قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمەریكا بەسەر ئێران دەستی پێکرد
خەندان –

قۆناغی دووەمی سزاكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەسەر كۆماری ئیسلامی ئێراندا ئەمڕۆ دووشەممە چووە بواری جێبەجێكردنەوە.

قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمەریكا بەسەر ئێراندا ئەمڕۆ كاتژمێ 8:00ی بەیانی چوونە بواری جێبەجێكردنەوە دوای كشانەوەی تاكلایەنەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دێت لە رێكەوتنامەی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێراندا.

دوای ئەوەی ترەمپ بڕیاریدا بە كشانەوە لە رێككەوتنەكە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا رایگەیاند، كە بەدوو قۆناغی 90 بۆ 180 رۆژی سزاكانی سەر ئێران دووبارە جێبەجێ دەكرێنەوە.

 لەو چوارچێوەیەشدا دوای 90 رۆژ قۆناغی یەكەمی سزاكان لە حەوتی ئابدا چووە بواری جێبەجێكردنەوە، دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا دیاریكردبوو كە 180 رۆژ بوو.

دووەمین ماددەی سزاكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا كاروبارەكانی پەیوەست بە نەوت لە خۆدەگرێت، وەك كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی ئێران (NIOC) و كۆمپانیای تانكەری نیشتمانی (NITC). هەروەها سنوورداركردنی نێودەوڵەتی دەسەپێنێت بەسەر كڕینی نەوت، بەرهەمەكانی نەوت یان بەرهەمەكانی پێترۆكیمیای ئێراندا.

مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ڕایگەیاند، ئەو سزایانەی رۆژی دووشەممە بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێت، توندترین سزان كە لە مێژووی ئێراندا بەسەریدا سەپێنرابێت.

بەڵام ڕۆژنامەی واشنتنپۆست-ی ئەمەریكی لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژە بەوە دەكات، سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران سوكتر دەبێت لەوەی چاوەڕوان دەكرێت.

بەپێی ڕاپۆرتەكەی واشنتنپۆست، ئەمەریكا هەرجارێك بیەوێت سزای توند بەسەر وڵاتێكدا بسەپێنێت، پێشتر ئەو وڵاتە لە سزاكان ئاگادارناكاتەوە، بەڵام بەرامبەر بە ئێران بەو جۆرە مامەڵەی نەكرد.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ هەر ڕۆژەو بەشێك لە سزاكانی ئێران ئاشكرا دەكەن، ئەمەش وا لە ئێران دەكات دژەپلانی هەبێت بۆ هەموو سزا سەپێنراوەكان و بتوانێت خۆی لە سزاكان ڕزگاربكات.

چەند شارەزایەكی بواری كاروباری ئەمەریكا بە ڕۆژنامەكەیان وتووە، كێشەی گەورەی ئەمەریكا ئەوەیە كە بە ئاسانی ناتوانێت وڵاتانی دیكە پابەند بكات بە راگرتنی مامەڵە بازرگانیەكانیان لەگەڵ ئێران و دواجار مەترسی ئەوە لە ئارادایە ئەمەریكا بەتەنها بمێنێتەوە لەگۆڕەپانەكەدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، توركیا و هیندستان كە دوو گەورەترین كڕیاری نەوتی ئێرانن دەبەخشرێن لە سزاكانی ئەمەریكا و چینیش كە گەورەترین بازرگانی لەگەڵ ئێران هەیە ئامادە نیە پابەندبێت بە سزاكان.

ڕاپۆرتەكە رونیكردووەتەوە، ئێران چەند دژەپلانێكی ئامادەكردووە دژی سزاكانی ئەمەریكا و هەوڵ دەدات نەوتەكەی ژێربەژێر تێكەڵ بە نەوتی وڵاتانی دیكە بكات یاخود هەموو كۆدە ئەلەكترۆنیەكانی سەر تەنكەرە نەوتیەكانی بگۆڕێت.

به‌روار:  05/11/2018
780   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   260
کۆی سه‌ردان:   29231731