ئهرشیف
پهیوهندی
ڤیدیۆ
ئاگاداری
ههمهڕهنگ
وتار
پرسەی هەندەران
سهرهکی
ئەوە کاک جەلالە دەیناسم
فاتم ئەو ژنە چەمچەماڵیەی بۆ 2 مانگا شەهید بوو.
نەجیب مەحفوز دەڵێ:
وتارهكان
دەمڕاس و سەماکەری عرووبە
کاردۆخ
فەلسەفەی پاش ئاخۆڕی داگیرکراویی
زۆڵە کوردی بێ ئابڕوو دەنێرمە سەر هۆڕەی بەڕوو (هەژار)
ناوەرۆک
لە شەڕی بەرگریی یەوە بۆ شەڕی ڕزگاریی و شەڕی نیشتمانیی
کورد وەک نەتەوەێکی کەون ئارا ژ مێژدا و لە دێرزەمانەوە ملی لە ملی مێمڵ و مڵۆوزمە مێژوویەکانی ژیانی مرۆڤایەتی خۆی ناوە و ئەوەتا پاشی هەزاران ساڵ هێژ ژی سەربەرز و سەرکەوتووانە درێژە بە ژیانی جەنگاوەرانەی خۆی ئەدات. دوور لە دەمارگرژی و خۆهەڵکێشان، تەنیا بە پشت بەستن بە ڕاستیە حاشاهەڵ نەگر و تۆمارکراوەکانی مێژوو، دەشێین ببێژین کە کورد گەلێک هێزی پەلاماردەر و داگیرکاری بە قەبارە بچووک و زلەوە لە سەر ئاخی خۆی تێکشکاندوە و دەسەمۆی کردوون و لە ئاکامیشدا بە پشت بەستن بە فەرهەنگی ڕەگ و ڕیشە و بنچ داکوتراوی خۆی لە قووڵایی مێژودا، بون و هەر مانی خۆی پاراستوە و هەتا ئیمڕۆی هێناوە. بوونی کورد و کوردستان بە تاقی تەنیا لە دۆخی ئیمڕۆدا بەڵگەن بۆ ئەم ڕاستیە نکوولی هەڵنەگرە. کوردستان بۆتەی قاڵ بوونی مرۆڤایەتی بووە و کێ بە هەر مەبەستێک رووی تێکردبێ، تێیدا گرساوەتەوە و لەو بۆتەدا تواوەتەوە و قاڵی خەڵکەکەی بووە.
ئەگەر واز لە مێژووی زۆر دوور بێنین و تەنیا مێژووی یەک دوو سەدەی ڕابردوو لە بەرچاو بگرین ئەوە لۆمان دەرئەکەوێ کە هیچ شکانێکی سەربازی و چەکداری نەیتوانیوە کە چۆک بە کورد دابدات و فەرهەنگی جەنگاوەرانە و پێشمەرگانەکەی کز و لاواز بکات. ئەم خوو و داب و نەریتی پێشمەرگانە، چاوگە و چاوکانی بزاڤی کوردایەتی بە کاکڵ و ناوەرۆکی ئازادی و ڕزگاریخۆازانە و هەروەهاش مرۆڤانە بووە و ئێستاش هەر ماوە و زیندوە و لە کڵپەدایە.
با ئەوەی کە ئەم تایبەتمەندیە جەنگاوەورانەی کورد لە کوێوە و لە چیەوە و چۆن و بۆ سەری هەڵداوە وهۆ وهۆکارەکانی چین دابنێین لۆ کیژ و کۆڕانی خورت و گەنجی لەمەمانان بیر و چاو تیژتر و ژووری فێرگە و زانکۆ و زانستگاکانی کوردستان.
کورد چەند جار لە سەدەی ڕابردوودا دەستی دایە شەڕی بەرگری و و لە ژمارەیەکیش لەو شەڕی بەرگریەدا گەیاندیە شەڕی ڕزگاری کە هەر لەو ئاستەدا مایەوە بۆ ماوەیەک و پاشان تێکشکا. شۆڕشی خۆیی بوون و ئاگری و سمکۆ و قەدەم خێر و لەم دووایانەشدا شۆڕشی بارزانی گەورە هەتا ئاستی شەڕی ڕزگاری هەڵیاندا و قۆناخی شەڕی بەرگریان تێپەڕاند. کورد بە گشتی لە شەڕی بەرگریدا هەمیشە سەرکەوتوو بوە و تایبەتمەندی و شێوە و شێواز و ئاستی هونەری و تەکنیکی شەڕی بەرگری لە بەرژەوەندی کوردا بووە و فەرهەنگی خۆڕاگری و جەنگاوەرانەش هەوێن و ئامیانی زاڵ بوون و باڵادەستی کورد بووە. تەنانەت و یان بە تایبەتیش جوغرافیای کوردستان و باردۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و چینایەتی و ریزبەستی هێز و دابەش بوونیان لە ناو کۆمەڵگای کوردەواری بە تێکرا هۆکاری یارمەتیدەری کورد بوون لە قۆناخی شەڕی بەرگری دا. هەر بۆیەش زۆربەی زۆری شەڕی بەرگری لە تێکرای کوردستان بە خێرایێکی بەرچاو گەیشتوونەتە قۆناخی شەڕی ڕزگاری. شۆڕسی شیخ سەعید و شۆڕشی بارزانی گەورە نموونەی هەرە زەق و بەرچاوی ئەم دیاردەیەن. ئەڵبەت پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت کە بارودۆخی جیهانی و لەویش گرینگتر ناوچەیی کە خۆی ڕەنگدانەوەی دۆخە جیهانیەکەیە و ڕاستەوخۆ کار ئەکاتە دیاردە ناوچەییەکان، ئەو هەل و دەرفەتەی بۆ شۆڕشی بارزانی گەورە خوڵقاند کە بە خێرایێکی کەم وێنە بگاتە قۆناخی شەڕی ڕزگاری لە کوردستان. هەر ئەم هۆکارە دەرەکیە ( بۆ کوردستان ) لە شۆڕشی سمکۆ و شێخ مەحموود دا دەوریان هەبوو و بووە هۆی ئەوە کە کورد ڕاستەوخۆ یان زۆر بە خێرایی بگاتە قۆناخی شەڕی ڕزگاری و لە شۆڕشی کوردایەتی شێخ مەحموود سمکۆدا و تا ڕادەیەکیش شؤڕشی ئاگری تەنانەت بۆ یەکەم جار لە سەدەی ٢٠دا گەیشتە قۆناخی شەڕی نیشتمانیی.
هەر هەمان هۆکاری سیاسی دەرەکی کە بەلانی کەمەوە یارمەتیدەری شۆڕشی سمکۆ و شێخ مەحموود و بارزانی بوون، بوونە هۆکاری شکانی شەڕی ڕزگاری و نیشتمانیی کورد. لە شەڕی ڕزگاری و شەڕی نیشتمانیی ، بە پێچەوانەی شەڕی بەرگری، هۆکارە ئابووری و سیاسی و ستراتیژیە دەرەکیەکان دەورێکی زۆر کاریگەر ئەبینن لە دیاریکردنی چارەنووسی ئەو شەڕانەدا. کورد بە پێی سروشتی گەشەی مێژوویەکەیەوە لەو هۆکار و کەرەستانە بێ بەری بووە کە لە گەمەی سیاسی و ستراتیژیکی ناوچەیی و جیهانی پێداویستی ژیاریین و ئەویش هەڵ ئەگەرێتەوە بۆ دۆخی داگیرکراویی کوردستان بە گشتی. کورد یاریکەرێکی دەس بەتاڵ بووە و داگیرکراویی کوردستان تەنانەت کێش و وزەی کورد و کوردستانی لە هەموو بوارێکەوە لە بازنەی دەسەڵاتی کورد دەرهێنابوو و هەر بەمەشەوە نەوەستا و لە دژی خۆی بەکار ئەهێنرا.
بارودۆخی نیشتمانی کورد لە باشوور
چاوخشاندێک بە مێژووی باشوور دەری ئەخات کە پاش شکانی شەڕی نیشتمانیی شێخ مەحموود، کورد درێژەی بە شەڕی بەرگری دا بە شێوە وشێوازی جۆراوجۆرەوە و هەتا سەرەتاکانی شۆڕشی بارزانی هێنای و زۆر بە خێرایی گەیاندیە شەڕی ڕزگاریی کە ئەویش تووشی هەمان چارەنووسی شۆڕشەکەی شێخ مەحموود بو و هەر بەهەمان بۆنەشەوە. دیسان هەمان ڕەوتی گۆڕین دوپات بووەوە و ئەوەی کە بە شۆڕشی نوێ ناو ئەبرێت سەری هەڵدایەوە و لە ڕەوتی گەشە و پەرەسەندنی خۆیا گەیشتە شەڕی ڕزگاریی و پاشانیش ئەمەش وەک تێکرای شەڕی ڕزگاریی کورد لە ڕابردوودا، تووشی شکان هات. ئەوەی کە کورد لە باشوور وەک دەسەڵات ئافراندی و بەدیهێنا، ئاکامی شەڕی رزگاریی نەبوو بەڵکو لە ڕاپەڕینی بەربڵاوی کۆمەڵانی خەڵکەوە سەرچاوەی گرت و سەری هەڵدا. دۆخی تایبەتی و دەگمەنی جیهانی و ناوچەیی ئەو بوارەی لۆ کورد ڕخساند کە ئەوەی بە شەڕی ڕزگاریی بۆی نەکرا بە ڕاپەڕین مسۆگەری بکات و ئەوەش کە ئەم فرمانەی ڕەخساند ئەزموونی دوور ودرێژ و دەولەمەندی سیاسی و جەنگاوەرانەی کورد لەو بەشەی کوردستان بوو. ستراتیژی شەڕی ڕزگاریی، ڕزگارکردنی نیشتمان و بەدیهێنانی دەسەڵاتدارەتی سیاسی و دەوڵەتی و حکومەتییە و بە بوونی ئاوەها تایبەتمەندیێکەو واتە هەبوونی نیشتمان و دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵایەتی و ئابووری خۆیی، کۆمەڵگای وەک کوردستان، پی ئەنێتە قۆنخێکی نوێ لە باری مێژوویەوە. شێوە وشیوازی گەیشتن بەو قۆناخە هەر جۆر و چەشنێک بێت چ لە ڕێگای شەڕی ڕزگاریی یان ژی ڕاپەڕین، گرینگ ئەوەیە کە کۆمەڵگا بگاتە قۆناخی مەبەست. کورد لە باشوور ئەم ئارمانجەی پێکا و لەگەڵ خۆیدا تێکڕای نەخۆشی و کەم وکووڕی و ئاریشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هزری و چەواشەکاریی سەدان ساڵ داگیرکراویی کوردستانی وەک پاش ئاخۆڕ و پاشماوەی داگیر کراویی خاک و خەڵکی کوردستان، گواستەوە بۆ قۆناخە نوێکەی و ئەبێ وەگەردیان بجەنگێت و بە سەریانا زال بێت و چاریان بکات. هۆی ئەمەش راپەڕینەکەی کورددستانە و ئەگەر کورد لە باشوور بە شەڕی ڕزگاری بگەیشتایەتە قۆناخی ڕزگاری نیشتمان ئەوە زۆرێک لەو ئاریشانە بە چارەسەرکراوی یان هەر هیچ بەنێ بە نیوە چارەسەرکراوی ئەگوێزراوە قۆناخە نوێکە.
نیشتمانی کورد لە باشوور بە جەستەی بریندار و خوێناویی و تاڵاوی پڕوکێنەرو تاسێنەری ئەنفالی ناوزڕاو و هەڵەبجە و گەرمیان و بارزان و کۆمەڵ کۆژی بەربڵاو و کاولکاریی گشتی، پشتی ڕاست کردەوە وڕیگا و ڕێچکەی ژیانەوەی ژین و ژیان و ژیاری کوردی گرتە بەر. لەم دەردی جەستەیەش گرانتر و کاریگەرتر و مەترسیدارتر ئەوە بوو کە لە دۆخی درێژخایەنی داگیرکراویی کوردستانا تراویلکەی ژاری بیرۆکەی ڕەنگاوڕەنگی داگیرکەران کۆمەڵگای شاریی کوردستانی بۆژۆ کردبوو. سەرباری دەردانیش ئەو بوو کە تراویلکەی کۆمۆنیستی و بەناو چەپایەتی توێژی خوێندکار و خوێندەواری تازە پێگەیشتووی کوردی لە خشتە برد و بە کردەوە بوونە تەواوکەری بەرنامەی داگیرکەرانی کوردستان لە لێدانی فەرهەنگ و داب و نەریتی جەنگاوەرانە و پێشمەرگانەی کورد. ئەوەی بە داگیرکەر نەئەکرا ئەمان بە فیز و پۆزی شۆڕشگێڕیی درۆزنانە و بێ بنەما ڕاستەخۆ یان ناڕاستەخۆ بۆیان جێ بەجێ ئەکرد. کۆمۆنیزم وەک دیاردەیەکی بە مەبەست دارێژراوی جیهانی تا ڕادەیەک سەرکەوتووانە ئەو ئەرکە دژی گەلییەی بەرێوە برد و لە ئاستی جیهانیا زۆرێکی زۆر لە گەلانی جیهانی تووشی لێدان و چەواشەکاری کرد. کوردستانیش لەو وەیشوومەی کۆمۆنیزمە بی بەری نەبوو و بەشی خۆی ژاراوی کۆمۆنیستی بەرکەوت.
