وتاره‌كان
ڕۆژی جیهانی مناڵانی ونبوو : International day of missing children
 د.ناجح گوڵپی

ساڵانە زیاتر لە  20 ولاتی جیهانی یادی ڕۆژی 25/5/  ڕۆژی منالانی ونبوو  دەکەنەوە لەسەرانسەری جیهاندا، لەنێو ئەو وڵاتانەدا کە ئەم یادە دەکەنەوە ( ئەمریکا،ڕوسیا، بەریتانیا ،ئیسپانیا، کۆریای باشور، باشوری ئەفریکا، ئەڵمانیا،کەنەدا ،بەرزایل،مەکسیک ) هاوکات کوردستانیش کەوتە ڕیزی ئەو ولاتانەی کە مناڵیان ون بووە، وەچەند سالێکە  لە هەلەبجە ئەو یادە بەرز ڕادەگیری.
ئامانجی یادکردنەوەی منالانی ونبوو:
وەبیر هێنانەوەو بەرزراگرتنی ژیان و گوزەرانی ئەو منالانەیە کە لە ونبوون ڕزگاریان بوەو گەڕاونەتەوە نا و ماڵ و خیزانی خۆیان .
یادکردنەوەی ئەوانەشە کە بونەتە قوربانی بەهۆی تاوانی سەرنوگم کردنیانەوە
ناردنی پەیامێکە بۆ پشتڕاست کردنەوەو پێوستی بە بەردەوام گەران بەدوای مناڵانی ونبوودا، هیوا بوون بە دۆزینەوەیان     
دەسپێکی یادی ( مناڵی ونبوو ) لە ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کرایەوە لە 25/5/1983 ، دواتر  بەهەوڵ و تێکۆشانی هەریەک لە  " ناوەندی جیهانی  مناڵانی ونبوو و چەوساوە "  و "مناڵانی ونبوو لەئەوروپا " و " کۆمسیۆنی ئەوروپا " هەمان ڕۆژ لە ساڵی 2001 دا  دیاری کرا بە "ڕۆژی جیهانی منالانی ونبوو"  ، بۆیە یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانی مناڵانی ونبوو لە ساڵی 2001 بەداوە بوە بە بۆنەیەک و زۆرێک لەدەوڵەتانی جیهان پا بەند دەبن بە بیرهێنانەوەی.
یەکەم جار ئەم بەروارە لە ئەمریکا دانرا و هەڵیان بژراد بۆ یادی منالانی ونبوو، پاش دیار نەمانی منالێک بەناوی "ئیتان باتز" لە 25/5/1979 بە ڕێگاوە بوە بۆ وێستگەی پاصی خوێندگاکەی،  کە تائیستاش نەدۆزراوەتەوە، لە چوارەم ساڵیادی ونبوونیدا ( 1983 )  سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا  "ڕۆناڵد ڕیگن " رای گەیاند ئەمڕۆ ڕۆژی منالانی ونبوومانە.
نیشانەیەک بۆ ئەم ڕۆژە دانراوە ئەویش گوڵی (لەیادم مەکەن ) گولێکی شینە ،(  myosotis ) هەروەها بەگوڵی گوێچکە مشک  دەناسرێ "جۆرێکە لەگوڵی گیا  گوزروانە کە لە کوردستان زۆر و زەبەندە ".


بەپێی خەملاندنی "ناوەندی جیهانی منالانی ونبوو و چەوساوە" مەزندە دەکرێ ساڵانە  هەشت ملیۆن مناڵ وندەبێ لە سەرانسەری جیهاندا، هەروەها ژمارەی مندالانی ونبوو لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ساڵانە دەگاتە 250 هەزار . لەساڵی 2014 راپۆرتێک بڵاو کرایوە لە بەریتانیا ، رای گەیاند لەو ساڵەدا  140 هەزار مناڵ ژێر تەمەنی 18 ساڵ ونبووە
 هەندێکیان  خۆ بەخۆ  بە سەرەڕۆیی خۆیان مل دەنێن و  دەڕۆن لەماڵ و خێزانی خۆیان دور دەکەونەوە و دیار نامێنن، یان بەهۆکارێکی نادیار وندەبن، یان دەبنە قوربانی دەستی باندە ڕفێنەرەکانی منالان.
