داعش لە كەمپەكانی یۆنان واز لە پەنابەرانی كورد ناهێنن
رووداو - هەولێر

ماوەی ساڵێكە كۆبانێی جێهێشتووە و لە كەمپی مۆریا لە دوورگەی لێسبۆس دەژی، بەڵام لە 25ی ئایاری ئەمساڵەوە، بەهۆی هەڕەشەی ئیسلامییە توندئاژۆكانەوە ژیان لە خۆی و خێزانی تاڵ بووە. لە راپۆرتێكی ماڵپەڕی (ئینتەرسێپت)ی ئەمریكیدا بە ناوی خوازراوی نەبی ناوی هاتووە و چیرۆكی ئەو رۆژە دەگێڕێتەوە كە لەكاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵ، ژمارەیەك پیاوی دەمامكدار بە بۆڕیی ئاسن، بەرد و چەقۆ هەڵیانكوتایە سەری.

نەبی هەرگیز ئەو رۆژەی بیرناچێتەوە كە یەكێك لە پیاوەكان هاواری دەكرد "كێ لەم كەمپەدا كوردە؟". دواتر یەكێكی دیكەیان بە بۆكس كێشای بە دەموچاویدا، چەند كەسێكی دیكەیان بە بۆڕیی ئاسن لێیاندا و دواجاریش یەكێك لە پیاوەكان چەقۆیەكی كرد بە پشتیدا. منداڵەكانی نەبی لەناو چادرەكەوە گوێیان لە هەموو ئەو شتانە بوو كە لە دەرەوە بەسەر باوكیان دەهات.

یەكێك لە پیاوەكان دەستی لەسەر شوێنی برینی چەقۆكە دانابوو دەیگوت: "پیرە، وازی لێبهێنن با بمرێ". یەكێكی دیكەیان هاواری دەكرد "مادام نوێژ ناكات و رۆژوو ناگرێ، كوشتنی حەڵاڵە". پاشان بەسەر زەویدا رایانكێشا و بردیانە نێو چادرێكەوە و لەوێش بە دەم لێدان و كوتانەوە وانەی حەڵاڵ و حەرامیان پێدابوو. پاش لێدانێكی زۆر هەر بە راكێشان هەتا بەر دەرگای كەمپەكەیان برد و لەوێ بەجێیانهێشت. نەبی سوێند دەخوات ئاڵای داعشی لەسەر دیواری چادرەكەی ئەوان بینیووە.

ئەم پیاوە تاكەكەس نییە كە لەلایەن ئەو گرووپەوە كەوتە بەر پەلامار، شەش كەسی دیكەش چیرۆكی هاوشێوە دەگێڕنەوە و باس لەوە دەكەن كە تاقمی هێرشبەرەكان نزیكەی 30 كەسن و هەموویان بەمدواییە لە دێرەزوورەوە هاتوون. لە چەند مانگی رابردوودا 600 كەس لەو پارێزگایەی سووریاوە روویان لە كەمپی مۆریا كردووە.

شەڕی نێوان كورد و عەرەب لە كەمپەكە شتێكی نوێ نییە، بەڵام شەڕەكانی ئەمدواییە ئاماژەیەكی روونن بۆ ئەوەی لەناو ئەو كۆچبەرانەی لە دێرەزوورەوە هاتوون، لایەنگر و ئەندامی داعش هەن. یەكێك لە شایەتحاڵەكان دەڵێت بەگوێی خۆی بیستوویەتی هەندێك لە ئەندامانی ئەو تاقمە گوتوویەتی كە ئەوان داعشن، لەسەر یەكێك لە دیوارەكانی كەمپەكەش نووسراوە "دیرالزور باقیە"، ئەمە هەمان ئەو دروشمەیە كە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعشدا بەرچاو دەكەوت.

كەمپی مۆریا 7000 كەسی تێدایە و زۆرجار بە گرتووخانەی گوانتانامۆ بەراورد دەكرێ كە شوێنی دەستبەسەركردنی گومانلێكراوە گەورەكانی كەیسی تیرۆری نێودەوڵەتییە. نەدا قەدری، خۆبەخشێكی مرۆیی سووری ـ ئەمریكی، لە دوورگەی لێسبۆس بە ماڵپەڕەكە دەڵێت: "ئەم كەمپە كێشەی ئەوەندە زۆرە كە كێشەی توندڕەوە ئیسلامییەكان زۆر بە جددی وەرناگیرێ". بەڵام ئێڤا كۆسا، لێكۆڵەری رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ، پێیوایە سیاسەتی دەستبەسەركردنی كۆچبەری سەر بە زمان، نەتەوە و ئایینی جیاواز لە كەمپەكان هۆكاری دروستبوونی ئەو جۆرە كێشانەیە.

