وتاره‌كان
کەڵە رۆماننوسی منداڵان جوان رۆلینگ
  ڕەزا شوان


لەو بڕوایەدام کە زۆربەی خوێنەرانی کوردمان، زنجیرە رۆمانی (هـاری پۆتـەر)یان خۆێندۆتەوە، یا فیلمە سینەماییەکانی هاری پۆتەریان بینیون، زانیاریشیان دەربارەی نووسەری ئەم رۆمانە (جوان رۆلینگ) هەیە.. کە چیرۆک و رۆمانەکانی بە نازناوی هونەرییەوە (جـ. ک. رۆلینگ)ەوە نووسیون و بڵاوی کـردوونەتەوە، تاکو ئەمڕۆش هەر بەم ناوە خوازراوەوە دەنووسێ و بڵاودەکاتەوە.

ئەم خانمە نووسەرەی ئینگلیزی لە رێی نووسینی زنجیرە رۆمانی هاری پۆتەرەوە، کە یەکێکە لە شاکارە رۆمانەکانی جیهان و ناوبانگی لە هەموو جیهان دا دەرکرد. شایەنی باسیشە خۆێنەران چەند خۆشی لە خوێندنەوەی هاری پۆتەر وەردەگرن، دوو هێندەش چێژ و خۆشی لە خوێندنەوەی چیرۆکی سەربوردەی ژیانی جوان رۆلینگ وەردەگرن.

زۆر کەسان هەن کە بەخت یاوەریانە و هەموو پێویستییەکان و پێداویستییەکانیان لە بەردەستیان دان، کات و هەلی رەخساویشیان بۆ هەڵکەوتوون، کەچی هیچیان بە هیچ نەکردوون، هیچیان لێهەڵنەوەری. بەڵام بە پێچەوانەی ئەمانەوە، کەسانی تر هەن، بە بڕوابەخۆبوون و ورەبەرزی و گەشبینی و هەوڵ و تێکۆشان و خۆڕاگری و کۆڵنەدان توانیان بە پەیژەی خەون و هیواکانیان سەربکەون و بگەن بە هیوا و ئامانجەکانیان و خەونەکانیان ببن بە راستی.. ببن بە کەڵە ناودارانی جیهانی و تا هەتایەش ئەستێرەی ناوداریان بدرەوشێتەوە. لە راستیش دا، کەسی سەرکەوتوو نییە، کە لە زۆر لە قۆناغەکانی ژیانی دا، تووشی نەهامەتی و شکستی نەبووبێت، بەڵام جیاوازی ئەم سەرکەوتووانە لەگەڵ کەسانی سەرنەکەوتوودا، ئەوەیە کە ئەم سەرکەوتووانە ورەیان نەڕووخا و خۆیان رادەستی شکستی و بەزین و کۆڵنەدان و بێ هیوای نەکردن، خۆڕاگربوون و سووربوون لەسەر کوشش و تاقیکردنەوەکانیان، تا سەرکەوتن و گەیشتن بە هـیوا و بە ئامانجەکانیان. بەڵام سەرنەکەوتووەکان، لە یەکەم شکستی و سەرنەکەوتنیان دا، ورەیان رووخا و خۆیان رادەستی شکستی و بەزین و بێ هیوای کردن و پاڵیان لێداونەتەوە.

باشترین نموونە لە جۆری کەسانی سەرکەوتوو، رۆماننووسی ئینگلیزی و جیهانی خاتوو (جوان رۆلینگ)ـە، ئەم خانمە نووسەرە، هەژاری و بێکاری و دەستکورتی و نەبوونی و بێدەرەتانی خستیانە لێواری شکستی و بێ هیوایی و بێزاری و نائومێدی و

خەمۆکی و بڕیاری خۆلەناوبردن.. بەڵام هێزێک لە ناخی دا، ورە و گوڕ و گەشبینی و خۆڕاگری و کۆڵنەدان و هیوای سەرکەوتنی پێدەبەخشی.. وەکو دەشڵێن رووناکی لە هەناوی تاریکییەوە هەڵدێت.. ئەو هێزەش هـێزی خۆشەویستی نووسین بوو، کە تێکەڵی بە خوێنی جوان رۆلینگ ببوو. جوان رۆلینک، نیوەی ژیانی بە هـەژاری و نەبوونی و بە کوێرەوەری و پەژارە ژیا، هەموو دەرگاکان بە رووی دا داخرابوون، بە ئەو بڕە پارە کەمەی کە سۆسیال پێیدەدا، خۆی و (جیسیکا)ی کچە شیرەخۆرەکی دەژیان.. ئەوە یەکەمین جارە کە ئەدەب ببێت بە فریاڕەسی نووسەرێکی هـەژار و داماو و بێدەرەتان، یەکەمین جارە کە ئەدەب دەرگای بەختەوەری و خۆشگوزەرانی و شادی لەسەر نووسەرێک بکاتەوە. جوان رۆلینگ بە هۆی نووسینی زنجیرە رۆمانی هاری پۆتەرەوە، بوو بە خۆشەویستی هەمووان و بە یەکێک لە ملیۆنێرەکانی جیهان و بە پڕداهـاترین و دەوڵەمەنـترین ژنە نووسەر لە جیهان دا، بوو بە کەڵە رۆماننووسێکی جیهانی.

