( سیڕاتی موسته‌قیم سیڕاتی عه‌لمانیه‌ت و حوكمی دیموكراتیه )
دکتۆر سالار باسیرە
له‌م نوسینه‌دا به 30 خال ریزبه‌ندی كۆمه‌لێك سه‌رنج و تێبینی و شیكاریم به گشتی له‌سه‌ر ئیسلام و ئیسلامی سیاسی له كوردستانیشداو مه‌ترسیه‌كانی خستۆته ڕوو ، تێیدا ئاماژه‌م به وته‌و بۆچوونی مه‌لاو زانایانێكی ئاینی له كوردستان ، و چه‌ندین سوره‌تی قورئان داوه.. نوسینه‌كه دیدێكی ڕه‌خنه‌گرانه‌و شیكاریشه‌و چه‌ندین پێشنیاز‌و ئامۆژگاریشی له‌خۆ گرتوه‌و به هیوای هوشیار كردنه‌وه‌و هه‌روه‌ها ببێته بابه‌تی وتووێژ‌و دایه‌لۆگێكی گشتی.. ناونیشانی بابه‌ته‌كه‌شم به‌و شێوه‌یه داناوه چونكه ته‌واوی ئیسلامه سیاسیه‌كان ئه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌وان بیرنه‌كه‌نه‌وه لای ئه‌وانه له رێگای ڕاست و موسته‌قیم لایانداوه، كه بیركردنه‌وه‌و تێڕوانینێكی تۆتالیتێر‌و ده‌مارگیرانه‌و سه‌له‌فیانه‌یه. جگه له تێگه‌یشتنێك بۆ بیری عه‌لمانیه‌ت ، له نوسینه‌كه‌دا داوا له ئیسلامیه‌كان كراوه شۆڕشێكی فكری له خۆیاندا بكه‌ن و بێنه سه‌ر رێگای ڕاست ، رێگای سیڕاتی موسته‌قیم و عه‌لمانیه‌ت و پێشكه‌وتن و شارستانیه‌ت و دیموكراسیه‌ت و فكری كۆمه‌لگای مه‌ده‌نی و فره‌یی و ئازادی تاك ... سوودیش له یاسا نوێكه‌ی كانتۆنی جه‌زیره‌ش وه‌ربگرن بۆ یه‌كسانی.
⦁ بوونه مرۆڤێك به دیندار به پله‌ی یه‌كه‌م په‌یوه‌ندی به په‌روه‌رده‌ی خێزان و وانه‌ی ئاینی و بیئه‌ی ده‌وروبه‌ر هه‌یه‌و ده‌كرێ له ته‌مه‌نێكی مندالیه‌وه كاریگه‌ریی خۆی دروست بكات و ببێته فكر له مێشك و ده‌روونی مرۆڤه‌كه‌دا كه دره‌نگانێك كاریگه‌ریی خۆی دروستده‌كات و ڕاستكردنه‌وه‌شی كارێكی هه‌میشه ئاسان نیه ، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی به باری جوگرافیشه‌وه هه‌یه. بۆنمونه كه‌سێك له ولاتێكی مه‌سیحی هاتبێته دونیاوه ئه‌وا وه‌ك مه‌سیحی تۆمار ده‌كرێت، له خێزانێكی یه‌هود وه‌ك یه‌هودی ، له ولاتێكی ئیسلامی وه‌ك موسولمان تۆمار ده‌كرێت .. تاد. گۆرینی فكر دواتر كه‌وتۆته سه‌ر ڕۆشنبیریی كه‌سه‌كه خۆی و هوشیاری كۆمه‌ڵگا به گشتی.
⦁ زۆرێك له موسولمانان هه‌ن له دونیادا بونه‌ته مه‌سیحی و پێچه‌وانه‌كه‌شی هه‌یه‌و ئه‌وه دیارده‌یه‌كی ئاساییه... ئه‌گه‌ر ڕۆژئاواییه‌ك بووه موسولمان ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت ئه‌و كه‌سه له ئاینه‌كه گه‌یشتبێت و هه‌روه‌ها به پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك بێت و به قه‌ناعه‌تیشه‌وه چوبێته سه‌ر ئه‌و ئاینه‌ی تر .. زۆر جاریش باس له ملیاردێك موسولمان ده‌كرێت له جیهاندا به‌لام ئه‌و ئاماره ته‌نیا له ڕووی تیۆریه‌وه ڕاسته چونكه تاكه‌كان له ناو كۆمه‌لگایه‌كی ئیسلامدا ڕاسته‌وخۆ به موسولمان تۆمار ده‌كرێت له‌سه‌ر ناسنامه به‌لام زۆرترین ژماره‌ی موسولمانان پابه‌ند نین به ئاینه‌كه‌یانه‌وه.
⦁ ئیسلامیه‌كان ئاماژه به چه‌ندین كه‌سانی ناودار ده‌ده‌ن كه باش له‌سه‌ر محه‌مه‌دو ئیسلام قسه‌یان كردوه ، له لایه‌كه‌وه ئه‌و كه‌سه له‌وانه‌یه ئه‌كادیمیست و زانایه‌ك بێت به‌لام مه‌رج نیه جیهانبینی ئه‌و كه‌سه ژیرانه‌و ته‌ندروست بێت و ته‌نیا بۆچوونی كه‌سانێكه‌و هیچیتر به‌لام نمونه‌ی پێچه‌وانه‌كه‌شی زۆرن.. ده‌شكرێ بۆنمونه ئاماژه به زانای نۆبلی فیزیای به‌ریتانی بده‌ین ⦁ Stephen Hawking ئه‌مڕۆكه وه‌ك ئاینشتاینی سه‌رده‌م ناوده‌برێ كه زانستانه بوونی خودایه‌ك به تێڕوانینی ئاین به درۆ ده‌خاته‌وه ، پشت به‌ستن به زانست گرنگتره وه‌ك به ئه‌فسانه‌و وه‌هم و لێكدانه‌وه‌ی نازانستیانه. كتێبه نوێكه‌شی ته‌رجه‌مه‌ی زمانی كوردی كراوه به ناوی "دیزاینی مه‌زن" ، به‌لام بڕواناكه‌م ئیسلامه سیاسیه‌كان ئه‌م شتانه بخوێننه‌وه.
⦁ سه‌باره‌ت به ده‌سه‌لاتی كوردی ، ئیسلامیه‌كان به‌رده‌وام به‌ئاشكراو به نهێنی له هێرشدان.. منیش سه‌رنجی زۆرم هه‌یه له‌سه‌ر ده‌سه‌لاتی سیاسی له هه‌رێم و جێگای ڕه‌خنه‌مه به‌لام ئیسلامی سیاسیش به‌دیل نیه‌و بۆ ئه‌وه‌ش وه‌لام هه‌یه بۆچی؟ شه‌ریعه‌كه‌ی ئه‌وان له‌گه‌ل ژیان و ژیانی هاوچه‌رخ و به‌ها ئه‌خلاقی و ئازادیه‌كانی مرۆڤ و زانست و مافه‌كانی مرۆڤ ناكۆكه. فه‌سادی ئه‌خلاقی له ناو كۆمه‌لگا ئیسلامیه‌كان له‌وانه‌یه هیچی كه‌متر نه‌بێت وه‌ك له‌وه‌ی ناو كۆمه‌لگا مه‌سیحیه‌كان ، ته‌نیا جیاوازی ئه‌وه‌یه له ناو كۆمه‌لگا ئیسلامیه‌كان شاراوه‌و تابوه به‌لام له نێو كۆمه‌لگا مه‌سیحیه‌كاندا زۆرتر كراوه‌یه هه‌رچه‌نده به یاسا سنور بۆ دیارده ئه‌خلاقیه‌كان دانراوه كه له ده‌ره‌وه‌ی نه‌ریتی مرۆڤایه‌تی بن.
⦁ له‌ناو هه‌ناوی ئیسلامیزمدا بزوتنه‌وه‌یه‌كی جیهادیی تۆتالیتێر سه‌ری هه‌لداوه كه جێگای مه‌ترسیه بۆ سه‌ر ئاشتی كۆمه‌لگا ، كه ده‌یه‌وێت به رێگای زه‌بروزه‌نگ و تیرۆره‌وه‌و دژ به دیموكراسیه‌ت و عه‌لمانیه‌ت خه‌لافه‌تێكی ئیسلامی و ده‌وله‌تی خودا دروست بكات. ئه‌و تۆتالیتاریزمه نوێیه ئیسلامیه جه‌نگێكی نوێی له‌گه‌ل خۆیدا هێناوه‌ته كایه‌وه‌و پێداگریی له‌سه‌ر فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه‌كی خودایی تۆتالیتێر ده‌كات. هه‌ر سیسته‌مێكی سیاسی له‌سه‌ر بنه‌مای ئاین و مه‌زهه‌ب دروستبوبێت هه‌رگیز نابێته ئالته‌رناتیڤ و مۆدێلێكی ته‌ندروست و ئه‌قلانی بۆ كۆمه‌لگا. لایه‌نێك ته‌نها كاتێك ده‌توانێت تاكڕه‌وانه فه‌رمانڕه‌وایی ده‌وله‌ت بكات كه ببێته دیكتاتۆرێكی موتله‌ق. به ڕای من ئاینده‌ی ده‌وله‌تی عێراقیش ئاینده‌ی ناكۆكی و ململانێی توندی نێوان هێزه دیموكرات و عه‌لمانیه‌كان و ئیسلامی سیاسیی ده‌بێت و ده‌بێته بابه‌تی سیسته‌می سیاسی عێراقی ئاینده. ئێمه‌ی كوردیش به‌ده‌ر نین لێی. ئه‌وه‌ی كۆمه‌لگا پێویستی پێیه‌تی سیسته‌م و ده‌ستورێكی دیموكراسی ته‌ندروست و ئه‌قلانیه ، كۆمه‌لگای مه‌ده‌نی و ئازادی تاكه كه تێیدا جێگای سه‌رجه‌م چین و توێژه كۆمه‌لایه‌تیه‌كان به ئاین و كه‌لتور و ئه‌تنیكه جیاوازه‌كانه‌وه ببێته‌وه.
