وتاره‌كان
ڕۆڵی ڕۆشنبیر لە کۆمەڵگادا
 محه‌مه‌د به‌رزی
زوربەی هەرە زۆری زاناکانی کۆمەڵناسی لەسەر ئەو ڕاستییە کۆک و تەبان ، کە مەرج نییە هەر کەسێک خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەی بەرز بوو ڕۆشنبیربێت ، بەڵام پێویستە هەموو ڕۆشنبیرێک خوێندەوار بێت . بە مانا فراوانەکەشی ڕۆشنبیریش ، ئەو کەسەیە ، کە بە ڕاستی هەڵگری ئەم سیفاتانە بێ : ڕەوشت بەرز و فریادرەس ، ژیر و ئازا و چاونەترس و لە هیچ چاکەیەک خۆی نەبوێرێ ، ڕاستگۆ و دڵسۆز و بە ویژدان ، لانەدان لە هەق لە ژێر هەر پاساوێکدا بێت ، ڕێزگرتن لە شکۆ و بەرژەوەندی نیشتمان و گەلەکەی ، بەرپەرچدانەوەی زوڵم و زۆر و ستەم ، چ لەسەر خۆی و چ لەسەر گەل و نیشتمانەکەی . بەو پەڕی ئاگاییەوە لە کۆمەڵگاکەی خۆی گەیشتبێت ، تا بتوانێت بەها جوانەکانی مرۆڤایەتی بچەسپێنیت و هاوکاری تەواو لە بەرەوپیش بردنی کۆمەڵگاکەیدا بکات . بە کورتی ڕۆشنبیر سایە و دەنگی زیندوی نەتەوە و زمانی گەلەکەیەتی ، چاوی کراوەی کۆمەڵگایە ، کە هەموو جۆرە گۆڕانکارییەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ئابوری و مەترسییەکانی جیهان و دەوروبەری پیێ دەبینێت . کەواتە ڕۆشنبیر ئەو کەسە

کۆڵنەدەرە چرا بە دەستەیە ، کە لەدروستکردنی کۆمەڵگاکەی خۆیدا ڕۆڵی سەرەکی و گرنگ دەبینێت ، چونکە هەر ئەو دەتوانی ڕاستییەکان بە تەواوی ببینێت و بە چاکی شییان بکاتەوە و لە مەترسییەکانی بە ئاگابێت . جا چەند ڕۆشنبیر ، کەسێکی بیرفراوانی بە ئاوەز و دڵسۆزبێت ، ئەوا ئەوەندەش ئەو کۆمەڵگایە ، لە بەرامبەر نەیار و مەترسیەکانی ناوە و دەرەوەیدا ، کۆمەڵگایەکی پارێزراو و خۆڕاگردەبێت . بێگومان ئەمجۆرە ڕۆشنبیرە بە شەرەفانەش ، لە دڵ و دەروونی میللەتی خۆیاندا جێگای شایستەیان هەیە

ئەوەی شایانی باسە کاتێک ئەمڕۆ تەماشای باری نالەباری کۆمەڵگای کوردیمان دەکەین ، ئەوا بە ئاشکرا هەست بە ڕۆڵی سست و لاوازی ڕۆشنبیرانی کورد دەکەین و هۆکاری سەرەکی ئەو بارودۆخە نالەبارەی ئەمڕۆشن .. هەندێکیان بە تەواوی وەک تەماشاکەرێک دەڕواننە ئەو بارودۆخەی خراپەی ئەمڕۆ بەرۆکی گرتووین ، هەر وەک ئەو بارودۆخە بە لایانەوە گرنگ نەبێت ، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندی و چاوچنۆکی ئەو بەناو ڕۆشنبیرانە . کۆمەڵێکی کەشیان سەرقاڵی قسەی زلی بێ سەروبەری فەلسەفیانەن ، کە هیچ لە بارودۆخەکە ناگۆڕێت. لە هەمان کاتدا کۆمەڵێکی کەشمان هەیە ، جگە لە دوودڵی و ڕەشبینی هیچ شتێکی تر نابینن . کۆمەڵێکی گەندەڵیشمان هەیە ، کە ناوم لێناون نۆکەربیر ، تا بیناقاقایان لە نۆکەرایەتی و خۆپەرستی و هەلپەرستیدا چەقیوە و لەسەر هەموو پەتەکان یاری دەکەن و بۆ گەیشتن بە پۆست و پلە و مەرامەکانیان ، کۆ لە هیچ خیانەتێک ناکەن و کۆمەڵگایان بەرەو هەڵدێر بردووە . ئەمانە ڕووداوەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن ، بۆ خۆبردنە پێشەوە و نۆکەرایەتی فرسەت دەهێنن و لە هەموو بوارەکاندا قسەی خۆیان دەکەن ، بە بێ ئەوەی چارەسەرێک ، یان کرۆکی ڕاستییەکان دەربخەن ، باری سەرنجەکانیان لە ناڵیش دەدەن و لە بزماریش . ئەمانە کەسانی درۆزن و دووڕوون و چاوەڕوانی هیچ چاکە و گۆڕانکارییەکییان لیێ ناکرێت و بە پێی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن . بێگومان کۆمەڵگاکەمان ڕۆشنبیری ڕاستەقینەشی تێدایە ، کە پاکترین و بەشەرەفترین ئەندامی کۆمەڵگاکەمانن . ئەوانەن ، کە نە ماندوو دەبن و نە ورە بەردەدەن . کێشەی نیشتمان و کۆمەڵگاکەیان لە کۆڵ ناوە و لەگەڵ ئازاری گەلەکەی خۆیاندا دەژین ، بەردەوام هەوڵی گۆڕانکاری دەدەن . جا پێویستە ڕۆشنبیری ڕاستەقینەی بە شەرەف و بە ویژدان هەڵگری ئەو خاڵانەی خوارەو بێت :

