ڕۆحانی بۆ ترەمپ: بە کلکی شێر یاری مەکە
حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی کۆماری ئێران هۆشداری دایە ئەمریکا و ڕایگەیاند، هەڕەشە لە هیچ کەس قبوڵ ناکەن و بەدڵنیاییەوە شکست بەو وڵاتە دەهێنن.

لە میانی بەڕێوەچوونی سیمیناری دیپلۆماتکاران و نوێنەرانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، حەسەن ڕۆحانی ڕایگەیاند، "پیلانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ ماندووکردنی گەلی ئێرانە بەڵام دەبێ بزانن کە گەلی ئێران خۆی بڕیاردەرە و ژێردەستەیی قبوڵ ناکات".

وتیشی، "پێویستە ئەمریکییەکان باش تێبگەن لەوەی کە ئاشتی لەگەڵ ئێران دایکی هەموو ئاشتییەکانە و شەڕ لەگەڵ ئێران دایکی هەموو شەڕەکانە".

ئەوەشی خستەڕوو، ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران شکستی پیلانگێڕییەکی ١٢ ساڵە بوو دژ بە تەکنەلۆژیای ئەتۆمی ئەو وڵاتە.

بە ئاماژە پێدان بەوەی کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بڕیاری سەرجەم دەزگا حکومییەکانی وڵاتەکەی بووە، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، "هەڕەشە قبوڵ ناکەین، توانای بەرگریکردنمان هەیە و لە ئێستادا زیاتر لە هەموو کاتێکی تر لە ناوخۆدا یەکڕیز و یەکگرتووین و هەڕەشە زیاتر کۆمان دەکاتەوە، بەدڵنیاییەوە شکست بە ئەمریکا دەهێنین".

هاوکات حسامەدین ئاشنا ڕاوێژکاری حەسەن ڕۆحانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە، ڕۆحانی بە ترەمپی ڕاگەیاندووە، "بە کلکی شێر یاری مەکە".

جێی ئاماژەیە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوەکیی ئێران لەگەڵ چین و فەڕەنسا و بەریتانیا و ڕوسیا و ئەڵمانیادا کشایەوە کە لە ساڵی ٢٠١٥ دا واژۆ کرابوو و بەڵێنیدا سزاکانی واشنتن بە تەواوەتی بسەپێنێتەوە بەسەر تاراندا.

سزاکانیش کەرتی وزە و پیترۆکیمیایی و کەرتە ئابوورییەکانی ئێران دەگرێتەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا دادگای دادی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، ئێران سکاڵای لەدژی ئەمریکا تۆمارکردووە بە تۆمەتی پێشێلکردنی پەیماننامەیەکی ساڵی ١٩٥٥ی نێوان هەردوو وڵات.

نالیا
به‌روار:  22/07/2018
738   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   111
کۆی سه‌ردان:   29237301