ئهرشیف
پهیوهندی
ڤیدیۆ
ئاگاداری
ههمهڕهنگ
وتار
پرسەی هەندەران
سهرهکی
نیکۆس کازانتزاکیس دەڵێ:
هاشم ئاو ناهێنێ 🤣
نیتچە دەڵێ:
وتارهكان
کورتەچیرۆک... ماڵئاوا
جەلال دەباغ
نووسینی: بەڵقیس ئەلروبێعی
جەلال دەباغ کردوویە بە کوردی
ماڵئاوا
("خوشترین چیرۆکی خۆشەویستی" ئەو کورتە چیرۆکەبوو لە کۆمەڵە کورتە چیرۆکی"طیف الغائب- تارمایی نەهاتوویەک" لە نووسینی بلقیس الربیعي وەرمگرتبوو، کردبوومە کوردی و بەبۆنەی رۆژی خۆشەویستی ڤالەنتاین و رۆژی شەهیدی شیوعی ١٤ی شوبات، لەم لاپەڕەیەی خۆمدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە چەند سایتێکی کوردیدا بڵاوم کردبۆوە، لە ئەنجامدا هاوڕێ بەڵقیس کەهاوسەری شەهیدی نەمر دکتۆر محەمەد بەشیشی "ابو ظفر"ە، کە ساڵانێک لە کوردستان پزیشکی پێشمەرگەبوو، کاتێک لەگەڵ مەفرەزەیەکی پێشمەرگەکانی حیزبی شيوعی عیراق لە قامیشلۆوە بەرەو کوردستان بەڕێکەوتن و لەکاتی پەڕینەوە لە روباری دەجلە رۆژی ٢٧/٩/١٩٨٤ کەوتنە بۆسەی جاش و سوپای رێژیمی فاشیستی بەغداوەو لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکی قارەمان لەوانە هاوڕێ ئەبوهەدیل بەرپرسی مەفرەزەکە شەهیدبوون. هاوڕێ بەڵقیس ئەم نامانەی بەعەرەبی بۆ ناردم کە بەکوردیش بڵاویان دەکەمەوە: (ئازیزم أبومحمود لەگەڵ سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ ئەو بایەخە گەورەیەت، هیوادارم تەندروستیت باش و تەمەنت درێژبێت بۆئەوەی لەبەخشندەییدا بەردەوامبیت. ئێستا توانیم چیرۆکە وەرگێڕاوەکە لەوسایتانەی بۆتناربوم ببینم. جارێکیتر زۆرسوپاس). (العزیز أبومحمود مع خالص شکری وتقديري لأهتمامك الكبير أتمنى لك الصحة والعمر المديد لتواصل العطاء . الأن استطعت أن أرى القصة مترجمة في المواقع التي أرسلتها لي . مرة أخرى شكري الجزيل). ("ئازیزم ئەبومەحمود لەگەڵ سڵاوی گەرمم. بەخودا ئەی بەوەفاو بەڕێز ناتوانم بە وشە رادەی سوپاس و پێزانینم دەربڕم بۆ بایەخدانی زۆرت. هیواداری تەندروستی و بەختیاریتم. سڵاوم بۆ ئازیزم دایکی مەحمود. بەدڵنیاییەوە چیرۆکی(یەکەمین ماڵئاوایی) رێگەی بۆ وەرگێڕان دەگرێتەبەر. هەربژیت وەک برایەکی خۆشەویست). (العزیز ابو محمود مع تحیاتی الحارة. واللە تعجز الکلمات للتعبیر عن مدی شکري وتقديري لإهتمامک