باشوری کوردستان لە سەردەمانێکا پێی نایە قۆناخی ڕزگاری نیشتمانیی کە کۆمۆنیزمی عرووسان و بابەتەکانی تریشی لەگەڵدا بێ، لە سەرەتای هەرەس هێنانیدا بوو. ئەمەش بەو واتایە کە پەتای جیهانی دەردە کۆمۆنیزم هێژ د کاردابوو. کوردەکەو ماچۆ، سەررووت و سەرچەوری شاری هێشتا گیرۆدەی تراویلکەی ئەو بیرۆکە بوون کە لە هیچ شوێبێکی جیهانا بێ لە سەرکوتکردن و داپڵۆسین هیچ دەسکەوتێکی بۆ چینی کرێکار و کۆمەڵانی زەحمەتکێش نەبوو و نیە و نابێ ژی. ئەم دیاردەیە بزاڤ و شۆڕشی ڕزگاری نەتەوەیی کوردی وەک تێکرای نەتەوەکانی تری جیهان، لە هێزیکی بەبڕشت و کارامەی کۆمەڵایەتی بێ بەشکرد و هەر بەمەشەوە نەوەستا و پواز و هۆرەی تێکدەرانەی بۆ ساز کرد. لە گەرمە و هەڕەتی بازاڕ و گەمەی کۆمۆنیزما ئەو هێزەی باسی لێوە کرا لە رەوتی بزاڤی ڕزگاری کورد دابڕا و کراس و دەرپێی داگیرکەرانی دەبەر کرد و مێژووی هەزار ساڵەی نەتەوەێکی کەون ئارای لە بیر چووەوە و لۆ خزمەتی کرێکاری داگیرکەران بە پێویستی ئەزانی کە تێکرای کورد بە هەموو شتێکیەوە بکاتە قوربانی و بیخاتە خزمەت بیر و هزر و ئیدەئۆلۆژی شاراوەی چینی سەردەستی داگیرکەران. ئەمەشیان تەنیا لۆ خۆشامایی و سەما و دوودەسماڵەی بەربووکی داگیرکەران بوو و کێشی ئەوەشیان نەبوو کە شتێکی بەرچاو بۆ هاوپێڕەکانیان بکەن. هۆکاری ئەم ئاکارەش هەر هەمان فەلسەفەی کەربەش (کەرتەشی)ە کە جگەرخویین لە مەلای جەزیری یەوە وەریگرتووە و پۆختی کردوە. بارو ئەرکی کوردێنی گەلەک گران و ئەستەم بوو و دڵ و جەرگی شێرانەی ئەویست تاوەکوو مل لە ملی دێوەزمەی داپڵۆسێنەری داکیرکەران بنێ . ئەوانەی کە کێش و وزەی ئەوەیان نەبوو خۆی لێ دەن و مل لە ملی نێن، خۆیان لێ ئەدزیەوە و پەڵپ و بیانووی پشکەوتنخوازی درۆزنانەی چەپایەتی پاکانەیان بوو. بەڵام ئەرای جەنگاوەریەلی کورد، ڕێگە و ڕێچکە و دروشم هەر هەمیشە پەیڤی جگەرخویین بوو کە دگوت " ما تە کورد و کوردستان دەدەی بە سەد هێندوستان ".
پەتای کۆمۆنیزم لە کوردستان
بزاڤی کوردێنی هەر زوو و لە سەردەمی شێخ مەحموود لە سلێمانی ڕووبەڕووی ئەم دیاردە بووەوە و بۆڵشویکەکانی سلێمانی کە لە عوسمانی داڕووخاوەوە گەڕابوونەوە گاڵتەیان بە دەسەڵاتی کورد و شێخ مەحموود ئەکرد و تەنانەت نانەجیبیان گەیاندە ئەو ڕادەی کە توانجی ناڕەسەنانەیان ئاراستەی خێزانی شێخ بکەن. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە کاووس ئاغای نەمر لاوکی شێخ مەحموودی ئەچڕی. پاشان دەردە کۆمۆنیزم هەڵیدا و لە شەڕی ڕەوتی کوردێنی لە دژی کۆمۆنیزم گەیشتە ئاستێکی بەربڵاوتر و ئەوەی بەناوی شەڕی "قەومییەکان (کاژیك) و شیوعی" ناسراوە ، لە مێژووی باشوور ڕەنگدانەوەی ئەم دیاردەیە بووکە تەنانەت لە ناو کۆڕی زانیاری کورد کە بەرهەمی شؤڕشی بارزانی و هەوڵی کامەران بەدرخان بوو، لە بەغدا درێژەی کێشا . شیوعی کورد "قەوم و قەومی بوونی" بە واتای کوردبوون و نەتەوەیی بوونی کوردی وەک جنێو و سووکایەتی بەکار ئەهێنا و تەنانەت جلی عارەبی و دیشداشە و عەگاڵی عارەبی لۆ وان سەرلێشێواوان نیشانەی "تەقەدومی" بوو. جەفەنگ و گاڵتەجاڕی کۆمۆنیزم بەرۆکی شۆڕشی بارزانی گرت بڕێک سەر ئیشەی تاڵ و نەخوازراوی تووش کرد. پیڕە کۆمۆنیست " مەعاریفی کوردستان" یان گۆری بە مەعاریفی قلیاسان و لە مسکۆ باران بباریبا ئەمان لە سلێمانی چەتریان هەڵ ئەدا. ئەم پێڕە چەواشەکراو و چەواشەکارە خۆیان لەوە پێ کەمتر بوو کە وەک کورد ئاڵای بیرۆکەی کۆمۆنیزم هەڵ دەن و پێیان وابوو کە نە خۆیان و نە کوردیش شیاوی ئەوەن کە کۆمۆنیست بن و کۆمۆنیزم کاڵای باڵای نەتەوەی سەردەست و داکیرکەرانی کوردستانە و هەر لە ئەوان جوانە و لێیان دێت. کۆمۆنیزم بوو بە ئایدیۆلۆژی ترسەنۆکان و ئەوانەی لە فەرهەنگی بورژوازی داگیرکەرا توابوونەوە.
کۆمۆنیزم گەورەترین کارەساتی مێژوویی بە سەر کوردا هێنا لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا. کوردستان وەک بەشێکی دانەبڕاوی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی پێی نایە قۆناخی سەرمایەداری بە هەموو کۆسپ و تەگەرەی داسەپاو لەلایەن داگیرکەرانەوە و ڕوخساری چینایەتی و بیچمی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کورد گۆڕانکاریێکی بەرچاوی بە خۆەوە بینی. توێژی وردەکەبورژوا و مام ناوەندی شاەرکان، بە ژمارە زۆر و بە تەمەن گەنج، سەری هەلدا و بە کردەوە بووە هێزی سەرەکی و بریاردەری کۆمەڵگای کوردەواری لە باری سیاسی و ئابوورییەوە. ئەم هێزە کۆمەڵایەتیە نوێیەی کورد بووە ئامانجی دەسەڵاتدارانی داگیرکەران و بە چڕ وپڕی کاریان لە سەر کرد بە مەبەستی توانەوە و دوور خستنەوەیان لە ڕەگ و بنەچەی کوردینی کە هەمیشە مەترسی گەورەی بووە بۆ دوژمنانی کورد و کوردستان.
دوو چەکی داگیرکاری
شێوازی " شیر و تیر و گەزۆ "، شێوازی ناسراو و بەکارهێنراوی داگیرکەرانە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی. شیر و تیر و توند و تیژی و دڕندەیی و هۆڤانەتی بەشی ئەو خەڵکە ڕەسەنەیە کە سەر بۆ داگیرکەر دانانەوێنن و بەرخۆە ئەدەن و شەڕیان ئەکەن. گەزۆکەش دانراوە بۆ ئەو بەشەی کە سەر بۆ داگیرکەر دائەنەوێنێ و ئەبێتە پاشکۆ و کەوا سوور و دارەدەسیان لە دژی بەشە خۆڕاگرەکە. ئەم سیاسەت و شێوازە لە پەلامار و پەرەسەندنی کریستیان و ئیسلام و سەردەمی ئیستعمارا بە زەقی بەکار هێنراوە و لەم دوایانەش دا لە کۆمەڵگای وەکی کوردستان دووپات بوەتەوە. شیر و تیرەکە بۆ مەبەستی لەناوبردن و قەڵت و بڕی سەرەتایی خەڵک و وڵاتە داگیرکراوەکە بەو پەڕی دڕندەیی کاری کردوە و گەزۆکەش بۆ مەبەستی دامرکاندنەوەی ئەوەی بووە کە لەو کۆمەلگایانە ماونەتەوە. پاشان لە درێژەی شەڕی داگیرکراو لە دژی داگیرکەرا، بەشە گەزۆخۆرەکە گۆڕدراوە بۆ ئامرازێک لە دەست داگیرکەرکە و بەریان داوەتە گیانی داگیرکراوە شەڕکەرەکە. ئەم بەشە کە لە فەرهەنگی کوردا بە کەواسوور و دەسکی تەور و هۆرە و پوازو جاش ئەناسرێن، دەورێکی زۆر خراپ و پیسیان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بینیوە و بە بێ ئەوان داگیرکەران هەر زوو گۆڕییان گۆم ئەکرد. دێڵە پیرەی ئیسعماری ئینگلیز پەیڤێکی سەیریان لە مەڕ ئەمانە هەیە کە ئیژێت : "*لەو جیهانەدا هیچ شتێک لە کۆنە باب نۆکەرێک چاکتر نیە".
دۆخی درێژخایەنی داگیرکراویی کوردستان بوارێکی لە بار بووە بۆ تاقیکردنەوەی ئاوەها سیاسەتێک و بەرهەمەکەشی ئیمڕۆ لە کوردستان وەک پاشاخوڕی داگیرکراویی کوردستان زۆر بە زەقی بەرچاو ئەکەوێت و بە پێچەوانەی هێندێک کە بە شتێکی سەیر و سەمەرە ئەی بینن، فرمانێکی سروشتیشە و لە ڕاستیدا نەبوونی ئاوەها دیاردەیەک ئەبوە سەیر و سەمەرە و ناسروشتی. ڕەنگدانەوەی ئەم دیاردەیە لە ڕۆژێکی وەک ئیمڕۆدا لە هەڵس و کەوت و وتە و بیرۆکە و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی ژمارەیەک لەو خەڵکانە ئەبینرێن کە بە شیری داگیرکەر فرچک دراون و گۆج کراون. ئەمانە هەر هەمان گەزۆخۆرانی داگیرکەرن کە لە بارودۆخی نوێی ئیمڕۆدا بە هزری چەواشەکارانەی وەک نوێخوازی و دێمۆکراسی و لیبرالی و پێشکەوتنخوازی ڕۆژئاوایی کە بابەتی ڕۆژە لە جیهانا، پەروردە کراون. کۆن ، بیرۆکەی ئایینی کریستیان و ئیسلام و دواتریش بیرۆکە ئیستعمار و ڕۆژهەڵات ناسی و دوای ئەمەش کۆمۆنیزم و ئیستاش دێمۆکراسی و لیبرالیزمی درۆزنانە تفاقی ئەم بابەتە خەڵکەی پاشاخوڕی داگیرکراوییەن کە کاوێژی ئەکەنەوە.