 هەندێ جار ئەو منالانە بەخۆیان وەک چۆن ڕۆیشتوون  پاش ماوەیەکی کورت دەگەرێنەوە ، هەتا ماوەی دیار نەمانی منالەکان درێژتر بێت ئەوا ڕوبەرووبونەوەیان بۆ  توندوتیژی و چەوساندنەوە و گرفت زیاترە، وەک دەسدرێژی سێکسی، بەزۆر کار پێکردنی تاقەت پڕوکێن، فێرکردنی چالاکی تاوانکاری و دەیان جۆری تری چەوساندنەوە.
شیوازەکانی ونبوونی مناڵان:
1. مناڵان هەندێ جار بەهۆی گرفت و ئاڵۆزی ژیان لەماڵ دەرئەکەون و ناگەڕێنەوە، هەندێ جاری تریش لەکاتی قەرەباڵغی جەژن و بۆنەکاندا  لە دایکو باوکیان ،کەسەکانیان داددەبڕێن و وندەبن.
2. یان بەهۆی جیابونەوەی دایکو باوک و هەڵوەشاندنەوەی خیزانێک ، منالە کە دەکەوێتە لای دایک یان باوک ، و لەیەکێکیان دور دەکەوێتەوە، بەهەر هۆکارێک بێت کە دادگا بڕیاری لەسەر ئەدات.
3. ونبوونی مناڵان لەکاتی ڕوودانی جەنگ لەنیوان دوو ولاتدا، یان جەنگی  لەنێو یەک وڵاتدا (چ جەنگی نێوخۆیی بێت یان شۆڕش بێت دژی ستەم )، لەم  جۆرەیاندا منالانی خەڵکی کوردستان لەشالاوەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجەدا دەبینرێ زۆر بەڕوونی، کە شێوازێکی جیاوازە لە  ونبوونی مناڵان .
4. فڕاندنی مناڵان لە جیهاندا باوترین جۆری ونبونی منالانە کە باندە تایبەتەکان پێ هەڵدەستن،ئەویش بۆ چەند مەبەستێکی تایبەتی خۆیان بەکاریان دەهێنن وەک :  
داواکردنی بڕێک پارە لەبەرامبەر ئازاد کردنی مناڵەکە
فرؤشتنی منالەکان بە کەسانێک کە مناڵیان نیەو پیوستاین بە منالێکە تا بیکەن بەمناڵی خۆیان، هەڵگرتنەوەی مناڵ "تبنی" 
هەندێک کەسی تر هەن کە منالیان نابێ ،یان منالەکانیان لەبار دەچن، توشی باری دەرونی ئاڵۆز دەبن بۆیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو هەستەیان ،مناڵی تر دەرفێنن و بەخێوی دەکەن لە جیاتی ئەوەی خۆیان
بازرگانی کردن بە مرۆڤ، هەندێ جار منالەکان دەڕفێنن و بازرگانیان پێوە دەکەن، بۆمەبەستی فرۆشتنی ئەندامانی لەش، سێکس کردن لەگەڵیان، بەزۆر کار پێکدن.
هەندێ مافیاش هەیە حەزی لە ڕفاندن و کوشتنی مرۆڤەکانە  بەتایبەت مناڵ
ڕفاندنی منال  بەمەبەستی دور خستنەوەیان و نەگرانەوەیان، بەکار هێنانیان لە سوپادا  نمونەی ( جیش رەبی ئۆگەندا ) لە باکوری ئۆگەندا ،ملیشایاکانی ئەم باندە مناڵ دەرفێنن ،دەەیکەن چەکردای باندەکەیان،،یان دەی فرۆشن وەک کۆیلە، بۆ کار پێ کردن و سێکس.
هۆکارەکانی ڕفاندنی مناڵان:
گەلێ هۆکار هەیە کە پاڵ  بە باندەکانی ڕفاندن  یان خێزانە لێک جیا بوەکانەوە  دەنێ بۆ بێ سەرو شوین کردنی منالان ، ئەویش بەمەبەستی تۆڵە سەندنەوەیە ، بۆ نمونە کاتێک خێزانێک لەیەک جیا دەبنەوە  منالەکان باوکەکە دەیان بات لەگەڵ خۆی بۆ ولاتێکی تر لە بەرچاوی دایکەکە نامینن، ئەم دیاردەیە لەم سالانەی دوایدا زۆر زەق بۆتەوە  ئەویش بەهۆی کۆچی  مرۆڤەکان بۆ ولاتانی هەندەران و دروست کردنی خێزان  لەو ولاتەدا، پاشان بەهەر هۆیەک بێت جیا دەبنەوە و  ئەم گرفتە ڕووئەدات، هندێ جاریش لە سنوری یەک شاردا یان یەک وڵاتدا روو ئەدات
هۆکاری بە لاڕیدا چونی سێکسی لە کۆمەڵگادا  وای کردوە کە منالان قوربانی یەکەم بن بۆڕفاندن و دواتر بە زۆر دەسگرتنیان،بازرگانی پیوە کردن و فرۆشتنی ئەندمانی لەش و جەندین بەکار هێنانی تر، کە هۆکار بن بۆ بێ سەرو شوین کردنی مناڵان.