⦁ ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌نمونه بهێنمه‌وه كۆمه‌لگاكه‌مان به‌لێ به گشتی و زۆرینه موسولمانه به‌لام لایه‌نه ئیسلامیه‌كان به‌پێی هه‌لبژاردنه‌كان ته‌نیا 19%ی ده‌نگه‌كانیان هێناوه له هه‌رێم كه‌واته ته‌نیا نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و رێژه كه‌مه ده‌كه‌ن ، ئه‌وه ده‌به‌خشێت كه زۆرینه‌ی خه‌لكیی له هه‌رێم ئیسلامیه‌كانی وه‌ك ده‌سه‌لاتێكی سیاسی لاپه‌سه‌ند نیه. ئیسلامی سیاسی له كوردستان له لایه‌كه‌وه به‌رهه‌می هه‌ندێ له ده‌وله‌ته ئیسلامیه‌كانه بۆ دوژمنایه‌تی كردنی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كوردایه‌تی و رێگاگرتن له دروستبوونی ده‌وله‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان. هه‌روه‌ها به‌هۆی شه‌ڕی ناوخۆی كوردستانه‌وه گه‌شه‌یان كردووه‌و به‌هێزبوون. بۆ دژایه‌تی كردنی یه‌كتر یه‌كێتی و پارتی هه‌ریه‌كه‌و كۆمه‌كی هه‌ندێك لایه‌نی ئیسلامیی ده‌كردو ئیسلامیه‌كانیش هه‌ردولایان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان به‌كارهێنا. خالێكی تر به‌هۆی ئه‌و پاشاگه‌ردانیه‌ی ناونراوه ئازادیی بیروڕا له هه‌رێم ، ئیسلامیه‌كان تێیدا گه‌شه‌یان كردوه‌و جه‌ماوه‌رێكی به‌رچاویان بۆ خۆیان دروستكردوه. قه‌ناعه‌تم وایه گه‌ر ده‌رفه‌تیان بۆ بێته پیش خۆیان پڕچه‌كیش بكه‌ن و ده‌بنه مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی بۆ كوردستان و هه‌مان ئه‌زمونه‌كانی ئێران و ئه‌فگانستانی سه‌رده‌می پڕ له كاره‌ساتی تالیبان دوباره بنه‌وه‌و تێكه‌ڵی ژیانی تایبه‌تی تاكه‌كان و دامه‌زراوه كۆمه‌لایه‌تی و سیاسی و فه‌رهه‌نگه‌كانیش ... ده‌بن.
ئایا گوناهی ئه‌م منداله چیه له‌م ته‌مه‌نه ناكامله‌وه توشی ئه‌م كاره‌ساته بكرێت؟
⦁ به‌پێی ڕاستیه مێژوییه‌كان موحه‌مه‌د وه‌ك كه‌سێكی به‌ده‌وی ، نه‌خوێنده‌وار بووه‌و كه‌سانی تر سوره‌ته‌كانیان بۆ نوسیوه‌ته‌وه‌و دوای مردنی خۆی كۆكراوه‌ته‌وه له‌وانه‌یه به ده‌ستكاریشه‌وه ... بۆ ئه‌وه‌ش لێكۆلینه‌وه هه‌یه به به‌لگه‌ی مێژوییه‌وه بۆنمونه له كتێبه‌كه‌ی عه‌لی ده‌شتی و زۆرێكی كه‌ش ، به‌لام محه‌مه‌د بۆ ئه‌و قۆناغه مێژویی و كۆمه‌لایه‌تیه پیاوێكی تێگه‌یشتوو بووه. له هه‌مان كاتدا كه موحه‌مه‌د به رێنوێنیه جوانه‌كانی هه‌ولده‌دات میلله‌ته‌كه‌ی رێنوێنی بكات و هه‌موو جۆره ڕۆحانیه‌تێكی له زار دێته ده‌ر ، به‌لام ناكرێت قورئان له باری ده‌ستوره ئه‌خلاقیه‌كانه‌وه به موعجیزه دابنرێت. محه‌مه‌د گێڕه‌ڕه‌وه‌ی نه‌ریتێكه كه مرۆڤایه‌تی پێش چه‌ندین سه‌ده له هه‌موو جێگایه‌كدا گوتویه‌تی. بودا ، كۆنفۆشیۆس ، زه‌رده‌شت ، سۆقرات ، عیسی و موسا‌و زۆر كه‌سانی تر له‌م پره‌نسیپانه‌یان گوتوه. كه‌واته ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ته‌نها هه‌ر ئه‌و حوكم و یاسایانه‌یه كه شه‌ریعه‌تی ئیسلام هێناویه‌تی.
⦁ هاتنه خواره‌وه‌ی قورئان بۆ محه‌مه‌دو به‌و شێوه ریوایه‌ی قورئان باسی ده‌كات ده‌بێت ئه‌فسانه‌و دروستكراوی محه‌مه‌د خۆی بێت چونكه شتێكه له‌گه‌ل زانست و ئه‌قل و مه‌نتقدا ناگونجێت. محه‌مه‌د به پێی پێویست له كاتی جه‌نگ و ئاشتی و مه‌سه‌له‌ی ژن و تاد. سوره‌تی داڕشتوه‌و كردویه‌تی به ناوی خوداوه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌لكی جاهیلی ئه‌و زه‌مه‌نه بڕوای پێ بكه‌ن چونكه محه‌مه‌د مرۆڤ بووه ، كه‌واته فێل كردن و سیاسه‌ت كردنی تێدا بووه ...
⦁ كۆچی محه‌مه‌د بۆ مه‌دینه ده‌سپێكی گۆڕانێكی گه‌وره بوو له چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بدا ، به‌لام ئه‌م گۆڕانه ئه‌نجامی گۆڕانكاریه‌كی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه كه له كه‌سایه‌تی محه‌مه‌ددا ده‌ركه‌وتوه‌و شیاوی ئه‌وه‌یه بكه‌وێته ژێر لێكۆلینه‌وه‌ی ده‌رونناسان و زانایان و پشكێنه‌رانی نهێنیه‌كانی ڕۆحی مرۆڤ. محه‌مه‌د پیاوێكی له خودا ترس و دوور له خراپه‌كاری و زاهیدێكی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی و میلله‌ته‌كه‌ی بۆ په‌رستنی خودا بانگهێشت ده‌كرد ، پیاوێكی ئاوا كه ڕه‌وشتی مه‌سیحی به ته‌واوی له خۆیدا به‌رجه‌سته كردووه كه‌چی له‌پڕو ناكاو ده‌بێته شه‌ڕخوازێكی سه‌رسه‌خت و بێ لێبوردن ده‌یه‌وێت ئاینی خۆی به زۆر‌و زه‌بری شمشێر بسه‌پێنێت. به‌م شێوه‌یه ئیسلام به‌ره‌به‌ره له شێوه‌ی بانگه‌وازێكی ته‌واو و ڕۆحانیه‌وه بوو به ده‌زگایه‌كی شه‌ڕانی و تۆله‌ئه‌ستێن كه به هێرشی كتوپڕ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وت گه‌شه‌ی كرد‌و كاروباره داراییه‌كه‌ی له‌سه‌ر زه‌كات و باج و بارمته هه‌لده‌سوڕا. چه‌ند نمونه‌یه‌كی له‌م جۆره كه له سوره‌تی (التوبه)دا هه‌یه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه مه‌به‌ستی محه‌مه‌د پێكهاتنی ده‌وله‌تێكی یه‌كگرتوی عه‌ره‌به له‌ژێر ناوی ئیسلامدا. گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی سه‌خت و به‌كارهێنانی توندوتیژی و زه‌بروزه‌نگ بۆ ده‌سته‌مۆ كردنی ئه‌و خه‌لكانه‌یه كه هه‌ر له‌م سوره‌ته‌دا ئاماژه‌یان پێكراوه.
ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت محه‌مه‌د له به‌رگی پێغه‌مبه‌ریدا ببینێت ، به‌ناچاری ده‌بێت سوره‌ته‌كانی مه‌كیی و به تایبه‌ت سوره‌ته‌كانی وه‌ك (موئمنین و نجم) بخوێنێته‌وه ، كه ڕۆحیانه‌تی مه‌سیح به شێوه‌یه‌كی زه‌ق و ڕوون له ئایه‌ته‌كاندا ده‌بینرێت. به‌لام ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت محه‌مه‌د له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌لات و یاسادانان ببینێت ئه‌وا ده‌بێت په‌نا بباته به‌ر سوره‌ته مه‌ده‌نیه‌كانی وه‌ك (بقره‌و النسا‌و) و به تایبه‌ت سوره‌تی (نور). سێ چوار سال پاش هیجره‌ت و به تایبه‌تی له دوای پاككردنه‌وه‌ی مه‌دینه له یه‌هوود وسه‌ركوتكردنی (بنی مصگلق) شوێنه‌واری میرایه‌تی چ له فه‌رمانه‌كان و چ له ڕه‌فتاری خودی محه‌مه‌دیشدا خۆی ده‌نوێنێت.
⦁ پێویستیه‌كانی سه‌رده‌م وا ده‌خوازن قورئان رێفۆرم بكرێت وه‌ك ئینجیل له‌گه‌ل سه‌رده‌مدا بگونجێندرێت چونكه هه‌موو ئه‌وانه مرۆڤ نوسیویانه‌و بۆ قۆناغێكی كۆنی مێژو، و كۆمه‌لایه‌تی بووه ، به‌لام ڕۆژگارێك ئاڕاسته‌كانی ژیان و هوشیاری مرۆڤه‌كان ئه‌گۆڕدرێن و ئاین پێگه‌ی لاواز ده‌بێت وه‌ك له ڕۆژئاوا تێبینی ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر بریار لای من بێت ئه‌وا وانه‌ی ئاین له قوتابخانه‌كاندا نه‌خوێندرێت به‌لكو ته‌نیا مێژووی ئاین بخوێندرێت ، بۆ ئاشنابوون به هی ئاینه جیاوازه‌كانیش ، له بری ئه‌وه زۆرتر بایه‌خ به وانه‌و بواره زانستیه‌كان و مێژوی نه‌ته‌وه‌یی بدرێت ، هه‌روه‌ها گۆرینی زاراوه‌ی سه‌وابتی ئیسلام له ده‌ستوری هه‌رێمداو سوودیش له یاسا نوێكه‌ی كانتۆنی جه‌زیره وه‌ربگیرێت سه‌باره‌ت به یه‌كسانی.
