ئایا کراوتیەکان خۆیان بەکورد دەزانن ؟؟؟
نووسینی سۆران حەمەڕەش

 

وەک مێژوونووسوسێک، هەندێک بابەت لەسەر گەڕاندنەوەی نەتەوە و خەڵکی تر بەزۆر بۆ کورد، دەبنە مایەی بێزاری بۆم و پێم وایە زۆرینەی ئەو بابەتانە هیچ خزمەتێک بە مێژووی کورد و کوردستان ناگەیەنن. بەڵام لە حاڵەتی کرواتدا، ئەوە کورد نیە دەڵێت ئەوان بنەچەیەکی کوردی یان بە ناو ئێرانیان هەیە، بەڵکو کرواتەکانن کە سەرقاڵی ئەو بابەتەن. تەنانەت چەند ساڵێک لەمەوبەر کۆمەڵێک لە ئەندامانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ڕوویان کردبووە کرواتیا، لەوێ هەندێک لە کرواتیە دەسەڵاتدارەکانی ئەو وڵاتە پێیان گوتبوون کە ئەوان بنەچەیان کوردیە و لە کوردستانەوە ڕوویان کردۆتە ئەو ناوچەیە. ئەو بابەتە ئەو کاتە بۆ ماوەیەک لە میدیای کوردیدا باسکرا و  زیاتر وەک قسە و قسەڵۆک مامەڵەی لەگەڵدا کرا. لەو ساتەوە چەند جارێک ئەو پرسیارەم ئاڕاستە کراوە کە ئایا ئەو بۆچوونەی کرواتیەکان تا چ ڕادەیەک ڕاستیەکی مێژووییی لە پشتەوە هەیە؟

بۆ ئەوەی کە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە دەبێت بزانین کرواتەکان کێن و چۆن ئەو بۆچوونەیان لەلا گەڵاڵە بووە.

 

کرواتیەکان خەڵکانێکن بە زمانی کرواتی قسە دەکەن. ئەو زمانە سەر بە لقی سلاڤیە کە لە خێزانی هیندۆئەوروپیە. ئەم لقە زمانی ڕوسی، بولگاری، پۆڵەندی، سربی، سلۆڤاکی و چەند زمانێکی تر دەگرێتەوە. وڵاتی کرواتەکان بە درێژایی مێژووی ئاینی کریستیانی، کەوتۆتە نێوان کێشمەکێشی مەزهەبی کاسۆلیکی و ئەرزۆزۆکسەوە، بەڵام لە  ناو ئەو کێشمەکێشەدا ئەوان پەیڕەوی مەزهەبی کاسۆلیکی کریستیانی دەکەن سەرەڕای ئەوەی کە زۆرێک لە نەتەوەکانی دەوروبەریان ئەرسۆزۆکسن بەتایبەت نەیارەکانیان کە سربەکانن.

 

لە سەدەی نۆیەمی زایینیەوە دەسەڵاتی کرواتەکان لە وڵاتی کرواتیا دەرکەوتووە و هەندێک جار کاریگەری هەنگاریای دێرین و نەمسا و دواتر لە سەدەی پانزەیەمی زایینەوە کەوتوونەتە بەر هێرشی عوسمانیەکانەوە. بە تایبەت لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە کرواتیا بووەتە بەشێک لە یۆگۆسلاڤیا کە نەتەوەی سرب تێیدا دەسەڵاتدار بووە کەززمانەکەیان سەر بە لقی سلاڤەکانە. پێشتر لە سەدەی حەوتەمی زاینیەوە سلاڤەکان ڕوویان کردۆتە ناوچەی بەڵکان و کرواتیاش وەک بەشێک لە بەڵکان، کەوتۆتە بەر کۆچی مەزنی سلاڤەکان کە ئەمڕۆ خەڵکانی وەک سرب، بولگاری، سلۆڤینی، ماسیدۆنی… پێکهێناوە. وەک هەموو نەتەوەیەکی تر، کرواتەکان دەخوازن لە ڕێگای مێژووەوە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان دەستنیشان بکەن. لەو دەستنیشان کردنەدا زۆر جار لە ژێر کاریگەری هەوڵی خۆجوداکردنەوە لە نەتەوەکانی دەروبەر، بە تایبەت سربیەکان کە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە باڵادەست بوون لە ناوچەکەدا، بۆچوونەکانیان دادەڕێژن. هەندێک لە لێکۆڵەرە کرواتەکان پێیان وایە کە ئەوان هەرچەندە زمانەکەیان ئەمڕۆ سلاڤیە، بەڵام لە بنەڕەتدا سلاڤی نەبووە و ووردە ووردە زمانەکەی خۆیان لەیاد کردووە و ئەمڕۆ بە سلاڤی قسە دەکەن، بەڵام خۆیان لە ناوچەکانی بەناو ئێران و کوردستانەوە هاتوونەتەوە ناوچەکە و زمانەکەیان لە بنەچەدا نزیک بووە لە زمانی ناوچەکانی کوردستان و ئێران.