پێویستە لە چیرۆکی سەربوردەی ژیانی جوان رۆلینگ سوود و پەند و وانە وەربگرین و ببێت بە هاندەرمان بۆ گەشبینی و درێژەدان بە تێکۆشان و خۆڕاگری و کۆڵنەدان.

ژیانی جوان رۆلینگ بە کورتی: جـوان رۆلیـنگ مۆرای، کە بە نازناوی (ج. ک. رۆلینگ) ناسراوە. لە رۆژی (٣١ی/ یۆلیۆ/١٩٦٥) لە (تشیبنگ سودبـەری) کە دەکەوێتە خوارووی شاری(گلوسیسەرشایر) لە بەشی خواروو رۆژئاوای ئینگلتەرا لە داکبووە. باوکی(جێمس رۆلینگ) ئەندازیاری فرۆکە بوو، لە کارگەی ئۆتۆمبیلی رۆڵ رۆیس دا کاری دەکرد. دایکیشی(ئـان فولانت) کارمەند بوو لە تاقیگەیەکی پزیشکی دا.. دوو خوشک بوون، جوان خوشکی گەورە و (دیان)ی خوشکی دوو ساڵ لە خۆی منداڵتر بوو.

جوان لە تەمەنی چوار ساڵان دا، تووشی سوورێژە بوو، باوکی بەدەنگێکی بەرز پەرتوکی چیرۆکە خەیاڵییەکانی (ریتشارد کـاری) بۆ دەخوێندەوە، کە جوان زۆر حەزی لە چیرۆکەکانی بوو، هەر لەو چیرۆکانەوە ئیلهامی وەرگرت و هۆگری نووسین بوو.. هەر لە منداڵییەوە حەزی دەکرد ببێت بە نووسەر، ئەمە حەز و هـیوای دایکیشی بوو.. بە زۆریشی هۆگری نووسینی چیرۆکی خەیاڵی بوو. زۆریش حەزی لە هاوڕێتی ئاژەڵ بوو، بە تایبەتیش کەروێشک. جوان لە تەمەنی شەش ساڵان دا، یەکەمین چیرۆکی بۆ منداڵان نووسی لە ژێر ناوی (کەروێشک) دا، کە زادەی بیر و خەیاڵی خۆی بوو، چاپکرد و بڵاوی

کردەوە. جوان لە منداڵی دا، بۆ کورتی و خۆشەوتستی هەمووان بە (جـو) بانگیان دەکرد.

جوان رۆلینگ لە قوتابخانەدا، زۆر رۆژ لە پشووەکانی نێوان وانەکان دا، بۆ هاوڕێ قوتابییەکانی هاوپۆلەکەی و بۆ (دیـان) ی خوشکی کە دوو خوشکی خۆشەویست و وەکو دوو هاوڕێی دڵسۆزبوون، چیرۆکی خەیاڵی خۆشی بۆ دەگێڕانەوە، کە زۆریان پێخۆشبوو. نووسین بوو بە خولیای هەمیشەی جوان و بە بەشێکی گرنگ لە ژیانی، بە تایبەتیش شەیدای نووسینی چیرۆکی خەیاڵی بوو بۆ منداڵان.. لە تەمەنی منداڵی دا، چەندین چیرۆکێکی فەنتازی بۆمنداڵان نووسیون.

جوان لە تەمەنی نۆ ساڵان دا بوو، یەکێک لە مامۆستاکانی قوتابخانەکەی بە هۆی دابەزینی نمرەکانی لە وانەکان دا، جوانی خستە ریزبەندیی قوتابییە کەمتەرخەمەکانەوە. بەڵام جوان بڕیاری دا کە ببێت بە باشترین قوتابی. دوای ماوەیەک بڕیارەکەی هێنایەدی و بوو بە یەکێک لە قوتابییە یەکەمەکان، بە تایبەتیش لە زمان دا زۆر زیرەک بوو.

جوان رۆلینگ دوای تەواکردنی قوتابخانەی ئامادەیی، لە ساڵی (١٩٨٣) دا لە زانکۆی (ئێکستەر) وەرگیرا و لە (١٩٨٧) دا، بڕوانامەی لیسانسی لە زمانی فەرەنسی و لە ئەدەبی کلاسیکی دا وەرگرت. پاشان دەچێت بۆ فەرەنسا و ساڵ و نیوێک لە (پاریس) دا دەمێنێتەوە.. جوان لەو ماوەیەدا، کۆمەڵێک کاری جۆراوجۆری کرد و دوایی گەڕایەوە بۆ لەندەن.

