وتاره‌كان
خۆشترین چیرۆکی خۆشەویستی
 جەلال دەباغ


نووسینی: بلقیس الربیعي 
و. جەلال دەباغ

ئەم چیرۆکە لە نووسێنی بەلقیس ئەلروبەیعی هاوسەری شەهیدی نەمر دوکتۆرمحەمەد بشيشی ئەلزەوالم (ئەبو زەفەر)ە کەساڵانێک دوکتۆری پێشمەرگەبوو، کاتێک لەگەڵ مەفرەزەیەکی پێشمەرگەکانی حیزبی شيوعی عیراق لە قامیشلۆوە بەرەو کوردستان بەڕێکەوتن و لەکاتی پەڕینەوە لە روباری دەجلە رۆژی ٢٧/٩/١٩٨٤ کەوتنە بۆسەی جاش و سوپای رێژیمی فاشیستی بەغداوەو چەند پێشمەرگەیەکی قارەمان لەوانە هاوڕێ ئەبوهەدیل بەرپرسی مەفرەزەکە شەهیدبوون.
ئەم چیرۆکەمان لەناو کۆمەڵێک کورتەچیرۆکی نابراودا هەڵبژاردو کردمان بە کوردی:
لێوەکانی بە ورتەورت کەوتنە جوڵانەوەو، وا هاتەبەرچاو وەک ویردی خواپەرستی بکات، باوکی کە نوێژکەرو رۆژوگرو چەندجاران چوبووە حەج، رێگەی بە کچەکەی دا کە لە دواناوەندیی کوڕان بخوێنێت! هەستی بە شانازی دەکرد کە بەسەر پردەهەڵواسراوەکەدا هەنگاوی دەنا، گوێی لە هاژەی ئاوەکەی ژێرپردەکەبوو. وێڕای جریوەی چۆلەکەکانی سەردارخورماکان لەناکاو موچڕکەیەکی ترس بەلەشيدا تێپەڕبوو لەناو سی خوێندکاردا تەنیا خۆیبوو، لە پۆلەکەدا بە دیداری گەیشتم. کەسێکی باڵابەرزی کەمێک گۆشتنبوو وەک سوارەیەکی کەڵەگەت و بڵندبوو.
لەخوێندندا لە برادەرەکانی لەپێشتربوو، کەسێکی قەشەنگ و خاوەن کاسایەتییەکی هێمنبوو. هەر ئەمانەشبوو وایکرد کە چاوی بخاتەسەر.
بۆ یەکەمجاربوو چووە ناو ئەزمونێکی خۆشەویستییەوە. ئەو شتە جوانەبوو کە وەک تارماییەک تکایە ناوگیانەوە، دڵی ئەوکچە وەک لێدانی دڵی ئەو لە لێداندابوو،، زۆر بەخێرایی سەرنجی ئەوی راکێشا. هەر کە چاویان لە چاوی یەک بڕی هەستی بە راهاتن و خۆشەویستی و، شەیدابوونێککرد، هەستی بە شتێککرد بۆ لایخۆی رایدەکێشێ، بەڵام نەیدەتوانی نهێنیی ئەو شتە بزانێت، تا واهاتە پێش چاوی کیژەکە کە دەمێکە، زۆر دەمێکە دەیناسێت.
لەگەڵ یەکەم دیداردا، دوور لە چاوی مشەخۆران هەموو تان و پۆی گرتەوە، هەستیکرد کە بۆتە دیلی ئەو، بە هەستی مێینەشی هەستیکرد کە ئەویش بۆتە دیلی ئەم.. 
زمانی ئامادە دەکرد شتێک بڵێ.. بەڵام وشەکان بوونە پڕۆژەیەک و لەکێشەدابوو تا لەنێوان لێوەکانیەوە دەرچێت. هەستیکرد بێدەنگی چەند جوان و کاریگەرە. هەر بە زمانی چاو بەسیانکرد کە خۆی زمانێکی بێدەنگە.
کات نزیکی نیوەڕۆبوو، خۆر لە دوای پەردەیەکی خەستی هەورێکی خۆڵەمێشیەوە خۆی دەشاردەوە. لەسەر جێگەکەی راکشاو بۆ کاتێکی کورت خەو چووە چاوەکانی، پاش ئەوە هەستیکرد دەستێک بە هێمنی بەخەبەریدێنێ، کە چاوەکانی کردەوە، رووی براژنەکەی دی بە زەردەخەنەیەکەوەو گوێی لە چرپەی دەنگی بوو:
- سەعد لەبەردەرگایەو دەیەوێ قسەت لەگەڵ بکات، راچڵەکی وهەستا، پەشێوبوو چاوەکانی هەڵگڵۆفت و بەرەو دەرگاکە بازێکی دا. چەندان پرسیار لە مێشکیدابوون...
