وتاره‌كان
تورکیا لە ناو یەکێتی ئەوروپادا جێی نابێتەوە- دەرگایان لەسەر دابخەن
 جەلال دەباغ
(ئەم وتارە لەنووسینی جان بیورکلوند سەرۆکی پارتی لیبرال لە سویدو فرێدریک مالم وتەبێژ بەناوی سیاسەتی دەرەوەی حیزبی لیبرالی سویدەوە، بەناونیشانی ( تورکیا لە ناو یەکێتی ئەوروپادا جێی نابێتەوە- دەرگایان لەسەر دابخەن) بڵاوکراوەتەوە، ئەم حیزبە لە پێشدا ناوی" پارتی گەل" بوو، پاشان ناوەکەیان بۆ "پارتی لیبرال" گۆڕی. ئەم حیزبە یەکێکە لە حیزبەکانی ناو پەڕلەمانی سویدو لەبەرەی حیزبە بۆرژواکانە، لە کۆنەوە هەڵوێستیان لەبارەی مەسەلەی کوردەوە باشەو لەم وتارە تازەیەشدا کە لەبەرزترین کەسانی ناو حیزبەکەوە نووسراوەو لەدژی وەرگرتنی تورکیان لە یەکێتیی ئەوروپاداو رەخنەی زۆر لە سیاسەتی ئەردوگان و حکومەتەکەی دەگرن بەتایبەتی سەبارەت بە داگیرکردنی شاری عەفرین و ئەو کوشتوبڕەی فەرمانڕەوایانی تورکیا لەدژی کورد ئەنجامیان داوەو دەیدەن، کە ئەمە بایەخێکی گەورەی هەیە، بۆیە بە باشمزانی ئەو وتارە بەخوێنەرانی کورد پێشکەش بکەم بە مەبەستی ئاگاداربوونیان لە سیاسەتی ئەم حیزبە. هیوادارم بێسوودنەبێت.) 
جەلال دەباغ
 تورکیا لە ناو یەکێتی ئەوروپادا جێی نابێتەوە- دەرگایان لەسەر دابخەن
 لەماوەی نزیکەی دوومانگدا، تورکیا بە هاوکاری میلیشیا جیهادیەکان هێرشیان بردە سەر کانتۆنی کوردیی (عەفرین) لە باکوری رۆژئاوای سوریا. لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا شاری عەفرینیان داگیرکرد. باری ژیانی خەڵکە شارستانیەکە لەم ناوچەیەدا کارەساتبارە، خاچی سوور باسدەکات کە دەستکەوتنی ئاوو خۆراک و بە هاناچوونی شارستانییەکانەوە لەناوچەکەدا کارێکی یەکجار گرانە. هێرشکردنە سەر عەفرین یەکێکە لەنمونەکان لەسەر ئەوەی حکومەتی تورکیا چۆن شەڕەکەی سوریا دەبینێت. رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا هیچ مەترسیی گەورەنابینێت لەکۆمەڵە ئیسلامییە تێرۆریستەکان، بەڵام ئەو ئامادەیە دامودەزگای سەربازی لەدژی کوردە عەلمانییەکان کۆبکاتەوە ئەگەرچی ئەو کوردانە بۆ ماوەی پێنچ ساڵ لە دژی تاقمە ئیسلامیە توندڕەوەکانی دەوڵەتی

