ئه‌بوبه‌كر كاروانی و راشید ئه‌لغه‌نوشی
عیماد عەلی
بێگومان لێره‌دا به‌راورد له‌سه‌ر ژیانی سیاسی و فكری تایبه‌تی ئه‌م دوو پیاوه ناكه‌ین، به‌ڵام له‌سه‌ر بۆچونی هه‌ردولا و روانینیان بۆ تاكه بابه‌تێك ده‌دوێین، كه ئه‌ویش جیاكردنه‌وه‌ی بانگخوازیی ئاینیه له سیاسه‌ت له نێو یه‌كگرتوی ئیسلامی له كوردستان و نه‌هزه‌ی ئیسلامی له تونس‌دا، كه‌هه‌ردووكیان یه‌ك بۆچونیان هه‌یه، ئه‌م له خوێندنه‌وه‌یه‌كی زیره‌كانه‌ی خۆی بۆ واقعی كوردستان و دوارۆژه‌كه‌ی و هه‌ڵسه‌نگاندنی به فكری خۆی قه‌ناعه‌ته‌كانی بۆ ناوه‌وه‌ی یه‌كگرتوو و پێشبینیه‌كانی بۆ پاشه‌رۆژی و، ئه‌ویش له ده‌رئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه و مێژووی دوورودرێژی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی له‌و بواره‌دا . هه‌ردووكیان گه‌یشتونه‌ته ئه‌م قه‌ناعه‌ته . ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر پێشكه‌وتنخوازی راوبۆچونی كاروانی بكه‌م و بڵێم ئه‌م پێش گه‌وره زانایه‌كی وه‌ك غه‌نوشی كه‌وت، له‌وانه‌یه به لایه‌نگیری یان نه‌ته‌وه‌یی له‌قه‌ڵه‌م بدرێم كه خه‌ڵك ده‌زانێت هه‌ڵگری چ بیروباروه‌ێكم و دوورم له ره‌گه‌زپه‌رستی و زۆریش دوورم له ئیسلامگه‌راوه، به‌ڵام كه‌سێك كه له قه‌ناعه‌ت و بواره‌كه‌ی خۆیدا داهێنان بكات، جا چ بیروبۆچون و فكر و عه‌قیده‌یه‌كی هه‌ڵگرتبێت، ده‌بێت لای نهه‌مووانه‌وه ده‌ستخۆشی لێبكریتَ، به تایبه‌تی كه قازانجی تایبه‌تی بۆكۆی گشتی پرسی تایبه‌ت به خه‌ڵك و دوارۆژی میله‌ته‌كه‌ی هه‌بێت، ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ده‌یزانێت كه كاروانی وه‌ك من له دووره‌وه ئاگاداری بم بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژه بانگه‌شه‌ی ئه‌و داوایه ده‌كات وا ئه‌مرۆ غه‌نوشی له كاتی به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌هزه‌دا داوای كرد و بریاریان لێدا و جیهانی عه‌ره‌بی هه‌ژاند و به سه‌ره‌تایه‌كی گۆڕانكاری ریشه‌ییان له‌قه‌ڵه‌م دا .
ده‌شێت بڵێن هۆكارگه‌لێك هه‌ن بۆ ته‌به‌نی نه‌كردنی ئه‌م بۆچونه پێشكه‌وتنخوازیه‌ی كاكی كاروانی له نێو یه‌كرگرتووه‌كه‌ی خۆیدا، كه بۆ خودی یه‌كگرتوو له لایه‌ك و له لایه‌كی تره‌وه بۆ خه‌ڵكی كوردستانیش به گشتی قازانجێكی گه‌وره‌ی ده‌بێت، ئه‌مه ئه‌گه‌ر واقعی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و سیاسی كوردستان به وردی بخوێنینه‌وه، كه‌تاوه‌كو ئه‌مرۆش بیر‌و بۆچونی ئیسلامی باڵی به‌سه‌ر كۆی گشتی بیری خۆرسكی خه‌ڵكدا كێشاوه و ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی بۆ چالاكی و گه‌شه‌ی ئیسلامیه‌كان هه‌یه تا ئێستا به‌و جۆره بۆ حیزبه عیلمانیه روته‌كان فه‌راهه‌م نه‌بووه، له رووی بابه‌تی و خودیشه‌وه .
