مێرویه‌كی نامۆ هاوڵاتیانی بێزار كردوه
ماوه‌یه‌كه جۆره مێرویه‌ك بوه‌ته باس‌و خواسی سه‌ر زاری خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، كه گوایه ئه‌م جۆره مێروه شتێكی نامۆیه‌و به‌پێوه‌دانی هه‌ستیاری‌و تا‌و بێزاربون بۆ كه‌سی ئامانجكراو دروست ده‌كات، به‌ڵام شاره‌زایانی بواری كشتوكاڵ ده‌ڵێن ئه‌م مێروه هیچ زیانێكی نیه بۆ مرۆڤ به‌ڵكو زیانی بۆ به‌رهه‌می دانه‌وێڵه هه‌یه.
ئا: ئیمان زه‌ندی
له‌ئێستادا ئه‌م جۆره مێروه له‌هه‌مو شاره‌كانی كوردستان بینراوه‌و هاوڵاتیانیش ده‌ڵێن ئه‌و مێروه پێوه‌ی داوین‌و هه‌ستیارییه‌كی زۆرمان بۆ دروست ده‌كات به‌جۆرێك تا بێزار بون.
كرێكار ته‌حسین عه‌بدوڵا گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 32 ساڵه‌و دانیشتوی هه‌ولێره ئه‌و چیرۆكی پێوه‌دانی ئه‌و مێروه بۆ ئاوێنه ده‌گێرێته‌وه‌و ده‌ڵێت ” له‌سه‌ره‌تای ره‌مه‌زان بو ئه‌وكاته جۆره حه‌شراتێك پێوه‌یداوم كه بوه هۆی هه‌ستیاری‌و خورانێكی زۆر تا ناچار بوم به‌ده‌رزی چاره‌سه‌ری بكه‌م نه‌وه‌ك به‌هه‌ستیاری بمێنمه‌وه”.
كرێكار وتیشی “حه‌شپراتێكی زۆر سه‌یره كاتێك كه پێوه‌یدام شوێنه‌كه‌ی سور هه‌ڵگه‌را‌و هه‌ڵئاوسا شوێنی پێوه‌دانه‌كه‌ی، هه‌ستم به‌خورینی شوێنه‌كه كرد له‌گه‌ڵ بونی هه‌ندێك ئازار، دواتر ته‌واوی له‌شم پێوه‌ی هه‌ستیار بو له‌گه‌ڵ سورهه‌ڵگه‌رانی له‌شم پله‌ی گه‌رمیم به‌رز بویه‌وه بوه‌هۆی تا لێهاتنم به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م گه‌یاندرامه به‌شی فریاكه‌وتن له‌وێوه چاره‌سه‌ریم بۆ كرا، به‌ڵام له‌دوای چاره‌سه‌ره‌كه‌ش شوێنی پێوه‌دانی خورانی هه‌ر هه‌بو هه‌تاوه‌كو 24 كاتژمێر دواتر ورده ورده پله‌ی گه‌رمیم‌و هه‌ستیاریم كه‌مبویه‌وه”.
خۆزگه ناوی خوازراوی ژنێكه كه دانیشتوی قه‌زای كه‌لاره ئه‌و ده‌ڵێت “له‌مزگه‌وت بوم له‌كاتی سوجده‌دا بوم ئازارێكی له‌ناكاو وه‌كو پێوه‌دان بو جه‌سته‌می داگرت، به‌ڵام هه‌ر زو به‌سه‌ر ده‌ستمه‌وه لامبرد له‌راستیدا نه‌مبینی ئه‌و شته‌یه چی بو!، دواتر په‌ڵه په‌ڵه‌ی سور هه‌مو لاشه‌می داگیر كرد توشی هه‌ستیار‌و خورشتێكی زۆر زۆری كردم پله‌ی گه‌رمیم ئێجگار به‌رز بویه‌وه، به‌په‌له گه‌یه‌ندرامه نه‌خۆشخانه، دواتر پزیشك پێیان وتم ژه‌هری ئه‌و حه‌شه‌ره‌یه تێكه‌ڵ به‌خوێنت بوه، ئێستا له‌ژێر چاودێری دكتۆرم”.
خۆزگه وتیشی “زۆر دۆخم تێكچو چه‌ند رۆژ له‌لای خۆمان خه‌واندمیان دواتر وا بۆ چوار پێنج رۆژه له‌نه‌خۆشخانه‌ی هه‌ولێرم پزیشك ده‌ڵێت ئه‌و حه‌شه‌راته ژه‌هراوییه ژه‌هره‌كه‌ی تێكه‌ڵ به‌خوێنت بوه، پێشتر هیچ هه‌ستیارییه‌كم به‌هیچ نه‌بوه به‌ڵام پزیشك ده‌ڵێت به‌هۆی ئه‌و حه‌شه‌ره‌یه‌وه كردویه‌تیه هه‌ستیاری ژه‌هره‌كه‌یت له‌لاشه‌دایه. له‌ماڵی خۆمان ته‌نها من واملێهاتوه، ئه‌و په‌ڵه سورانه‌ی لاشه‌و ده‌موچاوم هه‌موی ره‌ش بوه‌ته‌وه”.