 بەهۆی بێ سەروشوین کردنی منالانەوە  زۆرێک لە ولاتان یاسای توندیان داڕشتوە بۆ سزادانی بکەرانی ئەم تاوانە، چونکە فڕاندنی مناڵ و  ونکردنی تاوانە.
لەسەرو بەندی دەسەلاتی سەدام و حزبی بەعسدا بە هەزارن مناڵ بێ سەرو شوین کراون، بەتایبەت هی ئەو خێزانانەی بەهەڵستکاری ڕژێم بوون، هەرلەکاتی راگرتن لەبەندیخانەدا ،مردنیان لە ژێرئەشکەنجەدا..هتد  
لەکوردستان سەرباری هۆکارەکانی ونبوونی مناڵان کە لەسەرەوە باسمان کردن هۆکاری تریش هەبوە  بۆ  بێ سەرو شوینکردنی منالان لەلایەن ڕژێمەوە، ئەویش لە تاوانەکانی ئەنفال و کیمیاباران دا بەهەزاران منداڵ بێ سەروشوین بوون،لەوانە مناڵانی ئەنفالکراو کەلە دایکیان جیاکرانەوە " فرۆشران،یان زیندەبەچاڵ کران لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان،یان لەلایەن کەسانی ترەوە هەڵگیراونەتەوە " تائیستاش چارەنوسیان نادیارە، بێجگە لەچەند منالێک گەرانەوە  لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ئەنفال ،کەژمارەیان لە پەنجەی یەک دەست تێ ناپەری.
 منالانی ونبوو لەتاوانی کیمیابارانی هەلەبجەدا، کە ڕوون نیە چەند مناڵ ونبووە،چونکە زۆرێک لە خێزان و خاوەنی مناڵە  ونبووەکان  لەژیاندا نەماوون تاکو سەرژمێرێکی ڕاستو دروست بزانری، ئەوەی تائیستا زانراوە  ئەو خیزانانەن کە لە تاوانەکەدا  بەزیندووی ڕزگاریان بوە دواتر  ناونوسیان کردوە ، بەپێی ئەو سکالایانەی کە تۆمار کراون  لەلایەن کەسوکاری منالە ونبووەکانەوە  ئاماژە دەکات  کە زیاتر  114 مناڵ  وون بووە، تا ئەمساڵ 2016  دە  کەسیان چارەنوسیان ڕوون بۆتەوە گەراونەتەوە.
وەک ئاشکرایە لە تاوانی کیمیابارانی هەلەبجەدا ،ئەوانەی ڕزگاریان بوو لە ناوشار بەزیندوویی یان بە برینداری چوونە ولاتی ئیرانەوە،بەهۆی برینداری و بێ حاڵی و کەنەفتی کەسوکاریانەوە منالەکان لەبەردەستیان بێ سەروشووێن کراوان ، چ بەمەستی خراپەکاری و ڕفاندن بوبێ  لەلایەن  مافیا ڕەنگەکانەوە یان مەبەستی چاکەکاری بوبێ (هەندێ خەڵک هەستی مرۆڤایەتی جوڵاوە بەرامبەر ئەو مناڵانەی کە لە کەسو کاریان دابڕاون و براونەتە ( هەتیوخانە  یان ماڵی بێ سەرپەرشتان ) ئەو مناڵانەیان هەڵگرتۆتەوە بۆ خۆیان و بەخێویان کردوون .