باوه‌ربون به هه‌ر موعته‌قه‌دێك وه‌ك مافێكی شه‌خسی هه‌ر هاوڵاتیه‌ك له دونیای ئازادی و سیستمی عه‌لمانیدا كارێكی ئاساییه و، یه‌كێكه له بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی وڵاتانی مه‌ده‌نی و شارستانیه‌ت، به‌ڵام بۆچی یه‌كگرتوو كه له سه‌رجه‌م حزبه ئیسلامیه‌كانی تر زیاتر ئیدیعای شارستانیه‌ت و پێشكه‌تنخوازی و واقعیه‌ت ده‌كات، دوای شوێن پێی كاروانی نه‌كه‌وت له‌و بیروبۆچونه‌یدا . له‌وباوه‌ره‌دام له‌مه‌دا هۆكاری سیاسی پێش فكری و عه‌قیدی بكه‌وێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی :
1-یه‌كگرتووی ئیسلامی له زه‌مین و زه‌مانێكدا دروست بوو، جیاواز له ریكخراوه ئیسلامیه‌كانی تر و تا راده‌یه‌ك په‌یوه‌ست به ئیخوانی عاله‌میه‌وه و كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كیه‌كانی تا حه‌دێكی باش خۆیان به قوڵایی ئه‌وانه‌وه به‌ستۆته‌وه، ئه‌وانیش؛ ئه‌وه‌نده گرنگی به كاری سیاسی ده‌ده‌ن و حسابی بۆ ده‌كه‌ن ئه‌وه‌نده به شتی تره‌وه خه‌رێك نابن و، له بواره فیكریه‌كه‌ش زیاتر خۆیان پێوه سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن . ئه‌م داوایه‌ی كاروانیش له رووی سایكۆلۆجی و سیاسیشه‌وه قورس ده‌كه‌وێت له سه‌ریان، به تایبه‌تی بۆ هه‌ندێك تاكی یه‌كگرتوو، ئه‌گه‌ر خۆیان له‌و مێژووه‌یان دانه‌برن، هه‌رچه‌ند له ناخه‌وه‌ش قه‌ناعه‌تیان وا بێت كه بۆچونه‌كه‌ی كاروانی راستتر و گونجاوتر و واقعی تره و له‌گه‌ڵ ره‌وتی گۆرانكاری و پێشكه‌وتندا ده‌گونجێت، به‌ڵام ده‌شێت بوترێت زه‌مینه‌ی ناوخۆیی یه‌كگرتوو بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌و مه‌به‌سته نه‌خه‌مڵیوه، كه به هه‌موو پێوه‌ره‌كان، ئه‌گه‌ر هه‌مووان باشیش بزانن به ته‌به‌نی كردنی بیره‌كه‌ی كاروانی چه‌ندین هه‌نگاو پێشده‌كه‌ون و، ته‌نانه‌ت ده‌توانرا پێش ریكخراوه ئیسلامیه عه‌ره‌بیه‌كانیش بكه‌ون و تۆمه‌تی پاشكۆیه‌تیش له‌كۆڵ خۆیان بكه‌نه‌وه .
2- له‌به‌رچاوگرتنی ته‌مه‌نی كاك ئه‌بوبه‌كر په‌یوه‌ست به ململانێی نه‌وه‌ی كۆن و نوێی یه‌كگرتوو، رێگریه‌كی گه‌وره‌یه بۆ پشتبه‌ستن به بیر و فكرێكی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ی گرنگی وه‌ك ئه‌مه‌ی كاروانی كه له داواكردن و قه‌ناعه‌تیشدا پێش گه‌وره بیریایكی ئیسلامی وه‌ك غه‌نوشیش كه‌وتووه، یان راستتر بڵێین وه‌ك تاكێكی ئیسلامی و پێگه‌یشتوی ناو كایه ئیسلامیه‌كه له ته‌رحكردنی ئه‌م بۆچونه‌یدا پێش غه‌نوشی وخه‌ڵكی تریش كه‌وتبێت، كه له‌وانه‌یه هاوسه‌نگه‌رانیشی هه‌سی نه‌كه‌ن .
3- ریگری سیاسی و په‌یوه‌ندیه‌كانی یه‌كگرتوو به هاوته‌ریبه‌كانیه‌وه له ناوچه‌كه و به تایبه‌تی ئیخوانه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست، له‌وانه‌یه له روویه‌كه‌وه رێگر بێت له‌م جۆره كاركردنه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری خۆی جێده‌هێڵێت له سه‌ر كۆی په‌یوه‌ندیه ده‌ره‌كیه‌كانیان .
4- ئه‌گه‌رێكی زۆر گه‌وره‌ی تر، بوونی ترس له كاردانه‌وه‌ی ناوخۆ، چ له‌ناو حزبه‌كه بێت یان له نێوخۆی كوردستان یان ده‌وروبه‌ری له رووی جه‌ماوه‌ریه‌وه له لایه‌ك و له لایه‌كی تره‌وه ده‌درانی سه‌لبیاتێكی نێوخۆیی له ده‌رئه‌نجامی جێبه‌جێكردنی پێشنیارێكی ئاوهادا، كه له‌وانه‌یه له ده‌سه‌ڵات و قازانجی هه‌ندێك كه‌سی ده‌سترۆیشوی نێوخۆی خۆیان كه‌م بكاته‌وه و له‌و جیاكردنه‌وه‌ی بانگخوازی له سیاسه‌تدا هیچ جێگه‌یه‌كیان له‌هه‌ردووبه‌ره‌كه بۆ نه‌مێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كاروباری خۆیان به‌رێبكه‌ن یان به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان مه‌یسه‌ر بكه‌ن .
