کوردی سوید هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی مەحکووم دەکەن
لە چەندین شوێنی جیاجیا لە سویددا بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکانی ئێران بۆسەر بارەگاکانی هەردوو حیزبی دیموکرات (حدک و حدکا) و لە سێدارەدانی سێ بەندکراوی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات، چەند خۆپیشاندانێک ئەنجام دەدرێت.

یەکێک لەو خۆپیشاندانانە ڕۆژی چوارشەممە کاتژمێر ١٧:٠٠ ئێوارە لە مینت‌تۆریەت لە ستۆکهۆڵم بەڕێوەدەچێت. کەمال گروێسی یەکێکە لە ڕێکخەرانی ئەو خۆپیشاندانە.

     دەبێ سوید لەوە بە دواوە هەڵوێستێکی ڕوونتری دژی ئێران هەبێ. چون ڕژێمی ئێران هەموو بەها مرۆیی و یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبەزێنێت.

جێی باسە ئەم خۆپیشاندانە لەلایەن فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە سوید، کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان و ناوەندی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەڕێوەدەچێ. هەروەها هەر ئەمڕۆ ناوەندی کۆمەڵایەتیی دیموکراتی کورد (NCDK) لە لیدینگوێ کاتژمێر ١٥:٠٠ی پاشنیوەڕۆ بەمەبەستی شەرمەزارکردنی هێرشەکانی ئێران بۆسەر بارەگاکانی هەردوو حیزبی دیموکرات (حدک و حدکا) و لە سێدارەدانی سێ بەندکراوی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خۆخۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.

ڕۆژی شەممە ٢٠١٨/٩/٨، بارەگای هەردوو حیزبی دیموکرات (حدک و حدکا) لە کۆیە، لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆردومان کران. لە ئەنجامدا ١٧ کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ٣٠ کەسیش بریندار بوون.

گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  11/09/2018
778   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   954
کۆی سه‌ردان:   29256133