مانگرتنی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
لەگەڵ ڕاگەیاندنی مانگرتنی سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێزەکانی ئیتڵاعاتی ئێران چوونەتە ناو بازاڕ و شەقامەکان و ئەو دوکانانە دەستنیشان دەکەن کە مانیان گرتووە.
بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک کە دەست دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی کەوتووە، دەردەکەوێت لە شاری مهاباد هێزەکانی ئیتڵاعاتی ئەو شارە بەناو بازاڕ وشەقامەکاندا دەگەڕێن و ئەو دوکانانە دەستنیشان دەکەن کە نەکراونەتەوە.
هاوکات میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردووەتەوە ، لە شاری شنۆ و چەند شارێکی دیکە هێزە ئەمنییەکان لەناو شەقام و بازاڕەکاندا بڵاوبوونەتەوە و هێزەکانی ئیتڵاعاتی ئێران بەزۆر کاسبکاران و دوکانداران ناچار دەکەن، دوکانەکانیان بکەنەوە.
ئەمڕۆ هاوڵاتیانی شارەکانی سنە و سەقز و بانە و مەریوان و شنۆ و پاوە و زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە هێرشەکەی شەممەی ڕابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆسەر بارەگاکانی حدکا و حدک لەشاری کۆیە و هەروەها لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە، مانگرتنی سەرتاسەریان ڕاگەیاندووە و دوکان و بازاڕیان نەکردووەتەوە.
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەیاننامەیەکدا، داوای لە هاوڵاتیانی سەرجەم شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و مانگرتنی سەرتاسەری ڕابگەیەنن.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بە داخستنی دوکان و بازاڕەکان هەڵوێستی خۆتان ئاڕاستەی حکومەتی ئێران بکەن، خۆپیشاندان و ناڕەزایی ئەنجام بدەن.
ئێن ئاڕتی
بهروار: 12/09/2018
510 جار خوێندراوهتهوه
|