نه دوژمن و نه مێژوو به‌زه‌یی به كه‌سمان ناكه‌ن
نەزهەت حالی
به دوور له ده‌مارگیری حزبی و به دوور له ڕق وكینه و زیادەڕۆیی لە خۆشه‌ویستی و دلسۆزی ، پێموایه لەو قۆناغە هەستیارەدا دوو كاره‌كته‌ری سیاسی به‌رپرسیاریه‌تی سەرەکی نەتەوایەتی و مێژوویی هه‌ره گەورەیان له سه‌رشانه بۆ ده‌رباز كردنی هه‌رێمی كوردستان له‌و قه‌یرانه سیاسیه‌ی كه ئێستا هەرێم پیێدا تێدەپەڕێت ، به‌ڕێز سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی كه ئەرکی ڕێبه‌رایه‌تی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستانی باشوری له سه‌ر شانه و به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا کە خەباتکەرێکی ناسراوی بزاڤی شۆرشگێری کوردستانە ، ئه‌و دوو كه‌سایه‌تیه بەدڵنیایەوە ئەو کاراکتەرە سیاسیه‌ن كه ده‌توانن دۆخه‌كه زۆر به ئاسانی ئارام و ئاسایی بكه‌نه‌وه ، پێكه‌وه‌ش ده‌توانن وه‌كو سەردەمی ڕاپەرین و سه‌ر هه‌ڵدانی ساڵی ١٩٩١ له گه‌ڵ گشت لایه‌نه كوردستانییه‌كان له یه‌ك به‌ره‌ی نیشتیمانی دا کۆببنەوە بۆ شادبوون و گەیاندنی گه‌لی كوردستان به دەوڵەتی سه‌ربه‌خۆ .
جێگای وەبیرهێنانەوەیە لە ئێستادا ململانێ و ناكۆكی نێوان پارتی و گۆڕان به هیچ شێوه‌یه‌ك له ڕووی قه‌باره‌ی زیانی گیانی و مادی به ناكۆكی نێوان پارتی و یه‌كیه‌تی یا خود جه‌لالی و مه‌لایی لە شەستەکانی سەدەی ڕابروودا به‌راورد ناكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نەتەوەیی بووه هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ر دوو لایەن سازش لەسەر زۆر لە کیشەکان بکەن و ڕێكبكه‌ونەوە ، ته‌نانه‌ت ئه‌و کەسانەی وه‌كو ئێمه مانانیش له پارتی و له یه‌كیه‌تی کە ئازیزترین كه‌سانمان كه هه‌موو ته‌مه‌نی خۆیان به پاكی و به سه‌ربه‌رزانه بۆ خه‌بات كردن بۆ رزگاری كوردستان ته‌رخان كردبوو بوون به قوربانی ، گه‌رچی هه‌موو ڕق و كینه و هزری تۆڵه كردنه‌وه‌یان خستەلاوە و خۆشه‌ویستی نه‌ته‌وه و نیشتمان و ئامانجی سەربەخۆیی دووبارە هه‌موومانی كۆ كردووه‌ته‌وه ، به‌ڵام زیانی به‌رده‌وامی دان به‌و سه‌نگه‌ر به‌ندییه تونده و زیانبه‌خشه‌ی ئێستای نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان زیانی نه‌ته‌وه‌ی زۆر گه‌وره‌تری ده‌بێت له‌وه‌ی له ڕابردوودا ڕوی داوه.
ئه‌و هێڕشه نا به‌رپرسانه و مه‌ترسیدارانه‌ی كه له ڕاگه‌یاندنه‌كان ،لایه‌نه سیاسییه‌كان دژی یه‌كتری ئه‌نجام ده‌ده‌ن و گوێ نه‌گرتنی ڕاسته‌قینه له یه‌كتری ، كه‌شێكی سایكۆلۆژی زۆر خراب و مه‌ترسیداری دروست كردووه و به‌داخه‌وه متمانه‌ی هاونیشتمانیانی به پرسی نه‌ته‌وه‌یش لاواز كردووه ، لەبەر ئەوە پێموایە ئێستاش هه‌موو ده‌رگاكان دانه‌خراون ، هێڵی سور نابێت له نێوان ئاشتی نه‌ته‌وه‌ی و نیشتمانیدا هه‌بێت، به‌ڵكو پێویستە وەکو کورد هێڵی سور به ده‌وری یه‌كڕێزی و ته‌بایی بەرەکانی ناوخۆیی دا بكێشین، بۆئه‌وه‌ی ڕێگا نه‌درێت هیچ كه‌س و لایه‌نێك له‌و چوارچێوه‌یه ده‌ربچێت و هیچ ده‌ستێكی بێگانه‌ش نێو ماڵی كوردی دووبارە تێك بدات .
ئه‌و دوو به‌ڕێزه گه‌ر له گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی پارته سیاسییه‌كانی تر پێكه‌وه كار بكه‌ن دڵنیام هه‌موو گرفته‌كان چاره‌سه‌رده‌كه‌ن و هه‌موو کوردستانیان كۆ ده‌كه‌نه‌وه، گشتیان پێكه‌وه ده‌توانن چاره‌سه‌ر بۆ هه‌موو گرفته سیاسی و ئابوورییەکان بدۆزنه‌وه، ئه‌زموون و كه‌سایه‌تی خۆیان ئاوێته‌ی ڕوحی شۆڕشگێری و سه‌ربه‌خۆی خوازی گه‌نجه‌كانمان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كڕێزیمان پته‌وه بێت و ئامانجی سه‌ربه‌خۆیمان مسۆگه‌رتر بێت.
ئه‌و ڕایه‌م له دڵسۆزیم بۆ كوردستان و كوردستانیان و عه‌شقم بۆ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ وله هه‌ست كردن به هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر كوردستان سه‌رچاوه‌ی گرتووه ، پێم وایه هه‌ر یه‌ك له ئێمه‌ش له هه‌ر پارتێكی سیاسی بین و له هه‌ر ئاستێكی سیاسی دابین ده‌بێت هاوكار بین بۆ یه‌كڕێزی و ته‌بایی ، نه دوژمن و نه مێژوو به‌زه‌یی به كه‌سمان ناكه‌ن .
وێستگە
به‌روار: 13/02/2016
470 جار خوێندراوه‌ته‌وه