⦁ به چاو خشانێك به كتێبه‌كانی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی له هه‌رێمی كوردستان بۆ پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی تا ده‌گاته پۆلی دوازده‌ی ئاماده‌یی به ڕوونی ده‌بینرێت چۆن ئیسلامی و سه‌له‌فیه‌كان ده‌ستیان خستۆته نێو مینهاجی خوێندنی قوتابخانه‌كانی كوردستان و له‌وێوه ده‌یانه‌وێت مندالانی كوردستان بكه‌ن به ئیسلامیی له لایه‌ك و كه‌سێكی ڕه‌هاگه‌راو قه‌بولنه‌كه‌ر بۆ ئه‌وانی تر له لایه‌كی دیكه. به‌رپرسی یه‌كه‌م له به سیاسی كردن و به ئیسلامی كردنی مندالان له قوتابخانه‌كان ئیسلامیه‌كان و سه‌له‌فیه‌كان نین به‌ڵكو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و وه‌زیری په‌روه‌رده‌و سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رۆكی هه‌رێمن كه به‌رپرسیارێتی یه‌كه‌میان له‌م كاره قێزه‌ون و كاره‌سات ئامێزه ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ. به‌شێكی زۆر له كتێبه‌كانی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی هه‌ر له پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تیه‌وه تا دوازده‌ی ئاماده‌یی ته‌رخانكراون بۆئه‌وه‌ی وا نیشان بدرێت كه ئاینی ئیسلام ئاینێكی سیاسیه، واته ئیسلام له توێی كتێبه‌كانی قوتابخانه نه‌ك وه‌ك ئاین نیشاندراوه به‌لكو وه‌ك ئادیۆلۆژیایه‌كی سیاسی به خوێندكاران ناسێنراوه... له كتێبی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی بۆ پۆلی دوازده‌ی ئاماده‌یی له هه‌رێمی كوردستان پێغه‌مبه‌ر كراوه به سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی و سه‌ربازی. ئه‌وه‌ش دیسان هه‌مان ئه‌و ئارگومێنتانه‌یه كه كه‌سانی وه‌ك قه‌ره‌زاوی و ئیسلامیه‌كان به‌كاریان دێنن بۆ ئه‌وه‌ی سوبغه‌یه‌كی سیاسی بدرێت به ئاینی ئیسلام. به موسوڵمان كردنی خوێندكار واته كردنی قوتابخانه به مزگه‌وت. ئه‌وه‌ی زۆر به زه‌قی له ته‌واوی كتێبه‌كان به‌رچاو ده‌كه‌وێت ئه‌وه‌یه كه ده‌ق و چیرۆكه‌كانی كتێبه‌كان به مه‌به‌ستی ئاشنا كردنی خوێندكار به ئاینی ئیسلام نه‌نوسراوه به‌لكو به مه‌به‌ستی به موسوڵمان كردنی منداڵه‌كان نوسراون. لێره‌دا له وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی خوێندكاران وه‌ك كه‌سێك په‌روه‌رده ناكرێت كه قه‌بولی ڕه‌خنه بكات چونكه ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه ده‌گرن "نه‌یارن" نه‌ك كه‌سانێك بن كه تێگه‌یشتنێكی دیكه‌یان بۆ ئیسلام یان ژیان هه‌بێت. (بۆ خالی 11 ، بۆ زانیاری زیاتر بڕوانه وتارێكی د.شێركۆ كرمانج ، ئاوێنه ، 10ی كانونی یه‌كه‌م).
⦁ مێژووی ئیسلام مێژوی ده‌سه‌لات و سیاسه‌ت بوه‌و ئاین بۆ سیاسه‌ت به‌كار هێنراوه. ئەو ناکۆکی و ململانێ و شەرەی نێوان شیعەو سووننە لە ١٣٥٠ ساڵی رابردوودا ، لە بنەرەتداو لە سەرەتادا ناکۆکی ململانێ بووە لەسەر دەسەڵات ، لە کوشتنی خەلیفەی سێیەمەوە دەست پیدەکات و دواتر لە شەری جەمەل لە بەسرەو لەشەری صفین کە لە هەدووکیاندا عەلی کوری ئەبی تاڵیب لایەنێکی سەرەکی شەرەکە بوو ، ناکۆکیەکە بەتەواویی تەقیەوەو بووە هۆی سێپارچە بووونی موسوڵمانان ؛ یەکەم سوونەکان بە سەرکردایەتی معاویەی کوری ئەبوسفیان ، دووەم شیعە بەسەرکردایەتی حسێنی کوری عەلی ، سێیەم بریتین لە خەواریجەکان کە لە لەشکرەکەی عەلی جیابوونەوەو عەلیشیان لە کوفە کوشت. ئەو شەرو ناکۆکیانە بۆ هێنانەدی ئامانجی سیاسی بووە ؛ ئەویش گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبردن و دەسەڵات و رابەرایەتی ئایینی ئیسلام. كه‌واته ئیسلام حیزبایه‌تی و سیاسه‌تی كردوه‌و له خه‌می ده‌سه‌لاتدا بووه ، ئیسلامه سیاسیه‌كان كه كار له‌سه‌ر به ئیسلامی كردنی كۆمه‌لگا ده‌كه‌ن ته‌نیا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یه گه‌رنا چ پێویستیه‌كیان به دروستكردنی حیزبی سیاسی هه‌یه؟ ئه‌وانه‌شی به خۆیان ده‌لێن ئیسلامی میانڕه‌و به‌لام ئه‌و كاته‌ی بڕوایان به شه‌ریعه‌و كردنی به ده‌ستور هه‌بێت له ده‌وله‌ته‌دا جیتر تراژیدیاكه لێره‌شه‌وه ده‌ست پێده‌كات ...
⦁ مۆدێلی ئیسلامی سیاسی به شێوه‌یه‌كی گشتی له مێژووی خۆیدا سه‌ركه‌وتو نه‌بوه‌و له هه‌ر شوێنێك ئه‌م ئاینه ده‌سه‌لات و ده‌وله‌ت بوبێت پێشیل كردنی مافه‌كانی مرۆڤ تێیدا هه‌بووه‌و نادادپه‌روه‌رانه مامه‌له‌ی ڕه‌گه‌زی مێینه‌شی كردوه ، هه‌روه‌ها ده‌سه‌لات مه‌ركه‌زی بووه ، مه‌ركه‌زیه‌تیش له‌گه‌ل دیموكراسیه‌تدا نه‌گونجاوه ، ئیسلام له‌و 1400 ساله‌دا ئه‌مڕۆشی له‌سه‌ر بێت نه‌یتوانیوه شتێكی نوێ بۆ مرۆڤایه‌تی بهێنێت. ئێسته له‌گه‌ل سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیاو پێشكه‌وتن و جیهانگیری و مه‌عریفه‌و داهێنان و زانست و پێشكه‌وتنی بواری ئابوری و كۆمه‌لایه‌تی و شارستانیه‌ت هوشیاری كۆمه‌لایه‌تیش گه‌شه‌ی كردوه‌و ئاین له‌گه‌ل خۆیدا ڕاده‌مالێت به‌تاییبه‌ت كه ئاین به ئیسلامیشه‌وه ناتوانێت ببێته سیسته‌مێكی ئابوری و كۆمه‌لایه‌تی سه‌رده‌م. پێش ده سال ئه‌وروپیه‌كان مه‌ركه‌بێكی بچكۆله‌ی پشكنینیان بۆ نیازكێك ناردوه كه 6.4 ملیۆن كم دووره له زه‌ویه‌وه‌و له‌سه‌ر ئه‌و نیازكه بچووكه نیشته‌وه كه ڕوبه‌ره‌كه‌ی ته‌نها چوار كم دوجایه بۆ لێكۆلینه‌وه له كه‌ون و زه‌وی ...تاد. ئه‌وه‌یه پێشكه‌وتن كه‌چی تازه به تازه مه‌لاكان و به‌ناو زانا ئاینیه‌كانی لای ئێمه كه زانست له هه‌گبه‌كه‌یاندا نیه سه‌رقالی به گه‌وج كردنی گه‌نجه‌كانمانن به ناوی ئاینه‌وه‌و له خه‌می دروسستكردنی ده‌وله‌ت و خه‌لافه‌تی ئیسلامین... ئه‌وه چ كاره‌ساتێكه؟ ڕۆژئاوا‌و هاوشێوه‌كانی به ته‌كنه‌لۆژیاو زانست و مه‌عریفه دونیایان داگیر كردوه‌و یه‌كێتیه‌كیان دروستكردوه كه‌چی به‌و هه‌موو ده‌وله‌ته ئیسلامیانه‌وه نه‌ك هه‌ر یه‌كێتیه‌كی ئابوری و ئه‌منییان نیه به‌لكو له‌سه‌ر ده‌سه‌لات و چاوچنۆكی وه‌ك گورگ كه‌وتونه‌ته گیانی یه‌كترو گه‌له‌كانیشیان دوچاری كوێره‌وه‌ری و میحنه‌ت كردوه. ئه‌و چه‌كانه‌ش كه یه‌كتری پێده‌كوژن له ده‌وله‌ته مه‌سیحیه‌كانی ده‌كڕن كه ئیسلامیه‌كان به دارالكفر و كۆمه‌لگاكانی به‌ربه‌ره‌لا نێویان ده‌به‌ن.
⦁ خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ندێك له ئاینه‌كانی تر توانیبێتیان رێپیشانده‌رێكی باش بووبن بۆ كۆمه‌لگاو نوێگه‌رییان كردبێت به‌لام ئیسلام ئه‌وه‌شی نه‌توانیوه بكات و رێنسانسێكیش له نێو ئیسلامدا ڕووی نه‌داوه وه‌ك ئه‌وه‌ی له نێو ئاینی مه‌سیحیدا ڕوویداوه. ئه‌گه‌ر بگه‌رێینه‌وه بۆ میژووی رابوردوی ئه‌وروپا ده‌بینین به ناوی خوا‌و په‌یامی مه‌سیحییه‌وه داگیركردن و جه‌نگ و توندوتیژی گه‌یه‌نراوه‌ته ئه‌مریكای لاتین و ئه‌فه‌ریقاش و ئاین و زمانی ڕه‌چه‌له‌كی خۆیان لێ زه‌وت كردن و ئاینی مه‌سیحییان به‌زۆر به‌سه‌ردا سه‌پاندن. ئه‌وه هه‌رچه‌نده په‌یامی مه‌سیح بریتی بووه له چاكسازی. مه‌سیحیه‌كان له‌و سه‌رده‌مه‌دا كۆمه‌لكوژی و قه‌تل و عامی كردوه‌و جه‌نگی مه‌زهه‌بیشیان له دژی یه‌كتر ئه‌نجامداوه ، باجیان سه‌ندوه‌و سوپای چه‌كداریان هه‌بووه‌و كه‌نیسه ده‌سه‌لات بووه بۆ خۆی. به‌لام زانایه‌كی ئاینیی ئه‌لمانی به ناوی مارتین لۆته‌ر په‌یدا بوو كه به چاوی ڕه‌خنه‌وه له ئینجیل و تێزه‌كانی ده‌یڕوانی و دواتر ڕۆلێكی گرنگی بینی له به ریفۆرم كردنی ئینجیل و ئاینه‌كه‌و 95 تێزی چاكسازی بلاو ده‌كاته‌وه‌و له كۆڕ‌و كۆبونه‌وه‌كاندا دژی پاپاكانی ڕۆم هه‌لوێست ده‌رده‌برێت. ئه‌مڕۆكه ئه‌م ئاینه ئاڕاسته‌یه‌كی تری ئیجابی به خۆیه‌وه گرتوه‌و بزوتنه‌وه‌ی سیاسی و كۆمه‌لایه‌تی و عه‌لمانی تر هاتنه گۆڕێ و سنوری بۆ ده‌سه‌لاتی كه‌نیسه دانا‌و دین و ده‌وله‌ت له یه‌كتر جودا كرانه‌وه‌و مۆدێرنتر بووه‌و لانیكه‌م له ته‌واوی ڕۆژئاوا جه‌نگ و توندوتیژی نێوان مه‌زهه‌به‌كان ڕابوردووه. به‌لام رێنسانسێك و مارتین لۆته‌رێك له‌نێو ئیسلامدا دروست نه‌بووه‌و هێشتا به فكر‌و ڕه‌فتار هه‌ر له سه‌ده‌كانی ڕابوردا گوزه‌ر ده‌كات. ئاینی بودا كه ئاینێكی ئاسمانیی نیه‌و هه‌لگری ته‌نیا فه‌لسه‌فه‌ی ئاشتیه، خاوه‌ن زانا‌و كه‌سایه‌تیه‌كی نێوده‌وله‌تی وه‌ك ده‌له‌یلامایه ، كه‌سایه‌تیه‌كی له‌م جۆره‌ش له نێو ئیسلامدا نیه.