ئیسلامئ شەڕیانکردو دواجاربە ملیۆنان کەسی شارستانیان پاراست. هەمان شێواز لەناو تورکیادا خۆی دووبارە دەکاتەوە. سوپای تورکیا لەم ساڵانەی دواییدا دەستی بە گەمارۆدان و بۆمبۆردومانی چەند شارێکی کوردیکرد. چەند ناوەندێکی شارەکانی بەتەواوی وێران و لەگەڵ زەویدا تەختکردن. لەگەڵ ئەمەشدا، دەوڵەتی تورکیا ئاسۆکانی کوردی لە وڵاتدا نەهێشت بۆ رێکخستنی ئاشتییانەو سیاسیانەی حێزب، ئەوەتا سەرۆکی حیزبی (هەدەپە) سەلاحەدین دەمیرتاش دەستگیرکراوە کە لە هەڵبژاردنی رابوردودا لەسەدا دەی دەنگەکانیان هێنا، هەروا بەسەدانی لە سەرۆکەکانی شارەوانی و پەرلەمانتاران و ئەندامانی حیزبەکە دەستگیرکردووە. لەم دەساڵەی دواییدا باری پەرەسەندنی دیموکراسی و ئازادیی دەربڕین و حوکمی قانون بەرەبەرە داڕماوە. ئەو رۆژنامانەی کە رەخنەلە سەرۆک و "حیزبی دادپەروەری و بوژاندنەوە - ئاکەپە"ی فەرمانڕەوا دەگرن هەموویان دادەخرێن و لەلایەن هێزەکانی سەربە حکومەتەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت. تورکیای ئەمڕۆ لە دەستگیرکردنی رۆژنامەنووساندا لەریزی پێشەوەی جیهاندایە. ئەم وڵاتە تائاستێکی زۆر کەوتۆتە بەر لۆمەو سەرزەنشت و تاوانبارکردنی دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ و بەردەوام دیداری رێکوپێک سازدەکات لەگەڵ دانیشتوان کە رەخنە لە سەرۆک و حکومەتدەگرن کەدەستی بەسەر هۆیەکانی راگەیاندنی کۆمەڵایەتیدا گرتووە. دوای هەوڵدانی کودەتا ژێرکەوتووەکەی دووساڵ لەمەوبەر، حکومەت تا دوورترین ئاستی سنووری ئەنجامدانی کاروباری پاراستنی ئاسایشی وڵات رۆیشت. بەدەیان هەزارکەس لە فەرمانبەرانی دەوڵەت دەرکران و ئازادی دەربڕین لەناوبرا. تەنانەت لە سوێدیش کارتێکردنی ئەمە دەبینین. ساڵی رابوردو ئێستگەی رادیۆی سوێد باسیکرد کە رێکخراوێکی هاوپەیوەند لەگەڵ حیزبی ئاکەپەی فەرمانڕەوا، حیزبی "دادپەروەری و بوژاندنەوە"! هەوڵدەدات نەخشێک بۆ تورکە بەرهەڵسکارەکان لە سوێد بکێشێت. ئەو تورکانەی بەدوای پەنابەریدا دەگەڕێن و دەچنە دایەرەی پەنابەران لە سوید، وەرگێڕی تورکی دەهێنن کە هەندێکیان سەر بە ئۆردوگانن، ئەو

کۆچبەرانە زۆر لەوە بێزاربوون ودەڵێن ئەو وەرگێڕانە بۆ ئەوان پڕمەترسین. هەروا بۆ ئەو سویدیانەی خەڵکی تورکیان. ئەردوگان و دارودەستەکەی کە بەشوێن رەخنەلێگرانیاندا دەگەڕێن بارودۆخێکی دوور لەئاسایشیان بۆ ئەوانە خوڵقاندووە. کاتی ئەوە هاتووە بۆ ئەوەی سویدو یەکێتیی ئەوروپا بگەنە بەئەنجامگەیاندن لەو رێگەیەی ئەردوگان بۆ تورکیای هەڵبژاردووە. پڕۆسەی چاکسازی کە لەسەرەتای دەیەی یەکەمی سەدەی بیستەم دەستپێکرا بەرەو رێبازێکی یەکجار زۆرسەربازی و دیکتاتۆری گۆڕدرا. لەڕاستیدا تورکیا چەند دەیەیەکی لەبوژاندنەوە کوشت، ئەمەش لە سایەی حکومەتی ئێستای تورکیادا، نابێت وادابنرێت ئەم وڵاتە دیموکراسییە یان حوکمی قانون هەیە یان هاوبەشی ئەوروپایە لە کارکردن بۆ ئاشتی و لەدژی تێرۆر. دەبێت ئەم پرسیارەبکرێت: ئایا ئەم حکومەتە دەتوانێت لەبارەی ئەندامەتی لە یەکێتیی ئەوروپادا گفتوگۆبکات؟ وەڵامی ئێمەی لیبراڵەکان بۆ ئەم پرسیارە ئەمەیە (نەء). ئێمە لەوباوەڕەداین دەبێ یەکێتیی ئەوروپا دەرگا لەبەردەم تورکیادا دابخات و پڕۆسەی گفتوگۆ ڕابگرێت. مەرجی سەرەکی بۆئەوەی دەوڵەتێک پاڵێوراوبێت ئەوەیە حکومەتەکەی وڵات خواستی ئەوەی هەبێت چاکسازی جێبەجێبکات و رەوتی وڵات پەرەپێبدات بەرەو ئەندامەتی یەکێتی ئەوروپا. تەنانەت ئەگەر وڵاتێک زۆر پرسگیریی گەورەی لەروودابێت دەکرێ وەک دەوڵەتێکی کاندیت پێشوازیی لێبکرێت ئەگەر خواستێکی سیاسیی بۆ چاکسازی هەبێت. پاشان دەکرێ پڕۆسەی پەیوەندی چاکسازی بڵندبکاتەوە و یارمەتی بەرەو پێشەوەچوونی وڵاتەکە بدات. ئەمە یەکێکبوو لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ ئەوەی تورکیا بۆ پێدانی ئەو پایەیە بپاڵێورێت و لە ساڵی ٢٠٠٥دا پڕۆسەی بوون بە ئەندامێتی دەستپێبکات. بەڵام ئەمڕۆ ئەو رێبازە نییە کە حکومەتی تورکیا بیەوێت لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا مامەڵەبکات، چ لەرووی بەها سەرەکییەکانەوە یان چاکسازیترەوە. لە دەمەقاڵەی ئێستای تورکیادا کە ئەمڕۆ دەنگە حکومییەکان بەسەریدا زاڵن، پڕۆپاگاندەیەکی خەست و پڕ لە هاشەوهوش دەکرێت لەدژی خۆرئاواو