 

ئەم بابەتە لە ناو کرواتەکاندا بابەتێکی دێرینە و پێشینەی هەیە. تیۆریەکە سەرەتا لە ساڵی ١٧٩٧ ز دا لە دکتۆرانامەی لێکۆلەرێکی کرواتیدا دەرکەوتووە بە ناوی جۆزیپ میکۆسزی بلومێنساڵ. ئەو تێزە لە ژێر ناونیشانی ” کرواتیەکان کە سەر بە گروپی سلاڤین ئەوان دەگەڕێنەوە بۆ سەرمەتیەکان کە لە بنەچەدا میدی بوون”. ئەو لێکۆڵەرە دەیەوێت بڵێت کە کرواتەکان هەرچەندە سەر بە گروپی سلاڤین بەڵام لە بنەچەدا لە سەرمەتیەکانەوە هاتوون کە ئەوانیش بنەچەیان میدی بووە. ئەوەی کە مایەی سەرنجە لە ساڵی ١٩١٨ وە و دوای دروستبوونی دەوڵەتی یۆگۆسلاڤیا، ئەو دکتۆرانامەیە لەناوبراوە. ئەمڕۆ زۆر لە کرواتیەکان پێیان وایە کە ناسیۆناڵیستە سلاڤیەکان کە لە یۆگۆسلاڤیادا باڵادەست بوون، ئەوەیان کردووە بۆ بزرکردنی ئەو ڕابردووە مێژووییەی کرواتیەکان. لە حەفتا ساڵی دەوڵەتی یۆگۆسلاڤیادا بە هیچ شێوەیک ڕێ بە نووسین سەبارەت تیۆری بنەچە کورد/ئێرانی/ئیندۆئێرانی کرواتەکان نەدراوە و خەڵک لەسەر نووسین لەسەر ئەو بابەتە زیندان کراون. کە ئەوە لە ناوبردنی دکتۆراکە دەخاتە جێی گومانەوە و پێدەچێت هەر کاری دەوڵەتی یۆگۆسلاڤیا بووبێت.

 

بەو جۆرە لەو ساتەوە ئەم تیۆریە لە ناو  کرواتەکاندا باسکراوە  و زۆر بە جدی وەردەگیراوە، بەڵام لە دوای ساڵی ١٩٩١ و سەربەخۆیی ئەو وڵاتەوە، ئەو تیۆریە دەرفەتی بۆ کراوەتەوە و دیسانەوە بوژانەوەی بەخۆیەوە بینیوە و زیاتر کەوتۆتە ناو ناوەندە زانستیەکانەوە. لە ئەنجامدا هەندێک لە لێکۆڵەرە کرواتیەکان لێکۆڵینەوەی جدی نوێیان لەسەر ئەو بابەتە کردووە. لێکۆڵەرە کرواتیەکان چەندین نموونەی زمانەوانی دەهێننەوە کە زمانی ڕەسەنی کرواتی سلاڤی نەبووە و زیاتر لە زمانە بە ناو ئێرانیەکانەوە نزیک بووە. هێندە ئەو بابەتە لەو وڵاتەدا گەرم بووە، بە جۆرێک ئەو لێکۆڵینەوانە کاریگەریان لەسەر خەڵکی ئاسایی کرواتی داناوە و خەڵکی ئاسایی زۆر جار دەڵێن کە ئێمە لە کوردستانەوە هاتووین وکوردستان بە شێوەی جیاواز باس دەکەن. تەنانەت یەکێک لە گۆرانی بێژە هەرە بەناوبانگە کرواتیەکان بە ناوی دارکۆ ڕۆندێک، گۆرانیەکی بۆ کوردستان و کوردە ئاوارەکان گوتووە کە وڵات بەجێدەهێڵن. ئەمەی خوارەوە تەرجومەی شیعری گۆرانیەکە و لینکی ڤیدیۆیی گۆرانیەکەیە:

 

