(98) ساڵ دوای پەیمانی سیڤەر
(سبەی):
لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆداو (98) ساڵ لەمەوبەر، پەیماننامەی "سیڤەر" لە نێوان براوەكانی جەنگی جیهانی یەكەم‌و دەوڵەتی عوسمانیدا واژۆكرا، ئەم پەیماننامەیە هەلی بۆ گەلی كورد رەخساند، داوای مافی خۆی‌و دروستكردنی قەوارەیەكی سەربەخۆ بكات، بەڵام پێش ئەوەی جێبەجێ‌ بكرێت، پەیماننامەكە لەباربرا.

دوای كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەكەم، ساڵی 1920 بۆ گەلی كورد، دەرفەتێكی مێژویی هێنایە ئاراوە، بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن قەوارەیەكی سەربەخۆ، رۆژی (10)ی ئاب، لە ناوچەی "سیڤەر"ی فەرەنسا، وڵاتانی هاوپەیمان، كە براوەی جەنگ بون، لەگەڵ نوێنەرەكانی دەوڵەتی عوسمانی، پەیماننامەیەكیان واژۆ كرد، تێیدا عوسمانییەكان دەستبەرداری ئەو خاكانە بون، كە پێشتر دەستیان بەسەردا گرتبو.

بەشێك لەو ناوچانەی، پەیماننامەی "سیڤەر" دەیگرتنەوە، خاكی كوردستان بو، بەشێوەیەك نزیكەی (20%)ی كۆی خاكی كوردستان‌و نزیكەی نیوەی خاكی باكوری كوردستان، دەكەوتە چوارچێوەی ئەو نەخشە سیاسییە تازەیەی، كە لە ناوچەكەدا كار بۆ دروستكردنی دەكرا.

بەگوێرەی مادەكانی (88)‌و (89)‌و (90)ی پەیماننامەكە، بوار بۆ گەلی كورد رەخسا، قەوارەیەكی سەربەخۆ بۆ خۆی پێكبهێنێت، بەڵام سەرچاوە مێژوییەكان ئەوە ئاشكرا دەكەن، بەهۆی ناتەبایی سەركردەكانی ئەو كاتەی كورد‌و نەبونی كۆدەنگییەكی نەتەوەیی، كورد هەلەكەی لەدەستدا‌و نەیتوانی بونی خۆی بسەلمێنێت.

پەیماننامەی "سیڤەر" بەشێوەیەك داڕێژرابو، بەشێك لە خاكی كوردستان، دەكەوتەژێر چاودێری وڵاتانی هاوپەیمان‌و بەشێكی دیكەشی دەخرایە سەر ئەو دەوڵەتەی، بڕیاربو بۆ ئەرمەنییەكان پێكبهێنرێت.

مێژونوسان‌و چاودێرانی سیاسی دەڵێن: كۆمەڵێك هۆكار بونە كۆسپ لەبەردەم كورد، دەرفەتەكە بۆ بەرژەوەندی خۆی بقۆزێتەوە، كە گرنگترینیان بریتی بون لە دژایەتییەكانی دەوڵەتی توركیای كەمالی‌و نەبونی بەرژەوەندیی وڵاتە زلهێزەكان لە ناوچە كوردییەكەدا، لەگەڵ نەبونی هەستی نەتەوەیی لای كوردەكان خۆیان.

توركیا بۆ پوچەڵكردنەوەی ناوەڕۆكی پەیماننامەی "سیڤەر"، هەوڵەكانی خۆی خستەگەڕ‌و لەماوەی چەند ساڵێكدا، توانی وڵاتانی هاوپەیمان رازی بكات، بە واژۆكردنی پەیماننامەیەكی نوێ‌ بەناوی پەیماننامەی "لۆزان"، تێیدا سەرجەم ئەو مادانەی "سیڤەر"ی هەڵوەشاندەوە، كە لەبەرژەوەندی كورددا بون.

بەهۆی جێبەجێنەكردنی پەیماننامەی "سیڤەر"‌و شوێنگرتنەوەی بە پەیماننامەی "لۆزان"، كوردستان نەك بەدو پارچەیی نەمایەوە، بەڵكو لۆزان كوردستانی بۆ چوار پارچە دابەشكرد بەسەر توركیا‌و ئێران‌و عێراق‌و سوریادا، بێجگە لەو ناوچانەی، كە یەكێتی سۆڤیەت دەستی بەسەردا گرتن.
به‌روار:  11/08/2018
745   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   548
کۆی سه‌ردان:   29250930