وتاره‌كان
سوودەکانی سۆزی دایک بۆ منداڵ
  ڕەزا شوان

   


( شکسپیر ) دەڵێ : " لە جیهـاندا سەرینـێک نییە .. کە لە بـاوەشی دایـک نەرمـتربێت )
بە لای ئێمەوە، لە کوردستان پیرۆزتر و جوانتر نییە .. لە کورد دڵپاکتر و لێبووردەتر نییە ..
لە دایک بەسۆزتر و دڵسۆزتر نییە .. لە پێشمەرگەرە قارەمانتر و گیانبەخشتر نییە .. لە ئازادی و ئاشتی شیرینتر نییە .. لە هیوا و بڕوا و هاندەرتر نییە .. لە یەکێتی و تەباییش بە هێزتر نییە . 
دایک پیرۆزترین بوونەوەرەی دونیایە .. دایک وشەیەکی بچووکە و، لە چوار پیت پێکهاتووە .. بەڵام جوانترین و ناسکترین و شیرینترین وشەیە، لەسەر زار و، لە ناخی دڵی هەموومان دایە .. دایک جوانترین وشەیە لە فەرهەنگەکانی زمانەکانی هەموو گەلاندا .. دایک وشەیەکە گەورەترین واتای لەخۆگرتووە، کە بە هەزاران وشە و رستە و دێڕ و هۆنراوە و پەخشان و رۆمان، نایاتە باسکردن و ستایش کردن .. دایک واتای بەزەیی و سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی و دلۆڤانی و بەرخودانی لەخۆگرتووە .. سۆز و خۆشەویستی و دڵسۆزی دایک بێ هـاوتا و بێ سنوورن و.. هەرگـیز لەبن نایەن .. دایک هەمیشە دەبەخشێت و، هیچ کاتێکیش چاوەڕوانی وەرگرتنی پاداشت ناکات .. دایک کانییەکی روونی هەمیشەبەخشی بەخۆڕە .. کە بەزەیی و سۆز و خۆشەویستی لێهەڵـدەقوڵێت .. نە لێڵ دەبێت و، نە وشکیش دەکات .
دایک سونبولی ژیانە، هێمای بەخشین و درێژەدان و مانە .. سکی دایک پیرۆزترین نیشتمانە .. لە سکی دایکدا ژیان لە دایک دەبێ .. لە باوەشی دایکدا رۆڵەکانی نیشتمان گوش دەکرین و پێدەگەن .
( جوبـران خەلـیل جوبـران ) دەڵێ : " دایک هەموو شتێکە لە ژیـاندا، دڵـدەرەوەیە لە ماتەمینیدا، هیـوایە لە بێ ئومێـدیدا، هـێزە لە لاوازیـدا " 
ئەوە دایکمان بوو، پێش ئەوەی چاوەکانمان هەڵبێن، بە سنگی گەرم و نەرمی خۆیەوە نووساندین و ،  بە شیری پاکی گۆشی کردین .. ئەوە دایکمان بوو، بۆ ئەوەی بە خۆشی و بە شادی خەومـان لێبکەوێت، بە دەنگە ناسک و شیرین و بەسۆزەکەی لای لایەی کوردەواری خۆشی بۆ دەکردین و، دەیلاواندینەوە، شەونخونی دەکرد و شەو تا بەیانی ئێشکی دەگرتین .. ئەوە دایکمان بوو، رۆژانە لە باوەشی گەرم و نەرمی دەکردین و، دەستە نەرم و جوانەکانی بە سەر و گوێماندا دەهێنا و، بە دەیان زەردەخەنەی شیرێن و ناسکی پێدەبەخشین و، ماچـبارانی دەکردین و هەموو خەم و ئێش و دڵتەنگی و ناسۆرییەکانمانی لەبیردەبردینەوە .. ئەوە دایکمان بوو، کە هەموو نـاز و نووزێکمانی هەڵدەگرت .. بەشە پارووەکـەی خۆی بە دەمانەوە دەکرد .. رۆژی سەد جـارش مەرگی خۆی پێش مەرگمان دەخست و، هەمیشە نزای دەکرد و، لە خـوا دەپاڕایەوە، کە جەرگی نەسووتی و .. ئێمە بێوەی بین .
ئەوە دایکی دڵسۆزمان بوو، کە فێر ئەلفوبێی ( کوردایـەتی ) و ( کوردسـتان پـەروەری ) کـردین .. بەڵی کەسمان لە پڕێک، نەبووینە بە کچ و کوڕێک .. دایکمان یەکەمین مامۆستامان بوو .. باوەشی دایکیشمان یەکەمین قوتابخانەمان بوو .. دایک و باوکمان زۆریان فێرکردین و، زۆر بەها و نەریتی رسەن و جـوانی کوردیمان لە ئەوانەوە فێربووین .
( ریتشار نیکسون ـ سی و حەوتەمین سەررۆکی ئەمریکا ) دەڵێ : " دەتـوانیت هەمـوو شـتێکم لە بیربەریتەوە .. تەنیا ئەوە نەبێت کە دایــکم فـێرێ کـردووم "
