مامم "کەمالی برامی" کووشت!.😭😭😭



ئەگەرچی هەموو دۆستو خزمو ناسراوەکان بە ئێمەو دایکمیان ئەووت کە شەوان گوێ لە ڕادیۆکەی ئێران بگرین بەڵکو خوایە ناوی باوکی ئیمەش لە ڕیزی سەربازە دیلەکانی جەنگا بخوێنرێتەوە،بەڵام دایکم نەیئەویست باوەڕ بەو ڕاستیە تاڵە بکات.

ئەو هەمیشە لە دەرگای ئەو سەربازانەی ئەدا کە بە پشوو لە جەنگەکەوە ئەگەڕانەوە .
تەنانەت پەنای بۆ ئەو سەربازە هەڵاتوانەش ئەبرد کە گوندەکانیان کردبوە مەسکەن.

.
دایکم شەش ساڵی ڕەبەق چاو لە دەرگاو دەست لە سەر دڵ چاوەڕێی باوکمی کردوو بە بێ ئەوەی ئەو هەواڵەی پێ بگا کە تامەزرۆی بوو گیانی سپاردوو ئێمەشی خستە ناو دۆزەخی ژیانی ماڵە مام.

هەر دوای مانگێک لە مەرگی دایکم هەردوو خوشکەکەم" سەیرانو سەمیرە ”لە قوتابخانە دەرهێنرانو خرانە خزمەتی "مامۆژن سورەت".
منو "کەمالی" براشم ئەو ڕۆژانەی کە مەکتەبمان نیوەڕۆیان بوو، ئەبوو لە حەوتی سپێدەوە هەتا نیوەڕۆ یەخەی کۆڵانو گەراجو چاخانەکان بگرین بۆ گوڵە بەڕۆژەو پاکەت فرۆشتن.

رۆژەکانی تریش هەتا دەرەنگانی شەوو بە جووتە من بە "بۆیاخچێتیو" "کەمالیش" بە جگەرە فرۆشتن پارەمان بۆ مامۆژنم پەیدا ئەکرد.

"کەمال" لەمن جیاوازتر بوو ،زۆرم لام سەیر بوو کە چۆن ئەبێ ئێمە لە پشتی یەک باوکو لە سکی یەک دایکا هاتبینە دوونیاوە.

ئەو بە پێستێکی سپی ناسکو من بە ڕەنگێکی ڕەش.
ئەو بە دەنگێکی نەرمو من بە دەنگێکی ناساز.

هەر لە سەرەتای کەوتنە ماڵی مامەوە من هەستم ئەکرد کە کوڕە گەورەکانی مەکتەب .ئەوانەی ئاوینەیان ئەخستە ژێر ڕەحلەکان بۆ بینینی ناوگەڵی مامۆستا ئافرەتەکان.
ئەوانەی کە لە سەر ڕوبارەکە دەستیان بۆ مناڵ ئەبردوو بە دوای کەری بەرەڵای کۆڵانەکانا ئەگەڕان خۆیان لە کەمالی برام نزیک ئەکردەوە.
زۆر جار ئەمبینی لە سەرەی وەرگرتنی خواردنی مەکتەبا خۆیان بە کەمالەوە ئەلکاندوو سۆکیان تێ هەڵ ئەدا.
کەمال تەنها تەمەنی نۆ ساڵ بوو نەئەیزانی ئەوان خەریکی چینو نە گرنگی بە هیچ کوڕێکیش ئەدا.
ئەو تەواو لە ئێمە جیاواز تر بوو.
ئەو ساتە دەگمەنانەی کە بۆمان ڕێ ئەکەوت یاری تیا بکەین من لە گەڵ کوڕەکانی مامو مناڵانی گەڕەکا یاری "هەلوکێنو هەڵماتێنو ئاشە بەتەنورەمان" ئەکرد،بەڵام "کەمال" لە گەڵ هەردوو خوشکەکەمو کچەکانی مامەما یاری "ماڵەباجێنەو موروێنو ماقڵە ماقڵێنەی"ئەکرد.
جار جارەش وەک ئەوان نینۆکەکانی سور ئەکردوو قژی بە چەشنی ئەوان دائەهێناو هەمیشەش پەلکی بۆ کچەکان ئەکردو قژی بۆ شانە ئەکردن.
مامەم هەمیشە لە کەمالی ئەدا.
ئەوەندەی لێ ئەدا کە زۆرجار دەرپێکەی پڕ ئەکرد لە میزوو چەندین جاریش لە ژێر ئازاری سۆندەی مامەما خۆی پیس ئەکرد.

من تەنها دوو ساڵ لە ئەو گەورە تربووم ،بەڵام کە ئەمدی مامەم بە سەریا هاواری ئەکردوو پێی ئەووت "ژنانی بە قونەوە کریاو" یەک دوونیا ڕقم لە مامەم هەڵئەساو ڕقیکی تێکەڵ بە بەزەییشم بۆ" کەمال" تیا دروست ئەبوو
.
زۆرجار کە بە دەم ئازارو ناوگەڵی تەڕەوە ئەهات بۆلام ، منیش لە داخی ئەو هەڵسو کەوتانەی کە هەمیشە وەک کچ بوون لێم ئەداو لێی توڕەئەبووم.

"سەیرانو سەمیرە" هەمیشە دەرپێکەیان لە پێی دائەکندوو بۆیان ئەشت.
بە دزیەوە بۆی ئەگریانو دەستیان ئەهێنا بە سەریا.

"کەمال " جیاواز بوو.

