بکوژی کچە ئەڵمانیەکە لە هەولێر دەست گیر کرا
خەندان-
دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی دەستدرێژی سێکسی و کوشتنی کچێکی ١٤ ساڵ، لە لایەن پەنابەرێکی عێراقی لە ئەڵمانیا و هەڵهاتنی بۆ عێراق، ئەمڕۆ لە هەولێر دەستگیر کرا.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، عەلی بەشار-ی تەمەن ٢٠ ساڵ، ئەمڕۆ لەدوای گەیشتنەوەی بۆ عێراق و لە شاری هەولێر لەلایەن هیزە کوردییەکانی ئەو شارەوە دەستگیر کراوە.
تەرمی ئەو کچە لە رێکەوتی ٢٢ی مانگی رابردووەوە دیارنەبووە، و دوێنێ چوارشەممە لە لایەن پۆلیسی شاری ڤیزبادنەوە لە ناوچەکانی قەراغ شارەکە دۆزراوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی پەنابەرێکی تەمەن ١٣ ساڵ لە بنکەی پۆلیسی شارەکە زانیاری لەسەر کوشتنی کچەکە و تۆمەتبارەکان دەدات.
بەگوێرەی وتەی پۆلیس، سوزانا ماریا فێڵدمان، لەلایەن دوو پەنابەرەوە، کە یەکێکیان بە رەگەز تورکە و تەمەنی ٣٥ ساڵە، ئەوی دیکەشیان عێراقییە و تەمەنی ٢٠ ساڵە، رفێنراوە و دوای دەستدرێژی سێکسی، کوشتویانە و ناشتویانە، پەنابەرە تورکەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە و، پۆلیس پێیوایە، "عیراقییەکە بەپەلە لەگەڵ خێزانەکەیدا لەرێگەی فرۆکەخانەی ئیستانبوڵەوە گەڕاوەتەوە بۆ عێراق".
پۆلیسی ئەڵمانیا ئەوەشی خستوەتەڕوو، بەشار عەلی تەمەن ٢٠ ساڵ، خاوەنی چەندین پێشینەی شەڕ و پشێوییە لە تۆمارەکانی پۆلیسدا.
هەواڵی کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر ئەو کچە، لەلایەن پەنابەرەکانەوە دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە لە رۆژنامەکانی وڵاتی ئەڵمانیا، یەکێک لە رۆژنامەکانی رەخنەی توندی لە سیاسەتی پەنابەرێتی و رێوشوێنەکانی گرتووە لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە.
رۆژنامەکە نوسیویەتی" پێویستە حکومەت بپارێتەوە بۆ لێخۆشبوون لە دایک و باوکی سوزانا، خراپتر لەوەی منداڵێک بکوژرێت ئەوەیە، منداڵێک دەستدرێژی بکرێتە سەر و بکوژرێت لەلایەن دڕندەیەکەوە کە نابێت لەو وڵاتەدا بێت"
بهروار: 09/06/2018
577 جار خوێندراوهتهوه
|