الکبير أیها الوفي والطیب. أتمنی لک کل الصحة والسعادة. تحیاتي للعزیزة أم محمود. أکید راح تکون القصة (الوداع الأول) ستأخذ طریقها للترجمة. دمت أخا عزیزا) وا لەسەر داوای ئەو هاوڕێ بەرێزە چیرۆکی (ماڵئاوایی)م کردە کوردی و بڵاوی دەکەمەوە): * * * * * کاژێر لەسێی دوای نێوەڕۆ نزیک دەبۆوە کە زەنگی دەرگاکە لێدرا، زۆری پێنەچوو ئەمجارە زۆر بە توندی لەدەرگاکە درایەوە. ئاوات ڕاچڵەکی و ترسا چونکە ئەم دەرگا لێدانە لای ئەو هاتنی (ئەمن) دەگەیەنێت. لەدرزێکی ژێرپەردەکەوە تەماشایکرد، ئۆتومبیلێکی فۆکسواگۆنی شینی ئاسمانیی بەرچاوکەوت، لەگەڵ زەلامێکی قەڵەوی کورتەبنە کە هەردەهات و دەچوو تەماشای دەرگاکەیانیدەکرد. کیژەکە هەوڵی دا گوێینەداتی و هێمن وئاسایی بێتەبەرچاو، دەرگاکەی کردەوە. - دەمەوی قسە لەگەڵ دکتۆر بکەم. - بەداخەوە لەماڵنییە. - ئەی دەزانیت کەی دەگەڕێتەوە؟ - لەوانەیە دوای دوو یان سێ کاژێریتر بگەڕێتەوە، زۆری پێناچێت. ئیتر کابرا رۆیشت و ئەویش دەرگاکەی داخست. لە هاوسەرەکەی نزیکبۆوەو لەروخساریدا شتێک بەدی نەدەکرا جگە لەترس بەرانبەربەو.. - دەبێ هەر ئێستە بڕۆیت! بەڵێ.. بەڵام ئێستانا ... بەڵای کەمەوە دوای نیو کاژێر، لەوانەیە لەم نزیکانە چاوەڕوانبن، من شێوەی کاریان دەزانم... رەنگە جارێکیتر بگەڕێنەوە. دەستبەجێ ئەحمەد جلەکانی لەبەرکرد، هەندێ کاغەزو پەساپۆرتەکەی هەڵگرت و بێئەوەی کەس بیبینێت روویکردە شوێنی لەدایکبوونی. لەناخی ئاواتدا مەترسی گەورەدەبوو. ئەویش جلەکانی خۆی لەبەرکردو جلی کردەبەر هەردوو منداڵەکەی و دوای ئەوە دەرچوو. ئەوەی بەبیردا نەدەهات کە دەگاتە ئەو پاسەی هاوسەرەکەی سواری بووە. سواری پاسەکەبوون و هاوسەرەکەی نەدی کەلەسەر کورسییەکی دواوەی پاسەکە دانیشتبوو. کچەکەی کە تەمەنی لەچوار ساڵ تێنەپەڕیبوو، لەدایکی وەژاند و بەدەنگێکی نزم گوتی: - دایە سەیرکە.. بابە لەدواوە دانیشتووە. - دایکی بەگوێیدا چرپاندو گوتی: " گیانەکەم هیچ قسەمەکەو وشەی"بابە"
لەدەمت دەرنەچێ و تەماشای مەکە". ئاوات لەجێگەیەکی ستراتیژی لەناوپاسەکەدا دانیشتبوو، لەوێوە دەیتوانی ئەحمەد ببینێت بێ ئەوەی سەرنجی کەس رابکێشێت. بەچاکی سەرنجیدەدا واهاتە بەرچاوی وەک ماوەیەکی درێژبێت نەیدیبێ. زۆر شتی تێدا دەدۆزییەوە.. زەرەخەنەکەی کە سەر روخساری رووە سۆمەرییەکەی تەنانەت لە ناخۆشترین بارودۆخدا جێنەدەهێشت. ئەویش سەرنجی دەدایە ئاوات وەک بێەوێ دیداری چاوی لێتێربکات. ئەو خۆشەویستییەی کە هەر لەوکاتەوە قوتابیی دواناوەندیبوون کۆی کردبوونەوەوپاشان ژیانی بەختیاری هاوسەرگیری و...