گرنگ جۆری ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یه‌تی نه‌ك شوێنی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی
عیماد عەلی
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی ئه‌م هه‌موو بێنه و به‌رده و ئاڵۆزیانه‌ی له ئاست هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم خزمه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان بێت و، هه‌وڵدانی هێز و لایه‌ن و كه‌سایه‌تیه‌كان نه‌بێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی خۆیان و به‌ناوی دیموكراسیه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاكان له پێناو شتی تایبه‌تیدا ململانێ نه‌كه‌ن و چاویان له شوێنه‌كه‌ی مه‌سعه‌ود به‌رزانی نه‌بێت و، هیچ مه‌به‌ستێكیان ده‌ستاوده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵات و چه‌سپاندنی چه‌مكی دیموكراسی نه‌بێت، به‌و واتایه‌ی ترس له‌وه‌یه ئه‌م هه‌موو خه‌مه بۆ هه‌ریسه‌كه‌ی بێت نه‌ك بۆ خودی ئیمام حوسێن خۆی . ترسه سه‌ره‌كیه‌كه له‌وێدایه كه ئه‌گه‌ری لایه‌ن و ده‌وڵه‌تی ده‌ره‌كی له‌پشت وروژاندنی ئه‌م پرسه‌وه بن و رۆڵی تایبه‌تی تێدا بگێرن له‌م كاته‌دا كه جگه له به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی خۆیان هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به به‌رژه‌وه‌ندی و ئامانجه‌كانی خه‌ڵكی كرودستانه‌وه نه‌بێت . له‌وێشدا، ئه‌گه‌ر نیازه‌كان پاك و دڵسۆزانه بن ئه‌وا چاره‌سه‌ری ئه‌م قه‌یرانه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم زۆر به ئاسانی و سانایی ده‌كرێت چاره‌سه‌ر بكرێت . ترسی سه‌ره‌كی له‌وه‌یه كه تاكه كه‌س قۆرخی هه‌موو كایه‌كان بكات و رووه‌و دیكتاتۆریه‌ت هه‌نگاو بنێت، ترس له‌وه‌یه تاكه حزب خۆی به حاكمی موتڵه‌ق بزانێت و ئاغا بێت و خه‌ڵكی تر مسكێن بن، وه‌ك تا ئێستا وا ده‌بینرێت، ترس له‌وه‌دایه كه به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت پارتی ده‌سه‌ڵاتدار بیه‌وێت به هه‌مان ته‌فسیل و شێوه بۆ خۆی بیدورێت، ترس له‌وه‌دایه كه ماڵ و سامان و سه‌روه‌تی ئه‌م وڵاته هه‌میشه‌له‌ده‌ست ئه‌ڵقه‌یه‌كی ته‌سكی بنه‌ماڵه‌یی و حزبیدا بێت و قۆرخكاری به‌رده‌وام بێت ، ترس له‌وه‌یه وه‌ك تا ئێستا به‌رێوه چووه گه‌نده‌ڵی به‌رده‌وام بێت و كه‌س نه‌توانێت چاكسازی بكات، ترس له‌وه‌یه ململانێی حزبی و شه‌خسیه‌كان دوو هه‌رێم و دوو زۆن بێننه كایه‌وه و بیچه‌سپێنن ، ترس له‌وه‌یه كه یه‌كێتی و یه‌كبونی خه‌ڵك به‌لاوازی بمێنێته‌وه و خه‌ڵك به پێی ناوچه و شار، به‌سه‌ر حزبه‌كاندا به‌رده‌وام دابه‌ش بێت و حزب باڵاده‌ست بێت و حكومه‌ت به‌رده‌ستیی حزبه‌كان بكات،ترس له‌وه‌یه كه شارچێتی و ناوچه‌گه‌رێتی هانده‌ر بێت له‌چۆنێتی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م پرسه گرنگه سه‌ره‌كیه، ئه‌گینا كه‌س نه‌یده‌وێرا به رۆژی رووناك ده‌ست بۆ ئه‌گه‌ری دوو ئیداره‌یی ببات له‌م كاته ناسك و هه‌ستیاره‌دا، ترس له‌وه‌یه كه ناعه‌داله‌تی به‌رده‌وام بێت و رێژه‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك له ژێر ئاستی فه‌قیریدا بژین و خه‌ڵكانی تریش به ماڵ و موڵكی گشتی هه‌را بكه‌ن . ئه‌مه‌و چه‌ندین ترس له دڵ و ده‌روونی خه‌ڵكی دڵسۆزی ئه‌م كوردستانه‌دا په‌نگی خواردووه و، بۆ ده‌ربازبون له‌م گێژاوه، چاویان له حزب و كه‌س و لایه‌نێكی فریادره‌سه كه به پشتخانی دڵسۆزی گه‌ل و نیشتمانه‌وه به هانایانه‌وه بچێت و دوا رۆژی نه‌وه‌كانیان مسۆگه‌ر بكات .