   پاش ئەوەی کەسوکاری مناڵانی ونبووی هەلەبجە  لەسەرەتای دامەزراندنی حکومەتی هەریمەوە ،چەندین جار داوایان کرد لەحکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندی دارەکان بۆ سۆراخکردنی منالەکانیان لەئێران هاوکاری بکرێن، بەلام  بێ دەربەستی و کەمتەرخەمی  حکومەت  بۆ دۆزینەوەی منالە ونبوەکان  درێژەی کێشاوە تا ئەمرۆ ، وای لێهاتوە وەک کێشەو گرفتێکی زەق بەرۆکی حکومەت و لایەنە پەیوەندی دارەکانی هەرێم بگرێت و تا رادەیەک دەستە وەستان بێ لەبەرامبەر ئەم کەیسەدا،منالانی ونبوو لەئیستادا گەورە بوون پاش بیستو هەشت ساڵ لەتاوانەکە، بۆیە بەهۆکاری جۆراو جۆر بۆیان دەرئەکەوێ یان پێان دەوترێ کە ئێوە منالی ونبووی هەلەبجەن ئەوانیش  ناچارن بگەڕێنەوە  سەر ئەسڵی خۆیان،ئەگەر وانەکەن  گرفتی  کۆمەلایەتی و دەەرونیان بۆ دروست دەبێ .
بۆیە کەیسی مناڵانی ونبووی هەڵەبجە کەیسێکی نوێیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆمار دەکرێ ،مڵؤیەکی نوێ دەخاتە سەر خەرمانی منالانی ونبووی جیهان.
پاش ئەوەی هەلەبجە بو بەپارێزگا و بۆ مامەلەکردن لەگەڵ ئەم کەیسە چارەنوس سازە، لێژنەیەک پێکهاتوە لەسەرئاستی پارێزگا بەناوی "لیژنەی بەدواداچونی مناڵە وونبووەکانی پارێزگای هەڵەبجە" ، کە پیکهاتوە لە  سەرۆکی لێژنە لەلایەن پاڕێزگاوە و بەئەندامەتی هەریەک لە کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەلەبجە، بەڕێوەبەرێتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە ،مۆنۆمێنتی هەڵەبجە،،، پێشتر و ئیستاش کۆمەلەی قوربانیان هەوڵی چڕو ماندونەناسانەیان هاویشتوە بۆ دۆزینەوەو گەراندنەوەی منالە وونبووەکان،لەئەنجامدا پرۆژە یاسایەک ئامادە کراوە بەناوی 
پرۆژە یاسای مناڵە ونبووەکان:
 بەهەوڵو کۆششی  پارێزگای هەڵەبجە وکۆمەلەی قوربانیان و دلسۆزان  پرۆژەیەک ئامادە کراوە لەلایەن دەستەیەک لەیاساناسان لەهەلەبجە ،دراوەتە لێژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان لە 30/9/2015، بەلام  بەداخەوە ئەویش وەک هەموو پرۆژەیاساکانی تر بەهۆی گرفتەکانی پەرلەمانەوە  بێ ئەنجام ماوەتەوە لەچاوەڕوانیداین .
هەروەها لە 28 ەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەلەبجەدا فراکسیۆنی کوردستانی لەپەرلەمانی عیراق لە دانیشتنی ڕۆژی 17/3/2016 دا ، وەک پرۆژە پێشنیازێک  بۆ مناڵە ونبووەکانی هەڵبجە ،خرایە باسو گفتوگۆوە، کە لەڕێگای حکومەتی عێراقەوە  ولاتی ئێران ئاگادار بکات بۆ ئاسانکاری ئەو دۆسیە مرۆڤانەیە،ئەویش جارێ هیچ ئەنجامێکی نیە.
دیارە بۆ شاد بونەوەی مناڵە وون بووەکان کۆمەلێ ڕێو شوین دەگیرێتە بەر تا ئەسل و نەسەبی خۆیان  بدۆزنەوە ،ئەمەش کات و کۆمەکی مادی پێوستە، کەزۆر بەداخەوە،لایەنی پەیوەندی دار کە حکومتە، ئەرکی سەرشانیەتی بەلام  وەک پێوست نەهاتوە بەدەمیەوە، جونکە ئەم کەیسە پیوستی بە دابین کردنی گوژمەیەکی تایبەت بە پارە هەیە، کەبەداخەوە ناخرێتە بەردەستی لیژنەکە تاکو کارەکانی بە دروستی  ئەنجام بدات.