ئەو هەرگیز شەڕی نەئەکرد.هەرگیز چۆلەکەی گویسبانەکانی ئازار نەئەداو کلکی قومقومەکانی نەئەبڕی.
ئەوە ئەوەندە ناسک بوو کە من زۆر جار ڕقم لێی ئەبویەوەو مامەشم بە عارو لەکەی ئەزانی بۆ سەر خۆی.
ڕۆژ نەبوو دراوسێکان گاڵتەی پێ نەکەن لە هەر کوێوە دەرکەوتایە سەریان ئەخستە سەری تا قسە بکات چوونکە "کەمال" وەک کچێک قسەی ئەکردوو جوڵەو هەڵسوکەوتیشی هەر هەموی کچانە بوو.

مامۆژنم بە بیانووی ئەوەی کە "کەمال" کوڕە نەیئەهێشت لە گەڵ کچەکانی یاری بکا هەمیشەش پێی ئەووت ئێژی "کەنیشکی حیزی".

ئەو نەیئەتوانی بەبێ من بڕواتە دەرەوە چوونکە گەنجەکانی گەڕەک خۆیان پێوە ئەنوساندو کلکەیان پێوەئەکرد.

مامەم زۆر جار هانی منی ئەدا کە بیکوژم.

منیش زۆرجار بیرم ئەکردوە کە ئەم گرێ لە جەستەی خۆما دەربهێنم،بەڵام هەمیشە کە مناڵێکی ناسکو سستو بێ گوناهم ئەبینی لە سەر بەڕەیەکی شر هەڵکورماوە بەزەیی و برایەتی پەشیمانی ئەکردمەوە لە ئازاردانی.

ئەو ڕۆژەم لە بیرە کە "مامۆژنم" شکاتی لە "کەمال" کرد لای مامم گوایە بۆیەی نینۆکەکەی" شادانی ماممی" دزیوە.
"کەمال" هەرچەن پاڕایەوەو هاواری کرد کە" شادان" خۆی داویەتی پێی ،بەڵام "مامەم" بە سیمێکی کارەبا لە" کەمالی" ئەداو مامۆژنیشم ئەوەندەی تر هانی ئەدا.
من کە ئەو دیمەنەم ئەبینی بوبوم بە پارچەیەکی بێ ئیحساسو هەردوو خوشکەکەم هاواریان ئەکردو قاچی مامەمیان ماچ ئەکرد کە لە "کەمال " نەدا.

"کەمال" ئەو ڕۆژە جیاوازتر لە ڕۆژەکانی تر نە ئەگریاو نە هاواری ئەکردو نەمیزیشی کرد بەخۆیا.
ئەو ڕۆژە شتێک لە سامو توڕەییم لە "کەمالا" بینیو هەتا مامم هیلاک نەبوو، لە بەردەمیا نەجووڵا.
دوای هیلاک بوون مامەم تفێکی خەستی لە کەمال کردوو بۆ نوێژی عەسر رووی کردە مزگەوتەکەی گەڕەک. 
.
کەمال" جیاوازتر لە ڕۆژانی تر کە لەدوای لێدان پەنای بۆ خوشکەکان ئەبردو سەری ئەخستە باوەشی یەکێکیان ، بێ ئەوەی ئاوڕ لەئیمە بداتەوە بە ئەسپایی بەرەو حەمامەکە ڕۆشت.

ئێمە پێمان وابوو کە ئەیەوێت دەمو چاوی بشوات.

بەڵام هەرئەوەندەمان بینی کە تۆپەڵێک گڕ لە حەمامەکەوە دەرچوو بۆ ناو حەوشەکە.

کەمال چوون فریشتەیەکی بریندار ئەیقیژاندوو بە حەوشەکەدا ڕای ئەکرد.

قیژەی هەردوو خوشکەکەشم لە ئەوسەری شارەوە هەتا ئەمسەری شار ئەبیسترا.بەڵام من هەرچیم ئەکرد لە سامناکی ئەو دیمەنە قاچەکانم زەویان بەرنەئەدا.

دواجار "کەمال" ڕێک لەبەرانبەری منا باوەشی کرد بە دار هەنارەکەی حەوشەکەداو گڕی جەستەییو دارەکە تێکەڵ بە یەک بوون.

بۆنی لاشەی سوتاوی کەمالو بۆنی سوتانی دارهەنارەکە هەموو گەڕەکی تەنی .
کەمال" بۆ دواجار دەستێکی بۆ من بەرز کردەوەو لە بن دارەکادا ڕاکشا.
ئیتر ئەوە دوا جووڵەی "کەمال بوو .

سی ساڵ بە سەر ئەو ڕۆژەدا تێ پەڕیوە بەڵام هێشتا نە هەواڵێکی باوکم پەیدابوەو نە لە دوائاماژەی کەمال پێش گیان دەرچوونی تێ ئەگەم.

سی ساڵ زیاترە من ڕۆژانە تاڵاوو زوخاوی "کەمالی برام " هەڵئەمژم.
سی ساڵ زیاترە بۆنی هەرچی بکەم هەربۆنی پێستی سوتاوی "کەمالی" لێ دێت.
ئێمە "کەمالمان" کووشت.

ئێمە لامان وابو کە خودا ئەناسینو پێشمان وابوو کە "کەمالیش" دروستکراویکی دەستی خۆیەتی ،کەچی دژی ئەو دروستکراوە وەستاینوو بەر نەفرەتمان داو لاشەیمان کردە خەلوز.
حسێن عەلی شەریف

به‌روار:  19/10/2018
1721   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   693
کۆی سه‌ردان:   29260211