قەرەیلان بۆ ئەردۆغان: ئەگەر نەیەیت بۆ قەندیل بێشەرەفیت

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، ڕایدەگەیەنێت: ئەردۆغان هێرش بۆ سەر قەندیل وەک پروپاگەندەی هەڵبژاردن بەکاردێنێت، ئەگەر شەرەفی هەیە با بێت بۆ قەندیل، بێشەرەفە ئەگەر نەیەت.


موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێبوەبەریی پەکەکە هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆسەر قەندیلی لە بەرنامەیەکی تایبەتی تەلەفزیۆنی ستێرک تیڤیدا نرخاند.

قەرەیلان بەمشێوەیە قسەکانی دەستپێکردووە: پێیان وایە هەر شوێنێک حەزیان لێبێت دەتوانن بچن، بەڵام ڕاستییەکان شتێکی دیکەن، ئێمە دەوڵەتی تورک باش دەناسین، دەزانین کە هێزی سوپای تورک لە ڕووی سەربازییەوە چەندە، ئێستا پروپاگەندەدەکەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن دێنە قەندیل، هاتن بۆ قەندیل کارێکی ئاسان نییە، ئەزمونی ٣٥ ساڵەمان ئەم ڕاستییە خستووەتە ڕوو، کە دەوڵەتی تورک بەتەنیا ناتوانێت ئۆپەراسیۆنی لەو بابەتە ئەنجام بدات، واتە ئەگەر هێزەکانی باشوری کوردستان هاوکارییان نەکەن، ناتوانن هیچ بکەن، ئەگەر هاوکاری بکەن، کە ئێمە ئەوەمان ناوێت و پێشتریش ئەو کارەیان کردووە، دیسانەوە هیچ ئەنجامێک لە هێرشەکەیان بەدەست ناهێنن، پێش هەموو شتێک ئەوە بڵێم، هێرش بۆسەر قەندیل ڕێگا بۆ شەڕێک دەکاتەوە، کە دەرچوون لێی ئاسان نییە.

ئەگەر نەیەن بێشەرەفن

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا موراد قەرەیلان دەڵێت: ئەردۆغان و ئاکەپە پروپاگەندەی هەڵبژاردن دەکەن، دەیانەوێت وای پیشان بدەن کە بەهێزن، ئەردۆغان درۆی گەورە دەکات و دەڵێت کە لەدژی پەکەکە ئۆپەرسیۆن ئەنجام دەدات، ئەگەر دێن بۆ قەندیل فەرموون با بێن، بەڵام درۆ دەکەن، ئەوەی نەیەت بێشەرەفە، ئەردۆغان ئەگەر شەرەفی هەیە با بێت بۆ قەندیل، دووبارەی دەکەمەوە ئەگەر نەیەت بۆ قەندیل بێشەرەفە.

ئەوانەی دەڵێن قەندیل چۆڵکراوە فەرموون با بێنە قەندیل

قەرەیلان ئاماژەی بەوەشدا: ئێستا دەستییان کردووە بەو قسانە کە قەندیل چۆڵکراوە، گەلی کورد ٢٠ ساڵە لە دژی داگیرکارییەکانی سەر قەندیل بەرخۆدان دەکات، گوند و ماڵەکانیان چۆڵ نەکردووە، لەسەر ئەو باوەڕەم کە لە باشوری کوردستان هیچ کەسێک وەک خەڵکی قەندیل لە راستیی دەوڵەتی تورک تێنەگەیشتووە، ئەگەر مەبەستیان لەوەیە کە ئێمە قەندیلمان چۆڵکردووە، شتی وا لە ئارادا نییە، قەندیل مێژووی کوردستانە و ئەمڕۆ قەڵای بەرخۆدانە، ئەوانەی دەیانەوێت بزانن لە ئێستادا دۆخی قەندیل چۆنە فەرموون با بێن.

دەیانەوێت باشوری کوردستان داگیربکەن

قەرەیلان زیاتر دواو وتی: نورەدین جانکلی، وەزیریی بەرگریی دەوڵەتی تورک بە ئاژانسی هەواڵی ئانادۆڵی وتووە، کە چوونمان بۆ عێراق وەک جاران نەماوە، جاران دەچووین و  پاشان دەگەڕاینەوە، بەڵام ئێستا دەچین و لەوێ دەمێنینەوە، ئەوان دەیانەوێت باشوری کوردستان داگیربکەن، سێ ساڵە ئەو نیازەیان هەیە، بێدەنگی هێزەکانی باشوری کوردستان بەواتای پشتگیریکردنی ئەو پیلانەیە بۆ داگیرکاریی.

ئاکەپە لەبارەی منبیجەوە درۆدەکات

لەبارەی بانگەشەکانی ئاکەپە لەبارەی منبیجیشەوە، وتی: ئەوەندەی من لە بابەتەکە تێگەیشتووم، ڕێککەوتنی ئەمریکا و تورکیا لەسەر منبیج لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی تورکدا نییە، ڕێککەوتنێک لەئارادایە، بەڵام ئەوە شتێکی تازە نییە، دەڵێن لەبارەی منبیجەوە قازانجمان کردووە و بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا کۆنتڕۆڵی دەکەین، ئەگەر دەیانەوێت لەسەر سنوورەوە دەوری منبیج بگرن با بیگرن، ئەوە هیچ لە دۆخی منبیج ناگۆڕێت، بەڵام ئەوەیان کردووەتە ئامێرێک بۆ پروپاگەندە.

ڕۆژنیوز

به‌روار:  20/06/2018
529   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   469
کۆی سه‌ردان:   29233194