دیاره ئه‌گه‌ر غه‌نوشی له‌ناخی خۆیدا باوه‌ری به‌م هزرو بیره تازه‌ی هه‌بوبێت و بێگومان هه‌روا كتوپر قه‌ناعه‌تی پێنه‌كردبێت و پێشتریش بیری لێكردبێته‌وه و، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك وای بۆده‌چن كه پێش شۆرشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی غه‌نوشی ئه‌م بۆچونه‌ی لا گه‌ڵاڵه بووبێت، دوای ئه‌وه‌ی بۆ بیست ساڵ زیاتر له ئۆروپا ژیاوه، به‌ڵام نه‌بونی زه‌مینه‌ی له‌باری نێوخۆی حزبه‌كه‌ی و چونێتی ده‌رخستنی ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی وای لێكردووه كه بۆ ئه‌مرۆ دوایبخات ( هه‌رچه‌ند هه‌ندێك خه‌ڵك به ته‌كتیكی پێش گۆنگره‌ی باس ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن غه‌نوشی هه‌ر رۆژه و رایه‌كی جیاوازی ده‌رخستووه له ژیانی سیاسی و فكری خۆیدا)، به‌ڵام به‌م هه‌نگاوه‌ی بو به پێشه‌نك و به‌ردی بناغه‌ی گۆرانكاریه‌كی گه‌وره‌ی له ئیسلامی سیاسی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست دانا، ده‌كرا یه‌كگرتوو به ته‌به‌نی كردنی بیر و بۆچونه‌كه‌ی ئه‌بوبه‌كر كاروانی پێش نه‌هزه و غه‌نوشی بكه‌وتایه‌ن هه‌ڵوێستێكی جیهانی گرنگیان بۆ خۆیان تۆمار بكردایه.
سه‌ره‌تای شۆرشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی له تونسه‌وه ده‌ستیپێكرد و، دیاره سه‌ره‌تای جیاكردنه‌وه‌ی دین له سیاسه‌تیش له‌وێوه چه‌كه‌ره‌ده‌كات و وه‌ك ده‌بینین برینی قۆناغه‌كان تا ئێستا، له‌وێدا به سروشتی به‌رێوه ده‌چێت و چاوه‌رێی دواتر ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت ئاستی رۆشنبیری گه‌لی تونس فاكته‌رێكه و هه‌میشه پشتی پێ به‌ستراوه بۆ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك كه ناكۆك بوبێت له‌گه‌ڵ كۆی گشتی به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاكه‌ی میله‌تدا، تا ئێستاش ئه‌م فاكته‌ره له له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه زامن كراوه .
به‌ڵام پرسیاره‌كه لێره‌دا ئه‌وه‌یه، بۆچی یه‌كگرتووی ئیسلامی قازانجی له‌م هه‌له فه‌راهه‌مكراوه‌ی به‌رده‌ستی نه‌كرد بۆ هه‌نگاونانێكی گه‌وره‌ی ئاوها و، دوای خست بۆ له‌وانه‌یه چه‌ندین ساڵی تر، كه ده‌كرا وه‌ك غه‌نوشی و نه‌هزه دوانه‌كه‌وێت و چه‌ند قۆناغێك به یه‌كجار ببرێت، كه‌چی بوێریی تێدانه‌بوو پاڵی پێوه بنێت و ئه‌و هۆكاره رێگرانه وه‌لانێت و پیاده‌ی بیرێك بكات كه له‌وانه‌یه پاش چه‌ندین ساڵ كات به فیرۆدان ئینجا بگه‌رێته‌وه بۆی .
جا به‌م بۆچون و داواكردنه زیره‌ك و عاقڵانه‌ی كاروانی، یه‌كگرتوو ده‌یتوانی له رێكخراوه‌كانی تر چه‌ند هه‌نگاوێك پێشبكه‌وێت و له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مدا خۆی بگونجێنێت و هه‌ڵه‌ی رێكخراوه ئیسلامیه جیهانیه‌كانی تر دووباره نه‌كاته‌وه . با هه‌موو جیهانیش بزانیبایه كه له نێو كوردیشدا خه‌ڵكانێكی زۆر هه‌ن راست و ره‌وان بیری عاقڵانه له میله‌ته‌كه‌یان ده‌كه‌نه‌وه و پێش ئه‌وانیش ده‌كه‌ون و هه‌میشه پاشكۆ نین و، به‌م كاره‌ش كاروانیش پێش غه‌نوشیش ده‌كه‌وت و ده‌بووه پێشه‌نگ بۆ عه‌ره‌بیش، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بێت هه‌موو كه‌س دانی پێدابنێت ئه‌وه‌یه كه كاروانی له بوێری و ته‌رحكردنی ئه‌م بیر‌و بۆچونه‌دا پێش غه‌نوشی كه‌وت و، ئه‌وه‌ش مێژوو بۆی ده‌ینوسێت . به‌ڵام داخه‌كه‌م به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی كه‌سانێكی ده‌سترۆیشتو و ئاستی نزمی بیركردنه‌وه‌ی هه‌ندێك كه‌س و كێرڤی نزمی رۆشنبیری گشتی، رێگه به داهێنان نادات .
به‌روار: 30/05/2016
1250 جار خوێندراوه‌ته‌وه