گەزۆخۆرانی کورد و زانستی کۆمەڵایەتی
بە لەبەر چاوگرتنی پاشماوەی داگیرکراویی و کاولکاریی و کۆمەڵ کۆژی بەربڵاو و گشتی و هەمەلایەنەی، باشووری کوردستان لە ڕەوتی خەمڵینی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری هەنگاوی گەلێک باش و بەرچاوی هەڵگرتووە تا ڕادەیەک کە بووەتە جێگەی ئافەرین و دەسخۆشیی جیهان. گۆڕانی کوردستانی پێش ڕاپەڕێن بۆ کوردستانی ئیمڕۆ بۆ ئەوانەی هەردووکیان بینیوە مایەی سەرسووڕمانە. بەڵام ئەم ڕاستیە لۆ کەسانی وەک هەباسی وەلی و رەفیق سابیری کۆنە کۆمۆنیست و هاوپێڕەکانیان چ واتا و نرخێکی نیە و باشوری کوردستان لۆ وان دیواخانی ئاغاواتە و خاوەنی فەرهەنگی سیاسی نیە و دەسەڵاتەکەشی مووچەخۆرە (رەنتخۆر) و حکومەتی عارەبان لە بەغدا لەمان دەسپاکترە و ئەوەی تا دوینی باب و باپیر و داپیرەی کورد کردویانە لە شەڕی دژی داگیرکەران ناسیونالیزمی شوانکارەیە و جەنگاوەرانی کورد هەتا سەرهەڵدانی پ ک ک هەمو دز و تاڵانکەر و کوردکوژ و خەریکی راورووت بوون. ئەمانەی کە ئەم جۆرە جەفەنگە لە کوردستانا بڵاو ئەکەنەوە. بەتایبەت لە دۆخی شەڕی نیشتمانیی ئیمڕۆی کوردستان، هەر کامیان نازناوی دوکتور و پرۆفسۆر و مامۆستای زانکۆیان وەک پاشکۆ لە خۆ بەستوە و بە فیزی ئاکادیمیانەوە توڕەهات و پڕوو وپووچێ نازانستیانە و بێ بنەمای زانستی و دژە مێژوویی ناتەبا دەرخواردی خەڵک ئەدەن.
تەنانەت زانیاری کابرای هەباسی وەلی لە مەڕ دیواخانی ئاغاوات بێ بنەمایە و ڕەنگە لە سەرچاوە بێ نرخەکانی ڕۆژئاواییەوەی وەریگرتبێت. ئەو هێما بەرەڵاییەی ئەو جەنابە پرۆفسۆرە لۆ دیواخانی ئاغاوات ئەهێنێتە گۆڕێ و ئەی لکێنێت بە شێوازی ئابووری باشووری کوردستانەوە ، دوورە لە سروشتی بەڕێوەبردنی ڕاستەقینەی دیواخان ئاغاواتی کوردستان. ئابووری دەرەبەگایەتی (فێئودالیزم ) شتێکی ناسراوە لە مێژوودا و وادیارە کە هەباس لە بیری چووە و یان نەی زانیوە کە چۆنیەتی کاری ئەو ئابوورییە لە پەرتووک و سەرچاوەکانی فێرگەکانا تۆمار کراوە.
ئابووری باشووری کوردستان لە ئاستی هەرە بەرز بە ئابووری جیهانیی سەرمایەداری و بەناو بازاڕی ئازادەوە مۆتربە کراوە و زۆرێکی زۆر لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهانی و ناوچەیی تێیدا دەور ئەگێڕن و باڵاترین دەزگای یاسایی و پارێزەران چاوەدێری ئەکەن. هەباسی وەلی لە حاست ئەم ڕاستیە زانراوە لە هەموان، کوێرە وروونیش نیە کە ئەو دەستەواژە داتاشراوەی لە کوێوە هیناوە و چۆنە ئاوەها ئابووریێک وەک ئەوەی باشوور ئالەم سەردەمە و ئا لەو ئاستەدا ئەتوانێ وەک دیواخانی ئاغاوات کار بکات و دەور بگێڕێ. کاڵای وەلی لە ناو مرۆڤی پچێک تێگەیشتوو لە زانست و مێژوو نەک هەر بازاڕی نیە بەڵکوو جێگەی جەفەنگ و قومار پێکردنە.
هەر لەم پێکیەش دەوڵەت و حکوومەتی مووچەخۆری وەلی دژی تێکرای زانستی کۆمەڵناسی و میژوو و تێئۆری ڕاست و چەپی دەوڵەتە. حکوومەت وەک هێمای دەسەڵاتی سیاسی ئەبێ مووچەدەر بێت بە گوێرەی تێگەیشتنی گشتی. بەڵام ئیمە لە کوردستان پێچەوانەکەیمان هەیە بە وتە بێ واتاکەی وەلی و ڕوونیش نیە کە حکوومەتی باشوور مووچەکەی لە کێ وەرئەگرێ. لە هیچ قۆناخێکی مئژووی مرۆڤایەتیدا و لە هیچ شوێنێک و لە هیچ کۆمەڵگایەک ئێمە دەوڵەت و حکوومەتی مووچەخۆرمان نەبووە و نەمان بینیوە و هیچ مرۆڤێکی ساخ و سەلیم ناوێرێ ئاوا بە ڕەهایی و هەوسارپساویی لەو چەشنە دەستەواژانە بێنێتە ئاراوە و ئەویش وەک پرۆفسۆرێک. تەراتێنی ئەم بابەتە ئاکادیمیسێنانە لە کوردستان درێژە و ڕەنگدانەوەی هەمان ڕەوت و دەوری گەزۆ خۆرانی داگیرکەرانی کوردستانە و پاشاخۆڕی داگیرکراویی کوردستان بواریان لۆ ئەڕەخسێنی و چەت ئەخەنە ناو ڕەوڕەوی مێژوی کورد و کوردستان.
گەزۆخۆرێکی تر
ئایا ژیانو چارەنووسی خەڵکی باشوور لەناو دەستێکی پاک و ئەمین دایە؟ ئەمە پرسیارێکی بە مەبەست داڕیژراوی رەفیق سابیر، کۆنە کۆمۆنیست و کۆنە ئەندامی پارلمانی کوردستانە کە لە چاوپێکەتنێکئ خۆیا لەگەڵ سپی میدیا ،هێناویەتە ئاراوە ولە ماڵپەڕەکەیان بەو ناونیشانە بڵاو کراوەتەوە http://speemedia.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=8635&Jor=23
دەقی پرسیارەکە خۆی هەڵوێست و بۆچوونی کابرای سابیر دەرئەخات کە دوژمنکارییەکی ڕوونی دەسەڵاتی سیاسی کوردستانی پێوە دیارە. وەڵامی ئاوەها پرسیارێک ئەرێ ێە و بەمەش تێکرای دەسەڵاتی کورد وەک بەرزترین دەسکەوتی بزاڤی نەتەویی کورد لە دوو سەدەی ڕابردووی خۆیا ئەخرێتە ژێر پرسیارەوە.
بۆ ئەوەی کە ناوەرۆک و مەبەستی سەماکەرانەی سابیر بۆ عرووبەی کۆنە هاورێی ئاشکرا بێت ئەوا پێویستە کە تێکڕای ئەو بڕگەیە کە بە پرسیارەکە کۆتایی پێهاتوە وەک خۆی بخرێتە بەرچاو لێرەدا.
"دەوڵەتی عێراق رێژەی پارەی نەوتی عێراق، روونکارانەو قانوونییانە، دەنێرێت بۆ پەرلەمانی عێراقو لەسەدا حەڤدەی پارەکەش دەدات بە حکومەتی هەرێم، کەچی دەسەڵاتی کوردی، چەندان ساڵە لە تاریکیدا نەوتی کوردستان دەفرۆشێت بێ ئەوەی پارەکەی بدات بە گەلەکەی. یان هەر نەبێت پەرلەمان (کە بە قانوون باڵاترین مەرجەعی گەلی هەرێمی کوردستانە)و لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان ئاگادار بکات کە داهاتی نەوتەکە چەندەو چی بەسەر دێت و دەچێتە گیرفانی کێ؟ ئایا رۆژی ئەوە نییە گەلی باشووری کوردستان لەخۆیان بپرسن: ئاخۆ ژیانو کەرامەتی نەتەوەییانو سامانو چارەنووسی سیاسیی خۆیانو وڵاتیان، لەناو دەستێکی پاکو ئەمیندایە؟!"
ئەمە بەڵگەی تەواوە کە سابیر وەک دەمڕاس و سەماکەری عرووبە ئەدوێ و تەنانەت درۆشی بۆ هەڵ ئەبەستێ. هەمووان ئەزانن و حکوومەتی باشوور ئاشکرای کردووە کە ئەو هەفدە لە سەدی پارەی عێراقیە قەت بە تەواوەتی نەگەیشتوەتە دەس ئەوان و درۆی سابیر پاکانەیێکی سەماکارانەیە بۆ حکوومەتی عێراق کە لە سەروبەندی چاوپیکەوتنەکەی سابیرا مووچە و نان و ئاوی لە کوردستان بڕیبوو. سابیر ئالەوەها هەل ومەرجێکا کە حکوومەتی باشوور شەڕی مووچە و نان و ئاوی خەڵکی کوردستانی بوو لە گەل حکوومەتی عێراق ، ئەداتە پاڵ عرووبە وکاری ئەوان بە روونکارانە و قانوونیانە ئەناسێنی و هینی حکوومەتی باشووری کوردستانیش وەک دز و دوور لە یاسا وڕیسای وڵات دەرخواردی خەڵک ئەدات. ئەم ئەفەندیە کۆنە پارلمانتارە تەنانت ئاگای لە یاسای بنەڕەتی (دەستوور) عێراقیش نیە و پێی وایە کە ماف و برابەشی کورد لە عێراق هەر ئەو هەفدە لە سەدی پارەی عێراقیە. ئەوەی کە کاروباری دەرهێنان و بەرهەم هێنانی نەوت و گازی کوردستان لە لایەن گەورەترین کۆمپانیای جیهانیەوە بەڕێوە ئەچێت و ئەوانەش هەر هیچ نەبێ لە بەر بەرژەوەندی خۆیان لەو ئاستەدا نین کە خۆیان لە کاری نایاسایی بدەن، بۆ پێڕی سابیر و سەماکەرانی عرووبە، جێگەی ڕامان و سرنج نیە. لەوانیە کە سابیری هۆگری عرووبە چاوی بەو پێشکەوتنە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەی کوردستان کە جێگەی ئافەرینی گشت جیهانە هەڵ نەیەت و عرووبە ئاسا پۆخڵی ئەکات و تانە وتەشەری ناڕەسەنانە و بی ىنەمای لێ ئەدات. نەشارەزایی و نەزانی ڕووتی ئەم کابرایە کاتێک دەرئەکەوی کە خەڵکی بەدەربەس و دڵسۆز بزانبن کە ئەوەندە دەسکەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییە لە باشووری کوردستان بەو بڕە پارەی لە هەفدە لەسەدا کەمترە، بە هیچ هێز و دەسەڵاتێک دابین و مسۆگەر ناکرێت.
داخم بۆ قەڵادزێ و خەڵک و هۆز و خێلی جەنگاوەر و کوردی ڕەسەنی دەڤەرەکە کە سابیر ئەبیتە دەمڕاسی و هۆگر و پارێزەری حارەبان و لە بەرژەوەندی وان لۆمەی دەسەڵاتی کوردی ئەکات وئیژێ
"ئەسڵی کێشەکە ئەوەیە کە ناکرێ دەسەڵاتی کوردی لە یەک کاتدا هەم لەسەدا حەڤدەی بودجەی عێراق وەربگرێت وهەم بە ئارەزووی خۆیو بە نهێنی لەپشت گەلی کوردستانو عێراقەوە، رۆژانە بایی دەیان ملیۆن دۆلار نەوت ڕوانەی دەرەوە بکات".
باشە خەڵکینە ئەمە هەمان گوتەی حکوومەتی عێراق و سەرۆکە نان و دۆ بڕەکەی نیە. باشوورێکە گرانترین دەرد و ئازاری هەڵەبجە و ئەنفال و کۆمەڵ کوژی و کاولکاری گشتی لە دەس عرووبە چەشت، ئابەم چەشنە دوژمنکارانە تانەی لێ بدرێت ، لە بەرژەوەندی کێە. بەلای سابیری کۆنە کۆمۆنیست و فرچک دراوی بیرۆکەی داگیرکەران "ئەسڵی کێشەکە" چەوتی کاروباری دەسەڵاتی کورد لە باشوورە و ئەو کابرا دوکتۆرە هیچ ناتەواویێک لە برایانی حارەبیەوە نابینێ و ئەوەی تاوانبارە بە تاقی تەنیا حکوومەتی باشووری کوردستانە.
لۆ جەفەنگ
ئەوە لە کنە خۆیشی سابیر شاعرە و لە شاعریەکەشیدا بە کیژۆلەی کاکۆڵ زیڕین هەڵ ئەدات کە وەک من لە بۆنەیەکدا پێم ڕاگەیاند بە هەڵەدا چووە و کورد کوڕی کاکۆڵ زێڕینی هەیە نەک کیژی کاکۆڵ زێڕین. ئەمەشم بۆیە هێنایەوە کە پێی بێژم کە ئەگەر ئەو وەک شاحرێکی کورد ئاگای لە چیرۆکی خییە ڕۆنەکەی قانع بوایەت ئەوا زۆر بۆی زەحمەت نەئەبوو کە جەنابیان ئەو خییە ڕۆنەی قانع ، ئیمرۆ لە سەر کۆڵان و ڕیگا وبانەکانی کوردستانا وەبینێ و ئەوجا باسی دزەکانی کوردستانی بکردبا و خۆشامایی و سەمای لۆ عرووبە بکردبا.