( ئابراهام لینکۆڵن ـ  شانزەمین سەرۆکێکی ئەمریکا ) دەڵێ : " هەموو ئەو شتانەی کە من پێیان گەیشتووم، ئەو پلە و پایەیەش کە هیوای پێگەیشتنیان دەخـوازم، هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ دایکی پەریـزادم "
کەڵەزانای داهێنەر ( تۆمـاس ئەدیسۆن ) دەڵێ : " ئەوە دایـکم بوو کە دروسـتی کـردم "
هونەرمەند ( فلۆریـان ) یش دەڵێ : " ماچیـک لە لایەن دایکمەوە، وێنەگرێکی جیهانی کردمی بە "
بە سەدان وتەی ناوداران و پەندی گەلان و، هۆنراوەی شیرین و، چیرۆک و، پەخشان و، رۆمان و، داسـتان، بە هەموو زمانەکانیی جیـهان، دەربارەی بەزەیی و سۆز و دڵسۆزی و خۆشەویستی و شکۆداری دایک وتـراون و نووسـراون . 
هێندە قەرزاری دایکمانین، هێندە چاکەی بە سەرمانەوە هەیە .. گەر بە درێژایی ژیانمان ستایشی بکەین و پێیدا هەڵبدەین، هەرگیز ناتوانین پاداشتی سۆز و خۆشەویستی و دڵسۆزی و بەخشندەیی بدەینەوە .. ئەوە گەورەتـرین رێز و شکـۆداری و پێزانینە کە : ( بەهـەشت لەژێر پێی دایکانـدایە ) ( ڤیکتۆر هـۆگۆ ) دەڵێ : ( جیـهان بچـووکیش بێتەوە .. دایـک هەر بە گـەورەیی دەمێنـێتەوە ) .
( جـان جـاک رۆسـۆ ) دەڵێ : " گەر جیـهان لە چنگێکدا بێ و .. دایـکم لە چنگەکەی تـردا بێ، ئەوا دایـکم هەڵـدەبـژێـرم ) .
کوردیش دەڵێ : " دایـک لە لای رۆڵەکـانی، قـەد پیـر نـابێت "
دایک شایانی ئەوەیە و، زۆر لەوەش زیاتر، کە هەموو رۆژێک نەک جارێک، بەڵکو بە دەیان جار سەری رێز و نوازشی بۆ دانەوێنین و، تێر دەستە جوانەکانی ماچ بکەین و، داوای گەردن ئازادی و لێـبووردن و بەخشـینی لێبکەین .. گەر دایـک لـێمان رازی نەبێت، لە ژیـاندا  ناحەسێینەوە . 
ئێمەش باوکین و، هیوادارین کە باوکـان بە هەڵە لێمان تێنەگەن و، وا بـزانن، کە لە رادەی سۆز و بەزەیی و دڵسۆزی و خۆشەویستی و قوربانیدانی ئەوان بۆ رۆڵەکانیان بە کەمتر دەزانین .. دەڵێن : " چاکەی باوکـان لە بەرزترین لووتکە چـیا بەرزتـرە .. چاکەی دایکـانيش لە قووڵترین دەریاڵـۆش قووڵترە ".. پیاوانیش هەر لە دایک لە دایکبوونە .. بەڵام ئەمە راستییەکی حاشاهەڵنگرە و ناتوانین نکووڵی لێبکەین .. ئەو سۆز و خۆشەویستی و دلۆڤانییەی کە لە دایکدا هـەیە .. بەم رادەیە لە باوکدا نییە .. سۆز و بەزەیی و خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکەی رەمەکی و سروشتییە .. ئەم سۆز و خۆشەویستی و گرینگیپێدانە رەمەکییەش، تەنیا لە دایکی مرۆڤدا نییە .. بەڵکو لە دایکانی هەموو بوونەوەرەکانی کەشدا، رەمەکی و سروشتییە، بێچوەکانیان بە سۆز و خۆشەویسی بە خـێودەکەن و شیر و خواردنیان  دەدەنێ و، چاودێری دەکەن و پارێزگارییان لێدەکەن .. تا  گەورە دەبن و دەتوانن پشت بەخۆیان ببەستن . بۆ نموونە بڕواننە، ئاسکەیەک، مانگایەک، پڵنگێک، مەڕێکی تازە زاو، کە چۆن یەکسەر دەگەشێنەوە و، هەموو ئازارێکی خۆیان لەبیر دەچێتەوە و.. بە زمـانیان تێر بێچـوە تـازە زاوەکـانیان دەلێسنەوە .. بێچوەکانیشیان یەکسەر بۆنی دایکیان دەکەن و دیاناسن و، دەم بە گـوانی دایکيانەوە دەنێن و شیریان دەخـۆن . 