سارا، تەمەن 27 ساڵ، تەنیا یەك مانگ دەبێ لەگەڵ شەش منداڵ و خەسوویەكی تەمەن 75 ساڵاندا لە عەفرینەوە بەرەو كەمپەكەی دوورگەی لێسبۆس رایكردووە. سارا كە بە ناوی خوازراوەوە قسە دەكات، دەڵێ "ئێمە لەدەست شەڕ رامانكرد، وامانزانی لێرە دەتوانین لە ئاشتیدا بژین، كەچی لێرەش شەڕ بەردەرگای پێگرتووین".

نەبی لە دوای رزگاربوونی لە شەڕی پیاوە دەمامكدارەكان، لەگەڵ 300 كوردی دیكە روویان لە پەناگەیەكی كاتی كردووە كە لە تەنیشت ناوەندێكی وەرزشیی چۆڵكراوە. نەدا دەڵێ: "ئەوە یەكەمجارە ببینم هەموو كەسەكانی سەر بە نەتەوەیەك كەمپێك جێبهێڵن و ئامادە نەبن بگەڕێنەوە". بۆیە پاش هێرشەكەی 25ی ئایار، نەدا و ژمارەیەك لە خۆبەخشەكان بڕیار دەدەن تیمێكی هاوكاری پێكبهێنن و 170 چادر لەسەر گۆڕەپانی ناوەندە وەرزشییەكە دابنێن.

 كورد رۆڵی سەرەكییان لە رزگاركردنی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات لە پارێزگای دێرەزوور هەبوو، لە بەرامبەردا چەكدارە عەرەبەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریاش دەستی باڵایان لە هێرشی سەر عەفریندا هەبوو. بۆیە نەدا كێشە نەتەوەییەكان بە یەكێك لە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی ئەو گرژییانە لە كەمپی مۆریا دەزانێ. 

ئالان، تەمەن 28 ساڵ، ماوەیەك لەگەڵ كۆچبەرەكانی دێرەزووردا ژیاوە و ئاگاداری ئەوەیە كە هەندێكیان ئەندامی داعشن، ئەو دەڵێ: "هەندێكیان وێنە و ڤیدیۆی خۆیان لەناو داعش نیشان دەدام"، هەندێكجاریش باسی چۆنێتی فراوانبوونی سنووری دەسەڵاتی داعش و بەكۆیلەكردنی كچە ئێزدییەكانیان بۆ كردووە.

پاش ماوەیەك كۆچبەرە عەرەبەكان متمانەیان بە ئالان نەما، بەبۆچوونی خۆی هەندێك لەو كۆچبەرانە زانیبوویان ئالان كوردە، بۆیە پاش پشكنینی چادرەكەی نیشانەی (X)یان لەسەر دابوو. ئەو ئێستا كەمپی مۆریای جێهێشتووە و دەڵێ: "ئەوان باسی ئەوەیان بۆ دەكردم كە چۆن چوونەتە شنگال و كچی ئێزدییان كڕیوە و هەندێكجاریش هەستێكی ناخۆش وای لێكردوون كچەكان رەوانەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزە كوردییەكان بكەنەوە".

یەكێكی دیكە لەو كۆچبەرانەی مەترسی لەسەر ژیانی دروستبووە، كوڕێكی عەرەبی خەڵكی مووسڵە بەناوی عەلی كە دایك و باوكێكی كورد هەر لە منداڵییەوە لەخۆیان گرتووە. عەلی تێكەڵاوی لەگەڵ كۆچبەرەكانی دێرەزووردا هەبووە و پاش ماوەیەكیش داوایان لێكردبوو بیروبۆچوونی ئەوان لەناو كەمپەكەدا بڵاوبكاتەوە. كۆچبەرەكانی دێرەزوور بایەخێكی زۆریان بە عەلی دەدا، بەڵام لە كاتی شەڕەكەی ئایاردا عەلی دەیزانی كە بۆ دواجار دەبێ خۆی یەكلابكاتەوە، چونكە لەو رۆژەدا پابەندیی ئەو لەنێوان بڕوای ئایینی و خۆشەویستیی بۆ دایك و باوكە كوردەكەیدا تاقی دەبێتەوە. عەلی بڕیاریدا لەگەڵ خێزانەكەی بچێتە ئەو كەمپەی بۆ كوردەكان دروستكراوە، دوای چەند رۆژێكیش دوو پیاو رێگەیان بە دایكی عەلی گرتبوو و پرسیاری شوێنی كوڕەكەیان لێكردبوو، تەنانەت ئازاریشیان دابوو.

عەلی بە چاوی پڕ فرمێسكەوە بە ماڵپەڕە ئەمریكییەكە دەڵێ: "ئێستا زۆر دەترسم. نامەوێ هیچ شتێكی ناخۆش بەسەر دایكم بێ. بەداخەوە من زانیاری زۆرم لەسەر ئەوان لایە و دڵنیام لێرە دەمدۆزنەوە". 
به‌روار:  09/08/2018
1182   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   469
کۆی سه‌ردان:   29261150