کورد لە کورد بێگانە کردنی کۆمۆنیستان
لە بڕگەیێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیا سابیر شەکرێکی تری زانراوی کۆمۆنیستانی شکاندوە کە شیاوی ڕامانە. ئەم ئەفەندیە داشۆراوە لە کورد و گیانی کوردانە و تواوەی ناو فەرهانگ و بیرۆکە داگیرکەران ئیژێ کە " پارتیو هێزە سیاسییەکانی تر مافی ئەوەیان نییە کە دەست بخەنە ناو کاروباری بەشەکانی دیکەی کوردستانو گرفتیان بۆ دروست بکەن " . زۆر پێشتر لەم، قاسملووی توودەیی هاوحزبی برای ئەمی شیوعی ئەو شەکرەی شکاند و سنووری دەسکرد و دابڕانی سیاسی کورد لەیەکتری وەک فرمانێکی چەسپاوی مێژوویی و نەگۆڕ لا پیرۆز بوو و وەک کابرایەک کە ڕێگای بە هیچ کەس نەئەدا کە خۆی لەم بە عەجەم و ئیرانیتر بزانێ، بەشەکانی کوردستانی وەک وڵاتێکی بێگانە ئەناسی و مافی بە خۆی نەئەدا دەس لە کاروباریان وەربدات و ئەو مافەشی بە کەس واتە بەشەکانی تری کوردستان نەئەدا خۆ لە کاروباری بەشەکەی ئەو هەلقورتێنن. ئەڵبەت ئەمەشی بۆ سەماکردن لۆ حەجەمان بوو چونکە دیتمان کە چۆن ئەو کابرایە بووە ناوبژی کەری رژیمی بەعسی سەدام و یەکیەتی نیشتمانیی و وەک گەڕانەوەی قەرزی ناوبژی کردنەکەی جەلال تاڵەبانی لە نێوان ئەوان و رژیمی مەلای عەجەمان، ئەبینی و تەنانەت لە کۆنفرانسی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانیشا وەک میوان بەشدار بوو و ئامۆژگاری هاورێیانی چەپی مائۆیی و چینی نەیاری ئایدیالۆژیکی خۆی کرد کە بەو بڕە قەرزەی سەدام پێی هەڵ ئەسوورێ بە کوردی بداتەوە بەس بکەن و جارێ هەر ئەوەندەی پێ هەڵ ئەسووڕی. قاسملو حزبە توودەییەکەی لە هۆتێلەکانی بەغا و لە ژێر چاوەدێری عەبدولخالق سامەڕایی دیسان ژیانەوە و خۆشی لە وەزارەتی تەختیتی بەعسی فەرمانبەری بالا بوو.عارەب ئەو جێگەی بوو لە ژیانی کۆمۆنیستانەی ئەودا بەڵام کوردستان بڤە بوو.
جەمیل بایک دەمراسی ئێستای پ ک ک ش لەم داویانەدا هەمان شەکری شکاند و سنوورە دەسکردەکانی لا پەسەند بوو و شکاندنیانی لە خۆە دوور خستەوە. لە هەمان کاتا ئەبینری کە دەزگای بانگەشەکەری پ ک ک شەو ڕۆژ دەهۆڵی ئەوە ئەکوتن کە گوایە لە باشوورن و شەڕی هۆڤانەکانی ئیسلامی ئەکەن. دەس تێ ورەدانی پ ک ک لە کاروباری بەشەکانی کوردستان زەقە و پێویست بە لە سەر ڕۆیشتن ناکات و ئەوەی ئەمێنێتەوە ئەوەیە کە مەبەست و ئارمانجی ئەو خۆتێهەڵقورتانە ڕوون بێتەوە کە ئەرێ بابەتە دەستێوەردانی پ ک ک لە بەرژەوەندی کوردە یان پان تورکیزم و بەعسی سووری. پ ک ک بە ئاشکرا دەریان بڕیوە کە بە پێچەوانەی هاش و هووشی جارانیان، بڕوایان بە کورد و ئازادی کوردستان وەک نیشتمان و نەتەوە نیە. کە واش بێت، کە هەر واشە و واتریشە، ئیتر هەرا هوریایان لە مەڕ کێشەی کورد لە بە شەکانی کوردستان چ واتا و مەبەستێکی نهێنی یان ئاشکرای هەیە و ئەو رێکخراوانەی سازیان کردوە لۆ بەشەکانی کوردسان بۆ چیە و شوێن چ ئارمانجێک کەوتوون. گرێدراوی پ ک ک بە بەعسی سووریەوە خویایە و هەمو زانیاریەکان لەم پێوەندیەدا ئەی سەلمێنن و لە کەس شاراوە نیە. کردەی پ ک ک لە پێوەندی لەگەڵ شەڕی نیشتمانی باشوورا بە گشتی و لە کارەساتە دلتەزێنەکەی شنگال و چیای شنگال و ڕەوشی لێقەوماوانی ئەو دەڤەرە، گومانی ئەوەی نە هێشتەوە کە پ ک ک ب هیچ ڕەنگێک لە بەرژەوەندی کوردا ناجوولێتەوە. ئەمەشیان بەس نەبوو و تاوانێ دزێوی کۆمەڵ کوژیان دایە پاڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە تەنیا لە خۆیان ئەوەشێتەوە بە هیچ کلونجێک نانووسرێ بە گیان و مێژوو و مێژینە و ناو ناوبانگ و کار وکردە و ئاکاری پێشمەرگەی کوردستانەوە . نەک هەر لای کورد بەڵکو ئیمڕۆ لە جیهانا نرخی پێشمەرگە هەڵی داوە و گەیشتوەتە ئاستێک کە پاپای واتیکان شەڕی پێشمەرگە بە ڕەوا ئەناسێنی و پشتی ئەگرێ. پ ک ک ئیمڕۆ ئەبی لەو کردە قیزێونەیانا لە پارلمانی ئاڵمانیا بناسرێت کە تێیدا بەرپەرچی سیاسەتی سەرۆکی ئەو وڵاتە ،مێرکل، یان دایەوە و داوایان لێ کرد کە یارمەتی بۆ کورد بەرێ نەکات. ئا ئەم پ ک ک ایە، زوڕیەتی عیسمەت ئینۆنۆی خائین و بیژوە کوردی گۆریینن و هەمان دەور ئەبینن.
سروشتی ژیانی کورد
لۆ خەڵکانی وەک رفیق سابیر و قاسملوو و هەباسی وەلی و پ ک ک و هاوپێڕانیان کە پیان وایە کە دابەش بوونی کوردستان ئیتر لێ بووەتەوە و جێ کەوتووە و هەربەشەو ئەبێ ملی ڕیگای خۆی بگرێ، پێویستە ئاماژە بە سروشت و مێژووی کۆمەڵگای کوردەواری وەک یەک تاکە یەکانەی نەتەوەیی و مێژوویی بکرێت تاوەکو دەربکەوێ کە تێنەگەیشتوویی و چەواشەکاریی ئەم پێڕە توواوە و فرچک دراوە بە بیرۆکەی داکیرکەران لە نەزانی رووت و بازرگانی سووک و چرووکی سیاسییانەوە سەرچاوە ئەگرێ. دەوری ٣٠ ساڵ لەمەوبەر کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان ئەم باسەی لە ناو بزاڤی کوردێنی دا هێنایە ئاراوە کە کورد بە گشتی لە هەموو کوردستانا و لە دۆخی پاش شەڕی جیهانی یەکەمی و بەرێوەچونی ناوەرۆکی پەیمانی سایسکس پیکۆی ئیستعماری-ئیمپریالیستی، دوو بابەتە پێوەندی بە سەریا داسەپا. یەکەمیان پێوەندی نەتەوەیی-نیشتمانی-فەرهەنگی تێکرای بەشەکانی کوردستانە بە یەکەوە کە درێژەی هەمان پێوەندی کۆن و مێژوویی کوردانە وەک یەک نەتەوە. دووهەمیان پێوەندی سیاسی-ئابووری داسەپاوە بە سەر هەموو بەشەکانی کوردستانە لەگەڵ وڵاتانی داگیرکەری کوردستان.
ئەوەی یەکەم پەیکەری کورد وەک یەک نەتەوە ئەپارێزێ و بە کردەوەش دژکاری ئەوەی دووهەم بووە. ئەوەی یەکەم رەگ و بنەچەی مێژووی هەیە و تەنانەت لە باری دەروونییەوە کورد بە گشتی حەزی لێیە و خولیایەتی و کەسایەتی بریندارکراویی کورد بوونی خۆی وەک مرۆڤ بە هەموو مافێێکی مرۆڤانەوە لەو پێوەندییەدا ئەبینێتەوە. ئەوەی دووهەمیش داسەپاوە و لە دژی بەرژەوەندی گشتی کوردە و بۆ کەسایەتی نەدۆڕاوی کورد وەک ژارە کە بەردەوام برینی دەروونی و جەستەیی ئەکولێنێتەوە. ئەوەی یەکەم پێوەندیێکی بە هێزە و لەگەڵ هەر پێشکەوتن و جووڵانێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا ئەبووژێتەوە و بە هێزتر ئەبێت. ئەوەی دووهەم بە پێچەوانەوە، بە هەر هەنگاوێکی پێشکەوتنخوازانە و مرۆڤانە لەق ئەبێت و ئەکەوێتە مەترسی سوورەوە. ئائەم ڕاستیە ماکەی هات و هاوار و هەڵپە و کەف چراندنی داکیرکەرانە کە ئەنووسێن بە داهۆڵی جیاوازیخوازی و خەلکی پێ ئەترسێنن و ڕاستیش ئەکەن و خۆیان لە هەموو کەس باشتر ئەزانن کە پێوەندی ئابووری-سیاسی داگیرکەر بە داگیرکراوە لە سەر هەوانتەیە بە تڕێ بەندە.
پێوەندی نەتەوەیی-نیشتمانی-فەرهەنگی کورد زۆر لە کۆنەوە دەوری هەرە زەق و کاریگەری بینیوە لە ژین و ژیانی کورد بە گشتی. لە مێژووی نوێمانا ئەکرێ ئاماژە بە چەند وێنە و نموونە بکەین لەوانە تێکەڵی هەمزەئاغای مەنگوڕ لەگەڵ شێخی نەهری، پێوەندی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی (کاکە) بە بزاڤی خۆیی بوون و جەحفەرخان و سمکۆی شکاکان، پێوەندی سمکۆ بە شێخ مەحموود، بەشداری مەحموود خانی دزڵی ( پاڵەوانی شەری یەکەمی ) لە شەڕی ڕزگارکردنی سلێمانی ،حزبی هیوا و کۆمەلەی ژ ک ، شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا لە مهاباد، دەستەواژەی سەر خەت و بن خەت، گەرمیان و کویستان. لە دایک بوونی مەسعود بارزانی لە مهاباد و زۆریکی تری بەچکە پێشمەرگە کە لە گەرمیان و کویستانا لەدایک بوون، بەرهەمی زیندووی زیندویی ئەم دیاردەن لە ژیانی کوردا. ڕەنگدانەوەی ئەم پێوەندی نەتەوەیی-نیشتمانی-فەرهەنگی لە فەرهەنگی سەرزاریی و بەستەی هۆزانوانان و گۆرانی و مەقام و بەیت و لاوک و حەیرانا، با دابنێن لۆ لێکۆلەرانی پسپۆڕ لە زانکۆکانی کوردستان.
تێکرای شەڕی کورد بە هەموو شێوەکانیەوە هەر لە شەڕی بەرگریەوە هەتا شەڕی ڕزگاری و شەڕی نیشتمانی و لە گشت قۆناخێکی مێژوویی دا لە دژی پێوەندیە ئابووری-سیاسی یە داسەپاوەکە بووە. بەڵام لەم سەردەمە نویێەی ئێمەدا و شەڕی کورد لە دژی ئەو پێوەندیە داسەپاوە، شەڕەکە خۆی خزاندوەتە ناو ڕیزی کوردان و بووەتە دیاردەیێکی ناوخۆیی کوردستان. گەزۆخۆرانی ئەو بەرەیە بە پارێزگاری کردن و داکۆکی کردن لەو بابەتە پێوەندییە نا سروشتییە یەک ڕاست چووەتە ڕیزی داگیرکەران و لە خزمەتی ستراتیژی وان دان. کەسانی وەک سابیر و وەلی و قاسملوو لە سەر بنەمای ئەو پێوەندیە پەروەردەکراون و بۆ ڕاگرتن و هێشتنەوەی ئەو پێوەندیە کاریان کردوە. بەرهەم و ئاکامی درێژخایەنیی پێوەندی سیاسی-ئابووری داسەپاو کە لێرەدا وەک پاشاخۆڕی داگیرکراویی باسمان لێوەکرد، سەرچاوەی شەڕی ناوخۆیی و تێکرای ئەو ئاریشە سیاسی و کۆمەڵایەتی یانەیە کە لە هەل و مەرجی هەنووکەیی کوردساتنا سەریان هەڵداوە.