تەماشایکرد سەعد پەڕاوێکی بۆ هێناوە.
- ئەحمەد نەیتوانی ئەمڕۆ بێت بۆ قوتابخانەو داوای لێکردم ئەم پەڕاوەت بۆ بهێنم. پاش چرکەیەک لێی نزیککەوتەوەو وەک شتێکی هاتبێتەوەبیر گوتی:
- ئاوات، ئەگەر هەستی ئەحمەد بەرانبەرت (س) بێت هەستی تۆ لەئاست ئەو چیدەبێت؟
دەستبەجێ وەڵامیدایەوەو گوتی:
- بێگومان (س).
ئینجا کیژەکە کەمێک بێدەنگبوو گوتی:
- بەومەرجەی (س) برایەتییەکی راستگۆیانەبێت.
سەعد پێکەنی و گوتی:
- برایەتی یان باوکایەتی، یاخود هەر شتێکیتر، گرنگ ئەوەیە هەردوولاتان هەمان هەست دەگۆڕنەوە.
- تکام لەتۆ ئەوەیە ئەمە نهێنیەکبێت لە نێوانمانداو نامەوێ کەس پێیبزانێت.!
- دڵنیابە نهێنییەکەت لەناو بیرێکدایە!
پەیامەکەی پێداو رۆیشت.
لەوکاتەوە خۆری خۆشەویستی لە ئاسمانی ژیانی کیژەکەدا هەڵهات، خۆشەویستیی ئەو هەموو بیرکردنەوەی داگیرکرد. گەڕایەوە بۆ ژوورەکەی و لەسەر جێگەکەی راکشاو کەوتە هەڵدانەوەی پەڕەکانی ئەو پەڕاوەی ئەحمەد بۆی ناردبوو. چەند دێڕ لێرەو چەند دێڕ لەوێی خوێندەوەو هەندێک پەشێوابوو، بەخێرایی بیری چوەوە سەر قسەکانی سەعد " ئەگەر هەستەکەی ئەحمەد بەرانبەرت (س) بێت!!..."
لەرؤژی ١٣ی کانونی دووەمدا کیژەکە بە نهێنی لەبەردەرگای ماڵی خۆیان بە دیداری گەیشت. ئەحمەد خۆشەویستیی خۆی بۆ کیژەکە ئاشکراکردو لەیەک کاتدا هەردووکیان پێکەوە وشەی"خۆشمدەوێیت" لە دەمیان دەرچوو. پێکەوە وتەی تاسەو خۆشیی ئەم دیدارەیان دەربڕی. خۆشیی کوڕەکە بێسنووربوو، هەستیکرد کچەکە زۆر لێی نزیکەو لە قسەکانی و تەماشاکانیدا هەستی خۆشی لە ئاستی ئەو دەردەبڕی.
کوڕەکە لێی نزیکبۆوەو بەگوێیدا چرپاندی:
- ئاوات خۆشمدەوێیت و ماوەیەکی درێژە بۆ هەلێک دەگەڕێم دڵی خۆمت بۆ بکەمەوە. زەردەخەنەیەک هاتە سەر لێوەکانی و کیژەکە بە شەرمێکەوە گوتی:
- رەنگە وەک تۆ لە خۆشگفتاریدا شارەزانەبم، بەڵام هەمان هەست و نەستم بەرانبەرت هەیە، کەتۆش هەتە.. ئەگەر گوێ لەلێدانی دڵم بگریت گوێت لێدەبێت بە زمانی تۆ دەپەیڤێت و هەست بە سۆزەکانتدەکات. لەو چرکەساتەوە تۆمدیوە خۆشمدەوێیت... وەک هەردووگیانمان لە ژوانێکدابن لە هەمیشەوە کاتەکەی دیاریکرابێت. 
دەستی ئاواتی بە هەردوو دەستی گرت و ماچێکی درێژی کرد کە گەرماییەکەی بەخوێنی ئاواتدا تێپەڕبوو.
بە شەرم و ئابڕومەندییەوە روویکردە زەوی و بەچرپە گوتی:
- پەیمانی وەفاداری و دڵسۆزیت پێدەدەم.!
