ئایا چه‌كوش وه‌شاندن عێراق دابه‌ش ئه‌كات ؟.
بەهرۆز جەعفەر
به‌شێكی ئێجگار زۆری ئه‌م دۆخه‌ی له باكوری ئه‌فریكاو ڕۆژهه‌لاَتی ناوه‌ڕاست ڕووئه‌دات، هۆكاره‌كه‌ی بریتی یه له چه‌كوش وه‌شاندن له‌لایه‌ن خۆرئاواوه، له كۆماری كۆنگۆی دیموكراتیه‌وه كه به‌لجیكیه‌كان له‌سه‌ر سكیان خۆراك په‌یدائه‌كه‌ن، بۆ نه‌یجیریاو ملۆزمی بۆكۆ حه‌رام، بۆ ده‌ستوه‌ردانی ناتۆ له لیبیا، فه‌ڕه‌نسا له سوریا، ئه‌مریكاو به‌ریتانیا له عێراق و فه‌له‌ستین.. ڕۆژهه‌لاَتی ناوه‌ڕاست له مه‌غریبه‌وه بۆ توركیا له ئێرانه‌وه بۆ یه‌مه‌ن كه‌وتۆته به‌رچه‌كوشی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری دیموكراتیكی خۆرئاوایی. ئه‌مه كێشه‌كانی به بن به‌ست گه‌یاندووه، ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی "ئاوێته بوون"ه. ئاوێته‌بونی خۆرئاوا. ئاوێته بونی ڕۆژهه‌لاَت له‌خۆیدا، (45%) ی دانیشتوانی ئوردن فه‌له‌ستینین، لوبنان خۆی كۆڵێك كێشه‌ی هه‌یه (25%) دانیشتوانه‌كه‌ی بوون به سوری، به‌پێی ڕاپۆڕتی (UNHCR) له‌ساڵی (2015) دا نزیكه‌ی (2500) كه‌س له‌ئاوه‌كانی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاستدا خنكاون كه ویستویانه بچنه ئه‌وروپا. له‌ئه‌فریكاو ڕۆژهه‌لاَته‌وه نزیكه‌ی (5) ملیۆن په‌نابه‌ر چوونه‌ته ئه‌وروپاو ئه‌مریكا. هه‌رێمی باشوری كوردوستان خۆی سێ ملیۆن و نیوێكه، دوو ملیۆن ئاواره‌ی عه‌ره‌ب ڕووی تێكردووه، پێشوتریش به‌سه‌دان هه‌زار عه‌ره‌بی عێراقی و سوری لێبووه. هه‌موو جۆره جووڵه‌یه‌ك له‌عێراق دا وه‌ستاوه، ته‌نها هه‌نارده‌كردنی ووزه نه‌بێت ڕۆژانه (3.750000) سێ ملیۆن و حه‌وت سه‌ت و په‌نجا هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده ئه‌كرێت؟.
پرسیاری ئه‌وه‌ی ئایا له عێراق دا جووڵه‌ی سیاسیی وه‌ستاوه، به‌و پرسیاره ده‌ست پێ ئه‌كات، بۆچی جووڵه‌ی سیاسی له‌عێراقدا ئه‌وه‌ستێت ؟. له گێتی دا هه‌موو شت ئه‌سوڕێته‌وه، وه‌كو جووڵه‌ی ڕۆژ به‌ده‌وری خۆردا، جووڵه‌ی كه‌شتی و پاپۆڕه‌كان له‌ده‌ریادا، جووڵه‌ی مرۆڤ، جووڵه ووزه...تادوایی. به‌لاَم جووڵه‌ی سیاسیی له‌عێراقدا هاتۆته سه‌رخاڵی سفر؟. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به چه‌كووش وه‌شێنه‌كان (یاریكه‌ره نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان) ه‌وه هه‌یه بریتییه له ڕێسایه‌ك " ئه‌گه‌ر نه‌تتوانی چوارچێوه‌كه بگۆڕیت، هه‌وڵی گۆڕینی یاریزانه‌كان بده". ئایا چوارچێوه‌كه ئه‌گۆڕدرێت له عێراق دا، یان هه‌ر سه‌رۆكایه‌تی و یاریزانه‌كان جێگۆڕكێ پێده‌كه‌ن ؟.
