ئاسایشی سوید لێکۆڵینەوە لەسەر پەنابەرانی تازەهاتوو دەکات
ئەمساڵ دەزگای کۆچی سوید زانیاری بەشێکی ئەو کەسانەی داوای پەنابەریان پێشکەش کردووە، ناردووە بۆ پۆلیسی ئاسایش. ئامانج لەمە دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەیە کە دەکرێ هەڕەشە ومەترسی بن بۆ سەر ئاسایشی سوید.

ئەمساڵ و تا کۆتایی مانگی پێنج، پۆلیسی ئاسایش (SÄPO) زانیاری سەبارەت بە ١٩٠ هەزار دۆسیەی پەنابەری لە دەزگای کۆچ (Migrationsverket) وەرگرتووە. لەو رێژەیەش، پۆلیسی ئاسایش داوای پێداچوونەوە و لێکۆڵینەوەی زیاتری سەبارەت بە ٢٠٠ لەو دۆسیانە کردووە. زۆربەی ئەو دۆسیانەش ئەوانەن کە تیایدا پرسیاری ئەوە لە خاوەن دۆسیەکە کراوە داخوا خزمەتی سەربازی ئەنجامداوە یان نا و ئاخۆ کەسێکی سیاسی ئەکتیڤ بووە یاخود نا. 

ئەو زانیاریانەی کە دەدرێنە پۆلیسی ئاسایش بریتین لە زانیاری وەکوو  ناو، رۆژی لە دایکبوون و شوناسی کەسەکان و مەبەستیش لە دانیان دەستنیشان کردنی ئەو کەسانەیە کە لەوانەیە مەترسی بن بۆ سەر ئاسایشی سوید. 

ئۆکسار ئێکبلاد بەرپرسی یەکەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زانیارییە لە دەزگای کۆچ دەڵێ:

ئەوەی ئێستا ئەنجامی دەدەین بەشێکە لە کار و هەڵمەتی دژەتیرۆر سەبارەت بەو کەسانەی بە جۆرێک لە جۆرەکان بانگەوازی هەڕەشە و توندووتیژی سیاسییان کردووە، یانیش گومانی ئەوەیان لێ دەکرێ لە بانگەوازێکی هاوشێوەدا بەشدار بووبن.

لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردووەوە دەزگای کۆچ ڕاستەوخۆ بەشێک لە زانیاری ئەو کەسانەی داوای پەنابەری پێشکەش دەکەن، بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر دەنێری بۆ پۆلیسی ئاسایش. 

 بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بەم پرسە، پارێزەر کارین لە بیرۆی (Asylbyrån) وەڵامی چەند پرسیاریکی بەسی کوردی ڕادیۆ سویدی دایە. کارین لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئاخۆ ئەمە یەکەم جارە دەزگای کۆچ و پۆلیسی ئاسایس زانیاری دەگۆڕنەوە دەڵێ کە ئەوە جاری یەکەم نییە و هاوکاری و گۆرینەوەی زانیاری لە نێوان ئەم دوو دەزگایەدا چەند ساڵێکە بەردەوامە.هاوکات ئەو پێی وایە لە چاو پێکەوتنەکاندا بە ئاشکرا ئاماژە بەوە ناکری کە زانیارییەکان دەدرێن بە پۆلیسی ئاسایش:

ئەو دەڵێ: لە ڕاستیدا لە چاپێکەوتنەکاندا ڕاستەوخۆ زانیاری سەبارەت بەو هاوکارییە (ی نێوان دەزگای کۆچ و بە پۆلیسی ئاسایش) باس ناکرێ، تەنیا باس لە یاسای نهینی پارێزی بۆ هەر یەکە لە وەرگێڕ و پارێزەر و کارمەندانی دەزگای کۆچ دەکرێ. بەڵام لە ڕاستی دا ئەوان لە ماڵپەرەکەیاندا زانیاری پێویستیان سەبارتە بەوە بڵاو کردووەتەوە. 

لە درێژەی قسەکانی دا پارێزەری ناوبراو دەڵێ ئەو بابەتە زیاتر لە دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی ستۆکهۆڵم هاتۆتەوە بەرباس. هاوکات سەبارەت بەوەی کە ئەو مەسەلەیە چ کاریگەرییەکی دەبێ لەسەر متمانە و باوەڕی ئەو کەسانەی داوای پەنابەری پێشکەش دەکەن بە دەزگای کۆچ، کارین دەڵێ:

لە ڕاستیدا بەر لەو مەسەلەیەش من لە زۆر حاڵەتدا بینیومە زۆرێک لەوانەی داوای پەنابەری پێشکەش دەگەن، ترسیان هەیە بەسەهات و کێشەکانی خۆیان بە درووستی و بە وردەکاری تەواوە لە بەردەم دەزگا جۆراوجۆرەکاندا باس بکەن. 

لە وەڵامێکی نوسراوی دەزگای کۆچ بۆ بەشی کوردی ڕادیۆ سوید سەبارەت بەوەی داخوا ئەو کەسانەی داخوازی پەنابەری دەکەن ئاگاداری ئەو پرسە دەکرێنەوە یان نا، دەزگای کۆچ دەڵێ بێگومان ئەوانە لە سەرەتای چاپێکەوتنەکانەوە ئاگادار دەکرێنەوە سەبارەت بەوەی "تەنیا کەسانێک مافی دەستڕاگەیشتنیان بە زانیاریییەکان هەیە کە لە ڕووی یاساییەوە ئەو مافەیان پێ بەخشراوە و ئەو شتەش یاساییانە ئەنجام دەدرێ." 

گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  10/08/2018
1025   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   280
کۆی سه‌ردان:   29253828