ئەوروپا. ئەم پڕۆپاگاندەیە زۆر دوژمنانەیە، بەشێوەی گشتی یەکێتی ئەوروپاو وڵاتە یەکگرتووەکان لە رۆژنامەکانی سەربەحکومەتدا وا باسدەکرێن وەک دوژمنانی تورکیا. دوژمنایەتی سامیزم زۆر بەربڵاوە، هەروەها دوژمنایەتی کوردو ئەرمەن. ئێمە هیچ بایەخدانێک لە حکومەتی ئێستای تورکیاوە نابینین بۆ نەهێشتنی ئەم هاندانە بەردەوامەو پڕ لە هاشەو هوشە لە دژی مۆدێلی کۆمەڵگای لیبراڵی کە وڵاتی ئێمەوکیشوەرەکەمان(واتە قاڕەی ئەوروپا- وەرگێر) پشتی پێ دەبەستین. بەئەنجامگەیشتنی ئێمە ئەوەیە کە کاتێک دەوڵەتی تورکیا مۆدێلی کۆمەڵگای لیبراڵ بە دوژمنی ناوەندی دیاریدەکەن هیچ مەرجێکی بەئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپادا لە ئایندەشدا نابینین. لەبەر ئەوە لیبراڵەکان داوا لە ستێفان لۆڤییەن و حکومەتەرەنگ سوورو سەوزەکەی دەکەن کە لە ئەنجومەنی ئەوروپادا هەوڵبدەن بۆ کۆتاییهێنان بە پڕۆسەی هاتنی تورکیا بە فەرمی بۆ ناویەکێتیی ئەوروپا.

Jan Björklund, partiledare (L) چان بیورکلوند سەرۆکی پارتی لیبرال لە سوید

Fredrik Malm, utrikespolitisk talesperson (L)فرێدریک مالم وتەبێژ بەناوی سیاسەتی دەرەوەی حیزبی لیبرالی سویدەوە

لە هەفتەنامەی ( ئافتۆن بڵادێت)ی ژمارەی رۆژی ٢٤ی ئاداری ٢٠١٨وەرگیراوە . )Aftonbladet



ئەم ووتارە گوزارشت لە بۆچونی نووسەرەکەی دەكات

به‌روار:  30/03/2018
552   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  وتاری زیاتر ...
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
عەبدولڕەحمان مهابادی
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
ئازاد حەمدی
ژماره‌ی بابه‌ت

مناڵێک لە باڵەخانەیەکی بەرزدایە

لافاو و رەشەبا زیاتر لە 70 باخ لە کەرکووک تێکدەدات

کوژرانی ٨ سەربازی تورک لە ناوچەی وەرخەلێ

دوایین ووتەی زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی لەپێش دادگای

یادی شەهیدانی پاریس لە مالمۆ

مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   656
کۆی سه‌ردان:   29231161