كچێك كه نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه له‌باره‌ی ئه‌و مێروه ئه‌ویش ئاماژه به‌وه ده‌كات كه هه‌ستیاری‌و خوران‌و تایه‌كی به‌هێزی هه‌یه دوای پێوه‌دانی، ئه‌و له‌وباره‌یه‌وه وتی “شه‌وێكیان خه‌وتم قاچم ده‌خورا وه‌كو زیپكه وابو بۆ به‌یانیه‌كه‌ی هه‌ستام ئاوه‌سا‌و ئیلتیهابێكی زۆر كۆبوبویه‌وه له‌ناویدا، زۆر ده‌خورا‌و بێزاركه‌ر بو خورشته‌كه‌ی، له‌ماڵه‌وه ئه‌و حه‌شه‌ره‌یه‌مان زۆر بو له‌ده‌ربه‌ندیخان داده‌نیشین”.
وتیشی “هه‌ستیاریم به‌هیچ شتێك نیه نازانم، چوم بۆ ده‌رمانخانه پێیان وتم شتی پیس پێوه‌ی داویت، چه‌ند ده‌وایه‌كم وه‌رگرت زیاتر له‌هه‌فته‌یه‌كه به‌كاری دێنم ته‌نها كه‌مێك وشكی كردوه زیپكه‌كان”.
شاره‌زایانی بواری كشتوكاڵ ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌م مێروه(حه‌شه‌ره) ته‌نها زیانی بۆ به‌رهه‌می دانه‌وێڵه هه‌یه‌و له‌ناوی ده‌بات به‌هیچ جۆرێك زیانی بۆ مرۆڤ نیه.
فه‌ره‌یدون حه‌سه‌ن، ئه‌ندازیاری بواری كشتوكاڵی له‌باره‌ی به‌دواداچونی بۆ ئه‌و مێروه(حه‌شه‌ره) بۆ ئاوێنه وتی “ئه‌م حه‌شه‌ره‌یه ناوی (السوس) (weevils) به‌كوردی سون : ئه‌م جۆره مێروه سه‌ر به‌تیره‌ی قالۆنچه‌یه قه‌باره‌یان بچوكه‌و ره‌نگیان تۆخه‌و ده‌میان شێوه‌ی سۆنده‌ییه‌و مژۆكن وه‌ك(لوتی فیل) واتا قرتێنه‌ر نین ، هه‌روه‌ها به‌وه جیاده‌كرێنه‌وه كه خاوه‌ن شاخی هه‌ستیارین (قرن استشعار) به‌شێوه‌ی ئاسۆین له‌لای ده‌میان، ئه‌م مێروه زیانی زۆری هه‌یه بۆ به‌روبومه‌كانی كێڵگه‌و ئه‌و خۆراكانه‌ی كه‌له‌ماڵه‌وه‌ن”.
ئه‌و ئه‌ندازیاره ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد “ئه‌م جۆره مێروه زیاتر له‌٦٠ جۆریان هه‌یه . سوری ژیانی سونه: (السوس) (weevils) ژیانی ئه‌م مێروه له‌ناو روه‌كه‌و هێلكه‌كانی ده‌خاته نێوان ده‌نكه‌كانی به‌رهه‌مه‌كانی گه‌نم‌و برنج‌و گه‌نمه‌شامی‌و چه‌ڵتوك دیواری به‌رگی ده‌نكه‌كان ده‌برێت به‌شێوه‌ی ته‌ركردن له‌رێگه‌ی لیكه‌كه‌یه‌وه‌و هێلكه‌كانی تێدا داده‌نێت دواتر ده‌ی تروكێنێت، هه‌روه‌ها یه‌كێكه له‌و مێروانه‌ی زیانی زۆر ده‌دات له‌خۆراكی ناو ماڵ، له‌دوای تروكاندنی هێلكه‌كان مێروه‌كه هه‌وڵده‌دات خۆی بپارێزێت تا كاتی گونجاو دواتر ده‌بنه كرمۆكه‌و زیانی زۆر ده‌ده‌ن له‌و خۆراكانه‌ی كه له‌ماڵه‌وه هه‌ن وه‌ك گه‌نم‌و ئارد‌و برنج‌و گه‌نمه‌شامی زیانی زۆری لێده‌ده‌ن”.
فه‌ره‌یدون له‌باره‌ی خۆپاراست له‌و مێروه وتی “پاك راگرتنی ماڵ چونكه له‌شوێنی پاك ناتوانن بژین ، هه‌روه‌ها هه‌وڵبدرێت له‌سه‌رچاوه‌ی باوه‌رپێكراو خۆراك دابین بكرێت، باشتر وایه ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه‌ده‌كرێت بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك بخرێته ساردكه‌ره‌وه بۆ له‌ناو بردنی هێلكه نه‌تروكاوه‌كان دواتر ده‌بێته له‌ناوبردنی مێروه‌كه”.