به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت، سه‌رجه‌م گفتوگۆكان له روبه‌رێكدا قه‌تیس كراوه كه ته‌نها پرسی گشتی و كێشه‌كه له شوێنی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم ببیننه‌وه، په‌رله‌مان بێت یان له‌ناو خه‌ڵكه‌وه، كه‌چی گرنگترین شت له‌م كه‌یس و پرسه سه‌ره‌كیه‌ی كوردستاندا ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمه كه چۆن په‌یره‌و ده‌كرێت و چۆن له‌ده‌ست یه‌ك كه‌س كۆنه‌بێته‌وه .
بۆیه، گومانه گه‌وره‌كه‌ی من له‌وه‌دایه كه ته‌نها بیر له شوێنگرتنه‌وه‌ی به‌رزانی كرابێته‌وه نه‌ك ده‌سه‌ڵاته‌كانی و چونێتی رێكخستنی كاری به‌رێوه‌به‌ردنی وڵات و دابه‌شبونی ده‌سه‌ڵات و نه‌هێشتنی هیچ ئه‌گه‌رێكی به‌رجه‌سته‌بونی دیكتاتۆریه‌ت له كوردستاندا، ئه‌گینا ئێستا قسه‌ی زیاتر له‌سه‌ر شێوه و روبه‌ر و بری ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كرا نه‌ك شوێنی هه‌ڵبژاردنی و سه‌رۆك كێ بێت .
بۆیه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی هه‌رێم ته‌شریفاتی بێت و حاكمی ره‌ها نه‌بێت و ته‌نها له دووره وه وه‌ك ره‌مزێك ته‌ماشا بكرێت، چ كێشه‌یه‌كه ئه‌گه‌ر له په‌رله‌مان یان له ناو خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵبژێرێت، به‌ڵێ سیستمی په‌رله‌مانی و دیاریكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان و سه‌رۆكێكی هه‌رێمی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریفاتی دووربێت له هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك كه رێگه بدات خۆی فه‌رز بكات له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته جێبه‌جێكاری و ته‌شریعی و دادوه‌ریه‌كان، هیچ له‌مه‌سه‌لكه ناگۆرێت ، بۆیه پێویسته ململانێ و كێبركێ و گفتوگۆی ئه‌مرۆ له‌سه‌ر نه‌هێشتنی ده‌سه‌ڵاته ره‌هاكانی سه‌رۆكی هه‌رێم بێت نه‌ك شوێنی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی، به‌ڵام ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگیرێت كه هه‌ڵبژاردنی له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه ئه‌و به‌هانه‌یه نه‌دات به‌ده‌سته‌وه كه توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت خۆی له‌سه‌ر هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی كوردستان به‌باڵاتر بزانێت، شه‌رعیه‌تی بونی كاره‌كانی بگه‌رێنێته‌وه بۆ پشتگیری و هه‌ڵبژاردنی له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه و ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ش به یاسایه‌كی توندوتۆڵ و دیاریكردنی ده‌سه‌ڵاته ته‌شریفاتیه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌توانرێت رێكبخرێت و هیچ كه‌لێنێكی تێدا نه‌بێت كه له لایه‌ن سه‌رۆكه‌وه به‌كار بهێنرێت، به‌ڵێ ئه‌وه‌ی گرنگه سیستمی سیاسی هه‌رێم په‌رله‌مانی بێت نه‌ك سه‌رۆكایه‌تی، به‌ڵام له‌وه گرنگتره دیاریكردنی ده‌سه‌ڵاته ته‌شریفاتیه‌كانیه‌تی نه‌ك چۆنێتی و شوێنی هه‌ڵبژاردنی و شتی تر.
به‌روار: 29/07/2015
588 جار خوێندراوه‌ته‌وه