١ - پێویستە لە بیرکردنەوە و هەڵویستیدا ، کەسێکی گەشبین بێت ، بەردەوام هەوڵی بڵاوکردنەوەی بیری گەشبینی بەرهەمدار بدات ، نەک بڵاوکردنەوەی نائومێدی و گریان بۆ سەرابی سەرکەوتنەکانی ڕابوردوو ، کە هەتا ئێستا جگە لە شکست و نسکۆ و ماڵوێرانی ، هیچی تریان لیێ بەرهەم نەهاتووە .

٢ – خاوەنی باوەڕێکی پتەوی مەزن بێت ، بیپارێزێت لە بیری بێ بەهای دەرەکی ، بتوانێت بیرێکی سەربەخۆ بۆ خۆی دروستبکات و هەوڵی شیکردنەوەیەکی واقعییانەی ڕاستبدات .

٣ – ڕاستگۆبێت لە دەرخستنی زانیارییەکاندا ، کاریگەری حیزبی و بەرژەوەندی تایبەتی و خزم و هۆزایەتی لەسەر نەبێت . تەنها مەبەستی پاراستنی کۆمەڵگا و نەتەوە و نیشتمانەکەی بێت و خواست و هیوای گۆڕانکارییەک بێت ، ژیانی کۆمەڵگاکەی بگوێزێتەوە بۆ ئاستێکی بەرزتر و باشتر .

٤ – کێشەکان وەک خۆی بخاتە ڕوو ، نە گەورەیان بکات و نە پچووکیشیان بکاتەوە ، پێویستە کەسێکی ڕاستگۆ بێت و پەیامی کێشەکان وەک خۆی بگەیەنێت .

٥ – بەلای ئەو کێشانەدا بچێت ، کە کێشەی گەورەی میللەتەن و خۆی لەو کێشە بێ نرخ و بێ بایەخانە بە دوور بگرێ ، کە سودی بۆ کۆمەڵگا نییە و پێویست ناکات خەڵکی پێوە سەرقاڵ بکات .

٦ – زۆر بە وردی مێژوو بخوێنێتەوە ، چونکە بەردەوام مێژوو پڕ لە کارەساتی میللەتەکەمان خۆی دووبارە دەکاتەوە . تا بتوانێت برەو بە لایەنە گەشەکانی بدات و چارەسەریش بۆ لایەنە خراپەکانی بدۆزێتەوە و پێشەنگ بێت بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووی خاوەن شارستانییەت .

٧ - لە پێناوی فراوانکردنی ئاستی بیرکردنەوەیدا بەردەوام لە هەوڵی وەرگرتنی زانست و زانیاریدا بێت و ئاگاداری گۆڕانکاییەکانی دنیا دەرەوە و دەوروپشتی خۆی بێت ، تا زیاتر بتوانێت چاوی کۆمەڵگاکەی بکاتەوە و ئاستی ڕۆشنبیریان بەرزبکاتەوە و بەرەو ژیانێکی باشتریان ببات . پاشان پێویستە هەمیشە لە ناخی دڵیدا کێشەی میللەتی هەڵگرتبێت و لە هەموو بۆنە و بوارێکدا ڕووناکی بخاتەسەر . جا ئەو بوارە ، بواری ئەدەبی وەک چیرۆک و هۆنراوە بێت ، یان بابەتی فیکری و ڕاگەیاندن بێت ، چونکە ئەو لە بەرامبەر خوا و مێژوو و میللەتی سەربەرزی خۆیدا بەرپرسیارە و هەر تەنها ئەویش دەتوانێت گۆڕانکاری گەورە بکات .

*****

٢٢ / ٢ / ٢٠١٨

تێبینی : ئەم نووسینەم بە دەستکارییەوە لە سایتی ( دار السلام ) وەرگرتووە ، بە ناونیشانی ( دور المثقف فی المجتمع ) ، ناوی نووسەری لەسەر نییە .
ئەم ووتارە گوزارشت لە بۆچونی نووسەرەکەی دەكات


به‌روار:  24/02/2018
472   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  وتاری زیاتر ...
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
عەبدولڕەحمان مهابادی
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
ئازاد حەمدی
ژماره‌ی بابه‌ت

ئەڵمانیا 27 پەنابەری کورد و ئێراقی دیپۆرت کردەوە

دایکایەتی و هەژاری 😡

سمۆرەیەک تەرمی هاوڕێکەی بەجێناهێڵێ 😪

بەرخ و ڤیدیۆ 🤣🤣

شێری ژنانی 🤣🤣

مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   934
کۆی سه‌ردان:   29256037