وتیشی ” به‌گشتی مێروی سونه تائێستا له‌ناوه‌نده‌كانی زانستی وه‌ك زانكۆ‌و تاقیگاكان هیچ ئاماژه‌یه‌كیان به‌وه نه‌كردوه كه ئه‌م مێروه راسته‌خۆ زیانی بۆ سه‌ر ته‌ندروستی مروڤ هه‌یه وه هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاماژه‌ی به‌وه نه‌كردوه، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت هه‌ندێك مروڤ خۆیان هه‌ستیاریان هه‌یه به‌مێروه كان ئه‌ویش به‌هۆی هه‌ڵگرتنی هه‌ندێك مێكرۆبی به‌كتری‌و ڤایرۆسی له‌سه‌ر لاشه‌ی مێروه‌كه كه ده‌بنه‌هۆی زیانگه‌یاندن به‌مرۆڤ”.
هه‌ڵكه‌وت ئه‌نوه‌ر خه‌لیفه جوتیارێكی نمونه‌یی قه‌زای شاره‌زوره ئه‌و له‌باره‌ی ئه‌و مێروه نامۆیه ده‌ڵێت هه‌تاوه‌كو ئێستا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و جۆره مێروه(حه‌شه‌ره)یه له‌شاره‌زور‌و بناری قه‌ره‌داغ نه‌بوه، ئه‌و وتی “له14 ساڵیه‌وه كاری جوتیاری ده‌كه‌م وا ته‌مه‌نم 47 ساڵه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و جۆره حه‌شه‌ره‌یه نه‌بوه‌و نه‌مبینیوه”.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی خه‌ڵك ئه‌و جۆره حه‌شه‌ره‌یه به‌سن‌و كیسه‌ڵه‌ی داده‌نێن، ئه‌و جوتیاره وتی “ئه‌و حه‌شه‌ره‌یه جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ سن‌و كیسه‌ڵه، سن فشه‌ڵه ئه‌وه‌نده قه‌ڵغانی له‌شی ئه‌ستور نیه وه‌كو ئه‌و حه‌شه‌ره نامۆیه، من وه‌كو جوتیاریك ئه‌مه یه‌كه‌م جارمه ئه‌و جۆره حه‌شه‌ره‌یه ببینم له‌كوردستان”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد “ئه‌م حه‌شه‌ره‌یه له‌راستیدا نازانم زیانی چیه؟، به‌ڵام سن‌و كیسه‌ڵه دیاره كاتێك ئه‌و گه‌نمه شیله ده‌كات شیله‌ی گه‌نمه‌كه ده‌مژێت‌و لاوازی ده‌كات، تائێستا نازانم ئه‌م حه‌شه‌ره‌یه چ زیانێكی هه‌یه بۆ دانه‌وێڵه زانیاریم له‌سه‌ری نیه”.
وتیشی “له‌ناوچه‌ی دسكه‌ره‌وه بۆ بناری قه‌ره‌داغ جوتیاریم كردوه گه‌نمان چاندوه ته‌نانات سن‌و كیسه‌ڵه‌شمان نه‌بوه ئه‌مساڵ”.
ئه‌و ئاماژه به‌وه‌شده‌كات كه پێده‌چێت وڵاتان بینێرن تا ده‌رمانه‌كانیان ساغ بكه‌نه‌وه، هه‌ڵكه‌وت وتی “وه‌ڵا من نازانم، به‌ڵام جاران ده‌یانوت وڵاتان ده‌یهێنن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رمان‌و شتی خۆیان ساغ بكه‌نه‌وه گه‌رایان هه‌ڵده‌ڕژن‌و به‌وشێوه‌یه ته‌شه‌نه ده‌كات، هه‌مو شتێك ئه‌گه‌ری هه‌یه ئه‌و وڵاتانه‌ی كه دژی خۆمانن، ئیتر نازانم!، به‌وهۆیه‌وه پرسیارم له‌به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌ولێر كرد وتی شتی وامان نه‌دیوه‌و زانیاری رونمان له‌سه‌ری كۆنه‌كردوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌دواداچونمان بۆ ئه‌و حه‌شه‌ره‌یه ده‌ستی پێكردوه”.
د.سه‌باح به‌رێوه‌به‌ری ته‌ندروستی گشتی سلێمانی له‌باره‌ی ئه‌و میروه‌وه وتی “ئاگادار نین، وه‌كو باس‌و خواسیش نه‌مان بیستوه”.
به‌شی فریاكه‌وتنی گشتی هه‌ولێریش رایده‌گه‌یه‌نن كه هیچ حاڵه‌تێكی له‌و شێوه‌یه نه‌هاتوه‌و نه‌شمان بیستوه”.
ئاوێنە
به‌روار: 17/07/2018
808 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|