و ئەوەتا ئێستاش لێکدوورکەوتنەوە چاوەڕوانیانەو، کاژێرە چارەگرانەکەی جودایی داهاتووە. لەشارەکەیدا لەپاسەکە هاتنەخوارەوەو، هەریەکەیان بە لایەکی جیاوازدا رۆیشتن، هەروەک یەکتر نەناسن. ئاوات و هەردوو منداڵەکەی چوونە ماڵی کەسوکاری ئەحمەدو لەوێ چاوەڕێی گەڕانەوەی ئەویاندەکرد. کاتژمێر نزیکەی دەی شەوبوو ئەحمەد گەڕایەوەو لە تەنیشت ئاواتەوە خۆی دا بەسەر جێگەکەداو باسی ئەوەی بۆکرد کە گەیشتۆتە چ بڕیارێک، ئەویش ئەوەیە چەند بەخێرایی بتوانێت لە نیشتیمان دەرچێت، لەوەش ئاگاداریکردەوە کە دڵنیایە مەترسی نزیکبۆتەوە. ئەوشەوە ئاوات هیچ نەنووست و پێڵووەکانی نەخستنە سەریەک... ئەحمەد سبەینێ بەیانی دەردەچێت. ئاوات سەری خستە سەرشانی و باڵی بەدەوریداهێناو بەچرپە هەندێ وشەی درکاند، وشەکانی تەنگانەو ماڵئاوایی و لێکجودابوونەوەو نەیدەزانی ئەمە چەند درێژە دەکێشێت. وشەی لەشێک کە ناخوازێت جیابێتەوە... - بمدەرەپاڵ سنگە پڕلە خۆشەویستییەکەت، لە پێناو خۆشەویستیماندا کە لەنێوان پەراسوەکانمدا پەرستگایەکی بۆتۆ دروستکردووە، بەرگری تاڵیی جیابوونەوەی قورس و گرانت دەکەم... ئێمە هەردووگیانمان تێکەڵبوون و بوونەتە یەک گیان. ئاواتی گرتەباوەش.. ماچیکردو لەچاوە پڕلەپێکەنینەکەیدا زەردەخەنەیەکی دلگیریی دەبینی. هەستی بە خەمباریکرد لەکاتێکدا وایدەبینی تەماشایدەکات وەکو لێیبپاڕێتەوە:
"لێم دوورمەکەوەرەوە.. من بەبێ تۆ وندەبم.." خۆشەویستم من لێرە لەتەنیشتتەوەم. بەناچاری بۆ ماوەیەکی کورت لێکجودا دەبینەوە، بەڵام پاشان بە دیداری یەک دەگەین و جودایی دەکوژین، تەنیا تۆ لەناو دڵمدا دەبیت تا ئەوکاتەی مردنم دادێ. - چاوەڕوانتدەکەم و نیگەرانمەبە بۆئێمە بەڵام وریای خۆتبە، ئایا دڵنیایت پەساپۆرتەکەت پێیە؟ - بەڵێ لەوبارەیەوە نیگەران مەبە، دەربارەی بارودۆخی من خۆت ئازارمەدە. کات بەرەبەیانی زووبوو، شەقامەکان چۆڵبوون، تاکی پەنجەرەکان داخرابوون لەوکاتەدا کە ئەحمەد ماڵئاوایی لە ئاواتکرد تا لە بەغدا بەدیداری بگاتەوە.. ئاوات زۆر هەوڵی دا کە ئەقڵی لە بیرکردنەوە رابگرێت، بەڵام بێ سوودبوو هاتەسەر ئەو بیروڕایەی کە لەبارەی ئەم سەفەرەوە هیچکەس ئاگادارنەکات و لە خەیاڵیداکەوتە خوێندنەوەی چیرۆکێک کە بتوانێ ئەو کارمەندانەی لەگەڵ مێردەکەی پێکەوەن بە هۆکاری دواکەوتنی لە دەوام قایلبکات. ئاوات هەردوو منداڵەکەی ماچکردو بە نەنکیانی سپاردن و گەڕایەوە بۆ ئەو شارەی خۆی و مێردەکەی کاریان تێدادەکرد. لە دۆستەکانیشی هەندێ پارەی قەرزکرد، هەندێ جلوبەرگی مێردەکەی هێنا لەگەڵ کتێبێکی پزیشکی و ئامێرە پزیشکییەکەی بیستن، هەمووی خستنە ناو بوخچەیەکی گچکەوە تا کاتێک زوودەردەچێ نەبنە جێگەی گومانی کەس. بۆ رۆژی دووەم لەدوای شووشەی پەنجەرەکەوە راوەستاو تەماشایکرد، کاتێک یەکەمین تیشکەکانی کازێوە دەرکەوتن، لەسەرخۆ دەرگاکەی کردەوەو دوای ئەوەی تەماشایکرد شەقامەکە لە