جوان رۆلینگب بۆ ماوەی نزیکەی پێنج ساڵ وەکو توێژێنەر و (سکرتێر) لەگەڵ (رێکخـراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی) لە لەندەن دا کاری کرد. جوان حەزی لە کاری سکرتێری نەبوو، تەنها لەبەر ئەوە نەبێت، کە ئامێرێکی داتەی لەبەر دەست دابوو، لە کاتی پـەرژان دا، بۆ نووسینی چیرۆکەکانی و رۆمانەکانی سوودێکی باشی لێوەردەگرت. جـوان لە وتارێکی دا، کە لە زانکۆی هـارڤارد بۆ قوتابییە پێشکەوتووەکان پێشکەشی کرد، وەکو خۆی گێڕایەوە لە ماوەی کارکردنی وەکو سکرتێری رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، دەڵێ: لە لایەن کەسانێکەوە کە ژیانیان لە مەترسی دا بوون و لە بارودۆخێکی سەخت و دژواری پڕ لە ئازاردا دەژیان.. تەنها لەبەر ئەوەی کە رووبەڕووی حکوومەتە دیکتاتۆرییەکانی وڵاتەکانیان

ببوونەوە.. نامە و دیکۆمێنتێکی زۆرمان پێدەگەیشت. ئەم تاقیکردنەوەشی رۆڵ و رە نگدانەوەیان لە رووداوەکانی زنجیرە رۆمانی هاری پۆتەر دا هەیە.

ئەوەی لە هەموو شتی زیاتر کاری لە جوان رۆلینگ کرد، کۆچی دوایی دایکی بوو، کە لە ساڵی (١١٩٩) دا، لە تەمەنی (٤٥) ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.. ئەو دایکەی کە زۆر هاندەر و پاڵپشتی بوو.. نێوانی جوان و باوکی باش نەبوو.. قسەیان لەگەڵ یەکتری ناکرد.. ژیان بۆ جوان رۆلینگ، کچە هەرزەکارێکی دایک مردووی بێـناز و سۆز، زۆر سەخت و ناخۆش بوو.

لە ساڵی (١٩٩١) دا، چوو بۆ شاری (پـۆرتـۆ) لە پورتوگال، ماوەی ساڵ و نیوێک لە قوتابخانەیەکی ئەو شارەدا دوای نیوەڕوان وانەی زمانی ئینگلیزی دەوتەوە.. ئەمە دەرفەتێکی باش بوو بۆ جوان کە بەیانیان سەرقاڵی نووسینی چیرۆک رۆمان ببێت.. لە پۆرتۆدا بە رێکەوت رۆژنامەنووسی تەلەفزیۆنی بولگاریا (یورگە ئارانتیس) ی ناسی، دوایشی لە (١٦ی/ئوکتۆبەر/١٩٩٢) دا هاوسەرگیریان کرد.. کچێکیان بوو، ناویان لێنا (جیسیکا) مێردەکەی پیاوێکی توندوتیژ و رەفتار رەق بوو.. بۆیە دوای سیانزە مانگ لێی جیابۆوە. لە گەڵ کچەکەی دا گەڕایەوە بۆ بەریتانیا. ماوەیەک لە شاری (ئەدنبرە) لە (ئوسکۆتلەندا) لە ماڵی ( دیان) خۆشکی مایەوە، دیان زۆر دڵسۆزی بوو.. هەمیشە دڵی جوانی دەدایەوە و هانی دەدا کە درێژە بە نووسینەکانی بدات.. جوان پێزانینی بۆ دڵسۆزی دیان هەبوو.

جوان رۆلینگ لە چەند قۆناغ و وێستگەیەکی ژیانی دا، زۆر بە سەختی ژیا، بێکار و هەژار و نەبوون و گیرفان بە تاڵ وبێ ماڵ بوو.. مانگانە سۆسیال بۆ بژێوی خۆی و بۆ کچەکەی پارەیەکی کەمی دەداێی.. بە کولەمەرگی دەژیان.. تەنها بۆ ئەوەی پەژارە و نەبوونی و دڵتەنگی خۆی لەبیربکات.. رۆژانە دەچوو بۆ قاوەخانەی (نیکۆلـسون) و قاوەخانەی(ماڵی فـیل) لە ئەدنبرە، کچە شیرەخۆرەکەشی لەگەڵ خۆی دا دەبرد.. کاتێ کە کچەکەی بنووستایە، لەپاڵ خواردنەوەی قاوەیەک دا، چەند کاتژمێرێک خەریکی نووسینی رۆمانی (هـاری پۆتـەر) دەبوو.. لەم کاتەدا (ئەنجوومەنی هونەرەکانی ئوسکۆتلەندا) بڕی (٨٠٠٠) جونەیهی ئیستەرلینییان بە جـوان رۆلینگ بەخشی، بۆ ئەوەی بتوانێت درێژە بە نووسینەکانی بدات. ئەمە بوو بە هاندەرێکی باش بۆ ئەوەی جوان زیاتر سەرقاڵی نووسین ببێت.