لە کاتێکدا کە ئەستێرەکان دەدرەوشانەوە

ئێمە لەسەر سەهۆڵێکی تەنک دەڕۆیشتین

هەریەکەمان هیوا لە چاوەکانماندا بوو

بەڵام تاریکیمان هەر وەک خۆی بوو

یارەکەم دوورە لێم لە ناو چیاکاندا

ئەو ڕێگایەی کە دەچێتە بەردەرگەکەی بە مین چێنراوە

دوای هەر بازگەیەکی سنوور لۆریەکانمان دەگۆڕی

پیاوە خراپەکان کە ڕێنمامان بوون

سەرقاڵی ژماردنی پارەکانیان بوون

ئێمە سەیرمان دەکردن کە ئەوان نانیان دەخوارد

ئێمەش پاشماوەکانمان بۆ جێدەهێڵرا

ئەو شتانەی کە لەوێدان پێم قبوڵ ناکرێن

ئەو ڕۆژە دێت کە دەگەڕێمەوە کوردستان

ملوانکەی مرواری بۆ گەردنە سپیەکەت دێنمەوە

دوو دەنکە مرواری ناوەڕاستی ملوانکەکە

ئەو دوانەیان من و تۆین.

سەیری ڤیدیۆی گۆرانیەکە بکەن

تەنانەت گروپێکی مۆسیقایی کرواتی گۆرانیەکی کوردی “خۆشە هەورامان” یان بە تەواوی وەک خۆی بە زمانی کوردی گوتۆتەوە. هەر وەک لەم لینکەدا دەبینرێت

پرسیارەکە ئەوەیەکە ئایا بەڵگەی زانستی تر هەیە کە پشتگیری لەو تیۆریە بکات؟

گروپێکی مۆسیقایی کرواتی گۆرانیەکی “خۆشە هەورامان” دەڵێنەوە

لە ڕاستیدا ئەگەر سەیری ناوەکانی کورد و کروات بکرێت، هیچ گومانێل لەوەدا نیە کە پیتەکانی پێکهاتەی ناوەکانی kurd/kurt و Kruat هەر هەمان ناون. جگە لەوە لە هەندێک لە لێکۆڵینەوەکاندا کە لەسەر دی ئێن ئەی کرواتی کراون، دەرکەوتووە کە کرواتەکان ٧٥% هاوبەشییان لەگەڵ کورد و ئەرمەن هەیە وەک لە نەتەوە سلاڤیەکانی تر. واتە لە ڕووی جینەوە کرواتەکان زۆر نزیکیان لەگەڵ کورد هەیە. بەڵام هەندێک سەرچاوەی تر ئەو بۆچوونە بەدرۆ دەخاتەوە و ئەو ئەنجامە دەخاتە ژێر گومانەوە.

 

جگە لەوە سەرچاوە مێژوویەکان ئاماژە بەوە دەکەن پێش هاتنی سلاڤیەکان کە لە سەدەی حەوتەمی زاینەوە ڕوویان کردۆتە بەڵکان و وڵاتی کرواتیا، سراس/سرەیسیەکان لە نزیک وڵاتی کرواتەکان ژیاون. سراسیەکان ژمارەیەکی کەم لە وشەی زمانەکەیان دۆزراوەتەوە، سەرەڕای ئەوە زۆربەی وشەکانیان کوردی ئەمڕۆ یان کوردی دێرین/میدین. سراسیەکان لە وڵاتی بەڵکان هەتاوەکو وڵاتی بە ناو تورکیای ئەمڕۆ ژیاون و دراوسێی یۆنانیەکان بوون. هەندێک جار ناوی لێکدراوی زۆر ئاڵۆزی سراسەکان زمانی کوردی نوێ یان میدیە. یەکێک لە هۆزەکانیان دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر بە “سەرەپەڕەیی” تۆمارکراوە و هەر ئەو کات لە سەرچاوەکاندا ناوەکە لێکدانەوەی بۆ کراوە هەر بە هەمان مانای “سەرپەڕێن” ی کوردی ئەمڕۆ. بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە زۆر جار سراسیەکان وەک یۆنانەکان پیتی “س” دەخەنە سەر ووشەکان، زۆر گۆڕانکاری ئەوتۆ لە نێوان وشەی کوردی نوێ و هەندێک وشەی سراسیدا ڕووی نەداوە. هەر وەک لە وشەکانی خواروەدا بە شێوەی کوردی/سراسی دەبینرێت:

 

بۆر/برەس

بەند/بەند

بزن،بزە/بزەس

داڵەدان، داڵە/دێڵێ

زانتو/دێنتو (وشەی “زانتو” لە زمانی میدیدا مانای “هۆز” ی داوە، کە لە وشەی “زان/زایین” وە دروستکراوە، دەبینرێت لە زمانی سراسیدا بە نزیکی وەک یەک بووە)