رێبواران چۆڵە، لەماڵ دەرچوو، بوخچەکەی هەڵگرتبوو بەپەلە بەرەو تێرمیناڵی ئۆتومبیلەکان رۆیشت تا فریای یەکەم پاس بکەوێت کە بەرەو بەغدا دەڕوات. لەماڵی برایەکەی خۆی بۆ ماوەیەکی کورت بە دیداری ئەحمەد گەیشت. - هەندێ جلوبەرگم بۆ هێناویت، لەگەڵ هەندێ پارە کەلە دۆستەکانم قەرزکردووە پاشان کە قەرزی خانوبەرەم وەرگرت بۆیان دەگێڕمەوە. - بەڵام تۆ بۆ تەواوکردنی خانوەکە پێویستت بە پارەیە! - نیگەرانمەبە خۆم جێبەجێیدەکەم. - چەندت پارە بۆ هێناوم؟
ئاوات بەخێرایی تەماشایەکیکردو بەزەردەخەنەیەکەوە گوتی: - بڕی پارەکە کەمنییە، بەشی پێداویستەکانت لەنامۆیی دەکات تا کاروبارەکانت جێگیردەبن. - من ئێستا هەست بە دڵنیایی و گەشبینی و بڕوا بە دوارۆژی خۆم دەکەم، بۆیە خۆشەویستەکەم سەرمت بۆ دادەنەوێنم، بۆ گەورە تەماشاکردنی ئەو بەوەفاییەت و دڵسۆزییەت بۆ خۆشەویستیمان. هەردووکیان پێکەوە سواری ئۆتومبیلێکی کرێ بوون و لە کۆگایەکانی نزیک (پردی شەهیدان) هاتنەخوارەوەو، لەوێ جانتایەکی بۆ کڕی و جلوبەرگەکەی بۆ تێخست. بەبێدەنگی پێکەوە دەڕۆیشتن. ئاوات بووە پارچەیەک لەترس بەڵام خۆی بۆ بەرگەگرتنی ماڵئاوایی راگرت. دڵی بەپەلە لێیدەداو وای هەستدەکرد کە گوێی لە ترپەکانێتی و هەروا کەسانی دەورو پشتیشی دەتوانن بیانبیستن. بێ ئەوەی وشەیەک بڵێت بەجێیهێشت. ئەحمەد لەوکاتەدا سەرنجیدەدا کە بە هەنگاوی ماندو لە شەقامەکە دەپەڕییەوە بێ ئەوەی تەماشای دواوە بکات، بۆ ئەوەی سواری ئەو پاسەبێت کە دەچێتە تێرمیناڵ. لەگەڵ خەڵکی چاوەڕوانی هاتنی پاسەکەدا راوەستا، ویستی بەدەست بەرزکردنەوە ئاماژەی بۆ بکات ، بەڵام پڕکێشیی ئەوەی نەکرد چونکە دەست راوەشاندنی لەو چەشنە سەرنجی خەڵک رادەکێشێت. لای هەڵوێستگەی پاس ئاوات سەرنجی روخساری رێبواران و دوکانی جانتافرۆشان و فرۆشیارەکانی جلوبەرگی کۆنەیدەدا. ناوچەی (پردی شەهیدان) جمەیدەهات لە جوڵانەوەیەکی زۆرو، خۆر لە ئاستی پردەکەدا نزیکبوو سەری لە ئاسۆبدات و، رەنگەکانی لەکاتی خۆرئاوابوون و ماڵئاواییدا پرتەقاڵییەکی سوورباوبوو، کاتێک وەرگەڕا ئەحمەدی بینی کە لەشوێنی خۆی وەستابوو بەدووچاوی وێڵەوە تەماشای ئەوی دەکرد. ئەویش نەیتوانی بۆ ماڵئاوایی لێکردنی دەستی بەرز بکاتەوە، نەک لەوانەبێ کەسێک لە دوورەوە چاودێرییان بکات. لێوەکانی جوڵاندو تەماشایدەکردو زمانیشی لەگەڵ لێوەکانی دەلەراندەوە، بەڵام هیچ دەنگی لێوەنەدەهات. " ئای خودایا مرۆڤی راونراوو دەستبەسەری ژێر زەبری ترس و تۆقاندن واهەستدەکات کە هەموو خەڵکی چاویان لەوبڕیوە، لەگەڵ خۆیداو لەبەر خۆیەوە ورتەورتی دەکرد.
