دەقی نامەی راهێنەر و منداڵەکانی ناو ئەشکەوتەکەی تایلاند
رووداو - هەولێر

دوای 15 رۆژ لە گیرخواردنیان لە ئەشکەوتێکدا، راهێنەر و 12 منداڵەکەی تایلاند لەڕێگەی نامەیەکەوە دڵنیایی بە کەسوکاریان دەدەن کە سەلامەتن.

راهێنەرە تەمەن 25 ساڵانەکە، لە نامەکەدا داوای لێبووردن لە دایک و باوکی منداڵەکان دەکات و دڵنیاییدەدات، سەلامەتن و بە باشی ئاگای لە منداڵەکانە.

لە 23-6-2018ـەوە 12 منداڵی تیمێکی تۆپی پێ، کە تەمەنیان لەنێوان 11 بۆ 16 ساڵاندایە، لەگەڵ راهێنەرەکەیان لە ئەشکەوتێکی باکووری تایلاند گیریانخواردووە. دوای 9 رۆژ لە ونبوونیان، منداڵەکان لەناو ئەشکەوتەکەدا دۆزرانەوە، بەڵام هێشتا نەتواندراوە دەربهێندرێن.
نامەی راهێنەرەکە، 25 ساڵ، بۆ دایک و باوکەکان: بۆ دایک و باوکی هەموو منداڵەکان. ئێستا منداڵەکان باشن. تیمە رزگاکەرەکان بە باشی ئاگایان لێیانە. بەڵێندەدەم بە باشترین شێوە ئاگام لە منداڵەکان بێت. دەمەوێ سوپاسی پشتگیریتان بکەم. زۆریش داوای لێبوردنتان لێدەکەم".

منداڵی یەکەم، 11 ساڵ: دایە، بابە، من باشم خەم مەخۆن. بە یۆرد بڵێن ئامادەکاری بکات بۆ برژاندنی گۆشتی مریشک.

منداڵی دووەم، 13 ساڵ: دایک و باوکی خۆشەویستم، خۆشمەوێن. نیگەران مەبن من سەلامەتم. هەمووتانم خۆشدەوێت.

منداڵی سێیەم، 15 ساڵ: دایه‌، بابە ئێوە هەردووکتان و براکەشم خۆشدەوێت، ئەگەر هاتمەدەرەوە تکایە بمبەن بۆ خواردنی گۆشت. هەمووتانم خۆشدەوێت.

منداڵی چوارەم، 14 ساڵ: تۆ باشی لە ماڵەوە دایکە. تکایە بە مامۆستاکەم بڵێ. خۆشمەدەوێی دایکە.

منداڵی پێنجەم، 13 ساڵ: نیگەران مەبن. بەڕاستی بیرتاندەکەم. باپیرە، مامە، بابە، دایە و براکانم، هەمووتانم خۆشدەوێت. من زۆر دڵخۆشم لێرە. تیمە رزگارکەرەکان بە باشی ئاگایان لە ئێمەیە. خۆشمدەوێن.

منداڵی شەشەم، 13 ساڵ: من زۆر باشم، بەڵام تۆزێک ساردە، نیگەران مەبن و یادی لەدایکبوونەکەمتان بیرنەچێت.

منداڵی حەوتەم، 14 ساڵ: نیگەران مەبن لەبارەی ئێمەوە. بیری هەمووتان دەکەم. دەمەوێ بێمەوە ماڵەوە ئێستا.

منداڵی هەشتەم، 16 ساڵ: خۆشمدەوێن دایک و باوک و براکەم. نیگەران مەبن بۆ من. هەمووتانم خۆشدەوێت.

منداڵی نۆیەم، 14 ساڵ: دایە، بابە بیرتاندەکەم. نیگەران مەبن، دەتوانم ئاگاداری خۆم بم.

منداڵی دەیەم، 14 ساڵ: من سەلامەتم، نیگەران مەبن. خۆشمدەوێن دایک و باوک و هەموو کەسوکارم.

منداڵی یانزەیەم، 14 ساڵ: دایە و بابە، نیگەران مەبن کە دوو هەفتەیە لێتان ونبووم. زوو دێمەوە و لە کاری دووکانەکە هاوکاریتان دەکەم .

منداڵی دوانزەیەم، 16 ساڵ: دایە و بابە، برا و خێزانەکەم، نیگەرانی من مەبن، من زۆر دڵخۆشم. 
به‌روار:  08/07/2018
531   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   257
کۆی سه‌ردان:   29231736