⦁ ئه‌و ولاته‌ی ئێمه‌ش وه‌ك زۆرێكی تر به حوكمی فتوحاته‌كانی عه‌ره‌بی ئیسلامی و به حوكمی شمشێر داگیر كراوه‌و به زۆر كراوه‌ته ئیسلام. فتوحاتی ئیسلامی واته داگیركاری و تالانچێتی ولات و سامانی گه‌لانی دیكه به ناوی خودا‌و ئیسلامی عه‌ره‌بیه‌وه. به‌لام ئه‌وه هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به خودا په‌رستیه‌وه نه‌بووه. ڕاستیه مێژوییه‌كان نیشانیانداوه بۆ عروبه‌چێتی و داگیركاری بووه به ناوی ئاینه‌وه ئیتر ئێمه‌ی كورد چ په‌یوه‌ندیه‌كمان به‌و ئاینه‌وه هه‌یه. له ڕاستیدا عه‌ره‌ب جگه له داگیركردن و تالانكردنمان چیتر هیچ شتێكی نوێیان بۆ ئێمه پێنه‌بووه. قورئان له سه‌رده‌می عوسماندا كۆكراوه‌ته‌وه به‌لام فتوحاتی ئیسلامی و له‌شكری عه‌ره‌ب به‌ناوی ئیسلامه‌وه له‌سه‌رده‌می عومه‌ردا بووه ، به‌واتا ئه‌و له‌شكره عه‌ره‌به داگیركه‌ره‌ی كه گوایه هاتوون كوردستان ڕزگار بكه‌ن و گوایه كورد بكه‌ن به موسولمان ئه‌وه له كاتێكدا ئه‌و له‌شكره خۆیان بۆ ئه‌و قۆناغه مێژوییه هیچیان قورئانیان نه‌بینیوه‌و هه‌ر نه‌شیانزانیوه قورئان و ئیسلام چیه. ته‌نها بۆ داگیركردن و دزی و تالانچێتی هاتوون. ئه‌و دیارده مێژوییه ڕاستی كه‌لتوری توندوتیژی و كه‌لتوری تالانچێتی عه‌ره‌بمان نیشان ئه‌دات له مێژوی خۆیدا. كۆمه‌لكوژیه‌كانی ئه‌نفال نمونه‌یه‌كی به‌رچاوه. دیاره رژێمی به‌عس گه‌له‌كه‌ی خۆی باش ناسیوه به‌و واتایه‌ی له ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌نفالدا بوترێ سه‌ریان بۆ ئێمه‌و مال و سامانیان بۆ ئێوه ، به كۆیله كردن و فرۆشتنی ژماره‌یه‌ك له مندالانی ئه‌نفال به ده‌ره‌وه‌ش وه‌ك ده‌ستكه‌وتی جه‌نگ بینراوه. كه‌واته عه‌ره‌ب ئه‌گه‌ر عێراقیش به‌نمونه بهێنینه‌وه هه‌ر هێشتا دیوێكی به‌ده‌ویه‌و كه‌لتوری به‌ده‌ویش ڕوونه چۆنه. لێره‌دا پێویسته كورد له مێژووی خۆی و له مێژووی عه‌ره‌ب و ئیسلامیش تێبگات و له نوێوه پێداچونه‌وه‌و نوسینه‌وه‌ی بۆ بكات.
⦁ مه‌لا فاتیح شارستانی ئه‌و مه‌لایه‌ی ، مه‌لا كامه‌ران ع. خواره‌حم له نامه‌یه‌كیدا بۆ من ستایشی ده‌كات له گرته ڤیدیۆیه‌كدا ده‌یوت "ئینسان كه له خوا غافل بوو له دڕنده‌و ئاژه‌ل كه‌متره" یان ئه‌وه‌یه ئیسلامیه‌كان به‌و هه‌لوێست وه‌رنه‌گرتنه‌یان لێی ڕه‌زامه‌ندن به‌و سوكایه‌تی پێكردنه به كۆمه‌لگاو به‌وانه‌ش كه مه‌لا كامه‌ران له لاپه‌ڕه‌ی فه‌یس بووكیداو له نامه‌كه‌یدا بۆ من به عه‌لمانی داعش نێوی بردوون. له گرته ڤیدیۆیه‌كی تردا مه‌لا فاتیح ده‌لێت " ژنان ده‌بێت ببنه كۆیله‌ی پیاوه‌كانیان بۆئه‌وه‌ی لای پیاوه‌كانیان رێزیان لێبگیرێت ...تاد.". ئه‌م قسانه له ولاتێكی پێشكه‌وتووی هوشیاردا له زاری قه‌شه‌یه‌كه‌وه بكرێت نه‌ك هه‌ر له‌لایه‌ن ژنانیشه‌وه ریسوا ده‌كرێت به‌لكو خۆی له‌نێو قه‌فه‌سی دادگادا ده‌بینێته‌وه. سه‌رجه‌م مه‌لاكان و "زانا ئاینیه‌كان" به كورد‌و ناكورده‌وه به‌م ئه‌قلیه‌ته ده‌دوێن و بیرده‌كه‌نه‌وه. ئه‌وه چ سوكایه‌تیه‌كه ئه‌وانه به ئافره‌تان و مرۆڤه‌كانی ده‌كه‌ن؟ ئایا به‌م ئه‌قلیه‌ته ده‌یانه‌وێ ببنه به‌دیل بۆ ده‌سه‌لات؟
هه‌روه‌ها ئه‌میری كۆمه‌لی ئیسلامی له كه‌نالی (ئێن ئار تی) یه‌وه ده‌یوت ته‌نیا ئه‌وانه شه‌هیدن كه له پێناوی خودا ده‌كوژرێن ، ئه‌وه چ سوكایه‌تیه‌كه به شه‌هیده‌كانمان ده‌كرێت كه له پێناوی گه‌ل و نیشتیمان‌دا گیانی خۆیان به‌خت كردوه دژی چه‌ته‌كانی داعش‌یش كه ئیسلامیه‌كان له زاریانه‌وه نابیسترێت وه‌ك تیرۆریست نێویان به‌رن و به هه‌زارانیان بڕۆنه سه‌ر شه‌قامه‌كان له دژی داعش خۆپیشاندان بكه‌ن. به‌لێ داعش قوتابخانه‌یه‌كی به‌هێزی ناو ئیسلامی سیاسیه. لێره‌دا كه ئاماژه‌م به داعش داوه هاوشێوه‌ی داعش له سه‌رده‌می سه‌حابه‌وه هه‌تا ئه‌مڕۆكه هه‌بوه‌و نكۆلی كردن لێی نایسرێته‌وه. لێره‌دا داعش له‌ناو ئیسلامدایه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ته بۆ ئیسلام و له په‌نای ئایه‌ت و حه‌دیس و وته‌كانی زانایانی ئایندا شه‌رعیه‌ت وه‌رده‌گرێت و گه‌شه‌ی كردوه‌و درێژه به بوونی خۆی ئه‌دات.
له نێوان هه‌ر چه‌ند دێر قسه‌یه‌كدا ئه‌وانه ئایه‌تێكی قورئان و حه‌دیس ده‌هێننه‌وه ، ئایا ناكرێت خۆشیان خاوه‌نی لێكدانه‌وه‌و فكر‌و وته‌ی خۆیان بن و به‌رامبه‌ر به زۆرێك له ئایه‌ته ناته‌ندروسته‌كانی قورئان ڕه‌خنه گرانه بوه‌ستنه‌وه؟ به‌هۆی ئاینی ئیسلامه‌وه داب و نه‌ریت و كه‌لتوری عه‌ره‌ب زۆرێك له داب و نه‌ریت و به‌هاو كه‌لتوری كورده‌واری لاواز كردوه. له قوتابخانه‌یه‌كی چۆمان له پۆلێكدا له 38 خوێندكار 37ی محه‌مه‌دی ناوه. ده‌وله‌تانێكی ئیسلامی هه‌ن كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی نوخبه‌یه‌ك مه‌به‌ستیانه كۆمه‌لگاكه‌ی ئێمه‌ش بكه‌نه ئیسلامی عه‌ره‌بی و حیزبه سیاسیه ئیسلامیه كوردیه‌كانیش بوونه‌ته ئامراز بۆ ئه‌م ئامانجه. یه‌كێك له كێشه‌كان بۆ دروستبوونی دیارده‌كه لاوازی لایه‌نه دیموكرات و عه‌لمانی و ڕۆشنبیره‌كانه نه‌ك هه‌ر له كوردستاندا به‌لكو له ته‌واوی ناوچه‌كه‌دا به‌دی ده‌كرێت. لێره‌دا پێویست بوون به بناغه‌یه‌كی فكریی هه‌یه كه له ئه‌قلانیه‌ته‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت و پشت به عه‌لمانیه‌ت ببه‌ستێت به‌لام تائێسته ئه‌م بناغه فكریه ئه‌قلانیه وه‌ك پێویست به‌رده‌ست نیه.