لە زانکۆش، وێڕای دیداری دوورلەیەک، لاوانی زانکۆ نەیانتوانی بۆ چرکەیەکیش لایبدەن لە بیرکردنەوەی لە ئەحمەد، وایبیردەکردەوە کە هەر بۆ ئەو هاتۆتە دنیاوەو سوێندی خوارد کە پەیوەندییەکەیان بپارێزێت تا ببێتە نمونەی خۆشەویستیی پاک و ئابڕومەندانە.
رۆژێکیان ئاوات لە زانکۆ گەڕایەوەو دوای ماندوبوونی رۆژەکەی لە جێگەکەیدا راکشا، گوێیلێبوو یەکێک لە کیژە خوێندکارەکان بانگی دەکات:
- ئاوات خزمێکت هاتووە لەبەردەرگای بەشی ناوخۆییەو دەیەوێ چاوی پێتبکەوێت.
لەوکاتەدا ترسێکی سەیرو نامۆ بەسەریداهات، لەوە دەترسا پەیوەندییەکەیان ئاشکرابێت، بەجۆرێکی زیرەکانە بیریکردەوە کە گومانی برادەرەکانی دووربخاتەوە، گوتی ئەوە خزمێتی و دەشێ شتێکی لە کەسوکارییەوە بۆ هێنابێت. بێئەوەی کەس سەرنجیبدات دوڵابی جلەکانی کردەوەو سێ دیناری لەناو جانتایەکەی دەرهێناو خستییە گیرفانی خۆیەوە تا دواتر بڵێت ئەو بڕێ پارەی لە کەسوکارییەوە بۆ هێناوە. لەکاتێکدا لە پلیکانەکان دەچووەخوارێ، هەستیکرد کە دڵی بەتوندی لێدەدات، گویی لە ترپەبەرزەکانێتی وهەموو ئەوانەش کەلە دەورین دەتوانن گوێیان لێبێت.
کیژەکە دەستی بۆ درێژکرد کە دەستی بگوشێت، ئەحمەد بە بزوتنەوەیەک دەستیگرت کە نیشانەی تاسەیەکی قووڵبوو، بۆ چەند چرکەیەک دەستی لەناو دەستیدا هێشتەوەو بێدەنگ چاوی بڕییە چاوەکانی و وا دەیپشکنین وەک چەند ساڵبێ نەیدیبێ.
- چیتە واچاوت تێمبڕیوە؟
- دوو چاوەکەت...
- دوو چاوەکەم چییانە؟
- دوو چاوە بە پێکەنینەکەت..." دوو چاوەکەت.. دوو دارستانی دارخورمان لە بەرەبەیاندا.
کیژەکە بەلای ڕاست و چەپدا دەیڕوانی لەترسی ئەوەی نەک کەسێک بیانبینێ.
بە شەقامێکی لاتەنیشتدا لایان دا، لەژێر سایەی درەختەکان و بۆنی گوڵەباخدا، شانبەشان رۆیشتن و کیژەکە دەیویست بیتوانیبایە سەری بخاتە سەر شانی کوڕەکەو بەچاوێکی نوقاوەوە بە خەونێکی جواندا بڕوات.
ئاوات لە کولێژدەرچوو لە قوتابخانەیەکی شارەکەی بە مامۆستا دانرا. هەواڵی ئەوی لێبڕا وەک چۆن هەواڵی ئەمیش لەوبڕا.
زۆر کەس هاتنە داوای دەستی و هەموویان لە خاوەن شارەزییەکانبوون، بەڵام داوای هەموویانی دایەدواوە، بەوبیانووەی دەیەوێ دوای ماندوبوونی خوێندن بحەسێتەوە. 
ساڵێک تێپەڕبوو دڵەڕاوکێی دووری و جودایی بەسەرداهات. لە پشووی هاوینەیدا بۆ سەردانی خوشکەکەی سەردانی بەغدایکردو بەئاواتبوو لەوێ چاوی بە خۆشەویستەکەی بکەوێت.
