کۆڕی ڕێزلێنان " بۆ خاتوو بۆنی نۆرمان و دکتۆر چیا عەباس نوری صاحبقران لە لاهای
مالمۆکورد

ڕاپۆرتە هەواڵ

کۆڕی ڕێزلێنانی یانهی کوردی "میدیــــــا"

بۆ خاتوو بۆنی نۆرمان و دکتۆر چیا عەباس نوری صاحبقران لە لاهای

ڕۆژی یەکشهممه ڕێکەوتی 09-09-2018 کات 14:00 دووی پاشنیوەڕۆ، یانهی کوردی"میدیــــا" لە هۆڵەندا، کۆڕێکی رێزلێنان و سوپاسگوزاریان، لە شاری لاهای پایتەختی سیاسی هۆڵەندا، لە هۆڵی بارەگای کۆمیتەی ڕێکخستنی (ی.ن.ک) بۆ هەردوو بەڕێزان (خاتوو بۆنی نۆرمان و دکتۆر چیا عەباس نوری) ساز کرد، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کۆچبەرانی کورد و هاوڕێیان دۆستانیان.

سەرەتا لە لایەن هەردوو (خاتوو پەیمان سەرهەنگ و سەردار فەتاح)ەوە، وەک ڕێکخەری کۆڕەکە و ئەندامانی لیژنەی سەرپەرشتی ڕێکخراوەکە، بە دەقیقەک وەستان بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان و شەهیدانی کارەساتە جەرگبڕەکەی کۆیە مەراسیمەکە کرایەوە، پاشان مەبەستی ئەم کۆڕی ڕێزلێنانەیان خستەڕوو، تیشکیان خستە سەر خەبات و تێکۆشانی هەردوو ئەم جوامێرە و جەختیان لەوە کردەوە، کە بهوپهڕی خۆشحاڵیهوه یانهی کوردی"میدیــــا" لە هۆڵەندا، به پێویست و ئهرکی سهرشانی خۆی زانیوە، وهک ئهمهک و وهفایهک بهرانبهر ڕهنج و ماندووبوون و سوتاندنی چهردهیهک له مۆمی تهمهن و ژیانی خۆبەخشی هەردوو بەڕێزان (خاتوو بۆنی نۆرمان و کاک دکتۆر چیا عەباس نوری)، بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان و کۆچبەرانی کورد لە تاراوگە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەمڕۆ کۆڕێکی رێزلێنان و سوپاسگوزاریەیان بۆ ساز کردوون و دوو دیاریی ڕەمزیان پێشکەش کردن، وەک دوو کەسایەتی ناسراوی ناو ڕێکخراوهکانی کۆمهڵگهی مهدهنی له تاراوگه، بهگشتی و کۆچبهران و پهنابهرانی کورد به تایبهتی.

لە تەوەرەیەکی دیکەدا، گفتوگۆیەکی ڕووبەڕوو لەگەڵ هەردووکیاندا ڕێکخرابوو، چیرۆکی چەند وێنەیەکی مێژوویی خۆیان گێڕایەوە، چۆنیتی یەکترناسینیان و خەباتی خۆیان گێڕایەوە، لە لایەن هاوڕێکانیشیانەوە یادەوەری تاڵ و شیرینی ئەو ڕۆژگارانەیان خستە ڕوو، لە کۆتاییدا پاش دیارییەکان چەپکە گوڵی وەفاداری هاوڕێکانیشیان پێشکەشکرا.

بە کورتی پرۆفایلی چیا ساحیبقران و بۆنی نۆرمان.

بۆنی نۆرمان لە دایکبووی ساڵی ١٩٦١،

خوێندنی ڕۆژنامەگەری لە ئوترێخت تەواو کردووە،

لە کۆتایی زستانی ساڵی ١٩٨٧ لە گەڵ چیا بەرەو کوردستان دەکەونە ڕێ و پاش دوو مانگ چاوەڕوانی لە شام ڤیزای ئێران وەردەگرن و لە ئێرانەوە دەچنە ناوچە ئازادکراوەکان، لە شێنێ و زەڵێ، بۆنی دوو ڕیپۆرتاژ بۆ ڕادیۆ و دوو ڕۆژنامەی هۆڵەندا ئەنجام دەدات و بە جیهازی لاسلکی چاوپێکەوتنێکیش لەگەڵ هەڤاڵ مام جەلال سازدەکات.

لە ڕێگەی گەڕانەوەیان لە کرمانشاە چاوپێکەوتن لە گەڵ بریندارەکانی چەکی کیمیاوی دەکات و هەواڵەکە بۆ دەرەوە دەنێرێت.

لە ڕاپەرینەکەی ١٩٩١ و کۆڕەوەکەدا، لەگەڵ چەند دۆستێکی هۆڵەنیدا ڕۆژانە بولەتینێک (نشرة اخباریة) بە زمانی هۆڵەندی دەردەکەن، کە هەواڵەکانی ڕاپەرین و کۆڕەوەکە بە بەرفراوانی بڵاودەکەنەوە. دواتر لە ساڵی ١٩٩١ تا ١٩٩٤، لە کوردستان کار بۆ ڕێکخراوی خێرخوازی هۆڵەندی (مێمیسا) دەکات و بەتایبەت پرۆژەکانی بوژاندنەوە، لە چەند ناوچەیەکی گەرمیان.

لەگەڵ چیا خاوەنی دو کچن بە ناوەکانی مینالێ و هێرۆ.

چیا عەباس ساحیبقران،

لە دایکبووی ساڵی ١٩٥٠.

لە سەرەتای ساڵی حەفتاکانەوە، دەبێتە ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان

لە ساڵی ١٩٧٤ بەهۆێ هەڵگیرساندنەوەی شەڕ لە نێوان کورد و ڕژێمی سەدام واز لە خوێندنی دوا ساڵی کۆلێژی پزیشکی دەهێنێت و پاش شکستی شۆڕشەکە، لە ساڵی ١٩٧٥ لەگەڵ چەند هاوڕێیەک ڕوو لە هۆڵەندا دەکەن، پاش دروست بوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە شام، یەکەم دیداریان لەگەڵ هەڤاڵان مام جەلال و کاک نەوشیرواندا لە ئابی ساڵی ١٩٧٥ دا دەبێت لە بەرلین، لە کۆنفرانسی ئەکسا (خوێندکارانی کورد)، هەرلەوێوە، یەکەم بناغەی ڕێکخستنەکانی (ی.ن.ک) دادەڕێژن و دەست بەکارکردن دەکەن و چالاکانە ڕۆڵی کاریگەری خۆیان دەبینن.
به‌روار:  11/09/2018
760   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   736
کۆی سه‌ردان:   29252181