⦁ له ڕۆژئاواش ئاین هه‌یه به‌لام به ته‌قدیس نه‌كراوه وه‌ك ئیسلام لای خۆمان. له ڕۆژئاوا ئه‌حزابی ئاینییش هه‌یه به‌لام كۆمه‌لگاكه فره‌یی و پلورالیستیه‌و دین و ده‌وله‌ت له یه‌كتر جودا كراوه‌ته‌وه‌و ده‌ستوری ته‌ندروست هه‌یه كه جێگای هه‌موانی تێدا بێته‌وه ، نه‌ك وه‌ك ئیسلامیه‌كان كه ده‌یانه‌وێ ته‌نیا شه‌رع بكه‌نه ده‌ستور بۆ كۆمه‌لگا كه دونیایه‌ك ناعه‌داله‌تی تێدایه، ئه‌و كاته مافی هه‌موو ئه‌وانه‌شی تێدا ده‌خورێت كه وه‌ك ئه‌وانه بیرناكه‌نه‌وه. ئیسلامیه‌كان نابێت دونیا له‌گه‌ل ئاینه‌كه‌یاندا بگونجێنن به‌لكو ده‌بێت خۆیان له‌گه‌ل دونیادا بگونجێنن گه‌رنا چاره‌نوسیان وه‌ك ئه‌وه‌ی داعشی لێبه‌سه‌ر دێت.. ئه‌وه‌نده‌ی ئیسلامیه‌كان له ده‌سه‌لاتدا نین باس له دیموكراسیه‌ت ده‌كه‌ن ، ڕۆژگارێك بگه‌نه ده‌سه‌لات دلنیام ده‌بنه دیكتاتۆرێكی موتله‌ق چونكه سروشتی ئیسلامی سیاسی به‌و جۆره‌یه. ئه‌وان ده‌یانه‌وێ ئه‌و كه‌شوهه‌وا تاڕاده‌یه‌ك دیموكراسیه‌ی ولاته‌كه‌مان له هه‌رێمی كوردستان به‌كار بهێنن بۆ خۆ دروستكردن و گه‌یشتن به ده‌سه‌لات به‌لام ئه‌و كاته دلنیام دیموكراسیه‌ت له‌ناو ده‌به‌ن و دیكتاتۆریه‌ت و ده‌سه‌لاتێكی ئاینی تۆتالیتێر له جێگاكه‌ی دروستده‌كه‌ن و ده‌ماگێرنه‌وه بۆ تاریكاییه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و پێشتریش ، ڕه‌فتاره‌كانی تالیبان و القاعیده‌و داعش و جبهه النصره‌و ...تاد. ته‌نیا چه‌ند نمونه‌یه‌كی كه‌من بۆ ڕاستی ئه‌م بۆچوونه.
⦁ هه‌ندێك له لێكۆله‌رانی ئه‌ندێشه‌مه‌ندی عه‌ره‌ب ، ئیسلام به ڕوداوێكی ناوچه‌یی ده‌زانن و زۆربه‌ی حوكم و بریاڕه‌كانیان داوه‌ته به‌ر ڕه‌خنه‌و پێیان وایه كه له‌گه‌ل كۆمه‌لگه پێشكه‌وتوه‌كاندا ناسازو نه‌گونجاوه. بۆنمونه ده‌لێن: له شه‌وو ڕۆژێكدا پێنج جار ده‌ستنوێژگرتن و هه‌لسان بۆ نوێژ‌و بۆ هه‌ر نوێژێكیش ڕوو كردنه مزگه‌وتێك ، یان دانانی مانگه قه‌مه‌ریه‌كان به پێوه‌ری سال و مانگێكی به ڕۆژو بوون ، واته: له به‌یانیه‌وه هه‌تا ئێواره‌و دوركه‌وتنه‌وه له هه‌ر جۆره هه‌لسوكه‌وتێكی تری ژیان. ئه‌ویش به پانی و فراوانی جوگرافیای زه‌وی له ڕۆژه‌كان له هه‌ندێك ولاتدا ده‌گه‌نه بیست سه‌عات و له هه‌ندێكی تردا چوار سه‌عاته‌و له زۆر شوێن هه‌رگیز ڕۆژئاوا نابێت ، نیشانی ئه‌دات كه دانه‌ری "ڕۆژو" ته‌نها ژینگه‌ی حیجاز ، ئه‌ویش حیجازی سه‌ده‌ی حه‌وته‌می زاینیی كردۆته پێوه‌رو ئاگای له شوێنه‌كانی تری دنیا نه‌بووه.
⦁ هه‌موو ئه‌و مه‌عریفه‌و ته‌كنه‌لۆژیا پێشكه‌وتوانه‌ی ولاته ئیسلامیه‌كان به‌كاری ده‌هێنن به پله‌ی یه‌كه‌م به‌رهه‌می ڕۆژئاوان به‌واتا هی مه‌سیحیه‌كانه ، له كاتێكدا ئه‌وانه سه‌رقالی پێشكه‌وتن و داهێنانن به‌لام ئیسلامیه‌كان ته‌نیا سه‌رقالی به ئیسلام كردنی كۆمه‌لگاو پڕكردنی مزگه‌وته‌كانن له نوێژكه‌ر. ئه‌وان ده‌یانه‌وێ سوودمه‌ند بن له ته‌كنه‌لۆژیاكانیان به‌لام خۆیان به دوور گرتوه له زانسته‌كانیان وه‌ك بواری فیزیا‌و بایۆلۆژیاو زۆری كه‌ش و هۆكاره‌كه‌شی روونه بۆچی.
⦁ له هه‌رێمی كوردستان 5200 مزگه‌وت ، 2700 ته‌كیه‌و حوجره‌و فه‌قێخانه‌و خوێندنگه‌ی ئیسلامی تێدایه. چه‌ندین باندو گروپی ئیسلامی سیاسی بیروباوه‌ڕ داعشزمی تێدایه‌و خاوه‌نی هه‌زاران ئه‌ندام و لایه‌نگرو دۆستن. به هه‌زاران مه‌لاو بانگخوازو مامۆستای ئاینی و مجێورو قورئانخوێن و فه‌قێ و خوێندكاری ئاینیی تێدایه. ئه‌مه هه‌مووی به پله‌ی یه‌كه‌م له ماوه‌ی 23 سال ده‌سه‌لاتدارێتی پارتی و یه‌كێتیدا په‌یدا بوون. ئه‌مه جگه له سه‌دان باره‌گای حیزبه‌كانیشیان كه هه‌مویان له‌سه‌ر بودجه‌ی گه‌ل و پارووی هه‌ژاری خه‌لكیی دروستكراوون و به‌رێوه ده‌چن.
ئیسلامچێتی بووه به كه‌ره‌سه‌و سه‌رچاوه‌ی ژیان و پاره‌و بزنس و ته‌مه‌لیی و كار نه‌كردن. بۆته رێز‌و بالاده‌ستی ژماره‌یه‌كی زۆر له مه‌لاو مامۆستای ئاینی و بانگخوازو مجێورو فه‌قێ و كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و زۆرێكی تری ئیسلامی سیاسی له‌نێو كۆمه‌لگای ئێمه‌شداو به‌م رێگایه‌وه خۆشگوزه‌ران ده‌ژین. له هه‌موو شوێنێكیش خه‌لكانێكی نه‌زان و تێنه‌گه‌یشتو ، و نه‌خوێنده‌وار ، یان كه‌سانی به‌رژه‌وه‌ند په‌رست رێزیان لێده‌گرن و گوێڕایه‌لییان ده‌كه‌ن ، بێوگومان بۆ ئه‌وانه‌ی ئیسلام سه‌رچاوه‌ی ژیان و ده‌سكه‌وتیانه به‌ئاسانی ده‌ست به‌رداری نابن. مزگه‌وته‌كانیش به ناوی نوێژ‌و خوداپه‌رستی و ئیسلامه‌تیه‌وه كراونه‌ته شوێنی سیاسه‌ت كردن و به گه‌وج كردنی گه‌نجه‌كانمان. خۆ له‌سه‌ر سه‌كۆی مزگه‌وته‌كان باسی زانست و پێشكه‌وتنی زانست و گه‌ردونناسی و زانسته كۆمه‌لایه‌تیه‌كان و فیزیا‌و كیمیا‌و شۆڕشه‌كانی كورد‌و كوردایه‌تی بۆ مندالان و لاوانی كوردستان ناكرێت. ئه‌وانه دژی هه‌وو شتێكی ڕه‌سه‌نی كورده‌وارین ، دژی جل و به‌رگی جوانی ئافره‌تانی كوردن ، دژی سروودی نیشتیمانی و ئالای كوردستانن و پێیان وایه ئالای كوردستان كفری تێدایه‌و پێشنیازی گه‌وجانه ده‌كه‌ن الله اكبری عه‌ره‌بی له شوێنی ئه‌و ڕۆژه بنوسرێت. له‌كوێ شتی وا هه‌یه هه‌ول بدرێت ئالای نه‌ته‌وه‌یه‌ك به زمان و به پیتی نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه له‌سه‌ری بنوسرێت. هه‌موو ئه‌وانه بێرێزی و سوكایه‌تی كردنه به پیرۆزیه‌كان و هێمای نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی كورد. ئیسلام هه‌ر به ته‌نیا ئاین نیه به‌لكو فه‌رهه‌نگی عه‌ره‌به. ئه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌ری موسولمانان ، محه‌مه‌دی عه‌ره‌ب ، عه‌ره‌ب نه‌بوایه‌و كورد بوایه ، قورئانیش به عه‌ره‌بی نه‌بوایه‌و به زمانی كوردی بوایه ، ئایا هیچ عه‌ره‌ب و تورك و فارسێك ئه‌و كاته محه‌مه‌دی كوردی و ئیسلامیان به ئاینی خۆیان په‌سه‌ند ده‌كرد و ده‌بوون به موسولمان؟ كورد ده‌بێت پێش ئه‌وه‌ی موسولمان بێت كورد بێت و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وله‌ویه‌تی هه‌یه.