بەبێ ژوان سەردانی نەخؤشخانەی کرد ، کاتێک لە پرسگەی نەخۆشخانە نزیکبۆوە دوودڵبوو، بەڵام خۆشەویستیی راستەقینەی بۆ ئەودیدارە پاڵنەریبوو. بۆ ئەو قاوشە سەرکەوت کە ئەو کاری تێدا دەکردو یەکێک لە سيستەرەکان بردییە ژوورێکی لاتەنیشت لە قاوشەکەو گوتی:
- لێرەدا چاوەڕوانبەو هەواڵی هاتنەکەت دەدەمە دوکتۆر. دانیشت و بەناو نووسینگەکەیدا چاوی دەگێڕا، یادەوەرییەکانی بۆ دواوە دەیانبردەوەوخەونی بەئاگایی گەیاندیانەوە رۆژانی دواناوەندی و کولێژ..تەزوویەک بە لەشیداهات و هەرلەوکاتەشدا هەستی بە بەختیاریکرد، لەناکاو ئەحمەد هاتە ژوورەکەو بیرەوەرییەکانی لێپچڕاند. هەستا بۆئەوەی دەستی بگوشێت، ئەویش بەگەرمی دەستی ئاواتی گوشی و چاویشی بە پرسیارەوە دەیپشکنی، ئاوات بۆ چەند چرکەیەک دەستی لەناودەستیدا هێشتەوە، بەبێ دەنگی مایەوەو لە روخساری دەڕوانی. ئەویش کورسییەکی راکێشاو لە بەرانبەریدا دانیشت! چەند چرکەیەک بەبێدەنگی مانەوەو پاشان ئاوات گوتی:
- ببورە دوورنییە بەم سەردانە لەناکاوە ناڕەحەتم کردبیت و، رەنگە لەکارەکەت دوامخستبیت!
- نەخێر بەهیچ جۆرێک. پێش هاتنت لەوەدابووم کارم تەواوبێت، بەڵام نهێنیی ئەم سەردانە دوای ئەو هەموو لێکپچڕانە دەبێ چیبێت؟
- تاسەی دیداری تۆیە...تەنیا تاسەی بینینت پاڵی پێوەنام کە بێم بۆ لات، من وتۆ بڕیاری خۆشەویستیمان دابوو ئەگەرچی دیداريشمان دوابکەوێت، تۆ بوویتە هەموو بوونی من لەژیانداو من وتۆی خۆشەویستم یەکتری تەواودەکەین، ئایا وانییە؟ بەڵام لە پەیوەندیکردن لەگەڵت دەترسێم، لە قسەی خەڵکی دەترسێم، تۆ دەزانیت لە شارەکەی ئێمە پەیوەندیی خۆشەویستی مانای چییە، هەروا کۆمەڵگەی ئاسایی، وابزانم لەم بۆچوونەمدا هاوبیرمیت.
- بەڵێ هاوبیرتم، بەڵام پچڕاندنی هەواڵت لەمن بۆ زۆر چەشنە بیرکردنەوەی بردم، بیری خۆشەویستێک کە لەسەر خۆشەویستەکەی دەترسێت، بەتایبەتی کە بیستم زۆرکەس داوای دەستیانکردویت.
ئاوات بێدەنگبوو بێجوڵە مایەوە باوەڕی بەوەنەدەکرد کە گوێی لێبوو، بێدەنگبوو، لەدەم و چاوی ڕامابوو بێئەوەی شتێک بڵێت. تۆزێک رەنگی زەردبوو، خۆی دایەدەست خەمبارییەک کە لەناخیدا دەژیا، بێئەوەی لە روخساریدا دەرکەوێت...ترپەی دڵی پتربوو، هەستی بە گێژبوون دەکرد، هەست و نەستی نامۆ بەدڵیداهاتن ، بێدەنگبوو تا هەناسەیەکی قووڵ هەڵکێشێت و هەناسەیەکی درێژ بداتەوە، تاڵە قژەکانی ئەگریجەئ بردە پەنا گوێچکەی و تەماشای کاژێرەکەی کردو گوتی: " بەیارمەتیت دەمەوێ بڕۆم!".
- کاتەکەت گرنگە؟
- نەخێربەهیچ جۆرێک، کاتم زۆرە بەڵام مانەوەم بۆکاتێکی درێژتر سوودیچییە؟
ئاوات پێکەنینێکی دروستکراو پێکەنی و، لێوی خوارکردەوەو هەستا، بە جوڵەیەکی شڵەژان بەخێرایی دەرچوو.
