هه‌ندێك جار موزایه‌ده خراپ نیه
عیماد عەلی
ئه‌وه‌ی رۆژ نیه گوێبیستی نه‌بین و سه‌رو بنی زمانی سیاسه‌تمه‌داران و روناكبیران و چاودیران پێوه‌ی لكابێت و دوباره‌كردنه‌وه‌ی رۆژانه بێت، وشه و چه‌مكی موزایه‌ده‌یه له‌سه‌ر سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كان و به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌نده به پرسه‌كانی رۆژه‌ڤ و بابه‌ته گرنگ و هه‌ستیاره‌كان و هیچ لایه‌ن و كه‌سێكمان نه‌بینیوه موزایه‌ده نه‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاسایی نیه هه‌مووان له سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كاندا موزایه‌ده به خراپ له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن .ئه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌سه‌ری به‌هه‌ڵه راهاتووه كه چه‌كی موزایه‌ده ته‌نها له‌سه‌ر بواری خراپه‌یه .
جا ئه‌گه‌ر وردبین بین، ركابه‌ری و پێبشركێ جۆرێكه له موزایه‌ده و هه‌وڵدان بۆ پێشكه‌وتن له زۆر بواردا، به‌ڵام هه‌میشه وه‌ك ئه‌وه‌ی جوێن و هه‌ڵوێستێكی باش نه‌بێت له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت . ئه‌وه‌ی دیار و روونه ئه‌گه‌ر موزایه‌ده كردن له‌سه‌ر پرسێك له‌هه‌ر بوارێكدا بێت چ جای سیاسی له قازانجی گه‌ل بكه‌وێته‌وه، ده‌بێت بڵێین هه‌زار مه‌رحه‌با، كێ هه‌یه له باڵاكردنی ئاستی بژێوی خه‌ڵك و په‌نا بردن بۆ موزایه‌ده‌ی لایه‌نه‌كان زه‌ره‌ر بكات ئه‌گه‌ر ته‌نها موزایه‌ده‌كه به سه‌ر زاره‌كی نه‌بێت و بگاته سه‌ر ئه‌رزی واقیع و پراكتیزه‌كردن، كێ به موزایه‌ده‌كردن له یارمه‌تیدانی خه‌ڵكی كوردستان له‌هه‌ر چوار پارچه‌كه قه‌ڵس بێت، كێ هه‌یه به موزایه‌ده له سه‌ر زیاتر به مه‌ده‌نی كردن و دیموكراسی بونی كوردستان بێزار بێت، به‌ڵام گه‌ر موزایه‌ده‌یه‌ك ته‌نها له پێناو ئامانجێكی خه‌یاڵی و ئیعلامی بێت، خه‌ڵك زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت و ده‌چێته رێره‌وی چه‌واشه‌كاریه‌وه، ئه‌وه پێی ده‌ڵێن خه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵك و یاریكردن به چاره‌نوسی میله‌ت، له‌م باره‌شه‌وه سه‌رجه‌م حزب و به‌رپرسانی كوردستان قسوریان نه‌كردووه .
زۆر جاریش موناقه‌سه خراپه و موزایه‌ده به‌كه‌ڵكی پرسه گرنگه‌كان دێت، كێ هه‌یه له موناقه‌سه‌كردن له‌سه‌ر پاشكۆیه‌تی و خۆلكاندنی لایه‌نه‌كان به میحوه‌ر و وڵاتانی ناوچه‌كه‌وه زه‌ره‌ر نه‌كات، كێ هه‌یه له موناقه‌سه( كه‌مكردنه‌وه) له‌سه‌ر گرژی و روبه‌روبونه‌وه و ناكۆكیه ناوخۆییه‌كان و خۆ دورخستنه‌وه له كاره نابه‌جێكان به هه‌موو شێوه‌یه‌ك بێ تاقه‌ت نه‌بێت . كێ هه‌یه له موناقه‌سه كردن له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی بڵاوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و خۆخۆری به هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه بێزارنه‌بێت .
هه‌موو هاوڵاتیه‌ك حه‌قی خۆیه‌تی گه‌ر له موزایه‌ده و موناقه‌سه‌كانی به‌رپرسه باڵاكان بكۆڵێته‌وه و جه‌خت له‌سه‌ر لایه‌نه ئیجابیه‌كانی هه‌ردوو چه‌مك بكاته‌وه . ده‌كرێت نه‌ك ته‌نها به قسه به‌ڵكو به فیعلی جۆر و ناوه‌رۆك و ده‌ردان و ده‌رهاویشته‌كانی موزایه‌ده و موناقه‌سه‌كان بخوێنرێته‌وه وهه‌ڵوێست له‌باره‌یه‌وه ده‌رببرێت، نه‌ك هه‌موو شتێك به زاره‌كی لێكبدرێته‌وه .
بۆیه ده‌ڵێم، موزایه‌ده له‌سه‌ر شتی باش خراپ نیه و له‌سه‌ر شتی خراب باش نیه، به‌ڵام موناقه‌سه له‌سه‌ر شتی باش باشه و له‌سه‌ر شتی خراب خراپه .
به‌روار: 02/07/2015
350 جار خوێندراوه‌ته‌وه