به‌گشتی، ئاینده‌ی سیاسیی عێراق له سێ بژارده تێپه‌ڕ ناكات : دیموكراسیه‌ت، دیكتاتۆریه‌تی شیعه، دابه‌شبوون.. ئێستا و مێژووی خوێناوی ئه‌م ناوچه‌یه نیشانی ئه‌دا كه دیموكراسیه‌ت ڕووه‌كێكه له عێراق دا سه‌وز نابێت، پرسی دیكتاتۆریه‌تێكی شیعه‌ش سه‌ركه‌وتوو نابێت، نه‌ك له‌به‌ر به‌ره‌نگاریی كورد‌و سووننه‌كان، به‌ڵكو له‌به‌ر په‌رتبونی ماڵی شیعی له‌عێراقدا، مالیكی ئه‌یه‌وێت ببێته‌وه به‌سه‌رۆكوه‌زیران كه‌چی پشتگیریی مه‌جلیسی ئه‌علاو مه‌رجه‌عیه‌تی نییه، عه‌بادی ئه‌یه‌وێت هه‌یمه‌نه‌و شه‌خسیه‌ت بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ عێراق و، له‌ژێر نفووسی ئێران ده‌ری بكات، سه‌در ئه‌جێنده‌یه‌كی جیاتری له عه‌بادی هه‌یه‌و، ڕه‌خنه‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ناوچه‌كه ئه‌كات..له ئاستێكی تردا عێراقییه‌كان شه‌كه‌تبونه به‌ده‌ست دیكتاتۆریه‌ت و حوكمی مه‌زهه‌بیه‌وه. ڕه‌نگیشه ئه‌و قورساییه‌ی ئێران له عێراق هه‌یه‌تی بیدات به لوبنان به‌هۆی توندبونه‌وه‌ی ململانێكانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل. كه‌واته عێراق كه‌وتۆته به‌رده‌م بژارده‌ی " دابه‌شبون" واته گۆڕینی چوارچێوه جوگرافیا- سیاسیه‌كه. ئه‌وه‌شی ئه‌م ئه‌گه‌ره به‌هێزتر ئه‌كات، ڕووخانی ده‌سته‌لاَتی به‌عسه له‌عێراق (2003). هه‌روه‌ك براندلی تایر –Brandly Tair له سه‌نته‌ری به‌لفۆڕی ئه‌مریكی لایوایه: هاتنی ئه‌مریكا بۆ لادانی سوونیزم و داته‌پینی هه‌یكه‌لیه‌تی به‌عس و سه‌دام، سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی گۆڕینی چوارچێوه‌ی ڕۆژهه‌لاَتی ناوه‌ڕاست بووه.
كورد به‌كۆی ده‌نگی سه‌ركردایه‌تی حزبی و سیاسییه‌وه، ئه‌وه‌یان هه‌ڵچنیوه كه بوارێك بۆ پێكه‌وه‌ژیان له عێراقدا نه‌ماوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها سه‌رۆكوه‌زیران حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در هه‌ڵه‌یان كرد، كه بۆ چاكسازیی له‌عێراق و به‌رجه‌سته‌كردنی حكومه‌تی ته‌كنۆكرات، له‌شه‌قامه‌وه شه‌رعیه‌تیان وه‌رگرت و، له‌ناو خه‌ڵكه‌وه ده‌ستیان پێكرد، ده‌بو له‌په‌رله‌مانه‌وه ئه‌م ئه‌ركه ڕاپه‌ڕێنن، ئه‌نجامی ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیه‌كانی تره.
