ئهردوَگان بۆ وا ده‌كات ؟
عیماد عەلی
پاش گه‌رانه‌وه‌ی له سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی، ئه‌ردوگان چه‌ند لێدوانێكی ته‌نانه‌ت دژ به بۆچونه‌كانی پێشوی خۆی دا و، وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێت له‌م كاته‌دا، له پێناو سه‌ركه‌وتن له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی داهاتوو كه به چاره‌نوسساز ناوزه‌دی ده‌كات، توندره‌وه‌كان رازی بكات، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌ك قسه و ره‌فتار ده‌كات، كه خۆی خستۆته نێو به‌ره‌یه‌كه‌وه كه خه‌ڵك وای ده‌بینن خۆی و حزبه‌كه‌ی و به‌رپرسانی تری حكومه‌ته‌كه‌ی رۆڵ دابه‌ش ده‌كه‌ن و، ئه‌وه‌ی له توانایاندا بێت له مانۆر و ته‌كتیك به‌كاری دێنن بۆ زۆرتر كردنی ده‌نگه‌كانیان و زامنكردنی توانای كوتله‌كه‌یان له په‌رله‌مان بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه، له پێناو گۆرینی ده‌ستور و ئه‌و چاكسازیه‌ی كه ماوه‌یه‌كه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن بۆ قازانجی شخسی و حزبی خۆیان .
پاش ئاشكرابونی ئه‌و گه‌نده‌ڵیه زۆره‌ی له حكومه‌ته‌كه‌ی ئۆردوگان رویدا وئینجا ته‌سككردنه‌وه‌ی ئه‌و روبه‌ری ئازادی و دیموكراسیه‌ی له توركیادا پێشتر هه‌بوو، به گرتن و راوه‌دونان و ئه‌شكه‌نجه‌دان، نارازیبونی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و یه‌كێتی ئۆروپا و ریكخراوه نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان و رێكخراوه ناحكومیه‌كانی لێكهوتهوه و بێزاریكردن و هاتنه ده‌نگ . تا راده‌یه‌كی زۆر تێكچونی په‌یوه‌ندیه دیبلۆماسیه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و یه‌كێتی ئه‌ورۆپا و ژماره‌یه‌كی زۆری وڵاتانی عه‌ره‌بی، كزبونی توانا و دابه‌زینی ره‌سیدی ئۆردوگان له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی لێكهوتهوه و، وای له ئۆردوگان كرد به دوای ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی دیكه‌دا بگه‌رێت و له نێوخۆشدا رۆڵێكی پێچه‌وانه‌ی پێشتر بنوێنێت، تاوه‌كو بۆ خه‌ڵكی نارازی به‌تایبه‌تی توندره‌وه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی بیسله‌مێنێت كه ئه‌و به‌ته‌نیا نیه له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری پرسی كورد دا بێت و ئه‌وه‌تا ئه‌و له هه‌نگاوێكی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ته‌كه‌ی له سه‌ر پرسی كورد نارازیه و ته‌نانه‌ت له‌وكاته‌دا ئه‌و له‌ده‌ره‌وه بووه و ئه‌وه‌تا خه‌ڵكی تر ده‌چنه پێشه‌وه و، ئه‌م نارازیه . بۆیه لێره‌وه تاوه‌كو هه‌ڵبژاردن له هیچ بوارێكی نێوخۆیی‌دا كه په‌یوه‌ندی به كورده‌وه هه‌بێت، ناتوانرێت چاوه‌رێی هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی له خودی ئۆردوگان بكرێت . به‌ڵكو بۆ زامنكردنی زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كان له هه‌ڵبژاردندا، په‌نا بۆ شه‌یتانیش ده‌بات . ئه‌وه‌تا نێچیرڤان به‌رزانی وه‌ك ده‌ستی راستی حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌ردۆگان لێدوان ده‌دات، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حیسابی ده‌نگی كوردیش بێت له كوردستانی باكور سڵ ناكاته‌وه له قسه‌و ره‌فتاری خۆی .
لاتهریكبونی توركیا له ناوچه‌كه پاش ئه‌و سیاسه‌ته خودپه‌رستی وتهسكبینی و هه‌ڵانه دێت كه حكومه‌ته‌كه‌ی ئۆردوگان له ماوه‌ی پێشودا په‌یره‌وی ده‌كرد، به هۆكاری خودپه‌رستی و ئاواتی گه‌رانه‌وه‌ی سه‌ڵته‌نه‌ته‌وه چه‌ندین وڵاتی دۆست و نزیكی له‌خۆی زیزكرد و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی وڵاته‌كه‌ی خسته مه‌ترسیه‌وه .
له‌م بارودۆخه‌ی توركیا و ئه‌ردۆگاندا، بێگومان به‌دوای جێگره‌وه ده‌گه‌رێت، له‌ئاستی نێوخۆدا، هه‌وڵ ده‌دات توندره‌وه‌كان بێلایه‌نه‌كان تاراده‌یه‌كی باش له خۆی رازیبكات و، له‌ده‌ره‌وه‌ش په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی تر به‌هێز بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌یبینین له سه‌ردانه‌كانی بۆ ئه‌فریقیا و ئه‌مریكای لاتین هه‌وڵی بۆ ده‌دات .