ئەحمەد هەستی بە ناخۆشیکردو لەسەر کورسییەکەی هەستاو بەدوایکەوت و بەچەند هەنگاوێکی خێرا گرتییەوە، رووی وەرگێڕاو بە هەنگاوی خێرا لە پلیکانەکە چووەخوارەوەو لە نەخۆشخانە دەرچوو. لەسەر شەقامەکە وڕەو دەنگەدەنگی ئۆتومبیل وهاتوچۆی خەڵکەکە لەگوێیدا زرنگانەوە، لەچکەکەی هەڵبڕی تا ئارەقەی سەر ناوچەوانی بسڕێت، وەک توێژێکی تەم و تومان بەرچاوەکانی بگرن و هێندەی نەمابوو بکەوێت بەڵام خۆی گرتەوە، بە هەنگاوی خێرا بەرەو پاسەکە رۆیشت. لاشەی ماندووی خۆی خستە سەر کورسییەک و دانیشت. چاویبڕییە رێگاکە، زۆرپرسیار بەمێشکیدا دەهاتن و وەڵامی بۆیان نەدەزانی. لەگەڵ بایەکی گەرمی تەمووزدا، یادەوەرییەکانی گەیشتنەوە رۆژی یەکەم کەئەو خۆشەویستیی خۆی بۆ درکاند... وای هەستکرد وەک دەنگی ئەو لە گوێچکەیدا بزرنگێتەوە" تۆم خۆشدەوێ ئاوات گیان، تۆ بوویتەبوونی من و هەموو ژیانم.. لەگەڵ تۆداهەست بەبەختیاری دەکەم..و..و..؟
لەسەر دەنگی راوەستانی پاسەکە لەدواوێستگەکەیدا لەناکاو لە بیرکردنەوەکەی بەخەبەرهاتەوە. هاتەخوارەوەو هەستیکرد کە پێویستی بە تەنیاییە، پێویستی بەکاتێکە تا بگاتە بڕیارێکی راست تا لەم سەرسامییەی دەربازبێت، گەڕایەوە بۆ ماڵی خۆشکەکەی. لەسەر جێگەکەی دانیشت و پشتی دابە دیوارەکەوە، هەستیکرد بێدەنگی باڵی بەسەرداکێشاوە، لەناکاو هەستیکرد وەک دەستێک دڵی بگوشێت، ئینجا دایە پڕمەی گریانێکی بێدەنگ. سەریەشەیەکی بەهێزی تووشبوو، لەسەرپشت لەسەر جێگەکەی راکشاو قۆپچەکانی سەرەوەی کراسەکەی کردەوە، دەستەکانی خستەژێرسەری و هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشاو لەناو دەریای یادەوەرییەکانیدا نوقومبوو، وەک کەسێک نوقمی خەوێکی خۆشدەبێت، دیسان بەبێدەنگی کەوتەوە گریان و لەگەڵ خۆیدا کەوتە پرسیار: " ئاخۆ ئاوات هێشتا خۆشتدەوێ؟؟" بۆچی نا، خۆئەو بۆتە بوونی لە ژیاندا، خەریکبوو بانگی بکات، بەڵام دەنگی خوشکەکەی کە بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ بانگیکرد بیرەوەرییەکانی پچڕاند:
- حەزم لە خواردن نییە، لە رێگەم بەرەوماڵەوە سەندەویجێکم خوارد.
سەرلەنوێ کەوتەوە ناو بیرکردنەوەیەکی چڕ، وێنەی ئەحمەد، لەوکاتەدا کە خۆشەویستیی خۆی بۆ ئاشکراکرد، هاتەوە بەرچاوی...کە ئەوە یەکەم و دوا خۆشەویستیی ئەوە، لەگەڵ خۆیدا قسەی دەکردو گوتی: " خوایەگیان دەکرێ خۆشەویستی لەدایکبێت و پێبگات و بگەشێتەوەو ئاوا لەناکاوێکدا بمرێت؟" ئەمانە هەر ئەو بیرکردنەوانەن کە بە مێشکیدا دێن هەرکاتێک خۆشەویستی و پێداگرتنی لەسەر خۆشەویستیی ئەحمەد دوو هێندەی لێبێت، لەبەر خۆیەوە لەخۆی دەپرسی ئاخۆ باوەڕبکەم ئەو گۆڕدرابێت؟ ئایا..و.. ئایا ؟ پرسیاری زۆرو شێواو لە ناخیدا دەهاتن و دەچوون. دڵە تەنیایەکەی و هەست و نەستی کە هەردەم بە هەڵەدا نەدەچوون وابوو کە ئەحمەد بێگومان خۆشیدەوێت و لەبەر خۆیەوە دەیگووت: " نەء.. مەحاڵە رۆژێک لە رۆژان خولیاو خۆشەویستیی کەسێکیتری هەبێت جگە لەتۆ..." ئاوات هەوڵی دا لەلای خۆی ئاسان بکات و رێگەنەدا وەرسبوون بگاتە دڵی.
ساڵێکیتر تێپەڕبوو بێ ئەوەی لەو یان لەبارەی ئەوەوە هیچ شتێک ببیستێ، چەندانیتر داوای دەستیانکرد بەڵام هەموویانی رەتکردەوە، ئەحمەدیش خزمەتی سەربازیی تەواوکردو لەوشارەی ئاوات کاریتێدادەکرد بەدوکتۆرلەسەرکاردانرا.