سۆز و خۆشەویستی دایک زۆر گرنگن و، کارتێکردنێکی ئەرێنی گەورەیان لەسەر ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی منداڵەکەی هەیە .. سوودێکی زۆریان هەیە، بۆ مەستکردنی پێداویستییە جەستەیی و دەروونی و هۆشییەکانی منداڵ .. لە ئامێزگرتنی منداڵ و، قسەکردن لە گەڵێدا بە رووخۆشی و بە شیرینی و بە نەرمی و بە زەدەخەنەوە لە لایەن دایکییەوە .. فاکتەرێکی بەهێزە بۆ دروستبوونی پەیوەندییەکی بەهـێز، لە نێوان دایک و منداڵەکەیدا . 
سۆز لە رووکەشییەکەیدا، ئەوەیە کە دایک رۆژی چـەند جـارێک، بەپێی پێویست و دەرفەت، جگەرگۆشەکەی لە باوەش بکات و بە سنگی خۆیەوە بینووسێنی .. وەکو وتمان سۆز هەستێکی رەمەکی گەورەیە .. منداڵ تەنیا لەسەر سنگی دایک و باوکیدا هەست بەم سۆزە رەمەکییە دەکات.
ئەو منداڵە بەختەوەرانەی، کە لە قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵییاندا، لە ناو شوورەیەکی سۆز و خۆشەویستیدان و، مەستی سۆز و خۆشەویستی دایکان و باوکانیانن .. لە داهاتوودا دەبنە ژنان و پیاوانی ژیر و هێمن و دانا و لەسەرخۆ .. دەزانن کە چۆن بە شێوەیەکی راست و دروست و لەبار، بە هۆش و بیر و توانایان، بە سەرکەوتوویی هەڵسوکەوت لەگەڵ هەڵوێستەکانی ژیانـدا بکەن . 
گرنگترین سوودەکانی سۆزی دایک بۆ منـداڵ :
١ـ گەورەترین خواست و بەرزترین هیوای منداڵ، ئەوەیە کە سۆز و خۆشەویستی دایکی بە دەست بێنێ .. سۆزی دایک فریارەسە بۆ ئەوەی منداڵ لە هەموو ترس و دڵەڕاوکێ و نائارامییەک رزگاری بێت .. سۆزی دایک بڕوا و گەشبینی بە منداڵ دەبەخشێت .. منداڵ بە سۆزی دایک گەورە بەبێ و دەژی .. لە کوردەواریدا، کە منداڵێک لە دایک دەبێت، بەم جۆرە پیرۆزبایی لە دایک و باوکی دەکەن ( منداڵەکەتان پیرۆزبێ و، بە سۆز و بە خۆشەویستی و نازی دایک و باوکی گەورەبێت و پێبگات ).
٢ـ گرنگیدانی دایک بە منداڵەکەی و، هەستکردنی منداڵ بە سۆز و خۆشەویستی دایـکی بۆی .. هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی هەردوو بەشەکەی ناوچەی ( هـایپۆکـامیس ) لە مێشکی منداڵدا، قەوارەی گەورەتربێت .. ئەم ناوچەیەش لە مێشکی منداڵدا، بەرپرسە لە ئاستی زیرەکی و فێربوون و بیرهێنانەوە و زاڵـبوون بەسەر فشارە دەروونییەکـاندا .. بە تاقیکردنەوەی پراکتیکی و، بە بەراوردکردنی ئەو منداڵانەی کە مەستی سۆز و خۆشەویستی دایکیان بوون، لەگەڵ ئەو منداڵانەی کە لە سۆز و خۆشەویستی دایکیان بێبەش بوون، یا دایکانیان سۆز و خۆشەویستییەکی کەمتریان پێ بەخشیبوون و، بە گرژی و دڵڕەقی و بە توند و تیژی و بێبەزەییەوە، مامەڵەیان لەگەڵ کردوون، ناوچەی ( هایپۆکامیس) ی مێشکی ئەم منداڵانە کورژتر و بچووکترە لە مێشکی منداڵانی سۆزپاراو .. ئەوەش ساغـبۆتەوە، کە مـنداڵانی سۆزپـاراو لە (١٠ % ) دا، ئاستی زیـرەکی و فێربـوون و بیرهێنانەوە و کۆمەڵایەتییان بەرزترە، لە ئاستی منداڵانی بێبەش لە سۆز و لە خۆشەویتی و لە ناز.
٣ـ سۆز و گرنگیدانێکی زیاتری دایک بە منداڵە نەخۆشەکەی، دەبێتە هۆی زووتر چاکبوونەوەی .
٤ـ لە ئامێزگرتنی منداڵ لە لایەن دایکییەوە .. یارمەتی دەردانی هۆرمۆنی ( ئۆکسـیتۆسین ) دەدات لە لەشی منداڵدا .. کە هۆکارێکی گرنگە بۆ چالاکردنی دڵ .. یارمەتی ئەوەش دەدات، کە گـازی ئۆکسجین بە ئاسانی و ئاسایی بگات بە خوێن .
٥ـ ماچکردنی منداڵ لە لایەن دایکییەوە .. هۆکارە بۆ گواستنەوەی هەندێ ( بەکتریای سوودبەخش) بۆ منداڵەکەی، کە یارمەتی منداڵ دەدات، بۆ چالاکردن و بەهێزکردنی سستەمی بەرگری لە لەشیدا .