دەستی دەرەکی
پێوەندی نەتەوەیی-نیشتمانی-فەرهەنگی کورد هەمیشە خاڵی بەهێز بووە لە جوولانەوەی ڕزگاریخۆازی کورد. هێزە ڕەسەنە نەتەوەیی و پێشکەوتنخوازەکانی کورد داکۆکیان لێ کردوە و کەڵکی باشیشیان لێ وەرگرتوە. ئەم پێوەندیە هینی کوردە و ئەبی تەنیا کورد کەڵکی لێ وەربگرێت. بەڵام شارەزایان لە مێژووی کورد ئاگادارن کە حەجەمان لە کۆنەوە کەڵکی خراپ لەم پیوەندیە وەرئەگرن. کاتی خۆی ناسیونالیستی سەرچڵ و دەمارگرژی عەجەم ئایدیۆلۆژی پان ئیرانیستیان کردە کەرەسەی دەست تێوەردان لە کاروباری "برادەرانی ئاریایی ئەو دیو سنوور"ەوە کە بۆ مەبەست بۆ باشووری کوردستانیان بەکار ئەهێنا. دەسەڵاتی عەجەم لە خواروو و سەرووی سنووریان لەگەڵ عاەرب دوو ئامرازی کاریگەریان بەدەستەوەیە. لای سەروو وەک باسمان کرد خزمایەتی کورد و عەجەم لە باری زمان و فەرهانگ و مێژوو و لە لای خوارووش ئایینزای شێعە و بوونی خەڵکێکی زۆری بە ڕەگەز عەجەم لە دەور وبەری مەزارگەی شێعەکان مەیدانێکی بەرفرە و ئاوەڵای لۆ عەجەمان کردوەتەوە لۆ دەستێوەردان.
ئەم فرمانە تەنیا لۆ عەجەمان ئەلوێ و تورکان لەم پیت و خێر و بێرە بێ بەشن. لۆ پڕ کردنەوەی ئەم کەلێنە لە سیاسەتی دەستێوەردان و پاراستنی بەرژەوەندی، ترکان لە ڕیگەی پ ک ک و بە یارمەتی ئەوان کەڵکی خراپ و پیس لە پێوەندی نەتەوەیی-نیشتمانی-فەرهەنگی کورد وەرئەگرێ. درگای دەستێوەردان لۆ پ ک ک کە خۆی وەک ڕێکخراوێکی نەتەوەیی کورد ناساند، ئاوەڵایە و ئەوەتا پ ک ک لە هەر چوار بەشەکەی کوردستان دەستی هەیە. کورد بە گشتی ئەبێ چۆن ئەم پەل هاوێشتنەی پ ک ک بۆ ناو بەشەکانی تر ببینێ. با جارێ بزانین کە ئەرێ پ ک ک خاوەنی ئەو بیر و هزرە نەتەوەییە ڕەسەنەی کوردە کە بە گوێرەی ئەو پ ک ک بیەوێت لە پێوەندی نەتەوەیی-نیشتمانی-فەرهەنگی کورد بۆ پێش خستن و پێش بردنی دۆزی کورد بە گشتی کەڵکی بە جێ و گونجاو وەربگرێت؟ وەڵام، بێ سێ ودوو نا یە. تراویلکە و دێوجامەی هەڵ خڵەتێنەرانە و درۆزنانەی کوردێنی پ ک ک ئیستا بووەتە بلقی سەر ئاو و ئیتر کەس بە گەز و ڕبەی ناپێوێ. پ ک ک ئیتر ئیستا بە ئاشکرا وازی لە دۆزی کورد هێناو و بە گوتەی سەر وژیریان، بڕوایان بە کورد و ڕزگاری کوردستان و دەسەڵاتی کوردی نیە. بە لای پ ک ک و تیئۆریە نوێ داتاشراوەکەی سەرکردەکاینان دەوڵەتی نەتەوەیی شتێکە قخەیە بۆ کورد، بەڵام تێئۆریە بێ بنەماکەیان تورک و نەتەوەکانی تر ناگرێتەوە. بەگوێرەی ئەم هەڵیت وپڵیتەی پ ک ک بێت ئەوا ئەبێ تێکڕای دام و دەزگای دەوڵەتی جیهان هەڵ بوەشێنێنرێتەوە و جیهان بە شێوەی خۆسەری دێموکراتیانە بەڕێوە بچێت. پ ک ک لە تێگەیشتنی جیهانی نوێ داماوە و تێکشکاوە و ئاوڕ لە دواوە ئەدات و بە بەرێوەبەری خۆسەری یەکەی مرۆڤایەتی ئەباتەوە بۆ چاخی پێش شارسانیەت و هێنانە ئارای پەیمانی نیشتمانی ( میساقی میللی) کۆن نیشانەێکی تری ئەم بەرەو پاش گەڕانەوەی پ ک ک یە.
سەبەتەیەک تز و تزەڵۆک و بیرۆکەی ناتەبا و دژبەر بە یەک لە لایەن پ ک ک ەوە لە ماوەی یەک دوو ساڵی رابردوودا هاتوەتە گۆڕێ کە بێ سەرەوبەرەیی ئایدیۆلۆژیکی و ڕێکخراوەیی و کردەویی ئەوان دەر ئەخات. خەباتی چەکداریش بە گوێرەی تێگەشتنی نویێ ناو گرتووخانە ئیتر ماوە مێژووییەکە بەسەر چووە. پ ک ک بڕوای بە خەباتی چەکداری نەماوە بە ڕواڵەت و بە تەمانە بچنە سەر ڕێچکەی کەماڵ بۆرقای و کەنداڵ نەزان. ئەگەر ئەمەیان ڕاست بێت ، ئەو ئەبی پێش چەک دانانیان، ئەو سێ بەشەی خۆیان لە ڕۆژهەڵات و باشوور و ڕۆژئاوا هەڵ وەشێننەوە و ئاش بەتاڵیان پێ بکەن. خۆ ئەمانە هاووڵاتی تورک نین و ناتوانن لە چوارچێوەی کۆمەڵگای تورکا بەکار بهێنرێن و درێژەی کاروباریشیان لە وڵاتانی خۆیان چ بە شێوەی چەکداری چ سیاسی ئەچێتە خانەی دەس تێوەردانی ڕاستەوخۆ و دژی یاسا وڕێسای ناونەتەوەییە.
بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ڕاستییە کە پ ک ک بە ئاشکرا وازی لە دۆزی نەتەوەیی کورد هێناوە و وەک جەمیل بایک ڕایگەیاندوە ڕێز لە سنوورە دەسکردەکان ئەگرن، ئیتر ئەم ئەفەندیانە خەریکی چین لە قەندیل ( داخم بۆ قەندیل کە پ ک ک بۆ یەکەم جار لە مێژووی ملیون ساڵەیدا بە زمان و فەرهەنگی تورکی پۆخڵی کرد) و بەزم و گەمەی کانتۆن بازیان لە ڕۆژئاوا لە سەرکام بنەمای بیر و هزری ڕێکخراەوکەیانە. لە وەڵامی ئەم بابەتە پرسیارانە، پێویستە کارو کردەی پ ک ک لەم دوایانە و لە پێوەندی لەگەڵ شەڕی نیشتمانی کوردستانا و کارەساتی شنگالی کوردستان و خوشک و برای شنگالی ڕەچاو بگیریێت. پ ک ک هەڵپەی ئەوەی کرد کە دۆخی کارەساتەکە بقۆزێتەوە و کەڵکی خراپ لە ئایین وئۆلی ئیزیدایەتی وەربگرێت ( وەک چۆن ئەمەی لەگەڵ ئایینی عەلەویی لە سووریا کرد) و خەونی کانتۆنی شنگالی ئەبینی. رێی لە هێزی هاوبەشی کورد و ئامریکا گرت لە ڕزگارکردنی بە پەلەی شنگال و سووک کردنەوەی دەرد و ئازاری شنگالیان کە بە دڵنیاییەوە وەک ڕەشترین خال لە دیرۆکی پ ک ک دا تۆمار ئەکریێت. هەوروەها نەیان هێشت یارمەتی مرۆیی بگاتە لێقەوماوانی شنگال. لە دۆخی شەڕی نیشتمانی کوردستانا دەسیان کرد بە دەهۆڵ کوتان و زۆڕناژەندنی دووبەرەکی و دژی هێزی پێشمەرگە لە هیچ بانگەشەیێکی دوژمنکارانە سڵیان نەکردەوە. دوژمنکاریان گەیاندە ئەوەی کە بۆختانی کۆمەڵ کوژی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەڵببەستن و بەئاشکرا و لەوپەڕی ڕوودامالڵیەوە داوایان لە وڵاتانی ئاورووپا و ئامریکا کرد کە یارمەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان نەدەن. کار و کردە پ ک ک ئەوە ئەنوێنێ کە ئەوان لە سەر چزن بۆ شەڕی ناۆخۆیی.
ئەم کار و کردانەی پ ک ک لە کاتێکدایە کە شەڕی نیشتمانی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بوەتە فرمانێکی جیهانی و تێکڕای جیهانی مرۆڤایەتی لەگەڵدایە و پشتی ئەگرن. نرخ و ڕێزی پێشمەرگە گەیشتوەتە ئاستێک کە پاپا وەک بەرزترین پلەی دەسەڵات و ڕێبەری جیهانی کریستان ئافەرین لە پێشمەرگە ئاکات و شەڕەکەیان بە ڕەوا ئەزانێ کە خۆی لە خۆدا گەورەترین سەرکەوتنە بۆ کورد و هێزە جەنگاوەرەکەی. کاردانەوەی پاپا لە مەڕ کورد و شەڕی نیشتمانی کوردستان مێژویی یە و بێ وێنەیە لە مێژووی جیهانی ڕۆژئاوا و جیهانی ڕۆژهەلات. ئەوەی پ ک ک بە پێچەوانە و دژی هەموو جیهانی مرۆڤایەتی ئەجوولێتەوە و دوژمنایەتی کورد ئەکات تەنیا لە بەرژەوەندی رژیمی بەعسی سووری بەراتدەر و قورمیشکەرەکەیانە کە لە دواڕۆژ و ساتەکانی ژیانیا ئەیەوێت دەعبا دڕ و هۆڤانەکەی داعش بە زیندویی ڕابگرێت و وەک پیشتر، لۆ کز و لاواز و بێ نرخ کردنی نەیارانی ڕاپەڕیوی خۆی د کاری بێنێ. هەڵپەی ئابڕووبەرانەی پ ک ک لە دوژمنکاری کورد و شەڕی نیشتمانی کوردستان کە بووەتە شەڕی هەموو جێهان، لە ڕاستیدا لە خزمەت داعش دایە بۆ ئەو مەبەستەی رژیمی بەعسی سووری.
گاڵتەجاڕی کوردستانی بوونی سەماکەرو دەمڕاسانی عرووبە
جا خەڵکینە دەبا بزانین کە سابیری دوکتۆر و چەواشەکاری کۆمۆنیست دیاردەی پ ک ک لە میژووی کوردا، چلون هەڵ ئەسەنگینێ و چلونی لی تێگەیشتوە. ئەو ئەفەندیە لە بڕگەیێکی تری چاوپێکەوتنەکەیا باسی پ ک ک ئەکات و ئێژێ :
" رەنگە کلیلی چارەسەری پرسی هەموو کورد لە باکووری کوردستان بێت. ئەمەش لەبەر ئەوە نییە باکووری کوردستان، بە خاک لە بەشەکانی دیکەی کوردستان گەورەترەو دانیشتوانیشی زۆرترن، بەڵکو لەبەر ئەوەیە لەوێ بزاڤێکی رزگاریخوازیی راستەقینە، بە رابەری پارتی کرێکارانی کوردستان دەرکەوتووە، کە توانیویەتی بە پشتبەستن بە گەڵ، نەک بە داگیرکەرانی کوردستان، رابوونێکی چەکداریو سیاسی بەرپا بکاتو خەباتی چەکداریو مەدەنی، شاخو شار، پێکەوە گرێ بدات، مۆدێلێکی نوێی سیاسیو خۆبەڕێوەبردن دابهێنێتو بە جۆرێکی دامودەزگایی کار بکات. لە هەمانکاتدا خەباتی چەکداری لە هەڵاتن لە شارو کوردکوژیو چەک هەڵگرتن بۆ داگیرکەرانو راووڕوتەوە، بگۆڕێت بە ئامرازێکی خەباتی رزگاریخوازی. بزاڤی رزگاریخوازیی گەلی باکووری کوردستان کولتوورێکی نوێی سیاسی، پرینسیپو دیسپلینو ئەخلاقی نوێی سیاسیی لەگەڵ خۆی هێناوە، بۆیە بەلای زۆرەوە خۆری کورد لە باکووری کوردستانەوە هەڵدێت."