بێگومان خۆڕاگـری و کۆڵـنەدان و بڕوابەخـۆبوون لە بنەماکانی سەرکەوتنن. جوان رۆلینگ دەڵێ:" کـاری قورس و ئـازار باشترین مامۆسـتان"

جوان رۆلینگ ئیلهامی بیرۆکەکانی لە داستان و ئەفسانەکان، یا لەو چیرۆکە خەیاڵییانەوە بۆ دەهاتن، کە لە تەمەنی منداڵی دا گوێبیستان ببوو، یا خۆی خۆێندبوویانەوە.. یا لە سەربوردەی ژیانی خۆیەوە هەڵیدەهێنجاندن، ژیانی سەخت و پڕ لە نەهامەتی و کوێرەوەری مەینەتی و ئازار و نەبوونی، یا لە رەفتاری ناسروشتی و توندوتیـژی و ڕەقـی کەسانی ترەوە بۆ هاتوون.. بۆ نموونە تۆندوتیژی و رەق ڕەفتاری یۆرگەی مێردی یەکەمی لەگەڵی دا، کە بە زەقی لە بەشی دووەمی رۆمانی هاری پۆتەردا دەردەکەوێت. گوزارشتی سەر کاغـەز، تەنیا هۆ بوو بۆ ئەوەی جـوان رۆلینگ، خـەم و پەژارە و ناسۆری و نەهامەتییەکانی ژیانی لەبیربکات و تێیان پەڕێنێت.

جـوان رۆلینگ و رۆمانی هاری پۆتەر: جـوان رۆلینگ بیرۆکەی رۆمانی (هـاری پۆتەر)ی لە ساڵی (١٩٩٠) دا، لە گەشتێکی شەمەندەفەری دواکەوتووی نێوان شاری (مانشستەر) و (لەندەن) دا بۆ هات.. هەر لە ناو ئەو شەمەندەفەرەدا، لە هزری دا بیرۆکەکەی گەڵاڵە کرد و بە وردی پاڵەوان و کارەکتەرە شیاوەکانی رۆمانەکەی داهـێنان. رۆمانی هاری پۆتەر لە نووسینی جوان رۆلینگە، زنجیرە رۆمانێکی خەیاڵی فەنتازییە. بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەر خەریکی نووسین و گەڵاڵەکردنی زنجیرە رۆمانی هاری پۆتەر بوو.. زۆریش بیری لەوە کردەوە کە پاڵەوانێکی خەیاڵی و سەرکێشی شیاو بۆ رۆمانەکەی دابهێنێت، کە شایەنی ئەو رۆڵە سەرەکییە بێت. جوان لە ماوەی پێنج ساڵ دا، نەخشەی نووسینی هەر حەوت بەشەکەی زنجیرە رۆمانکەی دانا.. کەسایەتی (هـاری پۆتـەر)ی داهێنا و کردی بە پاڵەوانی هەر حەوت بەشەکەی زنجیرە رۆمانەکەی، هەر ناونیشانی (هـاری پۆتەری) بۆ رۆمانەکەی دانا.. تەنانەت جوان رۆلینگ هەمان رۆژ و مانگی لە دایکبوونی خۆی (٣١ی/ یۆلـیۆ)ی بۆ رۆژ و مانگی لەدایکبوونی هاری پۆتەر دانا.. مەبەستی جوان لە بەخشینی ئەم بەروارە بە لەدایکبوونی هاری پۆتەر، وەکو ئەوە وایە کە جوان رۆلینگ تازە لە دایک بۆتەوە. هاری پۆتەر پاڵەوانی سەرەکی و سەرکێشی زنجیرە رۆمانەکەی، منداڵێکی لاوازی تەمەن دوانزە ساڵانە، قـژی رەشە، چاوێلکەیەکی خڕی سپی لە چاو دەکات.. توانای جادوویی هەیە کە لە باوکییەوە بۆی مابۆوە.. هاری پۆتەر لە

دوای مردنی دایک و باوکی، لە لای پووری ـ خوشکی دایکی ـ و مێردەکەی و تەنیا کوڕەکەیان دەژی.. بەڵام کەسی ئەم خێزانە هـاری پۆتەریان خۆشیان ناوێت و رقیان لێیە، ئەوەشیان پێنەوت کە جادوگەرە.

هاری پۆتەر دەچێتە قوتابخانەی (هۆگووتس) بۆ ئەوەی فێری جادوو بێت. لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە هاری پۆتەر رابردووی خۆی دێتەوە یاد و ئەو راستییە دەزانێت، کە پەیوەندیی بە جادووییەوە هەیە و جادووگەرە.. تا دەگاتە تەمەنی حەڤدە ساڵی. هاری پۆتەر لەگەڵ هاوڕێکانی دا، کە بریتین لە (هێرمینۆ گرانەر) و ( رۆن ویزلی) هەوڵی ئەوە دەدات کە شای تاریکی لۆرد (ڤۆلدمۆرت) لە ناوبەرێت.