٦ـ کە دایک باوەش بە جگەرگۆشەکەیدا دەکات و، بە نەرمی و ناسکی دەست بە سەریدا دەهێنێت و، بە هیواشی بە پشتیدا دەکێشێت .. منداڵەکەی هەست بە ئەوپەڕی دڵنیایی و بە ئاسوودەیی دەکات .. مەستی گەلێ لە پێداویستییە دەروونییەکانی دەبێت .
( سوکـرات ) دەڵێ : " هەرگیز هەستم بەدڵنیایی نەکردووە .. تەنیا ئەو کاتانە نەبێت کە لەباوەشی دایکمدا بـووم )
٧ـ دایکایـەتی هەست و سۆز و شادی و خۆشەیەکی زۆر، بە خودی دایکان دەبەخشێت .. کاتێ کە جگەرگۆشەکانیان لە باوەش دەکەن و بە سنگیانەوە دەنووسێنن .. وا هەست دەکەن کە جیهان هی ئەوانە و، مەستی رەمـەکی دایکایـەتی دەبن .
٨ـ ئەو منداڵانەی لە هەرەتی منداڵییاندا، مەستی سۆز و خۆشەویستی دایکان و باوکانیان دەبن و.. بە سۆزداری و خۆشەویستی و رێزگرتن و کۆمەڵایەتی و بە پرەنسیپە دەروونییەکان پەروەردە دەکرێن .. کەمترینی ئەو هەرزەکارانەن، کە لە هەرزەکاریدا لاڕێ دەبنەوە و تووشی هەڵە دەبن .. دووریشن لە سەرکێشی هەوەسبازی و مەیل و سۆزداری و خۆشەویستیی نادورست .. بە دروستی و ژیری و بە رێکیش هەڵسوکەوت لەگەڵ قۆناغەکان و گۆڕانکارییەکانی ژیاندا دەکەن .
( دیگۆن راسکن ) دەڵێ : " کەمێک خۆشەویستی بە منداڵەکەت ببەخشیت .. لە پاداشتی ئەو خۆشەویستییەت سوودێکی زۆرت دەبێت "
( گوڵـدن ) دەڵێ : " کە دایــکم منی خۆشـبوێت .. منیش هەمـوو جیــهانم خۆشـدەوێت " 
لێکۆڵینەوە لە گرنگی سۆزی دایک بۆ منداڵەکەی :
تا ئێستا چەندین توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوەی پراکتیکی لە لایەن دەروونناسانی منداڵان و پزیشکە پسپۆرەکانی بواری تەندروستی و گەشەکردنی منداڵانەوە، دەربارەی گرنگی و سـوود و کارتێکردنی سۆز و خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکەی ئەنجام دراون .  
لە لێکۆڵینەوەیەکی تازەدا، کە لە لایەن چەند پسپۆرێکی دەروونناسی منداڵان و، چەند پزیشکێکی تەندروستی منداڵان، کە لە نەخۆشخانەی فێیرکاری ( سانت لویس) سەر بە ( زانکۆی واشنتۆن ) لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام دراوە .. لەم لێکۆڵێنەوەیەدا (٩٢) منداڵ بەشدارییان تێدا کرد .. تەمەنی منداڵەکان لە (٤) ساڵەوە بۆ (١٠) ساڵ بوون، لە ماوەی لێکۆڵینەوەکەدا چەند جارێک بە ( لەرینەوەی موگناتیسی ) وێنەی مێشکی منداڵە بەشداربووەکانی لێكۆڵینەوەکەیان گرتن .. گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە سۆز و خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکەی، گەشەکردنی مێشکی منداڵەکەی خێراتر دەکات .. بە تایبەتیش پێش ئەوەی کە تەمەنی منداڵ بگات بە شەش ساڵان، کە بە گرنگترین و بە هەستیارترین و بنەماترین قۆناغی ژیان دادەنرێت .. قۆناغی پێشبینیکردنی کەسایەتی داهاتووە . 
( رۆبەرت مایەر ) مامۆستای یاریدەدەر و، پسپۆر لە پزیشکی دەروونی و، شارەزاش لە رەوشـتە مرۆییەکان لە ( زانکۆی کـالیفۆرنیا ) لە ئەمریکادا، ئاماژەی بە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە کرد و، وتی : " لێکۆڵینەوەکە ئەوەی بۆمان ساغکردەوە، کە سۆز و خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکەی، فاکتەرێکی زۆر گرنگە بۆ زووترکردن و خێراترکردنی بنیاتنانی مێشکی منداڵ .. کاریگەرییەکی باش و ئەرێنیشیی هەیە لەسەر ژینگەی دەروونی و کۆمەڵایەتی منداڵ "