⦁ ئه‌گه‌ر ئیسلامیه‌كان لای خۆشمان ده‌یانه‌وێ له‌م ولاته‌دا خزمه‌تێك بكه‌ن ئه‌م خالانه‌ی خواره‌وه جێبه‌جێ بكه‌ن وه‌ك كه‌مترین شت بۆ ئه‌م كاته: دوور بكه‌ونه‌وه له‌وه‌ی به‌تایبه‌ت *ڕۆژانی هه‌ینی به موكه‌به‌ره وتاری مزگه‌وته‌كان به‌و ده‌نگه به‌رزه بۆ ده‌ره‌وه بگوازرێنه‌وه چونكه له‌لایه‌ك كه‌سانێك هه‌ن كه ئاره‌زویان لێی نیه‌و نه‌یانه‌وێ گوێی لێ‌بگرن له لایه‌كی تره‌وه بێزار كردنی خه‌لكیی و كه‌سانی نه‌خۆش و مندال و پیریشه، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی هه‌ینی ڕۆژی پشووه. موكه‌به‌ره‌كان ته‌نیا بۆ ناوخۆی هۆله‌كان بن بۆ ئه‌و ئیماندارانه‌ی كه باوه‌ڕیان پێی هه‌یه‌و گوێگرتنی ته‌نیا بۆ ئه‌وانه بێت به داخراوی ، هه‌روه‌ها به‌یانیان زوو خه‌لك بێزار كردن به بانگ له ده‌یان موكه‌به‌ره‌ی مزگه‌وته‌كانه‌وه بێئه‌وه‌ی ڕه‌چاوی ئارامی و خه‌وی ته‌ندروستی به‌یانیان و بیڕورای جیاواز بكرێت ، هه‌موو ئه‌وانه هیچیتر نین له دیكتاتۆریه‌ت و سه‌پاندنی به‌زۆری ئاین به‌سه‌ر خه‌لكیدا. به‌و جۆره خه‌لكی بێزار ده‌بێت لێیان.
له بری مێشك شوشتنه‌وه‌یان ته‌نیا به یه‌ك ئایدۆلۆجی ته‌سك فێری بیری نه‌ته‌وه‌یی و زانست و شارستانیه‌تیان بكه‌ن هه‌ر ئه‌مانه‌ن له‌سایه‌ی ئیسلامه سیاسیه‌كانه‌وه دواتر خۆیان له نێو داعشدا‌و هاوشێوه‌كانی ده‌بیننه‌وه.
له هه‌موو گه‌ڕه‌كێك مزگه‌وتێك یان دووان هه‌ن به‌لام له هیچ گه‌ڕه‌كێك كتێبخانه‌یه‌ك و شوێنێكی كه‌لتوری و ڕۆشنبیریی تێدا نیه بۆ دانیشتوانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه ، هه‌روه‌ها سه‌نته‌ری مردوو شتن به شێوازێكی شارستانیانه دروست بكرێت و دواتر به ئوتومبێلی گونجاو به رێزه‌وه بگوازرێنه‌وه بۆ ئه‌و گۆڕستانه به‌داخه‌وه هه‌ڕه‌مه‌كی و ناشارستانیانه‌ی لای خۆمان هه‌ن و هه‌روه‌ها له‌و مزگه‌وته ناشیرینانه ئه‌شۆردرێن و زۆرجار داره‌مه‌یته‌كان له‌سه‌ر دیواری ئاوده‌سته‌كان داده‌نرێن كه بێرێزیه به كه‌سی موسلمان و مرۆڤه‌كان به گشتی. له‌و هه‌موو پاره‌و بودجه‌و زه‌كات و پارانه‌ی ولاته هاوبیره‌كانیان وه‌ری ده‌گرن شوێن بكه‌نه‌وه لانی كه‌م نیوه‌ڕوان نانێكی گه‌رم بدرێت به هه‌ژاران و په‌ككه‌وته‌كانی سه‌ر شه‌قامه‌كان. هه‌موو ئه‌وانه له ڕۆژئاوا كه‌نیسه‌كان ده‌یكه‌ن كه موسولمانیش نین .
⦁ له یه‌كێك له سه‌رنجه‌كانی مه‌لا كامه‌ران خواره‌حم له لاپه‌ره‌ی فه‌یس بووكیدا سه‌باره‌ت به فره ژنی ئاماژه‌ی به عێراق و سوریا داوه وه‌ك نمونه كه ژماره‌ی ئافرتان و قه‌یره كج زۆرتره‌و كێشه‌كه به‌وه چاره‌سه‌ر ده‌كات كه پیاوێك ببێته خاوه‌نی چه‌ندین ژن له‌بری ئه‌وه‌ی ببنه له‌ش فرۆش. له زۆربه‌ی ولاته ئیسلامیه‌كان رێژه‌ی ئافره‌ت به‌رامبه‌ر به پیاو زۆر جیاواز نیه‌و كه‌چی شه‌رع فره ژنی داناوه بۆ پیاو ، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌و پیاوانه‌یه كه خاوه‌ن پاره‌و سامانن به‌لام هه‌ژاره‌كان زۆربه‌ی جار توانای خواستنی ته‌نیا یه‌ك ژنیشیان نیه‌و ده‌بێت ژیانیان له چاوه‌ڕوانیدا به‌سه‌ر به‌رن ، بۆ ئه‌وه ده‌لێن چی؟ بۆ به‌رگری كردن له فره ژنی وه‌ك چاره‌سه‌رێك بۆ كێشه‌ی ژن ناوبراو ئاماژه‌ی به رێژه‌ی پیاوان و ژنان داوه بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رچاوه‌و ئامارێكی دروست ، بۆنمونه نوسیویه‌تی له ئه‌لمانیا 5 ملیۆن ئافره‌ت زۆرتره وه‌ك له پیاو ئه‌وه هه‌رچه‌نده رێژه‌ی ژن و پیاو له هه‌ر جێگایه‌ك بێت خۆ نه‌نوسراوه ده‌بێت بۆ ئه‌به‌دو ڕاوه‌ستاو بێت. ئه‌و ژماره‌یه‌ی مامۆستای ناوبراو زۆر هه‌له‌یه ، ڕاستیه‌كه ئه‌وه‌یه بۆنمونه له ئه‌لمانیا له سالی 1991 بۆ 1067 ژن 1000 پیاو هه‌بوه ، بۆ سالی 2009 بۆ 1040 ژن 1000 پیاو هه‌بوه‌و رێژه‌كه هه‌ر نه‌گۆڕاوه. ( بروانه ئینته‌رنێت ،
www.rp-online.de/panorama/deutschland/in-deutschland-leben-mehr
ئه‌ی بۆ ئه‌و كۆمه‌لگایانه چی ده‌لێن ئه‌گه‌ر رێژه‌ی پیاو تێیاندا زۆرتر بێت له ئافره‌ت.
⦁ دوباره سه‌باره‌ت به پێگه‌ی ژن له ئیسلام و له قورئاندا: ( باری كه‌سێتی و مافه‌كانی ژنان له شه‌ریعه‌و قورئاندا ) لێره‌دا به كورتی ئاماژه‌یه‌ك به باری كه‌سێتی و "مافه‌كانی" ژن بده‌م له شه‌ریعه‌و قورئاندا كه ئیسلامیه‌كان شانازی به پراكتیزه كردنیه‌وه ده‌كه‌ن: له سوره‌تی النسا‌و 34 هاتوه: ... "پیاوان سه‌رپه‌رشتیارن به‌سه‌ر هاوسه‌ره‌كانیانه‌وه ، ئافره‌تانی ژیر‌و دیندارو گونجاو هه‌میشه گوێڕایه‌لی مێرده‌كانیان ده‌بن ... ئه‌و ئافره‌تانه‌ش سه‌ركه‌شی و سه‌رپێچی بكه‌ن ... له ناو جێگادا پشتیان تێبكه‌ن ئه‌گه‌ر سوودی نه‌بوو (لێیان بده‌ن) ... تاد." به‌لێ پێغه‌مبه‌ری موسولمانان به‌م یاسا‌و شه‌ریعه‌ته موسولمانانی فێری لێدانی ژن كرد.
سوره‌ی النسا‌و 15: ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه زینا ده‌كه‌ن ئه‌وه چوار شایه‌تیان له خۆتان له‌سه‌ر بگرن جا ئه‌گه‌ر شایه‌تییاندا ، ئێوه له مال به‌ندیان بكه‌ن تا مردن یه‌خه‌یان پێده‌گرێت ..." به‌لام بۆ پیاو باسی به‌ندكردن و زیندانیی تێدا نیه ئه‌گه‌ر هه‌ر خیانه‌تێكی هاوسه‌رگیریی بكات.
ئایا ڕاستگۆیی و بێلایه‌نی ئه‌و شاهێدانه ده‌بێت له كوێدا بێت؟ چاره‌سه‌ری ئه‌م دیاردانه پێویستیی به یاسای مه‌ده‌نی و شارستانی و لێكۆلینه‌وه‌ی یاسایی هه‌یه (یاسای ته‌ندروست) نه‌ك به‌و شێوه هه‌ڕه‌مه‌كیه‌ی له‌و سوره‌تانه‌ی قورئاندا هاتوون. ته‌نانه‌ت ژن به نیوه‌ی پیاو حیساب ده‌كرێت له ئیسلامدا بۆ گه‌واهی و شایه‌تیدانیش. ئه‌وه چ سوكایه‌تی و ناهه‌قیه‌كه به ژن كراوه له‌م ئاینه‌دا.
له سوره‌تێكی تری النسا‌و 24 هاتوه: "پیاوان به‌هۆی مال و داراییانه‌وه بۆیان هه‌یه هه‌تا چوار ژن بهێنن و گوناهیش نیه له كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و ماره‌ییه‌ی له‌سه‌ری رێكه‌وتبوون ...". لێره‌دا به ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت كه پیاوان به حوكمی پاره ده‌توانن به ناوی شه‌رع و ئاینی ئیسلامه‌وه له‌گه‌ل چوار ئافره‌تدا كاری سێكسی بكه‌ن و به ئاره‌زوی خۆیان به‌سه‌ریانه‌وه بنیشنه‌وه ، كه‌چی له سوره‌تی النسا‌و 40 نوسراوه "به‌ڕاستی خوا به‌قه‌ده‌ر تۆزقالێك سته‌م له ئاده‌میزاد ناكات". لێره‌دا عه‌داله‌تیی خودا ده‌كه‌وێته ژێر پرسیاره‌وه. 72 حۆریه‌كه‌ی ئه‌و دونیاش هه‌ر بۆ پیاوه‌و گوایه ژنانی خاوێنیشیان ئه‌ده‌نێ و له‌وێش هه‌ر پیاو ده‌مڕاستی ئافره‌ت ده‌بێت... لێره‌دا ماف ته‌نها بۆ پیاوه‌و وه‌ك ده‌بینین سه‌رجه‌م پێغه‌مبه‌رانیش هه‌ر پیاو بوون. زۆرێك له ئافره‌تان به‌هۆی خراپی باری داراییانه‌وه‌و بۆ بژێوی ژیانیان یان خۆیان و منداله‌كانیان و باری چه‌وتی كۆمه‌لایه‌تییان به‌ناچاری خۆیان ده‌ده‌نه ده‌ست ئه‌و جۆره پیاوانه كه ببنه ژنی دوه‌م یان سێیه‌م و چواره‌م ...