سەرجەم لاپەڕەکانی هەر حەوت بەشەکەی زنجیرە رۆمانی هاری پۆتەر لە دەقە ئینگلیزییەکەی دا (٤١٩٥) لاپەڕەیە.. لە حەوت بەرگ دا چاپ کراوە، هەر بەرگێکی ناونیشانێکی تایبەتی هەیە.. ئەم حەوت بەشە (بەرگە) کراون بە هەشت فیلمی سینەمایی لە بەریتانیا و ئەمریکا دا، بەشی حەوتەمی کراوە بە دووفیلم، هەر فیلمێکیش بە ناونیشانی بەشەکانی هاری پۆتەرەوەیە.

جوان رۆلینگ، لە ساڵی (١٩٩٥) دا، بەشی یەکەمی رۆمانە خەیاڵییەکەی تەواکرد کە بە ناوی (هـاری پۆتەر و بەردی فەیلەسووفەکە) وەیە. دوایی ناردی بۆ زیانزە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی پەرتوک. دوانزە دەزگایان رەتیانکردەوە کە چاپی بکەن، چونکە رۆمانەکەیان بە بابەتێکی بێکەڵک و پڕوپووچ دەزانین.. بەڵام خانەی بڵاوکردنەوەی سیانزەم (بلومسبۆری) کە کچۆڵە هەشت ساڵانەکەی بەرپرسی ئەم دەزگایە چیرۆکەکەی خوێندەوە، زۆر سەرسامی بوو، داواشی لە باوکی کرد کە چاپی بکات. بەرپرسەکەش لەسەر داخوازی کچەکەی، بە نابەدڵی بڕیاری دا کە چاپی بکات، بەڵام ئەوەی کرد بە مەرج کە نابێت بە ناوی راستی (جـوان رۆلینگ)ەوە چاپی بکات و بڵاوی بکاتەوە، چونکە لەو بڕوایەدا بوو، کە خوێنەران بڕوا بەوە ناکەن، کە ژنە نووسەرێک دەربارەی جادوو بۆ منداڵان بنووسێت.. بۆیە پێشنیاری ئەوەی کرد کە بە ناوی (ج. ک. رۆلینگ)ەوە چاپی بکات و بڵاوی بکاتەوە. (ج) پیتی یەکەمی (جـوان)ـە (ك) پیتی یەکەمی ناوی نەنکێتی (کاسلین ـ دایکی باوکی)، (رۆلینگ) یش نازناوی خێزانەکەیانە. جـوان رۆلینگ هەر بۆ ئەوەی کە رۆمانەکەی چاپ بکرێت، بە پێشنیارەکە رازی بوو، لەو کاتەوە تا ئەمڕۆش جوان رۆلینگ رۆمانەکانی و نووسینەکانی

هەر بە ناوی هونەری (ج . ک. رۆلینگ)ەوە بڵاویان دەکاتەوە. دەزگای بلومسبۆری (١٥٠٠) جونەیهی ئیستەرلینی دا بە جوان کە پارەیەکی زۆر کەم بوو.. تەنیاش (٥٠٠) دانەی لە پەرتوکەکەی چاپکرد، چونکە ترسی ئەوەی هەبوو، کە نەفرۆشرێت و زیان بکات. لە لایەکی کەشەوە قەشەکانی کەنیسەکان دژی ئەم رۆمانە وەستانەوە، کە باسی جادوو و شەیتانی تێـدایە، حکوومەتی ناوخۆش، دەستی گرت بەسەر پەرتوکە نەفرۆشراوەکان دا.. بەڵام لە دوای دوو هەفتە کۆمپانیای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەمرێکی (سکۆلسنگ) نامەیەکی بۆ جوان نارد، لە نامەکەیان دا نووسیبوویان، کە (٥١٠) هـەزار دۆلاری ئەمریکی پێدەبەخشن، بۆ پێدانی مافی چاپکردن و بڵاوکردنەوەی بەشی یەکەمی هاری پۆتەر. جوان رۆلینگ وەختبوو لە خۆشی دا گەشکە بیگرێت، تا ئەو رادەیەی کە بڕوای ناکرد کە ئەم داوایە راست بێت.. رازی بوو، پارەکەشی پێگەیشت. هەر لەو ساڵەدا، واتا لە (١٩٩٧) دا، بەشی یەکەمی هـاری پۆتەر وەریان گێڕایە سەر زمانی ئەڵمانی.

سەرکەوتن و ناودەرکردنی بەشی یەکەمی رۆمانەکـەی، بوو بە هاندەر بۆ جوان رۆلینگ تا درێژە بە تەواوکردنی زنجیرە رۆمانی هاری پۆتەر بدات، تا هەر حەوت بەشەکەی نووسی.. لە بەریتانیا و ئەمریکادا، چەندین دەزگـا و کۆمپانیای چاپ و بڵاوکردنەوەی پەرتوک و کۆمپانیای فیلمسازی پەیوەندییان بە جوانەوە کرد.. کە ئامادەن بەرانبەر بە پێدانی پارەیەکی زۆر، بەشەکانی تری رۆمانەکەی چاپ بکەن و بڵاوی بکەنەوە. بیکەن بە فیلمی سینەمایی.