ئاوات لە مامۆستایەکی خوشکەدەریەوە ئاگاداربووکە ئەحمەد پرسیدەکات. ئەم هەلەی قۆستەوەو بە تەلەفۆن پەیوەندی لەگەڵکرد تا پیرۆزبایی لەسەرکاردانرانی لێبکات.
- هەلاو.. هەزارجار پیرۆزبایی دانرانت لەسەرکار لێدەکەم! هیوای سەرکەوتنت دەخوازم.
- سوپاستدەکەم ئاوات.
- دەنگت ناسیمەوە، وامزانی لەبیرتکردووم!
- چۆن دەنگی کەسێک لەبیردەکەم کە لەناو دڵمدایە!
پێویستە لەکاتێکی نزیکدا بەدیدارت بگەم.
- باشە کەواتە سبەینێ بە دیدارت دەگەم.
ئاوات تەلەفۆنەکەی داخست و لەبەر خۆیەوە دەیگووت: "ئاخۆ سبەینێ بەدیدارت دەگەم ئەی ترسی دڵم لە سبەینێ..." لەمیانەی دڵەڕاوکێ و سەرسامی وخۆشیدا، ئاوات بەهانەیەکی بۆ خۆی دیتەوە تا بەتەنیا لەماڵ دەربچێت. وای هەستدەکرد کە بەندۆڵی کاژێرەکە لەناکاوێکدا لەوپەری لای راستەوە تا ئەوپەڕی لای چەپ چۆتە ناو دڵی. بەرەبەرە دەمی وشکدەبوو لایەکی زمانی وەک پارچە تەختەیەک بە جوڵانەوەیەکی لەسەرخۆ بەسەر لێوەکانیدا دەڕۆیشت، کاتێک گەیشتە ئەو کۆڵانانەی ماڵی ئەحمەدیان تێدایە لە هەنگاوەکانیدا نووچیدەدا، هەردوو ئەژنۆی لەرزیان پێکەوت، کاتێک لەدەرگا تەختەکەیان نزیکبۆوە راوەستا بێئەوەی پڕکێشی لێدانی دەرگاکەبکات. هەستیکرد کە لەشی دەلەرێتەوەو دەلەرزێت، کە نزیک لەکاتی ژوانەکە بۆوە سام گرتی. "پێویستە لە نزیکترین هەلدا چاوم پێت بکەوێت..." ئەمانە هەر ئەو بڕگانە بوون کە بە تەلەفۆنیش بە ئاواتی گوتبوو،
پێش ئەوەی لە دەرگابدات دوودڵبوو. ترپەی دڵی کەوتە پەلەپەل هەستی زۆر نامۆی بەسەرداهات وایکرد کە لە دیدار دوودڵبێت لەگەڵ خۆیدا چرپەیکرد "چی دەکەیت ئەی ئاوات؟ لە یادتچوو تۆ لە شارێکدا دەژیت هیچی تێدا ناشاردرێتەوە؟ خۆشەویستی قەدەغەو حەرامەو چیرۆکەکەت دەکەوێتە سەر هەموو زمانێک!" لە چرکە ساتەکانی دڵەڕاوکێدا، خۆی بۆپێشوازیی رووداوەکە ئامادەکرد "ژیان بەبێ خۆشەویستی.. بەبێ ترپەی دڵ.. بەبێ تاسەی دیدار ژیان نییە، من کەسێکم خۆشدەوێ.. من ئاشقم و خۆشەویستیم تاوان نییە." لەگەڵ خۆیدا دەیچرپاند. بەتاسەو بیرکردن و ئارەزووی دیدارو نزاو گومان وترسەوە لە دەرگاکەی دا. دایکی ئەحمەد دەرگاکەی کردەوەوبەگەرمی پێشوازیی لێکردو ئاوات هەستیکرد داوێکی شاردراوە بەم ژنە چاکەیەوە دەبەستێتەوە کەوا وێڵی بەختیاریی رۆڵەکەیەتی.
هەرکە ئەحمەد چاوی پێکەوت بەپەلە چووە پێشوازیی. لە بەرانبەریدا دانیشت و دەستیکرد بە باسکردنی رابوردووە قەشەنگەکەو پەیوەندیی راستگۆیانەیان، وێرای ئەوکۆسپ و تەگەرەو ساردییانەی دوای دەرچوونێان لە زانکۆ لە رێگەدابوون.