ئه‌م دیارده قێزه‌ونه‌ی له شه‌ریعه‌ی ئیسلامدا هه‌یه له ولاته دیموكرات و پێشكه‌وتوه‌كان به هۆی ده‌وله‌تی سۆشیه‌ل چاره‌سه‌ر كراوه سیسته‌می سۆشیه‌ل و زه‌مانی كۆمه‌لایه‌تی هه‌یه بۆ دایكان و بۆ بێكاران به گشتی به ئافره‌تانیشه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هیچ مرۆڤێك ، هیچ ئافره‌تێك ناچاری برسیه‌تی و له‌ش فرۆشی نه‌بێت ، دیارده‌ی ده‌وله‌تی سۆشیه‌ل كه له ده‌وله‌ته ئیسلامیه‌كاندا نیه. چ ئافره‌تێك به‌خته‌وه‌ره به‌وه‌ی دوچاری ئه‌و جۆره چاره‌نوسه بێته‌وه‌و به ئاره‌زووی خۆی ڕه‌زامه‌ند بێت ببێته ژنی دوه‌م ، یان سێیه‌م ، یان چواره‌می پیاوێك ئه‌گه‌ر له ئه‌نجامی ناعه‌داله‌تی كۆمه‌لایه‌تیه‌وه نه‌بوبێت. ئایا بۆچوونی پیاوان چۆن ده‌بێت ئه‌گه‌ر ئافره‌تێك هاوسه‌رگیری له‌گه‌ل چه‌ند پیاوێكدا بكات؟ فره ژنی له پایه‌و كه‌سایه‌تی ئه‌و ئافره‌تانه‌ش دێنێته خوارێ. له ئایه‌تی 51 ی سوره‌تی ئه‌حزاب هاتوه "... پێویست ناكات بۆ چوونه لای ژنه‌كانت نۆبه بگریت. هه‌ر كامیانت ویست بچۆ لای و هه‌ر كامیانت نه‌ویست گوێی مه‌ده‌رێ. ڕه‌خنه‌ت له‌سه‌ر نیه‌و ئازادیت و ده‌سه‌لاتی ته‌واوت هه‌یه له جێهێشتنیانداو بۆ ئه‌وانیش هه‌ر به‌م شێوه‌یه باشه. خودا ئاگای له ئاره‌زوه ڕه‌واو ڕاسته‌قینه‌كانت هه‌یه". ئایا خوێندنه‌وه‌ی ئێوه‌ی ئیسلامی چیه بۆ ئه‌وه؟
هه‌روه‌ها له سوره‌تی النسا‌و 11 له میراتدا به‌شی نێرینه‌كان ئه‌ندازه‌ی به‌شی دوو مێینه‌یه. له دابه‌ش كردنه‌كانی تری میراتیی ناو ئه‌ندامانی خێزان و خزماندا هه‌ر ئافره‌ت زه‌ره‌ره‌و مه‌نده ، ته‌نانه‌ت مافی كابانی مالیش به هه‌ند وه‌رنه‌گیراوه. هه‌ر ئه‌وه‌ش له یه‌كێك له سوره‌ته‌كانی شه‌ریعه هاتوه "ئه‌گه‌ر پیاوێك حه‌ز به‌وه بكات له‌گه‌ل ژنه‌كه‌ی بچێته جێگاوه‌و ئه‌گه‌ر ژنه‌كه ڕه‌تی بكاته‌وه ئه‌وا فریشته‌كان له‌عنه‌تی ده‌كه‌ن ...". ئه‌وه‌ی كاتی خۆی ئه‌و سوره‌تانه‌ی نوسیوه دیاره له به‌رژه‌وه‌ندی پیاو نوسویه‌تی. ئافره‌ت له‌م یاسا ئیسلامیه‌دا نه‌ك ته‌نیا مرۆڤی پله سێشه ، هیچی تریش نیه جگه له ئۆبجه‌كتێك به تایبه‌ت بۆ پیاو. هه‌موو ئه‌مانه جگه له بێرێزی و سوكایه‌تی به ژن له ئیسلامداو شكاندنی كه‌رامه‌ت و باری كه‌سێتییان هیچیتر نیه. ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌وانه ئه‌و "مافانه‌یه" ئیسلام بۆ كۆمه‌لگا داوای ده‌كات هه‌رگیز ناكرێ مه‌منونی ئیسلام بین. له مه‌زهه‌بی شێعه‌دا وه‌ك مه‌زهه‌بێكی سه‌ره‌كی نێو ئیسلام سیغه كردن هه‌یه كه هیچیتر نیه جگه له شوێنی له‌شفرۆشیه‌كی كراوه.
ئه‌وه ڕاسته ژن له ناوچه‌ی دورگه‌ی عه‌ربی به چاوێكی سووك ده‌بینراو زینده به‌چال كردنی كچۆله ببوه ڕه‌فتارێكی به‌ربلاو ، ئیسلام توانی ئه‌م دیارده‌یه تا ڕاده‌یه‌ك سنوردار بكات ، به‌لام ئه‌وه‌ش ڕاستیه‌كه كه ژن لای ئیسلام به‌سه‌ر چه‌ند ئاڕاسته‌یه‌كدا دابه‌ش ده‌كرا. ژنه كه‌نیزه‌كه‌كان نرخی مرۆڤیان بۆ دانه‌نرابوو. ژنه بڕواداره‌كان به نیو پیاو داده‌نرا ، به‌واتا یه‌ك پیاو به‌رامبه‌ر دوو ژن كه ئێسته‌ش له زۆربه‌ی بواره‌كاندا له‌نێو ئاینی ئیسلامدا په‌یڕه‌و ده‌كرێت بۆنمونه له شایه‌تیدان و میراتدا. ژن له سعودیه ته‌نانه‌ت بۆی نیه شۆفێری بكات ، و نه‌بوونی مافی هه‌لبژاردن له‌وێ و له چه‌ندین ده‌وله‌تی تری ئیسلامی‌دا یان مافی هه‌لبژاردن له كه‌مێكیاندا بۆ ژنان ته‌نیا لۆكالیین ، سعودیه ئه‌و ده‌وله‌ته‌ی كه مه‌ركه‌زی ئیسلامیه‌ته‌و گۆڕی پێغه‌مبه‌ری موسولمانانی لێیه‌و سالانه ملیۆنان حه‌جاجی بۆ ده‌چێت بۆته هۆی ده‌وله‌مه‌ند بوونی بنه‌ماله فه‌رمانڕه‌واكان و یارمه‌تیده‌ری تیرۆر.
⦁ له ئیسلامدا سنور بۆ ده‌وله‌مه‌ند بوون دانه‌نراوه ، چینی هه‌ژارو ده‌وله‌مه‌ندی تێدا دروستبوه كه‌چی پێیان ده‌لێن مرۆڤه هه‌ژاره‌كه ده‌بێت ڕازی بێت به‌و به‌شه‌ی خودا پێیداوه. ده‌وله‌مه‌نده ئیسلامیه‌كان (ناكرێت ببیته ده‌وله‌مه‌ندێكی گه‌وره ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حیسابی ئه‌ندامانی ئه‌و كۆمه‌لگایه نه‌بێت) ده‌یانه‌وێ له‌م دنیاش بیخۆن و بۆ مسۆگه‌ر كردنی ئه‌و دونیاش ده‌یانه‌وێ به‌دوو نوێژ‌و ڕۆژو و كه‌مێك زه‌كات خۆیان پاك بكه‌نه‌وه‌و ناخی خۆیان پشوو پێبده‌ن و خودا‌ش له خۆیان ڕازی بكه‌ن.
⦁ سه‌باره‌ت به عه‌لمانیه‌ت به‌رده‌وام له‌م زاراوه‌یه‌دا ئیسلامیه سیاسیه‌كان ئاماژه به زاراوه‌ی عه‌لمانی توندڕه‌و ئه‌ده‌ن و ده‌یخه‌نه ناو خانه‌ی كۆمۆنیزم و ستالینیزمه‌وه ، من ده‌كرێ كۆمۆنیست و ستالینییش نه‌بم ، كه‌سێكی دیمكراتخواز بم ، لیبه‌رال بم ، چه‌پ بم به‌لام عه‌لمانیش بم ، كێشه‌كه‌ی ئه‌وانه له‌م شوێنه‌دا ئه‌وه‌یه چونكه عه‌لمانیه‌كان داوای جیاكردنه‌وه‌ی دین ئه‌كه‌ن له‌ده‌وله‌ت به‌لام عه‌لمانیه‌ت بێ دیموكراسیه‌تیش لای من نه‌گونجاوه به‌واتا نه‌مانی دیكتاتۆریه‌تی حیزب پێویسته بۆ ته‌واوكردنی عه‌لمانیه‌تێكی ته‌ندروست گه‌رنا جیاوازی نابێت له‌گه‌ل توندڕه‌وی ئیسلامدا چونكه ئه‌و كاته هه‌ردوو ده‌بنه رێگر له‌به‌رده‌م دیموكراسیه‌تدا. بیركردنه‌وه‌ی ئاینخوازێكی ڕادیكال ، ئیسلامێكی توندڕه‌وی تۆتالیتێر‌و ده‌مارگیر كه وه‌ك فیل ته‌نیا به یه‌ك ئاڕاسته سه‌یر ده‌كات و له‌وه زیاتر هیچیتر نابینێت بۆ من هیچ جیاوازیه‌كی نیه له‌گه‌ل ستالینیه‌ك و تۆتالیتاریزمێكی ناسیۆنالیستی وه‌ك نازی و به‌عس.