تا ئێستا لە سەرانسەری جیهان دا، زیاتر (٤٥٠) ملیۆن دانە لە پەرتوکە چاپکراوەکانی بەشەکانی زنجیرە رۆمانی هاری پۆتەر فرۆشراون.. کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە لە مێژووی پڕفرۆشتنی پەرتوک لە جیهان دا. بۆ نموونە بەشی شەشەمی رۆمانەکە (هـاری پۆتەر و شازادەی دووڕەگ) لە یەکەمین رۆژی خستنە کتێبخانەکانەوە (١٠) ملیۆن دانەی لێفرۆشرا. بەشەکانی زنجیرە رۆمانی هاری پۆتەر، وەریان گێڕاون بۆ (٨٧) زمان لە جیهان دا.. هیواخوازی ئەوەشین کە وەرگێڕێکی کوردمان، زمان باشزانی ئینگلیزی دەقی بەشەکانی رۆمانی هاری پۆتەر لە ئینگلیزییەوە وەربگێڕێت بۆ سەر زمانی کوردی، تا خوێنەرانی کوردیشمان بەم رۆمانە خەنی و ئاشناببن.

تا ئەمڕۆش بە ملیۆنان خوێنەر و هاوادارن لە جیهان دا، سەرسامی زنجیرە رۆمانی هاری پۆتەر و فیلمەکانین.

جوان رۆلینگ بە هۆی فرۆشتی پەرتووکەکانی بەشەکانی هاری پۆتەر و بە هۆی پشکی لەو هەشت فیلمە سینەماییانەی رۆمانی هاری پۆتەرەوە.. بوو بە یەکێک لە ملیۆنێرەکانی جیهان.. داهاتەکەشی بە (ملـیار و نیویک) دۆلار مەزەندە دەکرێت. لە پلەی یەکەمی لیستی نووسەرە پڕداهاتەکانی جیهان دایە. تا ئەمڕۆش پڕداهاترین ژنە نووسەر لە هەموو جیهان دا. جوان رۆلینگ بە یەکێکیش لە دە ژنە ناودارەکانی جیهان ریزبەند کرا، لە ریزبەندی چوارەم دایە ( ئەنگـیلا مێرکل، گلـۆریا ماری ستینم، ئیندێرا گـاندی، جوان رۆلینگ،...)

خەڵاتەکانی جـوان رۆلینگ: خاتوو جوان رۆلینگ، وەکو کەڵە رۆماننوسێک، لە پاداشتی نووسینی زنجیرە رۆمانی هاری پۆتەر و ئەو خزمەتە گەورەییەی کە پێشکەشی بە (ئـەدەبی منداڵان) کرد.. لە بەریتانیا و دەرەوەدا چەندین خەڵاتی رێزلێنانیان پێبەخشین: (*) میدالیای شکۆداری بەریتانیا. (*) نازناوی (دیم)ی بەریتانی. (*) لە لایەن شاژنی بەریتانیا (ئەلیزابێسی دووەم) ەوە رێزی لێنرا. (*) لە ساڵی (٢٠٠٠) دا لە لایەن شازادە (تشارلز)ی میری (ویلز)ەوە خەڵاتی (پلەی ئیمبراتۆرییەتی بەریتانیا) یان پێبەخشی.. ئەم خەڵاتەش یەکێکە لە خەڵاتە هەرە بەرزەکانی بەریتانیا کە لە لایەن شاژنەوە دەبخەشرێت.. شازادە ئەوەشی پێوت کە یەکێکە لە هەوادارانی زنجیرە رۆمانی هاری پۆتەر. (*) لە ساڵی (١٩٩٧) و (٢٠٠٠) خەڵاتی (وایت برید) یان پێبەخشی، بۆ باشتری پەرتووکی ساڵ بۆ منداڵان. (*) سێ ساڵیش لەسەر یەکتری خەڵاتی زێڕینی (سمارتیز) یان پێبەخشی. (*) لە لایەن زانکۆکانی (هارڤارد، ئێکسەر، سانت ئەندرۆز، ئیبردین، ئەدنبرە، نابر) دکتۆرای شانزای و خەڵاتی رێزلێنانیان پێبەخشی. (*) لە ساڵی (٢٠١٠) دا، لە لایەن گۆڤاری (ئیدیتورس)ەوە، جوان رۆلینگ وەکو کارتێکەرترین خانم لە بەریتانیا هەڵبژێرا. (*) لە لەلایەن شـاژنی دانیمارکەوە، خەڵاتی (هـانز کریستیان ئەندەسۆن)ی ساڵی (٢٠١٠) یان پێبەخشی، وەکو باشترین نووسەری ئەدەبی منداڵان لەو

ساڵەدا. ئەمانە و چەندین خەڵاتی تری رێزلێنان و پێزانین، پێشکەش بە خاتوو جوان رۆلینگ کراون. لە ئەمڕۆش دا هەموو ئەو کەرەستە و ئەو شتانەی کە جوان رۆلینگ بەکاری هێناون.. یا پاڵەوانەکانی فیلمەکانی رۆمانەکەی هاری پۆتەر بەکاریان هێناون، بوونە بە شتی بەهـادار و بە نرخ و بە پارەیەکی خەیاڵی دەفرۆشرێن.