به‌پێی هه‌موو به‌یاننامه نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تی و نێوخۆییه‌كان، عێراق له بۆشایی سیاسیی‌دا ئه‌ژی، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆشاییه ڕه‌وتی سه‌در و حزبی ده‌عوه‌ش داوایان له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كردووه، هاوكاریان بكه‌ن بۆ سه‌رپێكه‌وتنه‌وه‌ی جووڵه‌ی سیاسیی له‌عێراقدا، مه‌ترسیدارترین قۆناغ له‌سیاسه‌تدا بۆشایی سیاسیه، تاكه شتێك ڕۆڵ بیبینێت تیایدا " پلانی ستراتیجییه". پلانی ستراتیجیش هه‌میشه وه‌لاَمی یه‌ك پرسیار ئه‌داته‌وه، پێت ئه‌ڵێت " ئێمه به‌ره‌و كوێ ئه‌چین؟.". چونكه ( ئه‌گه‌ره‌كان، گریمانه‌كان، بژارده‌كان، ئامانجه‌كان) ی تیا ڕوونكراوه‌ته‌وه له‌لایه‌ن دروستكه‌رانی بڕیاری سیاسییه‌وه. بۆ نمونه: ڕه‌نگه یه‌كێك له (گریمانه) كان ئه‌وه بێت كه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، دۆخێكی وا دروست بكات، كه كورد نه بتوانێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ به‌غدا نه مه‌سه‌له‌ی جیابونه‌وه‌ی له‌عێراقیش بۆ بچێته‌سه‌ر. به (ئه‌گه‌ر) ی ئه‌وه‌ی زۆر كات وێڕای عێراق هیچی به‌سه‌ر هیچه‌وه نه‌ماوه، هێشتا پشتگیریی چه‌كوش وه‌شێنه‌كان له‌گه‌ڵ ولاَتانی دراوسێ بۆ به‌غدا زیاتره وه‌ك له هه‌ولێر..
ئایا سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ كوردی عێراق له‌ماوه‌ی (1945-1991) وه‌ك ماوه‌ی نێوان دوای جه‌نگی سارده له (1991-2016) ؟. هه‌قه كورد ئه‌م پرسیاره بۆ هه‌زار توێژه‌ری ئه‌م جیهانه بنێرێت. به‌لای منه‌وه وه‌لاَمه‌كه‌ی " نه‌خێر". ئه‌گه‌ر وایه بۆچی لای كه‌می ماوه‌ی (16) ساڵی ڕابردوو زلهێزه‌كان هه‌رێمی كوردوستانیان به ئارامی هێشتۆته‌وه. چونكه ڕۆژهه‌لاَت ئێستاش قۆناغی جه‌نگی ساردی تێ نه‌په‌ڕاندووه..له‌هه‌مان قۆناغی مێژوویی‌دا له‌نێوان ده‌ستوه‌ردانی خۆرئاوایی و سیستمی خێڵه‌كی و مۆدێرنیتیه‌كی شه‌رمن دا به‌رته‌ڕناش ئه‌كات. دوێنێ پاڵپشتی عه‌ره‌بێكی ئیشتراكی موزه‌یه‌ف یان ئه‌كرد، بۆ شكستهێنانی پرۆژه‌ی شیوعیه‌ت، ئیمڕۆكه‌ش پشتگیریی گروپی ئیسلامی و سیاسیی جۆراوجۆر. دوێنێ توركیا‌و پاكستان هێڵی پێشه‌وه‌ی ئه‌مریكا بوون به گژاچونه‌وه‌ی سۆڤیه‌ت، ئیمڕۆ كورد له‌باشور زه‌روره‌تێكی جیۆپۆڵه‌تیكیه. پرۆژه‌یه‌كی غازی و نه‌وتیه بۆ سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاست، هێزێكی مرۆییه بۆ به‌گژاچونه‌وه‌ی فیزیكی تیرۆر. كوردوستان هۆتێل ێكی باشیشه بۆ ئه‌وه‌ی هێزه گه‌وره‌كان و ناوه‌نجیه‌كان تیا به ئارامی بنون و ته‌كبیر بكه‌ن و لێوه‌ی بۆ ناوچه‌كانی تر ده‌ربپه‌ڕن .
به‌روار: 26/04/2016
598 جار خوێندراوه‌ته‌وه