وتاره‌كان
سەرکردایەتى کورد بێ مسۆگەرکردنى مافەکانى کورد بەشدارییان لە حکومەتەکەى عەبادیدا کرد
 قادر عەزیز

پێرێ شەو لەبەرنامەى کاتژمێر (10)ی کەناڵى KNN داو لەوەڵامى ئەو پرسیارەى کە ئایا ئامادەنەبوونى شیعەکان بۆ وەڵامدانەوە بەداخوازییەکانى کورد شتێکى چاوەڕوانکرابوو، گوتم بۆ کەسێک کە بەووردىء بەشێوەیەکى واقیعبینانە خوێندنەوە بۆ بارودۆخەکەو هاوکێشەکانى بکات، بەڵێ، چونکە دۆخەکە لەئێستادا بە قازانجى کورد نییەو چەند هۆکارێکیش هەن کە ئاسان نییە کورد لە ئێستادا نەک هەر مافەکانى لەو حکومەتەدا مسۆگەر بکات، بەڵکو ئاسان نییە بتوانێ بەشداری لەحکومەتەکەشدا نەکات، یەکێ لەو هۆکارانە لەئێستادا شەڕى لایەنەکانى (ئەمەریکا، ئەوروپا، وڵاتانى ناتۆ، عێراق، ئێران تەنانەت کورد خۆشی)، دژ بە رێکخراوى تیرۆریستى داعشە کە داخوازییەکانى تر بۆ هەموو لایەک لەچاو ئەو ئەولەویەتە زۆرشتێکى لاوەکیە ، بۆبەشداریکردنى کوردیش لەحکومەتەکە بەهەمان شێوە ئێستا نەک هەر ویستێکى ئەو هێزانە هەیە بۆ پێکهێنانى کابینەکە، بەڵکو یەکلاییکردنەوەى شەڕى (داعش)ء دروستکردنى ئەو هاوپەیمانیەتییە هەرێمىء نێودەوڵەتییەى کە چاوەڕوان دەکرێت تا رادەیەکی زۆر بەندە بەپێکهێنانى ئەو حکومەتە. بۆیە لەدۆخێکى ئاوادا کورد نە زۆر دەتوانێ پێ لەسەر مافەکانى خۆى دابگرێء نەدەتوانێ هەڵوێستێک لە پێکهێنانى حکومەتەکەدا وەربگرێت لەراستیشدا هەروا دەرچوو. 
جگە لەهەموو ئەمانە قەیرانى بودجەو موچەی فەرمانبەران یەکێک لەخاڵە لاوازەکانى کورد بوو لەدانوساندنەکانى شاندى کوردى لەگەڵ بەغدا، بەشێوەیەک وای لێهاتبوو کە مەسەلەى مووچەى فەرمانبەران بکرێتە پێش مەرج ء ئەولەویەتى شاندى دانوستانکار بۆ بەشداریکردن لەکابینەکەدا.
بەغداش لەو تەنگاوییەى کورد باش تێدەگات، ئەمە جگە لەقەیرانەکانى تر کە ئیمڕۆ رووبەروى هەرێمى کوردستان بۆتەوە و هەڵوێستەکانى لەبەرامبەر بەغدا لاوازکردووە، وەک شەڕى (داعش)، کارەساتى شەنگالء ئێزدییەکانء ملیۆنێک ئاوارە، قەیرانى مووچە، قەیرانى بەنزینء زۆر کێشەو قەیرانى تر،
بڕیارى سەرکردایەتى کورد لەدوا ساتەکاندا بۆ بەشداریکردن لەحکومەت بە پێدانى سێ مانگ مۆڵەت بەو حکومەتە لەجێبەجێکردنى داواکانى کورد جگە لەتێپەڕاندنى بەشدارییەکەو چاونوساندنى خەڵکى کوردستان یا وەک دەڵێن پاراستنى (ئاوى دەمء چاو) شتێکى تر نییە، چونکە هەموومان دەزانین نە بەغداد دەتوانێ لەو سێ مانگەدا داواکانى کورد جێبەجێ بکاتء نەکوردیش دواى ئەو سێ مانگە ئەگەر مافەکانى بۆ جێبەجێ نەکرا دەتوانێ یا لەتوانایدایە هەڵوێستێک وەربگرێتء لەحکومەتەکەى عەبادیدا بکشێتەوە.