بۆ نموونە ئەو کورسییە دارەی، کە جوان رۆلینگ لەسەری دادەنیشت و بەشی یەکەم و دووەمی هاری پۆتەری لەسەر نووسی، لە شاری نیویۆرک لە ئەمریکا، لە بە زیادکردنی ئاشکرادا، بە (٤٠٠) هـەزار دۆلار فرۆشرا.

بەشەکانی (بەرگەکانی) زنجیرە رۆمانی هاری پۆتەر:

ئەمانە ناوی بەشەکان و ساڵی چاپکردنی زنجیرە رۆمانی هاری پۆتەرن: ١ـ هاری پۆتەر و بەردی فەیلەسووفەکە (١٩٩٧) ٢ـ هاری پۆتەر و ژووری نهێنییەکان (١٩٩٨) ٣ـ هاری پۆتەر و بەندکراوی ئەزکابان (١٩٩٩) ٤ـ هاری پۆتەر و جامی ئاگر (٢٠٠٠) ٥ـ هاری پۆتەر و گروپی ملـدرێژەکان (٢٠٠٣) ٦ـ هاری پۆتەر و شازادەی دووڕەگ (٢٠٠٥) ٧ـ هاری پۆتەر و پیرۆزییەکانی مردن (٢٠٠٧)

٨ـ شانۆگەری (هـاری پۆتەر و منداڵە نەفرەتییەکە) کە هەر جوان رۆلینگ نووسیوێتی، چاپکراو و بڵاوکرایەوە.. جـوان لەم پەرتوکەشی دا، نەیتوانیوە لە جیهانی جادوویی دووربکەوێتەوە.. بەوەش ناوبرا کە (بەشی هەشتەمی) زنجیرە رۆمانی هـاری پۆتەرە. ئەم شانۆگـەرییە بۆ یەکەمین جـار لە رۆژی (٣١ی/ یۆلیۆ/٢٠١٦) لەسەر شانۆ لە (لەنـدەن) نمایش کرا، کە رێکەوتی بیرەوەری پەنجا و یەک ساڵڕۆژی لەدایکبوونی جوان رۆلینگ بوو. ئەم رۆمانەشی کراوە بە فیلمی سینەمایی، کە پڕە لە کەسایەتی خەیاڵی و لە جادووگەر و لە بەختگرەوەکان، ئەم فیلمەش تازەیەش هەر درێژکراوەی ئەو جیهانە پڕ لەسەرکەشی و جادووییەی هـاری پۆتەرە.

هەر حەوت بەشەکەی هاری پۆتەر بە هەمان سەرناوەوە، کراون بە هەشت فیلمی سینەمایی، کە پڕداهاترین دەستکەوتیان لە جیهانی سینەمای جیهانی دا

بەدەست هێناون.. داهاتی فیلمەکان زیاتر لە (٧) ملیار دۆلارە. هەروەها ئەو پاڵەوان و ئەکتەرانەش کە لە زنجیرە فیلمە سینەماییەکانی هـاری پۆتەردا بەشداریان کردوون و رۆڵیان هەیە، چ وەکو دەرهێنەر یا پاڵەوان و ئەکتەر، ئەوانیش زۆر دەوڵەمەند و ناسراو و ناودارن بوونە.

جوان رۆلینگ لە ساڵی (٢٠٠١) دا، بۆ جاری دووەم، لە ئوسکۆتلەندا لەگەڵ پزیشکی سڕکەر دکتۆر (نـایل مایک مۆرای) دا هاوسەرگیری کرد.. دوو کوڕیان بوو (داڤید) و (ماکنزی) لەگەڵ کچەکەیدا بوون بەخاوەنی سێ منداڵ و تا ئەمڕۆش پێکەوە لە خانوویەکی قەشەنگ و مۆدێرن دا لە (ئیدنبرگ لە ئوسکوتلەندا) دا، بە خۆشی و خۆشەویستی و شادی دەژین.

جوان رۆلینگ، چەند جارێک لە دادگادا ئامەدەبوو، وەکو شکات لێکراو، یا شکاتکەر، هەندێ نووسەر شکاتی ئەوەیان لە جوان رۆلینگ کردبوو، کە لە نووسینەکانیانی وەرگرتووە. ئەویش شکاتی ئەوەی لە هەندێ نووسەر کرد، کە لە ئیدیۆمی رۆمانی هاری پۆتەرەیان وەرگرتوون. بەڵام جوان رۆلینگ لە هەموویان دا براوە بوو.

زانایای دەروونیش پشتگیری لە زنجیرە رۆمانی هاری پۆتەر دەکەن، بە لە پەرتوکە باشترینەکانی جیهانی دادەنێن، کە منداڵان لە جیهان دا لێیانەوە فێری گەلی چەمکی گرنگ دەبن و زاخاوی کەسێتیان دەدات.