رۆژێکیان ئاوات لەسەردانی یەکێک لە خوشکەدەرانی بوو، لەوێ ژنێکی دی کە دەستی دەخوێندەوە. ئاوات دەستی درێژکرد کە بۆی بخوێنێتەوە. ژنەکە دەستی ئاواتی گرت و بەوردی تەمەشایدەکردو ئینجا چاوی لە زەوی لاداو گوتی:
"گەنجێک لەژیانتدایە، تۆی خۆشدەوێ و تۆش ئەوت خۆشدەوی. هاوسەرگیری دەکەن و منداڵتاندەبێ و دڵسۆزی یەکتردەبن و بەبەختیارییەکی گەورە دەژین."
ئیتر بێدەنگبوو، ئاوات دەستی بە پرسیارکرد:
- ئەی جگە لەوە چیتر؟
- بە ئازارمەوە پێتدەڵێم کە ئەم بەختیارییە زۆر درێژە ناکێشێت.
ئاوات تووشی دڵەڕاوکێیەکی گەورەبوو، بەخێرایی بۆ ماڵ گەڕایەوە. خۆی فڕێدایە سەر جێگەکەی و بیری لە قسەکانی ژنە دەستخوێنەرەکە دەکردەوە،، بەڵام دایکی بیرکردنەوەکەی لێپچڕاند.
- دایکی ئەحمەد لەلامانبوو، هاتبوو داوای دەستی تۆیکرد بۆ ئەحمەد.
ئاوات وا خۆی پیشاندا کە بایەخ بە بابەتەکەنادات و ئاگاداری دایکیکرد کە
ئێستا بیری لە هاوسەرگیری نەکردۆتەوە. 
ئەحمەد بەپەلە داوای دەستی لە دایکی ئاوات کرد، بەڵام باوکی رەتیکردەوەو قایلنەبوو. ئەحمەد کۆڵی نەداو کەوتە پرسیاری ئەدرەسی براکانی ئاوات لە بەغدا، بەڵکو بتوانێ قایلیان بکات.
ئادار.. مانگی خیرو خۆشی و بەخشندەیی، سبەینێ نەورۆزە، شەمەندەفەری رۆژ بۆ بەغدای هەڵدەگرێت و شەمەندەفەری شەوانەش رایدەژەنێت، بەڵێن پێدراوی شایی و چاکەیە. بەرەبەیانی نەورۆز رۆژی چوارشەمەی هەفتەبوو کە ئەحمەد سەردانی برایەکەی ئاواتیکرد تا داوای دەستی لەو بکات. برایەکەی ئاوات بانگیکرد و پێیگوت:
- ئەمڕۆ ئەحمەد کەلەدواناوەندی برادەرتبوو سەردانی کردم و داوای دەستی تۆی لەمن کرد. پێش بیستنی بیروڕای تۆ بەڵێنی هیچم پێینەدا.
روومەتەکانی ئاڵ هەڵگەڕان و بەشەرمێکەوە وەڵامیدایەوەو گوتی:
- گەنجێکی رەوشت بەرزەو ناوبانگی چاکەو رۆشنبیریی بڵندەو سەربەخێڵێکە بە نیشتیمانپەروەری ناسراون، هەروا پزیشکەو چ ناجۆرییەک لە روخساریدانییە. پڕکێشی ئەوەی نەکرد بە برایەکەی بڵێ دەساڵە پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ ئەحمەد هەیە.
- لە گفتەکەت واتێدەگەم کە قایلیت!
- بەڵێ پاش بڕیاری خێزانەکەمان. 
پێنجەم رۆژی مانگی نیسان، بەهار لەگەڵ کزەبای گەرمدا هەناسەیدەدا، لەگەڵ داهاتنی کاژێری هەشتی بەیانیدا ئەحمەد گەیشتە ماڵی خوشکەکەی ئاوات ئینجا مێردی خوشکەکەی ئاوات و برایەکەی ئەحمەدو خوشکە گچکەکەی ئاوات لەگەڵیان رۆیشتن بۆ دادگا بۆ مارەبڕین.
هێندەی نەمابوو بێدەنگی باڵ بەسەر هەموو شتێکدابکێشێت، بێدەنگیەک پڕبەپڕی هەست ونەستی بەهارو خۆشەویستی. ئۆتومبیلەکەلەپێش دەرگای دادگای کەرخدا وەستا. ئەحمەد قەشەنگ دەردەکەوت بەڵام هەر کە تەماشای خۆشەویستەکەی دەکرد هەندێ دیمەنی دڵەڕاوکی رووی دادەپۆشی... ئایا راستە ئاوات کە دەساڵە خۆشیدەوێت دەبێتە هاوسەری؟!