ئەسپ/ئەسڤە ( لە سەردەمی هوریەکاندا لە کوردستاندا پێی گوتراوە “ئەسو” و دوای میدەکان کردوویانەتە “ئەسپە”)

م/مە (ڕاناوی خاوەندارێتی)

پس، پز/پێز (بە مانای “کوڕ”)

سوێر/سورەس

تیشک/تیشە

زان/زێنس (بە مانای “زایین”)

 

ئەوانەی سەرەوە چەند نموونەیەکی هاوبەشیی زمانەوانی نێوان خەڵكی دێرینی نزیک کرواتیا و کوردی/میدیە، پێش ئەوەی کە زمانەکایان ببێتە سلاڤی. لە ڕاستیدا پەیوەندیەکە هەر زمان نیە، سەرچاوەکانی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر، مۆسیقای سراسیەکان بە بە مۆسیقای ڕۆژهەڵات (شرق) ی جودا لە ئەوروپی دادەنێت. کە ئەمە ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت سراسیەکان خەڵکانێکی ڕۆژهەڵاتی بوون کە زمانەکەیان لە کوردی ئەمڕۆ و میدیەوە نزیک بووە ، پێش ئەوەی کە سلاڤیەکان ڕوو بکەنە ئەو وڵاتە.

 

ئەنجام ئەوەی کە ڕوونە کرواتیەکان وەک هەوڵێک بۆ خۆجوداکردنەوە لە نەتەوەکانی دوروبەریان، حەز دەکەن لە ڕووی مێژووییەوە تایبەتمەندی خۆیان هەبێت و کاریگەری ناسیۆناڵیستی لەسەر ئەو تیۆریە هەیە، بەڵام وەک لە سەرەوە ڕوونکرایەوە ئەم بۆچوونە بێ بنەما نیە. ناوی کرواتەکان لەگەڵ کورد دا هاوشێوەیە و هەروەها زمانی خەڵکی ڕەسەنی نزیک کرواتیای دێرین لە زمانی کوردی/میدی نزیک بووە و ئەوان لە سەرچاوەکاندا بە ڕۆژهەڵاتی دانراون وەک لە ئەوروپی. هەروەها هەندێک سەرچاوە ئاماژە بە بوونی پەیوەندی دی ئێن ئەی (خوێن) لەگەڵ کورد دا دەکەن هەرچەندیشە بۆچوونی جیاواز لەسەر ئەو بابەتە هەیە  و ئەو زانیاریە مشتومڕی لەسەرە. واتە بۆچوونی کرواتەکان بنەمای زانستیشی هەیە و دەگونجێت لە ڕابردوودا کرواتەکان لە کوردستانەوە کۆچیان کردبێتە ئەو وڵاتە و مانەوەی ناوی ئەو خەڵکە وەک خۆی و بوونی هاوبەشیی زمانەوانی و فەرهەنگی لەگەڵ خەڵکی کرواتیای دێریندا، بەڵگەیەکی ڕوونن کە دەشێت دەرئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەی دکتۆراکەی ساڵی ١٧٩٧ ی جۆزیپ میکۆسزی بلومێنساڵ، دروست بێت و خەڵکی دێرینی کرواتیا کورد/میدی کۆچکردوو بن بۆ ئەو وڵاتە. کێ دەڵێت گەر ئەو دکتۆرانامە سەد ساڵ لەمەوبەر لەلایەن سلاڤیەکانەوە نەفەوتێنرایە، ئێستاکە بەڵگەی زۆر ڕوونتر چنگ نەکەوتایە.

 

تێبینی:

– شیعری گۆرانی ناو بابەتەکە لە لایەن کەسێکی سربیەوە بە تایبەت لە سەر داواکاری من ئەرکی کێشاوە و لە زمانی کرواتیەوە تەرجومەی کردۆتە سەر زمانی ئینگلیزی و جارێکی تر خۆم کردوومەتەوە بە کوردی، بۆیە تەرجومەی شیعرەکە تەرجومەی دەستی دووە لە زمانی کرواتیەوە.

– چەند تیۆریەکی تر لە ناو کرواتیەکاندا هەن سەبارەت بە بنەچەیان بەڵام بەمەبەستی کورتکردنەوەی بابەتەکە لێرەدا زیاتر بایەخ بە بەشی پەیوەندی بە کوردەوە درا.

