لە هۆڵەندا خۆپیشاندانێک دژی بە حکومەتی نەرویژ ئەنجامدرا
هاوڵاتیانی کورد و دۆستانیان لە هۆڵەندا، لە دژی سنوورداشکردنەوەی گولیزار تاشدەمیر بۆ تورکیا لەلایەن حکومەتی نەرویج، خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا.

ئێوارەی دوێنێ لە بەردەم باڵیۆزخانەی نەرویج لە شاری دەن هاگی هۆڵەندا، چالاکییەکی ناڕەزایی لە دژی ڕادەستکردنی سیاسەتمەداری کورد بۆ دەوڵەتی تورکیا ئەنجامدرا.

خۆپیشاندەران لە گردبوونەوەکەیاندا ڕایانگەیاند، کە ڕادەستکردنی گولیزار تاشدەمیر کردەوەیەی دژەمرۆیانەیە و لەدژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

هەروەها داوایان کرد، کە باڵیۆزی نەرویج لە هۆڵەند لەو بارەیەوە وەڵام بداتەوە، بەڵام باڵیۆز بە بەهانەی "ئەرکی من نییە وەڵام بدەمەوە" ئەو داواکارییەی ڕەتکردەوە.

جێگای ئاماژەیە، کە گولیزار تاشدەمیر، سیاسەتمەداری کورد لە ساڵی ٢٠١٥ دا وەک پەنابەر ڕووی کردبووە وەڵاتی نەرویج، بەڵام مافی پەنابەریاتیی نەدرابوویە و سەرئەنجام لەسەر داواکاریی دەوڵەتی تورک ئەو ژنە سیاسەتمەدارە کوردە ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرایەوە.

لە دوێنێوە لە چەندین شاری ئەوروپا لە دژی ئەو کردەوەیەی حکومەتی نەرویج چالاکی و خۆپیشاندان ئەنجامدراوە.

ڕۆژنیوز
به‌روار:  06/07/2018
529   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   692
کۆی سه‌ردان:   29260217