دادوەر پرسی کە ئاخۆ ئەم هاوسەرگیرییە بە خواستی هەردوولایە. هەردوو خۆشەویستەکە تەماشای یەکتریانکردو لەدڵی خۆیاندا پێکەنین. بەڵێ ئەو نازانێت لەدوای ئەمەوە چیرۆکێکی خۆشەویستی هەیە، دەساڵە داوەکانی دەهۆننەوەو ئەمەیان لە چاوی بەخیل و بەدرەفتارەکان شاردۆتەوەو بە ئاوات و دڵسۆزی چنیویانە.
ماوەی دەزگیرانییان کورتبوو لە سێ مانگ زۆرتر تێنەپەڕی. لەو ماوەیەدا رۆژێک تێپەڕنەبوو کە سەردانی نەکات و پێکەوە لەگەڵ ئاوات نانی ئێوارە نەخۆن، سەردانەکەی ئەحمەد بووبووە بەشێک لە ژیانی رۆژانەی ئاوات، کە تەماشایدەکردو بەهیواداری چاوی دەبڕیە چاوەکانی و هیچی تێدا بەدیی نەدەکرد جگە لە راستگۆیی و دڵسۆزی وەفاداری. ئەویش ئەم راستگۆیی و وەفادارییەی لەگەڵدا دەگۆڕییەوەو پێکەوە رۆژانیان دەژمارد کە دوای ئەوە دەچنە ناو هێلانە گچکەکەیان.
لە رۆژی یەکەمی تەموزی ١٩٧٣دا سووربوون لەسەر ئەوەی وەک دوو هاوسەر پێکەوەبن، دوای چیرۆکی خۆشەویستییەکی بەتین. ئاهەنگی هاوسەرگیریی دوای سێ مانگ لە نیشانکردن لەنزیک یەکترییەوە لەناو ئۆتومبیلەکەدا دانیشتن کە بەرەو ئوتێلەکەی دەبردن، هەردووکیان هەستیان بەخۆشیی ئەم چرکەساتانەدەکرد لەبەر دەرگای ژیانێکی نوێدابوون کە پێش دەساڵ نەخشەیان بۆ کێشابوو. ئاوات بە دڵە گەورەکەی توانی ئەم خۆشەویستییە بپارێزێت. هەمیشە ئەحمەد بۆی باسدەکردو دەیگوت:" ساڵەهای تەمەنم تێپەڕبوون و من لەگەڵ تۆدام. تۆ لەم ساڵانەدا نمونەی خۆشەویست و هاوسەرو دایک و خوشکەدەرو هاوڕێیەکی بەوەفاو دڵسۆزبوویت..".
لێیاندەپرسیی تۆ ئاواتت خۆشدەوێت؟ لە وەڵامدا دەیگوت: " خۆشمدەوێت خۆشەویستییەکی شەیدابوون و ساڵانی هاوسەرگیریش ئەم خۆشەویستییەی پتر گەرمکرد.." سەمەری کۆرپەیان هاتەدنیاوەو درێژەی خۆشەویستییەکی بێکۆتابوو. بەخێرایی پێشبینیی دەستگرەوەکە هاتەدی و، بەخیرایی ئەحمەد کۆچی دواییکرد، شەهیدبوو، کۆچی هەمیشەیی بوو..
ئەوەتا ئاوات رۆژبەڕۆژ سەرنجی گەورەبوونی سەمەر دەدات، بەرهەمی خۆشەویستییەکەی، تا سەمەر بووە لاوێکی پێگەیشتوو، وەڕست لە کۆپیکردنی ژیان، شەیدای بەختیارییە، بەدوای رێکەوتە خۆشەکاندا دەگەڕێت کە گیان ئاوداردەکەن و، وەک دایکی خەونی خۆشەویستیی دەبینێت.


به‌روار:  16/02/2018
741   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  وتاری زیاتر ...
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
عەبدولڕەحمان مهابادی
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
ئازاد حەمدی
ژماره‌ی بابه‌ت

ئەڵمانیا 27 پەنابەری کورد و ئێراقی دیپۆرت کردەوە

دایکایەتی و هەژاری 😡

سمۆرەیەک تەرمی هاوڕێکەی بەجێناهێڵێ 😪

بەرخ و ڤیدیۆ 🤣🤣

شێری ژنانی 🤣🤣

مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   654
کۆی سه‌ردان:   29257322