ئاوات سواری پاسەکەبوو، ئەحمەدیش رۆیشتە ئوتێلێکی نزیک. ئەحمەد بەبێ هەڵبژاردنی خۆی دەرچووە دەرەوە، نامۆیی نەیتوانی شتێک بەرانبەری بکات، بەڵکو خۆشەویستی و دڵسۆزیی بۆ ئاوات پترکردن، لە ئاوارەییەوە بۆ ئاواتی نووسی: دەڵێت: "پێمدەڵێن ئەوە ئافرەتانی جوانی سۆفیا لەبەردەمتانهەن، لەبەرچی یەکێکیان ناکەیت بەدۆست یان ئاشقی خۆت، منیش بەساویلکەییان پێکەنیم و، چەند دەمویست بەروویاندا بقیژێنم، وەک شتێک لە ناخمدا رابپەڕێت .. چۆن؟ چۆن؟... ئێوەنازانن من لە وڵاتی خۆم ژنێکم جێهێشتووە ئەگەر گشت ژنانی سەرزەوی هەموو پێکەوە کۆببنەوە ناتوانن ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە کەئەو دروستیکردووە، یان دڵێک وەربگێڕن کە ئاشقی ئەوبووەو هێچ ژنێکی دیکەی نەناسیوە. ئاخ خۆزگە ئەوەتان دەزانی!!
ئەم ووتارە گوزارشت لە بۆچونی نووسەرەکەی دەكات
بهروار: 01/03/2018
590 جار خوێندراوهتهوه
وتاری زیاتر ...
ههردوكیان له ئاست لهشكركێشی توركیا نوتقیان بهستراوه عیمادعهلی...
عیماد عەلی
بۆ يەكەم جار.. موقاومەتی ئێران و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هێڵی هاوبەش!...
عەبدولڕەحمان مهابادی
لووتکەی ناداد پەروەری ...
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
به بارمتەگرتنی ئابووريی ئێران!...
عەبدولڕەحمان مهابادی
مامهڵهكردن لهگهڵ مالكی یان عهبادی بۆ كورد باشتره ؟...
عیماد عەلی
دوور له بهرژهوهندی تهسك با گۆران و یهكێتی یهكبگرنهوه...
عیماد عەلی
پاڵەوان و کەسایەتییەکان لە چیرۆکی منداڵان...
ڕەزا شوان
ئەو ديوارەی بەمزووانە دێتە رووخان!...
عەبدولڕەحمان مهابادی
چۆن خۆت له خهیأڵپڵاوی بیرێك رزگار دهكهیت؟...
عیماد عەلی
نەخۆشی دەسەڵات...
ڕەزا شوان
دوو تابلۆی قەشەنگ..؟! ...
ئازاد حەمدی
سوودەکانی لە باوەشکردنی منداڵان.. ...
ڕەزا شوان
ئهو كتێبهم لۆ چاپ نهكرا...
یوسف مەنتک
ڕۆڵی حیزب لە هەڵبژاردنەکاندا...
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
شهكاوه بێت ئاڵای سهركهوتن به سهر نازیزم و فاشیزمدا ...
ئەحمەد ڕەجەب
کەشتی نوح .....
ئازاد حەمدی
1
2
3
4
5
...
ژمارهی بابهت
ڤیدیۆ
لافاو و رەشەبا زیاتر لە 70 باخ لە کەرکووک تێکدەدات
کوژرانی ٨ سەربازی تورک لە ناوچەی وەرخەلێ
دوایین ووتەی زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی لەپێش دادگای
یادی شەهیدانی پاریس لە مالمۆ
قەیسەری نەقیب ئەستێرە درەوشاوەکەی سەر شانی سلێمانی
ئهرشیف
پهیوهندی
ڤیدیۆ
ئاگاداری
ههمهڕهنگ
وتار
سهرهکی
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سهرهێڵ:
752
کۆی سهردان:
29126641