ڕقی کوێر و نەخۆشیی دەروونی بە جۆرێک ئەم پاشآخۆڕی داگیرکراوییەی کوردستانی داگرتووە کە نەک هەر خۆی کوێر کردوە بەڵکو هەمو خەڵکی تریشی پێ کوێرە. خۆری کورد هەڵ هاتووە ئەفەندی بیزانە، لە باشووریشەوە هەڵ هاتووە و تیشکەکەشی سەرتاپای کوردستانی داگرتوە و سیاسی و نا سیاسی کورد ئاوای ئەبینن و هیچ کەسیش بەتاڵ دانەنیشتوە و چاوەرانی شەکر شکاندنی تۆ و هابیر و هاو پێڕەکانت بکات تا لە سەری ساخ ببنەوە. کارەساتی ژیانی کورد لە باکوور لە ژێر دەسەڵاتی فاشیستی کەمالیستەکانا لە هەموان ڕوونە. بەشە گەورەکەی نیشتمانەکەمان بڕستی ژیانی ئاسایی جا وەی لەوەی ژیانی سیاسی، لێ بڕا بوو. ئەوەی ئەیەوێت لەو کارەساتە گەورە وگرانەی کوردی باکوور فرەتر ئاگادار بێت با بچیت بەلانی کەمەوە بیرەوەریەکانی ئاپێ مووسا ئەنتەر، کۆڵەکەی خۆڕاگر و بە هێزی کورد لە باکوور، بخوینیتەوە و دەرد و ژیانی کوڵەمەرگی باکووریان لە زمان و خامەی بە پێزی ئاپێ مووسا ببیسێت کە خۆی یەکەمین کەسە کە لەگەڵیا ژیا و بەربەرەکانێی لە دژی کرد و گیانی پاکیشی لە پیناوا بەخت کرد. ڕێز و پێزانینی هەموو جیهانی پێشکەش بێت. ڕەگەزپەرەستانی دەسەڵاتداری کەمالیستی تورک گەنجە و پاڵە و ئاگری و دێرسیمیان لە خوێنا نوقم کرد و بڕستی لە گیانی شۆڕشگیری و جەنگاوەرانەی کوردی لە باکوور بڕی. پ ک ک ای هاوبیری سابیریش لەم دوایانەدا هەموو هێما و نیشانی نەتەوەیی کوردی لە باکوور کوێر کردەوە و ئاڵای کورد و ناوی پێشمەرگە بڤە کرا. سابیر، یان ئەوەتا ئاگای لە مێژوو و مێژینەی باکوور نیە و لە گوێی گادا نووستوە، وەک دەری ئەخات، یان ژی مێژووی کورد چەواشە ئەکاتەوە بە مەبەستی دوژمنکاری لەگەڵ باشوور. ئەگینا باکوور بە کام وزە و کێشی گەشەکردوو و خەمڵاوە ئەتوانی ئەو دەورە ببینێ.
لۆ کەسانێک کە بڕێک ئاگاداری بارودۆخی کوردستان لەم چەند دە ساڵەی دواییدا بن، ئەوە ئاشکرایە کە تیشکی خۆری هەڵ هاتووی کورد لە باشوور، باکووری بە زەقی و کاریگەرانە گرتوەتەوە و ئەوەی دەسەڵاتدارانی کورد کۆژی تورکی هێناوەتە کەوان لە باکوور، باشوور و دەسەڵات و دەسەڵاتدارانی باشوورە و پ ک ک لە خولقاندنی ئەو دۆخەی ئیستای باکوور دەوری نەبووە، راست بە پێچەوانەی چەواشەکاریەکەی جەنابی رفیق سابیر. ئەوەی باشوور کردویە و ئەیکا بۆ پێش بردنی رەوت و بزاڤی رزگاری نەتەوەیی چ لە بواری ناوخۆیی و گەشە و نەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی چ لە بواری سیاسەتی دەرەوە و بە گشتی و بواری کوردێنی بە تایبەت، بەرهەم و ئاکامی میژووێكی دوور و درێژی زیاتر لە سەد ساڵەێ باشوورە کە لە شێخ عەبدولسەلامی بارزانی یەوە دەس پێ ئەکات و شێخ ئەحمەدی بارزانی و شێخ مەحموود درێژەی پێ ئەدەن و مستەفا بارزانیش گەیاندیە لووتکە و پاشانیش بە شۆرشی نوێی پارتی و یەکیەتی بەردەوامی رەوتەکەی مسۆگەر کرد و ڕاپەڕینی بەربڵاوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە ئاکامی گەیاند.
یەک لە کردە یەکجار نەرێنیەکانی پ ک ک لە باکوور و ڕۆژئاوا ئەوەیە کە لێک گرێدراویی مێژویی رەوتی کوردایەتی لەو دوو بەشەی کوردستان پساند و بەمەش کوردی ئە دوو بەشەی کوردستانی لە مێژووە هاوبەشەکەیان دابڕی و کوردی وەک دۆم و قەرەجی کۆمۆنیستانە لێکرد. هەر بۆیەش هیچ ئاسەوارێک لە خۆیی بوون و شؤڕشی شێخ سەعید و شؤڕشی ئاگری و شؤڕشی سەید رازا لە دێرسیم لە ناو پ ک ک دا نابینرێ و ئەو شتەش بە سووکایەتی بۆ خۆیان ئەزانن. سەیرش لەوەدایە کە رفیق ئەفەندی تەنیا پ ک ک بە بەدی هێنەری خۆری کورد لە باکوورا ئەبینی و میژوو و بەرهەمی مێژووی رەوتی خەباتکاری و شۆڕشگێڕیی بە لای جەنابیانەوە شوێنێکی نیە کە بیکاتە بنە ما لۆ بۆچونە چەواشەکاریەکەی لە مەڕخۆری کوردستان.
ئەزموون و کارەساتی ڕۆژهەڵات
چارەنووسی تاڵ و پڕئازار و بڕست لێ بڕاوی رۆژهەڵاتی کوردستان وانەیێکی مێژوویی تفتە کە ئەبێ تێکڕای کورد بە وردی لێی فێر بن. پەتای کۆمۆنیزم ئەم بەشەی کوردستانی گرتەوە و بە لارێی دا برد و لە ڕەوتی ڕەسەنی کوردایەتی دابڕان. ژیلەمۆی شؤڕشی سمکۆ لە شەڕی جیهانی دووهەم لە دەڤەری ورمێ گەشایەوە و زۆر چاک هەڵیدا و پاشانیش بە پیلانی کۆمۆنیستی عرووسان کە ناوچەکاەیان داگیر کردبوو، دامرکایەوە و کۆمۆڵەی ئازادیخوازان کرمۆڵەی تێکەوت و پووکایەوە. کۆمەڵەی ژ ک لە سەر دارو پەردووی کۆمەڵەی ئازادیخۆازان لە ڵایەن سەرکردایەتی گشتی کورد سازکرا. ژ ک درێژەی رەوتی رەسەنی کوردایەتی بوو و زۆر بە خێرایی هەموو کوردستانی تەنیەوە. گیانی ڕەسەنی کوردی و شێوازی ڕێکخستنی داهێنەرانە و ژیانەوەی ڕەوتی ڕەسەنی ژیانی کوردەواری و فەرهەنگ و وێژە و بێژەی کوردی، ژ ک ی کردە جێگەی هیوا و دڵگەرمی تێکڕای کورد و دوژمنانی کورد زراویان لێی تۆقی. باقرۆفی فاشیست-کۆمۆنیست بە چەشنێک لە ژ ک تۆقیبوو کە پێی وابوو ژ ک ئەبێتە هۆی هەڵگرسانی شەڕی سێهەمی جیهانی. هەر بۆیەش بەرنامەی لەناو بردنی ژ ک یان داڕشت و ئەو کۆرپە سیاسیە ساوایەی کوردیان کوشت و لە ناویان برد و حزبی دێمۆکراتی بابەتە عرووسی و وێچووی دێمۆکراتی ئازەربایجانیان لە سەر پەیکەری کوژراوی ژ ک ساز کرد. کێشەی کورد وەک نەتەوەێیکی کەون ئارا دابەزییە سەر کێشەی ئەنجومەنی شارێکی گچکەی وەک مهابادی ئەودەم.
ڕۆژهەلات لەو کاتەوە لە بزاڤی گشتی کورد دابڕا و هەتا ئیڕۆ ژی بە دابڕاوی ماوەتەوە. کۆمۆنیستان جڵەوی کاروباری سیاسی کوردی ڕۆژهەڵاتیان گرتە دەست و کارەسات لە دوای کارەساتی بە سەر هێنا و ئاکامەکەشی ئەو دۆخە سارد و سڕ و وڕەی ئیستای ڕۆژهەڵاتە. تەنیا یەک جار و لە ساڵانی ٦٠-٥٠ سەرکردایەتی کورد، شێخ لەتیف و حەمە ڕەشید خان و کامەران بەدرخان و پاشانیش بارزانی گەورە، دوای گەرانەوەی لە سۆڤیەتستان، ویستیان ڕەوتی کوردایەتی ڕەسنی کوردی لە ڕۆژهاڵات ببووژێننەوە و جڵەوی کاروباری ڕۆژهەڵات لە چنگ کۆمۆنیستانی توودەیی -عرووسی دەربێنن کە هەتا کۆنگرەی دووی حزبی دێمۆکرات هات بەڵام لەوە زیاتر نەچووە پێش و ئەم ستراتیژیەش پەکی کەوت هەتا قاسملو حزبی توودەکراتی (وەک لە ناو خەڵکا ناویان ئەبەن ) لە بەغا بووژانەوە و کۆتایی بە هەوڵی سەرکردایەتی کورد لە مەڕ رۆژهاڵات هێنا.
ململانێی کۆمۆنیزمی عرووسی و چینی بە خەسار و کارەساتی خوێناوی و ماڵ وێرانکەر بە سەر کوردا شکاوە. لە باشوور بەزمی بەکرەجۆ و شەڕی ناوخۆیی لێ کەوتەوە. پریشکی بەکرەجۆ رۆژئاوا و لەویش زۆر کاریگەرتر، ڕۆژهاڵاتی گرتەوە. ئاکامی بەزمی بەکرەجۆ بۆ ڕۆژهەڵات شەڕی چەکداری بەرتەسک و کەم خایەنی ٤٦-٤٧ بوو کە تێکەڵەیەک بوو لە کۆمۆنیستی عرووسی و چینی وکوردی دابڕاو لە شؤڕشی گەرمیان و پیاوانی ساواکی قولیزادە کە ئاخرەکەی بووە کارەساتێک و پەڵەیەک بە ناوچاوانی بزاڤی کوردی. بەکرەجۆ چێشتە مجێورێکی سیاسی سەیر و سەمەرە بوو. کۆمۆنیستی چینی عەجامان و عارەبان و کوردی باشوور و ڕۆژهەڵات و دام و دەزگا سێخۆڕیەکانی عەجەم و عارەب و فرێد هاڵیدەی کۆمۆنیستی مائۆیی ئینگلیزی و مامۆستایان، پێکەوە یەکانگیر بوون لە دژی شؤڕشی کورد لە باشوور بە سەرکردایەتی بارزانی گەورە. لەگەڵ پەیمانی ١١ی ئازار بەکرەجۆ بڵاوەی پێکرا. بەڵام دوای شکانی شەڕی ڕزگاری باشوور لە ٧٥ بەکرەجۆ خۆی لە هەر دوو بەشی باشوور و ڕۆژهاڵات ڕێکخستەوە و بەشە کۆمۆنیستیەکەی لە کۆمەڵەی مارکسیست لنینست کە دواتر کردیانە کۆمەڵەی رەنجدەران لە باشوور و کۆمەڵەی شؤڕشگێڕی زەحمەتکێشان کە پاشان کردیانە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئیران، سەریان هەڵدایەوە.هۆی کاریگەری بەکرەجۆ لە سەر ڕۆژهەڵات ئەگەرێتەوە بۆ دەس تێوەردانی رژیمی قولیزادە (ئیران ) لە کاروباری باشووری کوردستان کە بە هۆی کوودەتای قاسم و تێکەڵاوی ئەو لەگەڵ عرووسان و عەبدولناسری دوژمنکاری قولیزادە، چڕ و پڕ تر ببوەوە. لە ڕۆژهەڵات سێ کوچکەی بۆکان-سنە-مەریوان ( سەلاحی موهتەدی-ئەحمەدی موفتیزادە-فاتێحی شێخولئسلامی ) لە ژێر چاوەدێری محەمەدی مەردووخ ولە پێوەندی لەگەڵ بەکرەجۆ و ساواک کاروباری هەڵپەی دژی بارزانیان درێژە پێدا هەتا ڕووخانی رژیمەکەی قولیزادە. موفتیزادەی زاوای موهتەدی لە خوشکی سەلاح و سێ کوچکەکە دابڕا و بەرەو مەلای عەجەمان ڕایکێشا و کەوتە دوژمنایەتی کۆمۆنیستانی کۆنە هاوسەنگەری کە سەلاح بە یارمەتی کۆنە هاوڕێیانی بەکرەجۆ لە ژێر ناوی کۆمەلە رێکی خستنەوە و ئاخرەکەشی سەری لەو رێگایەدا تیاچوو. پاش دابڕانی موفتیزادە و تەپینی سیاسی فاتێح بە هۆی هەڵدانی فوئادی موستەفاسوڵتانی دوای ڕاپەڕینی ٧٩ کە ڕەنگە بوبێتە هۆکار بۆ ئەوەی فوئادیان بە تەنیا باڵی بە گورگان خوارد دا، سەلاح بوو بە تاکە ڕمبازی مەیدانەکە و حێل و حەشرەتی پآش ماوەی مەغوولەکانی بۆکانی خزمی بە ئامیانی کۆمۆنیستی چینیەوە لە خۆی خڕ کردەوە. بەم شێوە ڕۆژهەڵات کەوتە بەر بەزەیی شمشێری دوو دەمی کۆمۆنیستی عرووسی و چینی، لەلایەک توودەکراتی عرووسی ولە لایەکیتریشەوە کۆمەڵەی پێڕەوی کۆمۆنیستی چینی و خەڵک و خاکی کوردستانیش بووە مەیدانی ئەو شەڕە کۆمۆنیستیە.
