دوو ژنە پەنابەری پارێزگای سلێمانی لە دەریای ئیجەدا خنکان
دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، سلێمانى: ئەمڕۆ دووشەممە بەلەمێکی پەنابەران لە دەریای ئیجەدا ژێرئاوکەوت، بەھۆیەوە دوو ژنە پەنابەر خنکان و پەنابەرێکی تریش بێسەروشوێنە.
نوێنەرایەتی فیدراسیۆنی پەنابەران لە تورکیا ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٧ی ئەیلول لەکاتی کۆچکردنی پۆلێک پەنابەر لە کەناراوەکانی دەریای ئیجە لە سنووری پارێزگای بۆدرومی بەرەو کەناراوەکانی یۆنان – ئیتاڵیا، بەلەمەکەیان ژێرئاوکەوتووە.
ڕاشیگەیاندووە، لە ئەنجامی ئەو ڕووداوە دوو پەنابەری ژن کە خەڵکی پارێزگای سلێمانین گیانیان لەدەستدا و پەنابەرێکی تریش بیسەروشوێنە.
ھەروەھا ئاماژەی بەوەش کردووە، لەلایەن ھێزی دەریاوانی تورکیاوە سیانزە پەنابەری تری سەر بەلەمەکە ڕزگارکراون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.
فیدراسیۆنی پەنابەران دەستپێکردنی ھەوڵەکانیشی ڕاگەیاند بەمەبەستی ھاوکاری و ھەماھەنگی ڕزگاربووانی ئەو ڕووداوە و گەڕانەوەی ئەو دوو تەرمە بۆ کوردستان.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەکاتی ڕووداوەکەدا، تیمەکانی سەربە فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا ڕایانگەیاند، ١٦ کۆچبەریان لە دەریای ئیجەدا ڕزگارکرد و تەرمی دوو ژنیشیان دۆزیوەتەوە.
ئێن ئاڕتی
بهروار: 18/09/2018
1156 جار خوێندراوهتهوه
|