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئەوەشی دەرخست، کە ئەو منداڵانەی بەختەوەرن لە ماڵەوەدا، بە سۆز و بە خۆشەویستی گۆش و گەورە کراون .. مێشکیان بە پلە و بە ئەندازەیەکی گەورە پێشکەوتووە .. کە ئەم رادە گەشەکردن و پێشکەوتنە، لە مێشکی ئەو منداڵە بەدبەختانەدا بەدی ناکرێن، کە لە ماڵەوەدا بێزراو و پشتگوێ خرابوون و، لە سۆز و لە خۆشەویستی دایکان و باوکانیان بێبەش بوون و، بە تووڕەیی و توندوتیژی و بە دڵڕەقی رەفتایان لەگەڵدا کردوون . 
لە ئەنجامی ئەو تاقیکردنەوەیەدا، ئەوە لە لای دەروونناسان بەرجەستەبوو، کە لە نێوان پێشکەوتنی دروستی ناوچە سەرەکییەکانی مێشک کە کاریگەرییان لە ژیانی مرۆڤدا هەیە، لەگەڵ ئەو سۆزداری و  خۆشەویستییانەی کە تێیدا دەژین، پەیوەندییەکی راستەوخۆ هەیە . 
پرۆفیسۆر ( جـوان لوبی ) پسپۆر و شارەزا لە پزیشکی دەروونناسی منداڵان لە کۆلێژی پزیشکی لە ( زانکۆی واشـنتۆن ) لە ئەمریکا .. کە پێشتر هەر لەم بوارەدا و، لە بارەی هەمان بابەتەوە چەند توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجام دابوو .. خاتوو ( جـوان ) ئەندامێکی سەرەکی و کارای گرووپی ئەم لێکۆڵینەوە تازەیەش بوو، لە بارەی دەرەنجامی لێکۆڵێنەوەکەوە دەڵێ : " ئەم لێکۆڵینەوەیە بەڵگەی زۆر بەهـێزمان پێشکەش دەکا، کە زووەخـتی گرنگیدانی دایک بە منداڵەکەی زۆر گرنگە بۆ گەشەکردنی تەندروستی مێشکی منداڵەکەی بە شێوەیەکی ئـەرێنی، کە کاریگەری لەسەر تەندروستی گشتی هەیە "
پرۆفیسۆر ( جـوان لـوبی ) هەر لە بارەی لێکۆڵینەوە تازەکەوە، دەڵێ : " توێـژینەوەکـانی پێشوتـر گرنگی هەستکردنی منداڵانیان لە ساڵە یەکەمەکانی تەمەنیاندا پشتگوێ خستبوون .. ئەو زیانـانەی کە لە ئەنجامی بێبەشکردنی منـداڵ، لە بەزەیی و سۆز و لە خۆشەویستی تووشی مێشکی منـداڵ دەبن .. ناتوانرێت لە ساڵانی داهاتووی تەمەنیدا، قەرەبوو بکرێنەوە .. تەنانەت گەر کەسوکـاری شێوازی پەروەردەکردنیشی بگۆڕن .. ئەمەش پسپۆرانی بە ئاگاهێنانەوە، کە جەخت لەسەر گرنگی هەستی منداڵ بکەن و، بە رادەی پێویست سۆز و خۆشەویستیی هەبێت، کە هەموو باشییەکانی تر دەستەمۆی دەبن " 
دایکـان و باوکـانی بەسۆز و دڵسۆز :
کوردیلەکانمان جگەرگۆشەمانن .. هیوای داهاتووی کوردستانن .. لەسەرمانە کە بە رادەی پێویست بە سۆز و بە خۆشەویستی گۆشیان بکەین .. لەسەرمانە کە بە هەستی کوردایـەتی و بە کوردسـتان پەروەری پەروەرەدەیان بکەین .. بێگومان چارەنـووس و داهاتـووی کـورد و کوردسـتان، بەندە بە رادەی دڵسۆزیمان بۆ منداڵەکانمان و، بەندن بە شێوازی دروستی پێگەیاندنیان .. بە بەخشینی سۆز و خۆشەویستێمان پێیان .. ئەمەش ئەرکێکی زۆر پیرۆزە و گرنگترین پێویستی ئەستۆمانە .. پشکی شێری شانـازی لە هێنانەدی ئایندەیەکی گەشتر و شیاوتر بۆ کورد و کوردستان، بەر ئێمەی دایکـان و باوکان دەکەوێت .. هەر نابەڵەدی و خەمساردی و هەڵەیەک، هەر کەمتەرخەمییەک لە گۆشکردن و پەروەرەکردن و لە ئاراستەکردن و لە رێنمایی کردنی جگەرگۆشەکانمان .. دەبنە هۆی ئەوەی کە ئاکامێکی نەرێنییان لێبکەوێتەوە .. کە هەر هەموومان لە ئاکامێکی نەخوازراوی وادا لێی بەرپرسین و، هەمووشمان باجێکی زۆری هەڵە و کەمتەرخەمییەکانمان دەدەینەوە .. پەشیمانیش بێهوودەیە .