بۆ دۆزینەوە منالانی ونبوو:
 ئەمرۆ لەم سەردەمەدا بەهۆکاری پێشکەوتنی زانست و تەکنۆلۆجیا هۆکاری زۆر خێرا پەیدابوون کە یارمەتی دەرن بۆ دۆزینەوە منالانی وون بوو بە هەموو جۆرەکانیەوە، میدیا و راگەیاندنەکان ،بینراو، بیستراو،تؤرە کۆمەلایەتیەکان  بەتایبەت فەیسبوک  هۆکاری خێران بۆ بڵاوکرنەوەی زانیاری تا پلانی بێ سەر وشوێنکردن پوچەڵ بکاتەوە، و دۆزینەوەشیان خێراتر بکات. هەروەها زانستی پزیشکی پێشکەوتوش هۆکارێکی ترە بۆ یەکلایی کردنەوەی بنەچەی  مناڵە ونبووەکان .
جاران هۆکارەکانی راگەیاندن  وەک ئیستا خێرا نەبوون ، لەگەل ئەوەشدا هێشتا هەر منالان وندەبن و دیار نامێنن و نادۆزرێنەوە، نمونە لەساڵی 2015 لەکاتی شالاوی پەنابەران و کوچکەران ی خەڵکی ڕۆژهەلاتی ناوراست بۆ ئەڵمانیا ، ڕاگەیاندنەکان بلاویان کردوە  کە نزیکەی 6000 مناڵ بێ سەرو شوێن بوون  لە ناو ئەڵمانیادا  ،ئەم ژمارەیە لە وەزارەتی ناوخۆی ئەو ولاتەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان وشوێنی پەیوەندی دار، تائیستاش بێ سەرو شوێنن، ئەمانە تەمەنیان لە خوار هەژدە ساڵەوەیە،  لە 14 ساڵ بەرەوژورن.
زۆربەی ولاتانی جیهان ئاماری منالانی ونبوو ساڵانە بلاو دەکەنەوە،بەڵام لە کوردستان تائیستا  ناوەندێک نیە بۆ تۆمار کردن و بەدواداچونی مناڵانی ونبوو ،وە نازانرێ چەند مناڵی ونبوو هەیە ؟ بۆیە پیوست دەکات لەساڵرۆژی ئەم یادەدا داوابکرێ ناوەندێک یان ڕیکخراوێک ئاوابکرێ بۆ ئەم مەبەستە، سەر بە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بێت، یان بۆخۆی بێ لایەن بێت.
 لە عیراق و کوردستانیش لەچوار چیوەی مافی مرۆڤ کار لەسەر ئەم کەیسە کراوە، واتە ئەگەر زانیاریەک هەبێ لەلایەن دەستە یان وەزارەتی مافی مرۆڤەوە گرنگی پێدراوە.
بەهۆی ئاڵوگۆرەکانی ناوچەکەو لە دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام حکومەتی عیراق چەند پرۆتۆکۆڵیکی جیهانی واژۆ کردوە کە پشتیوانی لە مافەکانی مناڵ دەکات : وەک واژۆکردنی پەیماننامەی قەدەغەی چەکدار کردنی مناڵان  و بەشداری پێ نەکردنیان لە ململانێی چەکداریدا، لەگەڵ دەرکردنی یاسایەک بۆ سزادانی باندەکانی فڕاندن و بازرگانی منالان، ئەمەش وای کرد کە ژمارەی منالانی ونبوو کەمتر بکات بەپیی ڕاپۆرتێکی وەزارتی مافی مرۆڤی عیراق لە ساڵی 2009 دا  75 مناڵ ڕفێنراوە  بەلام لەساڵی 2011 دا کەم بۆتەوە بۆ 27 منال.
بۆمان دەردەکەوێ دارشتنی یاسایەکی تایبەت بە منالانی ونبوو، یاسایەک  کە چارەسەری کێشەی مندالان بکات، و ژیانێکی  پڕ خۆشی بۆمناڵان دابین بکات ، یاسایەک کە سزای قورس بۆ باندەکانی دزی منالان دابنرێ،یارمەتی دەرە بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاردە نامرۆڤانیە، دیارە داڕشتنی ئەم یاسایە لە ئەستۆی پەرلەماندایە،پێوست دەکات لایەنی پەیوەندی دار پرۆژەی بۆ ئامادە بکات.
