چەندین دارستانی سوید سووتاون

لەم  ڕۆژانەی دوایدا، ئاگری چڕ زەویوزار و دارستانەکانی چەندین ناوچەی جیا جیای سویدی تەنیوەتەوە. بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و بۆ هاوکاری هێزەکانی فریاگوزاری لە ناوچەکانی دالارنا، بۆلنێس و ئۆرێبرو شەش هەلیکۆپتەری نۆروێژی بەشداری هەلمەتی ئاگرکوژاندنەوەکە دەکەن.

دوێنێ و لە دوای کەوتنەوەی ئاگر لە ناوچەکانی پۆلگۆرد و نێسیت لە کۆمۆنی راگوندا لە هەرێمی یەمتلاند، دەزگا فەرمییەکانی هەرێمەکە لە پەیامێک بۆ ڕای گشتیدا ڕایانگەیاند کە ئاگر لە ناوچەکەدا بە خێرایی لە تەشەنەسەندندایە. هاوکات هێزەکانی فرایگوزاری داوایان لە دانیشوتانی ناوچەکە کرد ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

بە پێێ قسەکانی لەیف ئێکسترۆم، لە پۆلگۆرد چوار یەکەی نیشتەجێ بوون چۆڵکراون. هاوکات ناوبراو پێشبینی ئەوە دەکا کە لەوانەیە چەند ناوچەیەکی تریش چۆڵ بکرێن. بەرپرسی بەشی هێزە فریاگوزاریەکانی یەمتلاند لەیف ئێکسترۆم دەڵێ : ئاگر و چڕە دوکەڵ بەردەوام لە زیادبووندایە و ئێمە لە هەوڵی چۆڵ کردنی ناوچەکەداین و دەمانهەوێ دڵنیا بین لەوەی ژیانی کەس لە مەترسیدا نامێنیتەوە. 

هەمان ئاگاداری بۆ ڕای گشتی بۆ دانیشتوانی گوندی ئێنگرا لە کۆمۆنی یوسدال بڵاو کرایەوە. لەوێش بەشێکی دارستانەکان ئاگریان گرتبوو و هێزەکانی فریاگوزاری داوایان لە سەرجەم دانیشتوانی ناوچەکە کردبوو ماڵەکانیان چۆڵ بکەن. لە هەمان کاتدا رۆژی یەکشەممە نزیکەی سی کەس لە دانیشتوانی ناوچەکە گواسترابوونەوە.

هاوکات هەر ئێستا ئاگر بەشێکی دارستانەکانی ناوچەکانی دالارنا، بۆلنێس و ئۆرێبرو تەنیوەتەوە و هێزە فریاگوزاریەکانی ناوچەکە لە هەوڵی کوژاندنەوەیدان. بۆ پشتیوانی ئەو هێزانەش چاوەڕوان دەکری شەش هەلیکۆپتەری نۆرویژی بگەنە ناوچەکە.

لەیف ئێکسترۆم لەو بارەیەوە بۆ بەشی هەواڵەکانی ڕادیۆ سوید دەڵێ: 

ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین چەندی دەکرێ خێرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەین،بەڵام وا دەردەکەوێ سەرچاوەکانی فریاگوزاری خۆمان بەشی ئەوە نەکا. هیوادارین بە پشتیوانی ئەو هەلیکۆپتەرانەی لە نۆروێژەوە دێن و هاوکات بە هاوکاری کارمەندانی فریاگوزاری ناوچەکە بتوانین دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەین.


گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە


به‌روار:  16/07/2018
839   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   260
کۆی سه‌ردان:   29220972