .
خەیمەیەکی گەورە لە ناوەڕاستی شەقامەکەدا هەڵئەدەین و ڕێگای ڕیبواران ئەگرین.
هەموو فەیسبووک ئەکەین بە وێنەی مردوو، ئەکەوینە پیاهەڵدانی درۆ.
بازاڕەکان پڕ ئەکەین لە لافیتە و لە لافیتەکەدا ناوی چل نەفەر ئەنووسین کە هەر هەموویان پیاون!
لای ئێمە، هێشتا لاشەی مردوو سارد نەبوەتەوە، ئەیگەیەنینە سەر قەبران و بە عەکسی ئێوە کە جلی جوان لە بەر ئەکەن، ئێمە جلە جوانە پاکەکانمان ئەنێن لە قوڕ و ژنان یەخەی کراسەکانی خۆیان دائەدڕن و دوای سەعاتێکیش ئەکەونە زەم و زەمکاری.
لە تەعزێدا هاتن بۆ هەموانە، بەڵام لە شاییا بڕۆی بە دەوری شاییەکەدا، ڕەنگە بدرێیتە بەر شەق.
لای ئێمە، ئەوەی لە هەمووی موهیمترە، سەرەڕای قەرباڵغی تەعزیەکە، کە جاری وا هەیە هەزاران کەس ڕۆژانە سەردانی پرسەکەت ئەکەن، کەچی ژنانی خاوەن تەعزەیە بە یەکە بەیەکی هاتوەکان و نەهاتوەکانیش ئەزانن.
خاتوونی دراوسێم وتی:
( لەهیچی تێ نەگەشتم، بەڵام ئەمەوێت بزانم بۆ لە لافیتەی مردوەکەدا تەنها ناوی پیاوەکان ئەنوسن؟!).
منیش وتم: وەڵاهی منیش وەک تۆ نازانم بۆ!.
😥😥😥😥😥
حسەین عەلی شەریف
بهروار: 06/11/2018
1280 جار خوێندراوهتهوه
|