بۆیە واباشە سەرکردایەتى کوردستان لەمە زیاتر لە چاوەروانیدا کات بەفیڕۆ نەداتء شەڕو ململانێ لەگەڵ بەغداد بە موچەو قوتى خەڵکەوە نەکات، چونکە سیاسەت چۆن هونەرى ئەو کارانەیە کە دەکرێء لەتوانادا هەیە بکرێت، بەهەمان شێوە هونەرى ئەو کارانەشە کە بۆت ناکرێء لەتوانات دانییە بیکەیتء دەبێت نەیکەیت، دیارە لەبەرامبەر داواکانى کورد بەغداش بەهەمان شێوە چەند داواکارییەکى لەکورد هەیە، کە یەکێک لەو داواکارییانە مەسەلەى نەوتەکەیە کە بەغداد پێیوایە هەناردەکردنء فرۆشتنى بەبێ رەزامەندىء بەشدارى ئەو کارێکى دەستورىء یاسایی نییە، بەتایبەتى کە تا ئێستا یاساى نەوت و غاز دەرنەچوە و بەغدا و هەرێم هەریەکە بە جۆرێک لێکدانەوە بۆ دەستورو دەسەڵاتەکان دەکەن. بۆیە ناکرێتء لەتواناى کوردیشدا نییە هاوکێشە نێوخۆیء نێودەوڵەتییەکانیش لەوەدانییە کە لەمە زیاتر ئەو شەرە بێهودەیە لەنێوان بەغدادو هەرێمى کوردستان بەردەوام بێتء خەڵکى کوردستانیش باجى بێ مووچەییء گرانى بەنزینء کێشەکانى تر بدەن، بەڵکو دواى ئەو هەموو ساڵە لەو شەڕە، کاتى ئەوە هاتووە واقیعبینانە مامەڵە لەگەڵ کێشەکەدا بکەینء هیچ نەبێت لەسەر مەسەلەى هەناردەکردنء فرۆشتنى نەوتەکە لەگەڵ بەغدا بسازێین بۆ ئەوەى ئەویش هیچ بیانویەکى لەبڕینى بودجەو مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمی  کوردستان لەبەردەستدا نەمێنێت، دانوستاندنیش وەک لە ناوەکەیدا هاتوە هەر تەنها بەماناى ستاندن نییە، بەڵکو مانای پێدانى مافی بەرامبەریشە، خۆ ئەگەر خەڵکانێک پێیوایە بەغدا ئەو مافانەى نییە، باهیچ نەبێت بیانوەکانى لەبودجە بڕین ببڕین.
دەبێ بگوترێ کە دوێنێ ئێوارە 8/9/2014 کۆبونەوەى پەرلەمانى عێراق بۆ متمانەدان بە حکومەتەکەى (عبادى) بەبێ ئامادەبوون و تەنانەت چاوەروانى دوا وەڵامى کورد لە بەشداریکردنى حکومەتەکە دەستیپێکرد کە ئەمەش بە بەراورد بە جارەکانى دیکە ، بەتایبەتیش (4)ساڵ لەمەوبەر کە بە دەسپێشخەرى کورد و لە هەولێر و لە رێگەى رێکەوتنى هەولێردا کابینەى دووەمى مالیکى پێکهێنردرا ، پاشەکشە و بچوکبونەوەیەکى زۆرى رۆڵ و پێگەى کوردە لە عێراقدا ، بۆیە کاتێ ئەوە هاتووە سەرکردایەتى کورد بە جیددى چاوێک بە ئەداى حوکمرانى خۆیدا بخشێنێتەوە و چیتر بە خۆ دەرخستن و هەڵوێستى ناواقعیانە و باسکردنى بێ بنەما لە سەرکەوتن و پێشکەوتنەکان خۆى نەخەڵەتێنێ و لەمە زیاتر دۆز و پێگەى کورد بچوک نەکاتەوە و کوردستان و خەڵکەکەى نەخاتە قەیرانى زیاترەوە.



به‌روار:  20/09/2014
263   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  وتاری زیاتر ...
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
عەبدولڕەحمان مهابادی
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
ئازاد حەمدی
ژماره‌ی بابه‌ت

بەرخ و ڤیدیۆ 🤣🤣

شێری ژنانی 🤣🤣

مناڵ و جرجەکان 😮

هەڵۆیەک کۆترێ دەرخواردی بێچووەکانی دەدات

مناڵێک لە باڵەخانەیەکی بەرزدایە

مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   541
کۆی سه‌ردان:   29250911