کۆمۆنیزمی چینی و ئیمپریالیزمی سەرمایەداری رۆژئاوا
تێکەڵی کۆمۆنیزمی چینی بە ڕۆژئاوای ئیمپریالیستی دیاردەیەکی ناوازە و سەیر و سەمەر بوو کە چینیەکان بنەمای ئادیۆلۆژیکی و سیاسیان بۆ سازکرد و ڕۆژئاواش کەرسەی بەکار هێنانی ئەو تێکەڵیەی ڕێکخست لە ئاستی جیهانیدا. چینیەکان وایان نیشان ئەدا کە هاوکاریی کۆنە ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی کە پەکی کەوتووە و لە هەرەس هێنانە و مەترسی بۆ گەلان وکرێکاران لە ئیمپریالیزمی سووری تازەپێگەیشتووی رووسی کەمترە، فرمانێکی پێویست وشؤڕشگێڕییە. ڕۆژئاوا کورد گوتەنی دەرروویێکی خیری لۆ کراوە و بە چەکی ئادیۆلۆژی کۆمۆنیستی چینییەوە لە ئاستی جیهانی بە کوردستانیشەوە، کەوتە ململانێی کۆمۆنیستی روسسی و بەزمی شەری سارد کەوتە قۆناخێکێ نوێوە. ئەوەی کە کۆمۆنیستی چینی ئەو ئاکار وکردەوەی لە خۆیەوە نیشاندا ، هەڵ ئەگەڕێتەوە بۆ هەڵدانی کۆمۆنیزم لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کە لە بنەڕەتدا لەلایەن ڕۆژئاواوە و بە تایبەتی فەرانساوە رێکخرا تا رادەیەک کە کۆمۆنیستانی ئەو ناوە وەک هووشی مین و دەنگ شیائۆپینگ خۆیان لە ڕیزی پارتی کۆمۆنیستی فەرانسە و لە دامەزرێنەرانی بوون.
کۆمۆنیزم لە چین وەک کەرەسەیەکی سیاسی دکار ئەهێنرا و گوتە نەستەقەکەی دەنگ شیائۆپینگ لە مەڕ مشک و پشیلە ئەم ڕاستیە ئەسەلمێنێ. دەنگ پێی وابوو کە ڕەنگی کتکەکە سوور یا ڕەش بێت گرینگ نیە بەلکو گرینگ ئەوەیە کە مشک بگرێ. ئەم تیڕوانین و وتە نەستەقە کە لە فەرهەنگی کۆنی چینییا باو بوو، ماکە و ناوەرۆکی کۆمنیستی چینی دەرئەخات. ئەوەی پێوەندی بە باسەکەی ئیمەوە هەیە ئەوەیە کە ڕۆژئاوا بە بەربڵاوی لەو دەرفەتەی کۆمۆنیزمی چینی لۆیانی ڕەخساندبوو، ئەوپەڕی کەڵکێ وەرگرت و نوینەران و هەڵسووڕاوانی ئەو ڕەوتەش بە جل و بەرگی کۆمۆنیستی یەوە دەوریان ئەگێڕا. یەک لەوانە کە پاشان بووە دەمڕاس و ئیدەئۆلۆگ و تێئۆریسیەنی ڕەوتەکە، فرێد هالیدەی بوو کە لە کوردستان بە تایبەت بەشی ڕۆژهەڵات شوین دەستی لە بەکارهێنانی بزووتنەوەی زگاریخۆازی کورد بۆ ئارمانجی تایبەتی ڕەوتەکە و پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئیران بە زەقیەوە دیارە. بوونی کورشی لاشایی عەجەم لە بەکرەجۆ و دەستیان لە شەری چەکداری ٤٦-٤٧ ی ڕۆژهالات و پاشان گەرانەوەی بۆ ساواک و دام دەزگای سەرکوتکەری قولیزادە، نموونەی بەرچاوی دەوری تێکدەرانەی ئەو رەوتە کۆمۆنیستی- کاپیتالیستی یە لە کوردستانە.
کودەتای پاریس و کرماشان
بڕێک قووڵتر و بەرفرەتر بڕوانینە کێشەی و ئاریشەی کۆمۆنیستی لە کوردستان، ئەوا ئەگەینە پاریس و تاران و کرماشان. خەلکی ئاگاهدار ژ رەوشی کوردان زۆر چاک ئەزانن کە میرکامەران بەدرخان وەک دوا پاشماوەی چالاکی ئەو مالباتە ، کۆڵەکەی کورد و کوردایەتی بوو و دەوری هەرە کاریگەر و چارەنووس سازی لە بزاڤی کوردێنێ هەبوو کە لە ڕێز و پێزانینە بارزانیانەکەی بارزانی گەورە لەو میرخاسەی بەدرخانیی لە کۆنگرە پارتی لە حاجی ئۆمەران، رەنگ ئەداتەوە. میرکامەران کرایە ئارمانجی کۆمۆنیستان و دزەیان کردە دەوروبەری و پاش لە ناوبردنی نوورەدین زازا (کریوێ ) کە میر وەک جێگری خۆی دەسنیشانی کردبوو، کوودەتایێکی بە خشەکەیان لە میر کرد و تێکرای دەسکەفت و پاشماوەی ئەو پیرە جەنگاوەرەیان لە سەرخۆ تاپۆ کرد و کەنداڵ نەزان و کەماڵ بۆرقای و قاسملوو جێگەیان گرتەوە. لە لایەکی ترەوە کوودەتایێکی لەو چەشنە لە رادیۆ کرماشان کە دەسکەوتی دیپلۆماسی میر کامەران ، بە پالەپشتی شؤڕشی بارزانی ، وەگەردی ڕژیمەکەی قولیزادە بوو، بەرێوە چوو. حەسەن زیرەک یەکەم و بەرچاوترین قوربانی ئەو کودەتا بوو کە بەکرەجۆ و گرێدراوانی بەکرەجۆ دەستی باڵایان تیا هەبوو و مەزهەری خالقی گۆرانی بێژ و خزمی ژن وژنخوازی جەلال تاڵەبانی و سوارەی ئیلخانیزادەی خزمی سەلاحی موهتەدی خزێنرانە ناو رادیۆ کرماشان. بەم دوو کودەتایە رەوشی کوردان رووی لە کزی کرد و کەرەستەی شکانی شؤڕشی بارزانی هێدی هێدی پێکهێنرا. شؤڕش وشەڕی ڕزگاری کورد لە باشوور بە سەرکردایەتی بارزانی بە پیلان و بەرنامەیێکی پان و بەرینی جیهانی و لەوانەشە لە ژێر چاوەدێری هێنری کیسینجربووبێت، تێکشکا و ئەو دوو کودەتای پاریس و کرماشانەش مۆرکی ئەو پیلانەیان پێوەیە.
هەلی مێژویی و کورد
لە مێژویی کوردا چەند جارێک هەلی لەبار بۆ کورد هەڵکەوتووە و تەنیا لە باشوور وەک پێویست کەڵکی لێ وەرگیراوە. کوودەتای قاسم شؤڕشی بارزانی لێ کەوتەوە و ڕووخانی قولیزادە شؤڕشە نوێکەی باشووری بەهێز کرد و ڕووخانی بەعسیش دەسەڵاتی سیاسی باشووری لێ شین بوو. لە ڕۆژهەڵات شەڕی دووهەم و هەرس هێنانی رژیمەکەی مەیتەر قولی (ڕەزا قولی ) عەجەمان بووە هۆی گەشانەوەی ژیلەمۆی شؤڕشی سمکۆ کە هەر زوو کپ کرا. پاش خنکاندنی کۆرپە سیاسیە ساواکەی کورد،کۆمەڵەی ژ ک، کۆماری مهاباد بە پەلە و بە دابڕاوی لە ڕەوتی گشتی بزاڤی کوردایەتی وشەتەک دراو بە کۆمۆنیستی توودە و عرووسان ساز کرا و بەرگەی هیچی نەگرت و ڕادەستی عەجەمان کرایەوە. پاش ڕوخانی کۆماری مهابادیش ئەوە ئیتر مەیدان بە تەواوەتی ئاوەڵا بوو بۆ توودەییەکان تێیدا تەراتێن بکەن و جڵەوی کاروباری ڕۆژهاڵات بە تەواوەتی تاپۆ کرایە سەر ئەوان کۆمۆنیستان و کوردی ڕۆژهەڵات وەک پەز و مەڕی بێ شوان بە گورگان خوارد درا. ئا بەم ڕەوشە ناکوردییەوە ڕۆژهەڵات لە هەلێکی دیکە کە هەر خێرا پاش ڕوخانی کۆماری مهاباد لۆی ڕەخسا واتە هەرای محەمەدی موسەدیق و سەرهەڵدانی بزاڤی دژە ئیستعماری عەجەمان کە قولیزادەی شاربە دەرکرد، کە هەرهیچ کەڵکێکی بۆی نەبوو و وەک پاشکۆی توودەییان جووڵاوە کە خۆی لە مێژوی عەجەمان وەک خیانەتی توودە تۆمارکراوە.
ڕوخانی قولیزادە لە ٧٩ دیسان هەلێکی مێژوویی زێڕینی لۆ ڕۆژهەڵات ڕەخساند کە لە هەلەکەی کوودەتای قاسم زۆر باشتر بوو بەڵام ئەوەش لە ڕۆژهەڵات لە کیس چوو و باشوور وەک ئاماژەم پێکرد زۆر زیاتر و کاریگەرانەتر لە ڕۆژهەڵات کەڵکی لەو هەلە وەرگرت. پیڕۆزیان بێت. ماکەی ئەم دەستەوسانییەی ڕۆژهەڵاتیش ئەگەڕێتەوە بۆ داترازان و لە خشتەبردنی بزووتنەوەی ڕزگاری کورد کە بە کوشتنی کۆمەڵەی ژک دەستی پێکرد و هەتا ئێستاش پێوەی ئەناڵێ. ڕۆژهەڵات ئەگەر تووشی پەتای کۆمۆنیستی عرووسان و توودەیی بوو بۆ ساڵانێکی زۆر یەخسیری ئەو دژە کوردانە بوو ئەوا لە دوای ٧٩ ەوەش کۆمۆنیستی چینی و بەزمەکەی بەکرەجۆ بووە سەرباری دەردان. ئەوەی فرێد هالیدەی کە لە دواڕۆژەکانی ژیانیدا بای داوە سەر قورحان و بووە پێرەوی مەلا خومەینی و منیش لە نووسرایەکی جیا بە مەلا فرێد هالیدەی ناوی دێنم، بە تەما بوو لە بەکرەجۆ پێکی بێنی واتە حزبی کۆمۆنیستی چینی ئێران، لە مێشکەپەی ڕۆژهەڵات بوی لوا و گونجا کە یەکسەر بەشی هەرە چالاک و بدەوی گەنجانی خویندەواری کوردەواری ڕادەستی عەجەمان کرد و کردنیە پاشکۆی ئەو حزبە و ئیتر کورد و کوردایەتی، کوجا مەرحەبا، وەک عەجەمان ئێژنی.