 

– وێنەکەی لای ڕاست پیاوێکی کرواتیە کە لە ساڵی ١٨٧٠ دا کێشراوە. وێنەکەی لای چەپ وێنەی دوو پیاوی کوردن کە لە ساڵی ١٨٨٠ دا کێشراوە.

 

سەرچاوەکان:

 

– حەمەڕەش، سۆران (٢٠١٣) کورد کێیە؟، لەندەن.

– “Are Croatians European or Iranian?” Croatian Genealogy Newsletter 9 (12 Jan. 2004): 2. Print.

– “Identity of Croatians in Ancient Iran” Iranian Chamber of Society (11 Jan. 2017)

 

– Tomicic, Z and Lovrik, A (1998) Identity of Croatians in Ancient Iran, Zagreb and Zlatko Tominic Publisher, Zagrib-Tehran.

 

– Vukcevich, I (2004) Croatia: Ludwig von Gaj and the Croats are Herrenvolk Goths Syndrome, Xilibris Corporation, USA.


historyofkurd.com
به‌روار:  08/07/2018
4041   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  بابه‌تی زیاتر ...
مامم "کەمالی برامی" کووشت!.😭😭😭 ئەگەرچی هەموو دۆستو خزمو ناسراوەکان بە ئێمەو دایکمیان ئەووت کە شەوان گوێ لە ڕادیۆکەی ئێران بگرین بەڵکو خوایە ناوی باوکی ئیمەش لە ڕیزی سەربازە درێژه‌ ...
Spara Dela دوانیوەرۆی ئەمڕۆ کەسێک بە چەقۆ هێرشی کردە سەر ژنێک و کوڕەکەی لە کەنیسەیەک لە ئەڵمانیا بەوهۆیەوە هەردووکیان گیانی لە دەستداوە و هەر لە هێرشەکەدا دوو پۆلیسیشی بر درێژه‌ ...
جوبرائیل (ئه‌یلان) ده‌گه‌یه‌نێته‌ یۆنان فیلمی (ئه‌یلان)ی ده‌رهێنه‌ر جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر كه‌ به‌سپۆنسه‌ری زانكۆی نۆلج به‌رهه‌مهێنراوه‌، له‌فێستیڤاڵێكی سینه‌مایی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ درێژه‌ ...
دەزگای کۆچ کاری پارێزەرە حکومدراوەکان ڕادەگرێت 2:07 min لیستەی هەڵبژاردەکانم 78 بڵاو کرایه‌وه‌ kl 10.40 دەزگای کۆچ کاری ١٠ پارێزەر و دادناسی ڕەسمی کە نوێنەرایەتی پەنابەر درێژه‌ ...
مانگرتنی مامۆستایانی بەشێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژی کەمی موچەکانیان و بارگرانی ژیانی خوێندکاران و مامۆستایان بەردەوامە و ناوەندی هاوکاری حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردست درێژه‌ ...
بێجگە لە ئەو کەسانەی گیانیان لە دەستدا، ١٣ کەسیش بە برینداری ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون. لانی کەم ٢٢ کەس، لە نێویاندا منداڵان، گیانیان لە دەستدا کاتێک لۆرییەک لە تورکیا کە هەڵگری ک درێژه‌ ...
لەم سەدەیە دا سینەما و ڕاگەیاندن بوونەتە چەک، چەکی ئابووری ، چەکی سیاسی و چەکی ... کورد لە کوردستانی باشوور چۆن لەم چەکە دەڕوانێ و تا چەند کەڵکی پێویستی لێوەرگرتووە؟ تا چە درێژه‌ ...
وێنەو لیستی ناوی ژمارەیەک لەو قوربانیانەی بڵاو کرایەوە کە دوێنێ لە دەریای ئیجە-ی تورکیا بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا. ئەمڕۆ پێنجشەممە فیدراسیۆنی پەنابەران وێ درێژه‌ ...
خەندان- میدیاکانی تورکیا ناسنامەی ئەو ژنەیان ئاشکراکرد کە لە ڕووداوی نقومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجە ڕزگاری بوو. بەپێی زانیاریەکانی ماڵپەڕی"ئێن سۆن هەبەر"ی تورکی ژنە درێژه‌ ...
ئاری جەلال سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی پەنابەران بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو كۆچبەرانەی کە شەوی چوارشەممە یەختەكەیان لە كەناراوەكانی ئیزمیر لە دەریای ئیجەدا نقومبوو درێژه‌ ...
ژماره‌ی بابه‌ت
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   196
کۆی سه‌ردان:   17301786