بۆچی وا له مینبه‌ری مزگه‌وته‌كانه‌وه ده‌رشێنه‌وه ؟
عیماد عەلی
ئه‌گه‌ر وه‌ك هاوڵاتیه‌كی ئه‌م كوردستانه و به وردی واقعی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێم بخوێنیه‌نه‌وه، بێگومان زۆر كاری ناره‌وا و سیفه‌ت و داب و نه‌ریتی نه‌گونجاومان به‌رچاو ده‌كه‌وێت و پێویستی به كات و هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌كی زۆره بۆ سرینه‌وه‌ی ده‌رهاویشته‌كانیان . به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر قورس و ئاڵۆز كراوه قودسیه‌ت و پیرۆزی ئایینی ئیسلام و سروت و فه‌رز و سونه‌ته‌كانیه‌تی . بێگومان تاك ئازاده چۆن ده‌ژیت و چۆن بیرده‌كاته‌وه و چۆن راوبۆچونی خۆی ده‌رده‌برێت و ره‌فتار ده‌كات كه له كه‌وانه‌ی رۆشنبیری و داب و نه‌ریتی گشتی ده‌رنه‌چێت، به‌ڵام پێشره‌ویی ده‌رچون له دواكه‌وتویی و ده‌ربازبون له به‌ربه‌سته كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كانی مێژوو و ده‌رهاویشته‌كانی فكری داكیركاری و ئاكار و سیفه‌ته نامۆ و هاورده‌كراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه یه‌كێكه له ئه‌ركه هه‌ره سه‌ره‌كیه‌كانی رۆشنبیر و خه‌ڵكی دڵسۆزی ئه‌و وڵاته . هیچ كه‌سێك بۆی نیه سانسۆر و رێگری له هیچ تاكێكی كۆمه‌ڵگه بكات، چۆن بیرده‌كاته‌وه و چی به باش ده‌زانێت و چی ده‌ڵێت و باوه‌ری به چیه .
ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت كه هه‌میشه حزبه‌كانی ئیسلامی سیاسی و داروده‌سته و خه‌ڵكانی سێبه‌ریان هه‌میشه خۆیان به خوای سه‌رزه‌وی ده‌ژمێرن و چه‌كی لێخۆشبون دابه‌ش ده‌كه‌ن و خه‌ڵكی تر هه‌میشه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وان له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ن و ئه‌وان دادوه‌ر و قازی عادیل و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ن، بۆیه هه‌ر رۆژه و به بیانویه‌ك ئابڵوقه‌ی كۆمه‌ڵگه ده‌ده‌ن و ئه‌وه‌ی بۆیان بكرێت درێغی ناكه‌ن . بۆ وا ئازادن و یاسا رێگه‌یان پێ ده‌دات ؟
1- له رووی سیاسیه‌وه بۆیان لواوه و تا ئێستا هیچ یاسا و رێسایه‌ك رێگری له پێشێلكاریه‌كانیان ناكات و داواكاری گشتی هیچ رۆڵێكی له ته‌مێكردن و سنوردانانیان بۆ په‌یره‌و نه‌كردوه و به ناوی دین و موقه‌ده‌ساته‌وه و به بێ شه‌رمی هه‌موو ره‌فتارێكی دژه مرۆڤایه‌تی ئه‌نجام ده‌ده‌ن .
2- حزبه سیاسیه‌كانی كوردستان له پێناو جه‌ماوه‌رێتی و ده‌نگه‌كانیان رۆَڵیكی یه‌كجار سه‌لبی له‌م باره‌وه ده‌بینین و هیچ لایه‌ك خۆی له‌قه‌ره‌ی ئه‌م كرده‌وانه نادات و به‌ڵكو زۆرێك له‌و حزبه به‌ناو خۆ به سیكۆلار زانانه موجامه‌له‌یشیان ده‌كه‌ن .
3- خه‌ڵكی نوخبه دوره‌په‌رێزه و كردار و ره‌فتار و هه‌ڵوێستی حزبه‌كانی كوردستان بێ ئومێدی كردون و هیچ رۆڵێكی رۆشنگه‌ریان له نێو كۆمه‌ڵگه‌دا نیه جگه له چه‌ند كه‌سێك، كه زۆرێك له ئه‌وانیش به نیازی سیاسیه‌وه خۆی له‌قه‌ره‌ی ئه‌م جۆره بابه‌ته هه‌ستیارانه نادات، یان به‌ناوی لیبرالیزمه‌وه ته‌نانه‌ت رێخۆشكه‌ره بۆ ئه‌م جۆره ره‌فتار و كرداره‌ی هه‌ندێك كه‌سی عه‌قڵ چه‌قبه‌ستوو وه‌ك چۆن له سه‌رای ئازادی له رۆژانی دوای 17 ی شوبات بینیمان .