جوان رۆلینگ منداڵانی زۆر خۆشدەوێ و زیاتر گرنگییان پێدەدات، چیرۆک و رۆمانەکانیشی ئاراستەی منداڵان کردوون، لەم رووەوە دەڵێ:" درێـژە بە نووسین بۆ منداڵان دەدەم، چونکە لە راستی دا چێژ و خۆشی لەمەدا دەبینم" بە تەواوکردنی هەر حەوت بەشەکەی هاری پۆتەر، کۆتایی بە بە نووسین و بە چیرۆک و رۆمانەکانی نەهێناون، کۆمەڵێک چیرۆکی خۆشی خەیاڵی تری بۆ منداڵانی بچووکتر لە تەمەنی هاری پۆتەر نووسیون، ئەو زیاتر چێژ و خۆشی لە نووسینی ئەو چیرۆک و رۆمانانە وەردەگرێت، کە بۆ منداڵان دەیانووسێت.. رۆمانێکی تازەشی بە ناوی (کورسییە بەتاڵەکە) بۆ بەساڵاچووان چاپکردووە، چەند رۆمانێکی تریش بۆ گەورەکان چاپکردوون، لەوانەش رۆمانی (بکوژە سپی پۆشەکە) چەند چیرۆک و رۆمانی تریشی تەواوکردووە و تا ئێستا چاپ نەکراون.
هاری پۆتەر کێیە؟

دەمانەوێت ئەوەش بزانن، کە ئەو ئەکـتەرە منـداڵە سەرکێشە بەناوبانگە ئینگلیزەی، کە بەڕۆڵەکەی بینەرانی سەرسام کردووە.. لە خەیاڵی کەسیش دا نەبوو، کە ناوبانگێکی جیهانی دەربکات.. ئەو منداڵە خۆشەویستەی کە بە ناوی(هـاری پۆتەر)ەوە ناسراوە.. پاڵەوان و دینەمۆی فیلمەکانی هەر حەوت بەشەکەی زنجیرە رۆمانی( هـاری پۆتەر)ە ئەم منداڵە زیرەکە بە سەرکێشییە فەنتازییەکانی بینەرانی سەرسام و حەیـران کردووە، بە ملیۆنـان منـداڵ و گەورە لە جیهان دا، هەواداری فیلمەکانین.. ناوی راستی ئەم منداڵە (دانیال جاکوب رادکلیف)ە لە (٢٣ی/ یۆلیۆ/١٩٨٩) لە شاری (لەندەن) لە بەریتانیا لەدایکبوووە. لە تەمەنی پێـنج ساڵانەوە هۆگـری نوانـدن بوو، هەر لەو تەمەنەیدا، لە چەندین بەرنـامەی تەلەفـزتۆنی دا بەشداری کرد.. ئێستا بە یەکێک لە هەرە ئەستێرە گەشەکانی سینەمای جیهانی دەناسرێت.. بەڵام ناودەرکردنەکەی بۆ رۆڵی پاڵەوانێتی لە (هاری پۆتەر) دەگەڕێتەوە.

جـوان رۆلینگ و کـاری خێرخـوازی: جوان رۆلینگ، ئەو ژنە هەژار و نەبووە، کە خەم و ئازارێکی زۆری چەشت. لە ئێستادا پڕداهاترین و دەوڵەمەنترین و بەختەوەرترین و بە ناوبانگترین ژنە نووسـەرە لە هەمـوو جیهان دا.. نووسەرێکی زۆر بەخشـندە و خـیرخـوازە.. جـوان رۆلینگ، ساڵانە چەند ملیونێک دۆلار دەبەخشێت بە نەخۆشخانەکان و بە رێکخراوەکانی بواری خزمەتگوزارییەکانی منـداڵان و بە خـێزانانی هـەژار و بە کاری مرۆیی.. پارەیەکی باشیشی بەخشیوە بۆ تۆژینەوەی زانستی و بۆ دۆزینەوەی چارەسەری نەخۆشییە سەختەکان.. ئەمانە و گەلی کاری مرۆیی و خێرخوازی تریشی لێوەشاونەتەوە.

(*) بۆ ئەم نووسینی ئەم بابەتە، سوودم لە چەند سایتێکی ئینگلیزی و عەرەبی وەرگرتووە.

نەرویـج: ٥ی/ فیبروار/ ٢٠١٨


به‌روار:  06/02/2018
115   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  وتاری زیاتر ...
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
ئازاد حەمدی
محه‌مه‌د به‌رزی
فەرەیدون کونجرینی
ژماره‌ی بابه‌ت
چۆنێتی کوژرانی منداڵە کوردەکەی سنوری بەلجیکا
پیاوێک دەیەوێ سێلفی لەگەڵ وورچێکا بگرێ، وورچەکە دەیکوژی
هەژارترین سەرۆکی جیهان مووچەکەی 1250 دۆلارە
ترامپ دەڵێ ئەو کۆچبەرانەی بەنایاسایی دێنە ئەمریکا ئاژەڵن و خ
داڕزان... شێرکۆ بێکەس
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   94
کۆی سه‌ردان:   16751566