⦁ ئاینی ئیسلام هه‌مووی بریتیه له ترس و تۆقاندن و سوتاندن به ئاگری جه‌هه‌نه‌م و شێوه‌كانی تری ترسی ده‌رونیی. له‌م ولاتانه‌ی ئێمه‌دا هه‌موو شتێك ترسه ، ترس له هه‌ژاری و نه‌بوونی ، ترس له نه‌خۆشی و خراپی سیسته‌می ته‌ندروستی ، ترس له گه‌نده‌لكاران ، ترس له نه‌بوونی زه‌مانی كۆمه‌لایه‌تی ، ترس له جه‌نگ ، ترس ، ترس... ئاینی ئیسلامیش به‌رده‌وام تووشی ترسی كردوین به ئه‌شكه‌نجه‌و سوتاندنمان له‌و دونیا هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی له ژیانی ئه‌م دونیاماندا زۆر به‌خته‌وه‌ر بین. خه‌لكانێك له‌به‌ر بێهیوایی و ناته‌بابوونی و نابه‌خته‌وه‌ری له ژیانی ئه‌م دونیایداو به‌هۆی چه‌ندین هۆكاره‌وه ، هیوایه‌ك ئه‌دات به‌خۆی دل به ژیانی به‌هه‌شتێك و ئه‌و دونیا خۆش بكات ، شتێك كه به‌قه‌ناعه‌تی من بوونی هه‌رگیز نیه‌و مرۆڤ بۆخۆی كردۆته ئه‌فسانه‌یه‌كی باوه‌رپێكراو ، به‌هه‌شت و جه‌هه‌نه‌م هه‌ر ئه‌وه‌یه كه له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ویه هه‌یه‌و هیچیتر. ژیان بۆ ملیارده‌ها مرۆڤی ئه‌م سه‌ر زه‌مینه بۆته جه‌هه‌نه‌م. ئاین هه‌ندێكجار ده‌بێته جۆریك له ئیدمان بوون. هه‌ربۆیه ئه‌وانه‌ی كه توانای تێگه‌یشتنێكی زانستانه‌و لۆجیكانه‌یان نیه بۆ دیارده‌كه زۆرترین نوێژ‌و عیباده‌ت ده‌كه‌ن ، زۆرترین ڕۆژو ده‌گرن ته‌نیا بۆئه‌وه‌ی خودا له خۆیان ڕازی بكه‌ن و لانی كه‌م له‌و دونیا بحه‌سێنه‌وه‌و خۆیان داوه‌ته ده‌ست وه‌هم و ئه‌فسانه. ئه‌وه تراژیدیه. كه‌واته دیارده‌كه لێره‌دا ده‌رونی و قه‌یرانی رۆحیی و كێشه كۆمه‌لایه‌تیه‌كانی مرۆڤه‌كانه ، ئه‌و كاته‌ش كه كێشه ڕۆحیه‌كانی له نێو ئه‌و كۆمه‌لگایه‌دا چاره‌سه‌ر نابن زۆرانێك په‌نا ده‌به‌نه به‌ر خالقێك و له ناخی خۆیاندا له‌گه‌لی ئه‌دوێن و لێی ده‌پارێنه‌وه‌و خۆیان ده‌كه‌نه كۆیله‌ی ئه‌و ، به‌م شێوه‌یه ئارامیه‌كی ده‌رونی ئه‌ده‌ن به‌خۆیان ، هه‌ربۆیه ئه‌وه مرۆڤ خۆیه‌تی له‌سه‌ر شێوه‌ی خۆی خوادیه‌كی بۆخۆی دروستكردوه نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه. ئه‌م دیارده‌یه له ڕاستیداو له بنه‌ڕه‌تدا په‌یوه‌ندی به ئاینه‌وه نیه به‌لكو زۆرتر به قه‌یرانه ده‌رونی و كۆمه‌لایه‌تی و ڕۆحیه‌كانه‌وه هه‌یه‌و زۆرجاریش ئاین ده‌بێته جۆرێك له ئایدیۆلۆژیا له مێشكی مرۆڤه‌كاندا. بۆ لێنه‌سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌و ئارامیه رۆحی و ده‌رونیه ئه‌وانه چاو، و گوێی خۆیان له‌به‌رده‌م شیكردنه‌وه‌ی ڕاستیه‌كان داده‌خه‌ن و پێی ده‌ژین به‌لام ده‌رئه‌نجامه‌كانیشی سه‌لبیه.
بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌م دیاردانه لێره‌دا ده‌بێت ده‌وله‌ت شوێنی چاره‌سه‌ره ده‌رونی و رۆحیه‌كان پێكبهێنێت ، هه‌روه‌ها به‌رنامه‌ی ئابوری عادیلانه‌ی هه‌بێت و كار له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژاری بكات ، سیسته‌می كۆمه‌لایه‌تی ته‌ندروستی هه‌بێت و گه‌له‌گه‌ی ته‌ندروست په‌روه‌رده بكات و ...تاد. به‌شێكی گه‌وره‌ی موسولمانان عه‌ره‌بی نه‌زانن یان نه‌خوێنده‌وارن و له ناوه‌ڕۆكی ئه‌و زمانه قورسه‌ی قورئان تێناگه‌ن كه‌چی ده‌شبێت به‌و زمانه نوێژ بكه‌ن و گوێ له قورئان بگرن. ئیسلامیه سیاسیه‌كان سوودیان له هه‌موو ئه‌م قه‌یران و تراژیدیا مرۆڤیانه وه‌رگرتوه بۆ ڕاكێشانیان به‌لای ئایندا ، سودیان له نه‌خوێنده‌واری و دواكه‌وتویی و ساویلكه‌یی مرۆڤه‌كان وه‌رگرتوه بۆ ئامانجێكی سیاسی و ته‌سك.
⦁ كۆیله بوون بۆ خودایه‌ك كه مرۆڤه‌كانی خۆی به‌و دڕنده‌ییه دروستكردوه‌و ئه‌و هه‌موو غه‌دره به‌به‌رچاوی ئه‌وه‌وه ده‌كرێت و بێده‌نگیشه لێی. هه‌تا ئێسته له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ته‌نیا زولموزۆر سه‌ركه‌وتو بووه. بۆچی خودا مرۆڤه‌كانی به باشی دروست نه‌كرد؟ بۆچی شه‌ڕو خراپه‌ی نایه دل و ده‌روونی خه‌لك؟ بۆچی رێگایدا كورد ئه‌نفال بكرێت له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا كورد موسلمانه ئیتر چ پێویستیه‌كی به ناردنی پێغه‌مبه‌ر بووه؟ خۆ ئه‌گه‌ر هه‌موو شتێك وه‌ك ئاین ئاماژه‌ی پێئه‌دات له چاره‌نووسی مرۆڤه‌كان نوسرابێت كه‌واته بۆچی مرۆڤه‌كان كه له شه‌قامێكدا ده‌په‌ڕنه‌وه ده‌ڕواننه ڕاست و چه‌پی خۆیان نه‌وه‌ك ئوتومۆبیلێك بیكات به ژێره‌وه. ئه‌گه‌ر خودا مرۆڤ و ژیانی ته‌نیا له‌سه‌ر زه‌وی دروستكردبێت چیتر چ پێویستیه‌ك به دروستكردنی بلیۆن ئه‌ستێره‌ی تر ده‌كات؟ هه‌تا ئێسته هیچ به‌لگه‌یه‌كی زانستی نیه بۆ بوونی خوادیه‌ك ، به‌لكو ئه‌وه یاساكانی فیزیایه وه‌لامی دروستبوونی كه‌ون ئه‌داته‌وه ، ئه‌وه زانستی بایۆلۆژیایه وه‌لامی دروستبوونی زینده‌وه‌ر ئه‌داته‌وه له‌سه‌ر زه‌وی ، تیۆریه زانستیه‌كان به‌رده‌وام سه‌رقالی لێكۆلینه‌وه‌ن تێیدا به‌لام دوور له وه‌همی ئاین، به‌لام ئاین توانای ململانێی ئه‌م زانستانه‌ی نیه‌و ناشیه‌وێ خۆی له قه‌ره‌شی بدات.
⦁ له‌و گه‌شتانه‌ی خۆمدا كه بۆ ولاتانێكی زۆری ئه‌مریكای لاتین و ئاسیا‌و ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاستم كردوه تیبَینی ئه‌وه‌م كردوه ئاین به پله‌ی یه‌كه‌م له ولات و كۆمه‌لگا هه‌ژارو دواكه‌وتوه‌كان و كشتوكالیه‌كاندا زۆرتره‌و به تینتره كه ڕۆشنبیری و هوشیاری كۆمه‌لایه‌تی تێیاندا كزولاوازه.
⦁ من هاورێیه‌تیم له‌گه‌ل هیچ ئاینێكدا نیه‌و پێویستیشم پێی نیه ، ئه‌وه‌ش له تێڕوانینێكی فه‌لسه‌فی و زانستی و مه‌نتقه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه. من ده‌كرێ ئایندارو موسولمان نه‌بم و پێڕه‌وی پره‌نسیپه ئه‌خلاقیه‌كانی ژیانیش بكه‌م باشتر له دیندارێك. تێڕوانینه فه‌لسه‌فیه‌كان بۆ ئه‌خلاق وه‌ك یه‌ك نیه. من ئه‌م ئازادیه ئه‌ده‌م به‌خۆم و ئه‌وه‌ش ئه‌ده‌م به كه‌سانی تر ئازادانه پیاده‌ی ئاینه‌كه‌ی خۆیان بكه‌ن به‌لام دژ به هه‌موو توندوتیژی و ڕه‌فتارو فكرێكی تۆتالیتاریم ئیتر چه‌پ بێت ، یان ڕاست ، یان ئاینی بێت. قه‌ناعه‌تیشم وایه مرۆڤایه‌تی به ئه‌زمونه‌كانی خۆیدا ده‌ڕوات تا ده‌گاته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كام له سیسته‌مه سیاسی و كۆمه‌لایه‌تیه‌كان باشترین و گونجاوترینه بۆی.
⦁ له كۆتایدا ده‌مه‌وێ به ئیسلامه سیاسیه‌كان بلێم هه‌ول بده‌ن شۆڕشێكی فكری له خۆتاندا بكه‌ن و وه‌رنه سه‌ر رێگای ڕاست ، رێگای سیڕاتی موسته‌قیم و عه‌لمانیه‌ت و پێشكه‌وتن و شارستانیه‌ت و دیموكراسیه‌ت و فكری كۆمه‌لگای مه‌ده‌نی و فره‌یی و ئازادی تاك ... سوودیش له یاسا نوێكه‌ی كانتۆنی جه‌زیره‌ش وه‌ربگرن بۆ یه‌كسانی.
(پ. ی. د. سالار باسیره ، پسپۆر له بواری زانسته سیاسیه‌كاندا)
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سه‌رنج: بۆ ئه‌م نوسینه سوودم له كتێبه‌كه‌ی عه‌لی ده‌شتی بینیوه ، 23 سال پێغه‌مبه‌ریی ، وه‌رگێڕانی، ئاكۆ مه‌حمود. هه‌روه‌ها بۆ سوره‌ته‌كانی النسا‌و بڕوانه ته‌فسیری ئاسان بۆ تێگه‌یشتنی قورئان.
[email protected]
به‌روار: 15/12/2014
1249 جار خوێندراوه‌ته‌وه