ئەو کەسەی بە دەمانچە لە گەنجێک دەدات دەڵێت پەشیمان نیم
لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە و کاردانەوەى زۆرى هاوڵاتیانى لێکەوتووەتەوە، دەردەکەوێت کەسێک بە دەمانچە لە ڕووخسار و سەری گەنجێک دەدات و برینداری دەکات.

بەپێى بەدواداچوونەکانى ئێن ئاڕ تى ڕووداوەکە لە ماوەى ڕابردوودا لە سنورى پارێزگاى سلێمانى لە بەردەم نانەواخانەیەک ڕوویداوە و گەنجەکەش کە لە لایەن ئەو کەسەوە لێى دەدرێت لە هەمان نانەواخانەدا کارى کردووە.

وەک لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت دوای لێدانەکەش، ئەو کەسە گەنجەکە ناچار دەکات لەبەردەم کامێرادا داوای لێبوردن بکات و قسەی نەشیاو بەخۆی بڵێت، هەروەها هەڕەشەى لێدەکات و قسەى نەشیاو بە کەسوکارى گەنجەکە دەڵێت.

لە بارەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەوە، ئێن ئاڕ تی پەیوەندی بە سەرکەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە کرد و ڕایگەیاند، ئەو کەسە سەرۆکی باندێکی تاوانکارییە و ١٣ى ئەم مانگە لە شاری‌ سلێمانی‌ لەلایەن هێزەکانى پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.

وتیشی، لە کاتی هەوڵی دەستگیرکردنیدا، ئەو تاوانبارە ڕووبه‌ڕووبووی پۆلیس بووەتەوە و ئه‌فسه‌رێك ‌و دوو كارمه‌ندى بریندارکردووە، خۆشی بە برینداری دەستگیرکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد ئەو کەسە دانیشتووی‌ قه‌زای‌ سه‌یدسادقە به ‌چه‌ندین ماده‌ی‌ یاسایی له‌لایه‌ن دادگاوه‌ داواكراوه‌.

هەرچەندە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشێک لە هاوڵاتیان باسیان لەوە کردووە ئەو کەسە پاسەوانە و لەگەڵ شێخ جەعفەر ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى و شێخ دلێرى براى دایە، بەڵام ڕێزان شێخ دلێر بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، ئەو کەسە چوار ساڵ پێش ئێستا کێشەیەکى کۆمەڵایەتى هەبووە و شێخ دلێر بۆى چارەسەرکردووە و ماوەى دوو مانگ لە ماڵى ئەوان ماوەتەوە.

هەر لەسەر ئەو پرسە پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە ئەو تۆمەتبارە سەر بە هیچ بەرپرسێك نییە.

بڵاوبوونەوەى گرتە ڤیدیۆیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەى زۆرى لێکەوتووەتەوە بە تایبەتى کە لە سنورى پارێزگاى سلێمانى ڕوویداوە کە بەجێنفوزى یەکێتى دادەنرێت، لەکاتێکدا ئێستا ئەو حزبە لە بانگەشەى هەڵبژاردندا دروشمى ئارامى بەرزکردووەتەوە.

لەوبارەیەوە هاوڵایەتییەک بەناوى کەمال کۆیی لە فەیسبووکى خۆى نوسیویەتى "ئەمەبوو ئارامى و هەلى کار و خزمەت".

هەروەها بەشێکى تر لە هاوڵاتیان ئاماژەیان بەوەکردووە ئارامى کە لە لایەن یەکێتییەوە وەک دروشمێک بەرزکراوەتەوە تەنها دروشمە و هیچى تر بەڵکو لە سایەى ئەو حزبەدا ڕۆژانە بە شێوازى جۆراوجۆر سوکایەتى بە هاوڵاتیان دەکرێت.

ئێن ئاڕ تی
به‌روار:  21/09/2018
758   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   245
کۆی سه‌ردان:   29231632