له‌روانگه‌ی جیاوازی بۆچونه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ویه‌كێتی ئه‌وروپا و وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ پرسه هه‌مه‌چه‌شنه نێوخۆیی و ناوچهییهكهش، ئێستا ئه‌ردۆگان به‌قه‌د چه‌ند ساڵی پێشوو، له هه‌وڵی كرندهوهی كهلێنێكدایه له‌ناوچه‌كه‌دا بۆ خۆ رێكخستنه‌وه و دروستكردنی په‌یوه‌ندی باش ئه‌گه‌ر كاتیش بێت، له‌م ماوه‌یه‌دا ده‌ستپێشخه‌ری تریش ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و وڵاتانه رازیبكات كه له‌سه‌ر پرسه ناوچه‌ییه‌كه له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ناكۆكن .
ئه‌وه‌ی دیاره، ئه‌ردۆگان ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر میراتیه مێژویی و رۆشنبیریه‌كه‌ی عوسمانیه‌كان رێگه دیبلۆماسیه‌كه‌ی وڵاته‌كی قیربكات و، بتوانێت به ئاسانی ئه‌مجادی خۆی دروست بكاته‌وه و ده‌سترۆیشتویی خۆی له‌و ولاته ئه‌فریقی و ئه‌مریكیه لاتینیهكانیش بسه‌پێنێت و، له‌سه‌ر ئه‌م راونین و بۆچونهشیدا چه‌ندین هه‌نگاوی كرده‌یی ناوه، جارێك خه‌ڵكی موسڵمانی ناوچه‌كه كۆده‌كاته‌وه و جارێكیش مزگه‌وتی عوسمانی له‌وڵاتانی ئه‌مریكای لاتینی دروست ده‌كات و، له لایه‌كی تریشه‌وه به ناوی كاری خێرخوازی چالاكی له وڵاتانی ئه‌فریقا ده‌كات و په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاته ئاسیاییهكانیش توندوتۆڵ‌تر ده‌كاته‌وه . ئه‌وه‌ی به‌زه‌قی ده‌رده‌كه‌وێت، توركیا له به‌شداریكردن و جێبه‌جێكردنی وه‌ك ئه‌ندامێكی ناتۆ ئه‌ركه‌كانی به سستی به‌رێ ده‌كات، ئه‌میش له‌پێناو ئاسانكاریه له جێبه‌جێ كردنی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌له چه‌سپاندنی ئه‌و ئهڵتهرناتیڤهیدایه كه له خه‌یاڵیدا وێنای كێشاوه چه‌سپیوه . بۆیه هه‌روا له‌خۆرا نیه كه ئۆردوگان له پایته‌ختێكی وڵاتێكی ئه‌مریكای لاتینی وه‌ك كۆڵۆمبیا ده‌ڵێت، نابێت هه‌تاهه‌تایه جیهان له ژێر ركێڤی بریاره‌كانی پێنج ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه هه‌میشه‌ییه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش دا حوكمداری بكرێت و بمێنیته‌وه .
له‌م هه‌نگاو و لێدوان و هه‌ڵوێست گۆرین و جێگۆركێیه نێوخۆیی و ده‌ره‌كیه‌ی ئه‌ردۆگان و توركیا جگه له ئاواتی به‌دیهێنانی خه‌ونه به‌رده‌وامه‌كه‌ی تورك بۆ گێرانه‌وه‌ی شكۆمه‌ندی و سه‌ڵته‌نه‌ت و رۆڵی توركیای قۆناغی عوسمانیه‌كان به‌هه‌ر رێگه‌یه‌ك و به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت هیچی تر نیه . بۆیه له‌م ماوه‌یه‌ی پێشوودا، ئه‌گه‌ر توركیا له نێوخۆی خۆیدا ده‌ستی بۆ هه‌ندێك كاری بڤه بردبێت، ئه‌ویش ته‌نها له پێناو مه‌یسه‌ر كردنی رێگه‌یه‌ك بووه بۆ خۆسه‌پاندن و جێگیربونی سه‌ڵته‌نه‌ت و سوڵتان بووه، بۆ ئه‌وه‌ی له خه‌یاڵی خۆیدا، له داهاتودا بتوانێت به به‌هێزكردنی وه‌زعی نێوخۆ و باری ئابووری و سیاسی به روبه‌رێكی فراوان و توندتر ده‌ستی زیاتر بگاته ناوچه‌كه و حوكمی ناوچه‌كه بگات وخۆی بسه‌پێنێت وئه‌گه‌ر بۆی بكرێت له ئێرانی بسه‌نێته‌وه و، له په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا وئه‌مریكای لاتین و ئه‌فریقا و ئاسیاش رۆڵی جه‌مسه‌رێكی به‌هێز بگێرێت، ئه‌گینا توركیا قه‌ت باوه‌ری به دابینكردنی مافی پێكهاته نێوخۆییه‌كانی خۆی نه‌بووه كه له‌گه‌ل ئاوات و ئامانج و خه‌ونه‌كانیاندا بگونجێت و، له پێناو رایی كردنی كاره‌كانی خۆی و به‌دیهێنانی ئامانجی ده‌وڵه‌ته سوڵتانیهتهكهی، زۆرێك له لایه‌ن و كه‌سایه‌تیه نێوخۆیی و ده‌ره‌كیه‌كانی توركیا به‌كار دێنێت و، له پێشه‌وه‌ی هه‌موو كه‌س و لایه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بینین، وه‌ك كه‌واسوری به‌رله‌شكر له به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی زیاتر بۆ ئۆردوگان لێدوان ده‌دات و هه‌ڵوێست ده‌نوێنێت، ئه‌گه‌ر له سه‌ر حیسابی ئامانجه بنه‌ره‌تیه‌كانی گه‌لی كوردیش بێت .
بهروار: 25/03/2015
749 جار خوێندراوه‌ته‌وه