( ئەلـیزابێس مـاخ ) دەڵێ : "  لە کاتی ئەنجامدانی پەروەردەکردنی منداڵەکانماندا، هەر هەڵەیەک بکەین، دەبێتە هۆی دۆڕاندنی جەنگێک کە لە پێناوی پاشەڕۆژێکی باشتردا دەستمان داوەتی " 
 رەزا شوان
(*) رەزا شوان : نووسەرێکی بواری ئەدەبی منداڵانە .. لە ساڵی (١٩٤٦) لە ( کەرکوک ) لە باشووری کوردستان لەدایکبووە .. لە ساڵی (١٩٩٩) ەوە، لەگەڵ خێزانەکەیدا لە شاری ( بێرگـن ) لە وڵاتی نەرویـج دەژیـن . 
 

 

به‌روار:  30/07/2016
1327   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  وتاری زیاتر ...
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
عەبدولڕەحمان مهابادی
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
ئازاد حەمدی
ژماره‌ی بابه‌ت

مناڵێک لە باڵەخانەیەکی بەرزدایە

لافاو و رەشەبا زیاتر لە 70 باخ لە کەرکووک تێکدەدات

کوژرانی ٨ سەربازی تورک لە ناوچەی وەرخەلێ

دوایین ووتەی زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی لەپێش دادگای

یادی شەهیدانی پاریس لە مالمۆ

مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   640
کۆی سه‌ردان:   29230402