قووڵایی و کووری برینی ڕۆژهەڵات لەوە دایە کە نەک هەر هەلە زێڕینە مێژوویەکەی لە کیس چوو و چ کەڵکیکی نەدایەوە بەڵکو لە ڕەوتی سی ساڵەی پاش ٧٩ ئەوەندەش کە ئەو کات بووی دۆڕاندی و کارەساتەکە و قەیرانەکە هێژ ژی بەردەوامە لە قوول بوونە.
جیاوازی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان
بەراوەردی دەوری کۆمۆنیستی عرووسی (شیوعی عێراقی) و چینی (کۆمەڵەی رەنجدەران) لە باشوور لەگەڵ ڕۆژهەڵات دەری ئەخات کە دابڕان لە ڕەوتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات چ کاریگەرییکی نەرێنی و ماڵوێرانکەری بووە لە سەر ژین و ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵات. کەسایەتی جەلال تاڵەبانی و سیاسەتی گشتی یەکیەتی نیشتمانیی و بەرێوەبەرانی بە توندی بەریان بەوە گرت کە کۆمۆنیستە سەرچڵەکانی ناو کۆمەڵەی رەنجدەران ئەو دەردە بە باشوور بدەن کە هاوتاکەیان لە ڕۆژهەڵات بە کوردیان دا. ئاڵای شؤڕشەکەی مەلا بەختیار هێشتا فجووقی نەکرد کە لە بار برا و کۆمەڵەی رەنجدەران وەک هێزێکی کوردی پارێزرا و دواییش وەک بزووتنەوەی گۆڕان لە یەکیەتی دابڕا و دیسانیش هەر وەک هێزێکی کوردی ئەجووڵێتەوە بە هەموو تێبینی و ڕەخنەیەک کە لە سەریەتی. ئاوەها گۆڕانکارییەک و ئاوەها گەشە و پەرەسەندنێک لە ڕۆژهەڵات فرمانێکی نەشیاو و نەگونجاوە. لە ڕاستیدا مێژوو و دۆخی تایبەتی باشوور بەری بەوە گرت کە سەرەڕای چاوگە و بنەمای هاوبەشیان لە باری ئایدیۆلۆژی و مێژووییەوە، کۆمەڵەی ڕەنجدەران ببێتە ئەو پەڵە ڕەشە لە مێژووی کورد وەک کۆمەڵەی شؤڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ڕۆژهەلات.
باکوور و ڕۆژئاوا چی؟
نیشتمانی کورد لە باکوور و ڕۆژئاواش تووشی پەتای پ ک ک بوون و ئەو دەردەی کۆمۆنیستی عرووسان بە ڕۆژهەڵاتیان دا ئەمان بەسەر ئەو دوو بەشەی کوردستانیان هێنا. کۆمۆنیستی چینی لە باکوور هەر زوو چار کرا و پ ک ک بوو بە تاکە هێز و مەیدانی لە هەموو بوارێکەوە بۆ ئاوەڵا بوو. تایبەتمەندی باکوور لەم پێوەندییەدا ئەوەیە کە لەوی بە پێچەوانە ڕۆژهاڵات و باشوور کۆمۆنیستی چینی لە ئارادا نیە و چ دەورێکی ئەوتۆی بەرچاوی نەبووە.
لە ڕۆژئاواش پ ک ک بە هۆی گرێدراوی بە بەعسی سووری لە سەر دوو بنەمای کۆمۆنیستی عرووسی و ئایینی عەلەویی درۆزنانە، بوە تاکە ڕمبازی ئەوێ و ئەوەی لە باکوور کردی لە ڕۆژئاوا دەس ئاواڵاتر و هاوئاهەنگ لەگەڵ بەعس بەڕێوەی برد. تایبەتمەندی ڕۆژئاوا لەودایە کە ئەو بەشە بە کردەوە ببووە ناوەندی ڕۆشنبیری و فەرهەنگی شؤڕشگێڕی بۆ تێکرای کوردستان. هۆکەشی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییە کە زۆربەی هەرە زۆری بیرمەندان و شؤڕشگێڕانی باکوور لەوێ گرسانەوە پاش شکانی یەک لە دوای یەکی سەرهەڵدانەکانی باکوور. ماڵباتی بەدرخانی و شەریف پاشا و حاجۆ و کەسایەتی ناودار وەک قەدری جان و عوسمان سەبری و جگەرخوین و نورەدین زازا و زۆرێکی تر رەوڕەوەی فەرهەنگی شؤڕشگێڕی کوردیان لە ڕۆژئاوا خەمڵاند. پ ک ک ئەوڕرەوتەی خنکاند و وەک چۆن ئیستا ئەبینرێ ڕۆژئاوای پاوان کردە سەر خۆی و بەمەش زەبر و گورزێکی گورچک بڕی لە بزاڤی نەتەوەی کورد دا کە بە تاقی تەنێ لە بەرژەوەندی بەعسی سووری و دوژمنانی کورد بوو.
دیسان دەمڕاسی عرووبە شەکر ئەشکینی
با بگەڕێنەوە بۆ چەواشەکارییەکەی رفیق سابیر و لە زمانی خۆیەوە ئاگاداری هەڵسەنگاندی دۆخی باکوور بین بزانین ئەو ئەفەندیە چەندە لە ڕاستی و ڕەوشی ڕاستەقینە باکوور ئاگادارە. ئەو ئێژێ:
" ...لە هەمانکاتدا خەباتی چەکداری لە هەڵاتن لە شارو کوردکوژیو چەک هەڵگرتن بۆ داگیرکەرانو راووڕوتەوە، بگۆڕێت بە ئامرازێکی خەباتی رزگاریخوازی".
بە ڕاستی جێگەی سەر سووڕمانە کە کابرایکی کۆنە کۆمۆنیست ئاوا بەپەڕی ڕووداماڵاوییەوە سووکایەتی بە هەموو ڕابردووی کورد بکات و خۆیشی وەک ئەفەندیێک بە کورد بناسێنێ.جارێ ئەگەر قەرار بێت پ ک ک هەڵاتووی شار و کوردکوژ و جاش و راووڕووتکەری ڕیکخستبی، ئەوە ئیتر ئەبی پ ک ک وەک ڕێکخراوی ئەو بابتە خەڵکە بناسین. زانراوە لە هەمووان کە ریزەکانی پ ک ک، بە تایبەت پێشمەرگەکانی هەر هەموو ڕۆڵەی کورد و دڵسۆز نیشتمانەکەیانن و ئەو ناو و ناونیتکانەی سابیریان پێوە نانوسێنرێت و زیاترلە هەمووان شیاوی بۆلشویکەکانی مامۆستایەتی.
لایەنیێکی دزێوی تری هەلیت وپڵیت و وڕینەی سابیر ئەوەیە کە ئەگەر بە گویرەی تێگەیشتنی ئەو جەنابە بێت ، پ ک ک یەکەمین ڕیکخراوی کوردە کە ئەو کارەی کردوە و ئەوە ئیتر ئەبی هەرچی هێز و ڕیکخراوی دیکە کە لە مێژوی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کوردا هەبووە، لە ئاستی ئەو هەڵاتووی شار و کوردکوژ و جاش و راووڕووتکەرانەی ئەو باسیان ئەکات، بن. ئەمە هەمان تێئۆری ناسیونالیزمی شوانکارەیە کە زۆرێکیتر پێش سابیر کاوێژان کردوەتەوە. پێم وانیە هیچ مرۆڤێکی ساخ و خاوەن ویژدان لەو جیهانە پان و بەرینە دەس بکەوێ کە ئەو مافە بە خۆی بدات وەک ئەم پاشاخۆڕی داگیرکراوییەی کوردساتن سووکایەتی بە مێژووی پڕ لە شانازی کوردەوە بکات و ئاوا بە بێ باجیش وەک بەرزی بانان بۆی دەر چێت و ناوی دوکتۆر و شاعریش لە خۆی بنێ.
سابیر و ئەوانەی وەک ئەو و لە ئاستی ئەو، ئەوە ئەسەلمێنن و ئەوە دەرئەخەن کە وەیشوومەی پاشاخۆڕی داگیرکراویی کوردستان لە چ ئاستێکە و چ ناوەرۆکێکی هەیە و چلۆن کارئەکات و چ کاریگەرییکی نەرێنی قووڵی ئەبی لە سەر ڕەوتی گەشە و پەرەسەندنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و کوردستان.
کورد لە نیشتمانی کورد لە باشوور وەک باش پەهلەوانی ناو داستان و ئەفسانەکان لە ژێر کێوی بەسەر داڕووخاوی باری پڕ دە گرانی ئەنفال و کیمیا باران و هەڵەبجە و گەرمیان و بارزان و دۆڵی جافایەتی و چەمی ڕیزان، ئەفسانە ئاسا هەڵسایەوە و قەتماخەی کۆنە برینی دەس داگیرکەرانی شۆردەوە و قوولە برینی کوور یان وەک ئاپێ مووسا دەبێژێ " برینا ڕەش " ی سارێژ کردەوە و دیسان بەستە و حەیران و لاوکی ئازادی و ڕزگاری لۆ مەم و زینان، خەچ و سیامەندان، لاس و خەزالان... تێ هەل کردەوە. ڕۆژی ئازادی کورد هەڵ هات و بزەی ئافەرینی سەرداری سەرداران لە بارزان ، لە گەنجە وپالۆ ، لە ورمێ ، لە سلێمانی، لە مهاباد ، لە سەقز ، لە بۆکان ، لە گشت کوردستان خڕ ژیانەوە. کێ دەڵی کورد مردووە، ئەوەتا کورد هەر زیندوە. هۆ رەقیب و نەیار، ئیوە بە مانگی چاردە ئەوەڕن.
کاردۆخ
٠٣/ ٠٩/٢٠١٤
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
بهروار: 15/12/2014
1652 جار خوێندراوهتهوه
وتاری زیاتر ...
ههردوكیان له ئاست لهشكركێشی توركیا نوتقیان بهستراوه عیمادعهلی...
عیماد عەلی
بۆ يەكەم جار.. موقاومەتی ئێران و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هێڵی هاوبەش!...
عەبدولڕەحمان مهابادی
لووتکەی ناداد پەروەری ...
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
به بارمتەگرتنی ئابووريی ئێران!...
عەبدولڕەحمان مهابادی
مامهڵهكردن لهگهڵ مالكی یان عهبادی بۆ كورد باشتره ؟...
عیماد عەلی
دوور له بهرژهوهندی تهسك با گۆران و یهكێتی یهكبگرنهوه...
عیماد عەلی
پاڵەوان و کەسایەتییەکان لە چیرۆکی منداڵان...
ڕەزا شوان
ئەو ديوارەی بەمزووانە دێتە رووخان!...
عەبدولڕەحمان مهابادی
چۆن خۆت له خهیأڵپڵاوی بیرێك رزگار دهكهیت؟...
عیماد عەلی
نەخۆشی دەسەڵات...
ڕەزا شوان
دوو تابلۆی قەشەنگ..؟! ...
ئازاد حەمدی
سوودەکانی لە باوەشکردنی منداڵان.. ...
ڕەزا شوان
ئهو كتێبهم لۆ چاپ نهكرا...
یوسف مەنتک
ڕۆڵی حیزب لە هەڵبژاردنەکاندا...
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
شهكاوه بێت ئاڵای سهركهوتن به سهر نازیزم و فاشیزمدا ...
ئەحمەد ڕەجەب
کەشتی نوح .....
ئازاد حەمدی
1
2
3
4
5
...
ژمارهی بابهت
ڤیدیۆ
لافاو و رەشەبا زیاتر لە 70 باخ لە کەرکووک تێکدەدات
کوژرانی ٨ سەربازی تورک لە ناوچەی وەرخەلێ
دوایین ووتەی زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی لەپێش دادگای
یادی شەهیدانی پاریس لە مالمۆ
قەیسەری نەقیب ئەستێرە درەوشاوەکەی سەر شانی سلێمانی
ئهرشیف
پهیوهندی
ڤیدیۆ
ئاگاداری
ههمهڕهنگ
وتار
سهرهکی
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سهرهێڵ:
2797
کۆی سهردان:
29136830