ڕۆژی جیهانی منالان:
هەموو ساڵێک لە 20/11 ڕۆژی جیهانی مناڵانە،کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکان لەساڵی 1959 و پەیماننامەی مافی منالانەوە ساڵی 1989 دیاری کراوە ،کەخۆی لە پاراستنی مافەکانی مناڵدا دەبێنێتەوە   وەک "پاراستنی منالان لە هەر جۆرە ئازار و ئەشکەنجەیەک و ماـەلەیەکی خراپ" و دابین کردنی سەرپەرشتی گونجاو بۆ بەخیو کردنی منالان لەسەرتاسەری جیهان،  بۆیە پیوستە لەسەر هەموو ولاتان و تاکەکانی کۆمەڵگا، دایکان و باوکان کە مافەکانی منالان پێ شێل نەکەن و ئاگاداریان بکەن زۆر بە وردی.
ڕێگرتن لە دیاردەی ونبوونی مناڵان:
بۆ ڕێگرتن لە دیاردەی ونبوونی مناڵان لەسەر ئاستی کوردستان،یان هەر وڵاتێک  پیوستی بەم هەنگاوانە هەیە:
1. گرنگی دان بە ڕۆشنبیری ئاسایش وسەلامەتی مناڵان ،ئەویش بە کردنەوەی خول بۆ ڕۆشنبیرکردن و فێرکردنی مناڵان لەسەر ئاسایش و سەلامەتی  خۆپاریزی لە هەر هەڕەشەیەک لەسەر ژیانیان، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ بە هاوکاری وەزارەتی پەروەردە،دەزگاکانی ڕگەیاندن  و پۆلیسی مەدەنی،واتە منالان هۆشیار بکرێنەوە چۆن خۆیان بپاریزن لە کەسانی نامۆ و نەناس یان هەر هەڕەشەیەک بۆ سەریان.
2. وتاری ئاینی زۆر گرنگە بۆ بڵاو کردنەوەی ڕۆشنبیری ویژدان (ضمیر)،ئەخلاق،هۆشیاری کۆمەڵایەتی و دادپەروەری
3. ناوەندەکانی وەرزش ولاوان ،هاوشانی وەرزش پێوستە ڕۆڵی هەبێ لە پەخشی هۆشیاری و ڕووناکبیری مناڵان و مێرمناڵان و گەنجان.
4. ئەرکی سەر شانی (خێزان )  دایک و باوکە  گرنگی بدات بە پەروردەی دروستی منالەکانیان لە هەموو بوارەکاندا
5. دانانی ئاستێک بۆ لێکترازانی خێزانەکان ( جیابونەوە و تەڵاقدان )
6. بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری یاسایی و باسکردنی ڕۆشنبیری سێکسی  بەشێوەیەکی زانستیانە لە نێو منالانی قوتابخانەدا،تا بەئاسانی لەلایەن تاوانکارانەوە فریو نەدرێن.
7. دارشتن و دانانی یاسایەک بۆ قەدەغەکردنی  نیشتەجێ کردنی  کەسانی (سەڵت ) زگورت،لەنێو گەڕەکە میللیەکاندا
8. داڕشتنی بەرنامەی هاوبەش لە نێوان ولاتانی دراوسێ لەسەر ئاستی ناوچەکە ، لەسەر ئاستی جیهان  واتە واژۆکردنی  ئەو پەیماننامانەی (پرۆتۆکۆڵ) کە تایبەتن بە پاراستنی مناڵان وە جێ بەجێ کردنیان لە وڵاتی خۆماندا،تاکو پێکەوە کاری هاوبەش بکەن بۆچاودێری کردنی سنور،گۆڕینەوەی زانیاری لەسەر باندەکانی ڕفاندن، گەشە پێدان و پێشخستنی هۆکارەکانی  گەڕان و بەدواداچون لێکۆڵێنەوە،سود وەرگرتن لە هێزی مرۆیی  یەکتری و تەکنیکی نوێ.
9. بەشداری پێکردنی بەرنامەکانی خوێندن لە خوێندنگاکاندا، و هۆکارەکانی راگەیاندن،تا هۆشیاری تەواو  بەتایبەت لەسەر مناڵ بگەیەنێت .

 

به‌روار:  23/05/2016
718   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  وتاری زیاتر ...
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
عەبدولڕەحمان مهابادی
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
ئازاد حەمدی
ژماره‌ی بابه‌ت

ئەڵمانیا 27 پەنابەری کورد و ئێراقی دیپۆرت کردەوە

دایکایەتی و هەژاری 😡

سمۆرەیەک تەرمی هاوڕێکەی بەجێناهێڵێ 😪

بەرخ و ڤیدیۆ 🤣🤣

شێری ژنانی 🤣🤣

مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   394
کۆی سه‌ردان:   29256580