4- په‌روه‌رده و پرۆگرامه‌كانی خوێندن هیچ هه‌نگاوێكیان له رۆشنبیركردنی خه‌ڵكدا نه‌بووه و ته‌نانه‌ت زۆرێك له مه‌نهه‌جه‌كانی خوێندن رێخۆشكه‌رن بۆ ئه‌و جۆره ره‌فتار و بیركردنه‌وانه‌ی كه ئازادی تاكه كه‌سی به‌ناوی ئاینه‌وه ته‌سك ده‌كه‌نه‌وه و خۆیان به حه‌ق له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن .
5- رێژه‌ی به‌رزی نه‌خوێنده‌واری و بونی ئه‌ڵته‌رناتیڤی دواكه‌وتو بۆ خوێندنگه‌زانستیه‌كان له لایه‌ن حزبه ئیسلامیه‌كانه‌وه له حوجره و ماڵه دینیه حزبیه كانیان .
6- زۆری مزگه‌وت و به‌لارێدابردنی ئه‌رك و كاری مزگه‌وت و به‌كارهێنانی بۆ مه‌به‌ستی تر نه‌ك وه‌ك جێگای عیباده‌تی تاك .
7- ملكه‌چ بون و دووره‌په‌رێزبونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌م جۆره بابه‌تانه و خۆدور گرتن له پێناو خۆپاراستن و داپۆشینی گه‌نده‌ڵیه‌كانیان و رێگه خۆشكردن بۆ خه‌ڵكی مه‌به‌ستدار له شێواندنی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری .
ئه‌م هۆكارانه و چه‌ندانی تریش رێخۆشكه‌ر و پاڵنه‌رن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو سوكایه‌تیه به خه‌ڵكی رۆشنبیر و خاوه‌ن عه‌قڵ و ته‌نانه‌ت فه‌یله‌سوفی به‌توانای كوردستان بكرێت . ئه‌گینا، ئه‌گه‌ر یاسا سه‌روه‌ر بێت و ده‌سه‌ڵات پاك و بێگه‌رد بێت و گه‌نده‌ڵی قوڵبه‌ستی نه‌كردبێت نابێت، له‌و هه‌موو سوكایه‌تیه‌ی مه‌لای میزگه‌وت و خه‌ڵكانی سێبه‌ری حزبه ئیسلامیه سیاسیه‌كان له ئاست سونبولی فكر و فه‌لسه‌فه و رۆشنبیری ئه‌م وڵاته ده‌سته‌وه‌ستان نه‌ده‌وه‌ستان .
فاروق ره‌فیق وه‌ك رۆشنبیرێكی خاوه‌ن بیروبۆچون و فكری پێشكه‌وتنخوازی خۆی ئه‌گه‌ر راوبۆچونێكی خۆی ده‌ربریبێت، خۆ مه‌لایه‌كی كۆسه‌ی هیچ نه‌زان رۆژانه سه‌دان جار به‌ناوی دین و رێنوێنیه‌كانیه‌وه بێحورمه‌تی به مێژوو و ئاكاری ئه‌م كورده به‌دبه‌خته ده‌كات، هیچ كاتێكیش رۆشنبیران رێگه‌یان لێ نه‌گرتوه و ده‌سه‌ڵاتیش ملكه‌چی كردوه له ئاستیاندا، كه‌چی له په‌یڤینێكی فاروق ره‌فیق دا وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌عبه‌ی كه‌چ كردبێت هه‌زار و یه‌ك مه‌لای لوسكه و هاوه‌ڵانی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی و له پێناو حوری و غولامه‌كانی به‌هه‌شت هه‌زار و یه‌ك جنێوی سوكیان دا و به قێزه‌ونترین شێوه رشانه‌وه . پرسیاره‌كه له‌وێدایه، كێ به‌په‌رچیان بداته‌وه ، كێ به‌رپرسه له‌م پێشیلكاریه‌ی ئه‌م جاهیلانه، بۆچی وا به‌ئازادیه‌كی ره‌ها ته‌نانه‌ت هه‌موو عورف و عاده‌تێكی كورده‌واریان پێشیل كردووه و وه‌ك .... ئه‌و (وشه‌یه‌ی كه خۆیان به ده‌میان خۆشه وده‌یڵێنه‌وه) ده‌رشێنه‌وه و كه‌سیش پێیان ناڵێت به‌ری چاوتن برۆی پێوه‌یه .ئه‌مه‌یه كۆڵه‌واری و شڵه‌ژاوی باری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی . چاوه‌رێی چی بكه‌ین ؟
به‌روار: 27/07/2015
670 جار خوێندراوه‌ته‌وه